هەواڵ
جوله‌كه و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییان
Wednesday, 05.12.2021, 09:22 AM
جولەکە، جویش، جویف، یوده، یۆد،... هتد له ووشه‌ی عیبری یه‌هودییه‌وه هاتووه كه ناوی یه‌كێك له‌و دوانزه هۆزانه‌ی ئیسرائیل بوو كه له ده‌وروبه‌ری ئۆرشه‌لیم و هیبرۆن دا ده‌ژیان و پێیان ده‌وترا یه‌هودا. ئه‌م ناوه له لایه‌ن ڕۆمانییه‌كان و گریكه‌كانه‌وه بۆ ناساندنی جوله‌كه به‌كارده‌هێنرا. وشه‌ی یه‌هودا له ته‌وراتدا هاتووه و ناوی یه‌كێكه له كوڕه‌كانی یاكۆب (یه‌عقوب). به پێی سه‌رگوزشته‌كانی ناو ته‌ورات یاكۆب پاش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ په‌یامبه‌رێكی خوادا زۆرانبازی یان ململانێی كردبوو ناوی لێ‌نرا ئیسرائیل، واته ئه‌و كه‌سه‌ی كه زۆرانبازی له‌گه‌ڵ خوادا كرد.
له ساڵی ٣٠٠٠ تاكو ١٥٠٠ پێش زایین له عیبری كۆندا وشه‌ی ئیفریت بۆ هۆزه‌كانی جوله‌كه به‌كارده‌هێنرا، كه له‌ناوه‌ڕۆكدا هه‌مان مانای هێبریه‌ر یان هێبریۆس ده‌به‌خشێت، له كاتێكدا له عیبری هاوچه‌رخدا یسرائیلیت به‌كارده‌هێنرێت بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه سه‌ر به گه‌لی ئیسرائیله. بۆ ناساندنی گه‌لی ئیسرائیل یان ١٢ هۆزه‌كانی جوله‌كه كه له ته‌وراتدا گه‌لێك جار منداڵانی ئیسرائیل (بێن یسرائیل) یان گه‌لی ئیسرائیل (عام ئیسرائیل) به‌كارهاتووه، له دوا كتێبی تۆرا دا یه‌هودی به‌كارده‌هێنرێت بۆ ناساندنی گه‌لی ئیسرائیل.
ئیسرائیلیت له ١٥٠٠ وه تاكو ١٩٠٠ له ئه‌وڕوپا بۆ جوله‌كه‌كان به‌كارده‌هێنرا، به‌ڵام ناوه‌كانی جویش، جویف، یوده، یۆد...هتد له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه له ئه‌وڕوپا له لایه‌ن ناحه‌زه‌كانیانه‌وه به‌كارده‌هێنرا وه‌كو نازناوێك بۆ دواكه‌وتوویی و نزمی جوله‌كه‌كان، ئەگه‌رچی ئێستا ئه‌و مانایه‌ی جارانی نه‌ماوه و بۆ بێ ڕێزی كردن به‌كار ناهێنرێت. ئه‌مڕۆ ئیسرائیلیت به ته‌واوی دانیشتوانی ئیسرائیل ده‌گوترێت كه له سه‌دا بیستی عه‌ره‌بن و هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ئیسرائیلین.
7كاتێ له زمانی ئینگلیزی‌دا له (جودایزم) قسه ده‌كرێت مه‌به‌ست له ئایین و لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ست به ئایینی جوله‌كه‌یه، بۆ ناساندی كۆمه‌ڵگا یان گه‌لی جوله‌كه، وشه‌ی (جوری) به‌كارده‌هێنرێت كه ته‌واوی لایه‌نه ئێتنی و كولتورییه‌كانی ئه‌و گه‌له له‌خۆ ده‌گرێت. به‌ڵام له زمانه‌كانی فه‌ڕه‌نسی و ئه‌ڵمانی و هۆڵه‌ندی دا (یودایزم، یودنتوم، یۆدندۆم) له‌بری (هه‌ردوو زاراوه‌ی جودایزم و جوری) به‌كار ده‌هێنرێن و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی جوله‌كه ناسی ده‌گرێته‌وه. هه‌ندێ جاریش گه‌لی جووله‌كه به هێبریه‌ر ناوده‌هێنرێن كه له (ئیڤه‌ریم)وه دێت و به مانای (مانگ)، ئیڤه‌ر له ناوی یه‌كێك له باپیره گه‌وره‌كانی گه‌لی جوله‌كه‌وه وه‌رگیردراوه.
جوله‌كه كێیه؟ یان كێ جوله‌كه‌یه؟
كاتێ ئه‌م پرسیاره ئاڕاسته‌ی جاك پرێزن ده‌كه‌ن ده‌ڵێت: گه‌ر لێم نه‌پرسن ده‌زانم كێ جوله‌كه‌یه، به‌ڵام نازانم چی وه‌ڵام بده‌مه‌وه! سێ تێڕوانینی به‌ناوبانگی جیاواز هه‌یه سه‌باره‌ت به ناسنامه‌ی جوله‌كه كه هه‌ر یه‌كه‌یان له دونیا بینینێكی تایبه‌تی خۆیه‌وه ده‌ستنیشانی ئه‌و ناسنامه‌یه ده‌كات و پێوانه‌كه‌ی داده‌نێت:
یه‌كه‌م: تێڕوانین له‌سه‌ر بنچینه‌ی (هه‌ڵه‌خا)؛
هەڵەخا ئەو ڕێکار و ڕێنماییانەیە کە له‌سه‌ر حه‌ڵاڵ و حه‌رام و نوێژ و ڕۆژو...هتد بنیات نراوه. هه‌ڵه‌خا به مانای یاساكان دێت، هه‌ندێ جاریش به یاسای ڕابینه‌كان ناو ده‌هێنرێت، (هه‌ڵه‌خا ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئایینی ئیسلام به‌راورد بكرێت بە شەریعە). كه به تێڕوانینی ئۆرتۆدۆكسی جوله‌كه ئه‌و كه‌سه‌یه كه دایكی جوله‌كه‌یه و په‌یڕه‌وی هه‌ڵه‌خا ده‌كات و ئه‌ركه ئاینیه‌كان به‌جێ دێنێت، به پێی هه‌ڵه‌خا كه‌س ناتوانێت ببێت به جوله‌كه به‌ڵكو پێویسته به جوله‌كه‌یی له‌دایك بووبێت. بۆ ئه‌وه‌ش مه‌رجی سه‌ره‌كی دایكه نه‌ك باوك، هه‌روه‌ها چوونه سه‌ر ئایینی جوله‌كه له‌سه‌ر بنه‌ماكانی هه‌ڵه‌خا مه‌حاڵ نییه، به‌ڵام له‌سه‌ر ڕابینه‌كان پێویسته به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه سێ جار داوای بوونه جوله‌كه بخه‌نه دواوه و په‌سه‌ندی نه‌كه‌ن، تاكو دڵنیا بن له‌سه‌ر سووربوونی ئه‌و كه‌سه بۆ هاتنەسەر ئایینی جوله‌كه.
دووهه‌م: یاساكانی نیورنبێرگ، له‌سه‌رده‌می ئه‌ڵمانی نازی؛
له نیورنبێرگ كه شارێكی باشووری ئه‌ڵمانیایه، كۆمه‌ڵێك یاسا له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕه‌گه‌ز بنیاتنرا. به پێی ئه‌و یاسایانه ئه‌و كه‌سه‌ی چوار نه‌نك و باپیری واته نه‌نك و باپیری له‌دایك و باوكه‌وه جوله‌كه بوونایه ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ش جوله‌كه بوو. به‌سێ نه‌نك و باپیری جوله‌كه ده‌بووه سێ چاره‌كه جوله‌كه. دوو نه‌نك و باپیر نیوه جوله‌كه. تاقه نه‌نكێك یان باپیرێك چاره‌كه جوله‌كه و ...هتد.
سێیه‌م: یاسای گه‌ڕانه‌وه بۆ ئیسرایل؛
به پێی ئه‌م یاسایه هه‌ر كه‌سێك بتوانێت بیسه‌لمێنێت كه یه‌كێك له نه‌نك یان باپیره‌كانی جوله‌كه بوون مافی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئیسرائیل و مافی بوونه هاووڵاتی هه‌یه. جێگه‌ی سه‌رنجه كه ئه‌م یاسایه ته‌نها له ئیسرائیل و ئه‌ڵمانیادا هه‌یه و په‌یڕه‌وی ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌و مه‌رجه به‌لایه‌ن هه‌ڵه‌خاوه به‌س نییه. هه‌ر بۆیه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی بۆ ئیسرائیل ده‌گه‌ڕێنه‌وه له به‌رامبه‌ر یاسا و لای ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل هاووڵاتیه‌كی جوله‌كه‌ن، به‌ڵام لای ئۆرتۆدۆكسه‌كان جوله‌كه نین و وه‌كو جوله‌كه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكرێت.
ئایا جوله‌كه بوون په‌یوه‌ستەی ئایینییه یان ئێتنی و نه‌ته‌وه‌ییه؟
ئه‌مه پرسیارێكه كه هه‌ر وه‌كو ناسنامه‌ی جوله‌كه به گه‌لێك شێوازی جیاواز وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه وناته‌باییه‌كی زۆری له‌سه‌ره. تایبه‌تمه‌ندێتی و ناسنامه‌ی تایبه‌تی جوله‌كه هۆكاری بنچینه‌یی بوون بۆ تێڕوانینی جیاواز لێیان. هه‌ر بۆیه له سه‌رده‌مانێكدا جوله‌كه‌كانی ئه‌وڕوپا و ووڵاتانی ئیسلامی بۆ زۆر بواری تایبه‌ت به خۆیانه‌وه جۆره ئۆتۆنۆمیه‌كی سنوورداریان هه‌بوو، به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی كار و باری ناوخۆی وه‌كو ژن هێنان و جیابوونه‌وه و میرات و كێشه تایبه‌تیه‌كان و دادگا و كاروباری ئایینی و باج كۆكردنه‌وه كه له‌سنووری خودی كۆمه‌ڵگاكه‌یاندا جێبه‌جێ و چاره‌سه‌ر ده‌كران. عوسمانیه‌كان له‌و بواره‌دا هه‌نگاوێك له پێش ئه‌وڕوپیه‌كانه‌وه بوون و هه‌ر زووتر سیسته‌مێكی تایبه‌تیان بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه دیاری كردبوو كه له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای موسڵمانانه‌وه بوون، له سه‌ره‌تادا بۆ جوله‌كه‌كان و ئه‌رمه‌نیه‌كان و پاشان ئه‌رتۆدۆكسه‌كانی ووڵاتانی باڵكان، به‌و چوار چێوه ئۆتۆنۆمیانه‌ش ده‌ووترا (میلله‌تی ئه‌رمه‌نی، میلله‌تی جوله‌كه...هتد)، گه‌رچی وشه‌ی میلله‌ت به‌كارده‌هێنرا به‌ڵام هه‌میشه مه‌به‌ست له ئایین بوو نه‌ك میلله‌ت یان نەتەوە به‌مانای هاوچه‌رخ. ئه‌مه‌ش ئه‌وه پێشان ده‌دات كه له سه‌رجه‌م گه‌لانی موسڵمانیان ده‌ڕوانی وه‌ك میلله‌تێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك و له میلله‌تانی تریان جیایان ده‌كردنه‌وه.
به‌هه‌مان شێوه له سه‌ره‌تادا له وڵاتانی ئه‌وڕوپادا جیاده‌كرانه‌وه ئەگه‌رچی وه‌كو عوسمانیه‌كان ناوی نه‌ته‌وه یان میلله‌تیان لێ نه‌ده‌نان. له پاش سه‌رهه‌ڵدان و به‌هێزبوونی بیر و هەستی نه‌ته‌وایه‌تی له ئه‌وڕوپا له جوله‌كه‌كانیان ده‌ڕوانی وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر و له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه له خۆیان دوور ده‌خستنه‌وه. له كاتێكدا پێش جیاكردنه‌وه‌یان وه‌كو نه‌ته‌وه یان ئێتنێکی جیاواز، هه‌میشه له دنیابینی ئایینی جیاوازه‌وه جیاكرابوونه‌وه و چوار چێوه‌یه‌كی ئۆتۆنۆمی خۆیان هه‌بوو. پڕۆسه‌ی تواندنه‌وه‌ی جوله‌كه‌كان له‌ناو گه‌لانی تردا چ له ڕووی ئایینی و چ له‌ڕووی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره ئاڵۆزتر ده‌كات، به‌تایبه‌تی له كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌دا بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی توانه‌وه و له‌ده‌ستدان و هه‌ندێ جار وازهێنانی خۆویست له ناسنامه‌ی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو كۆمه‌ڵگای جوله‌كه‌دا دروست ده‌بێت و زۆر له‌و جوله‌كانه به پێی ئه‌و ووڵاتانه‌ی تیایدا ده‌ژین خۆیان به ئه‌ڵمانی، فه‌ڕه‌نسی و ڕووسی و... هتد ده‌زانی. له‌و سه‌رده‌مه‌وه جوله‌كه بوون یان جوله‌كه نه‌بوون په‌یوه‌ست بوو به ویست و ئاره‌زووی خودی تاكه كه‌سه‌كانه‌وه، به‌ڵام بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی كه تیایدا ده‌ژیان خۆیان به جوله‌كه بزانیایه یان نا له‌لایه‌ن زۆربه‌وه هێشتا هه‌روه‌كو جوله‌كه سه‌یریان ده‌كرا و مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان له‌گه‌ڵدا نه‌ده‌كرا، گه‌رچی له ڕووی یاساییه‌وه جیاوازییه‌ك له نێوان هاوڵاتیاندا نه‌بوو. ته‌نانه‌ت ئه‌و جوله‌كانه‌ی كه نه‌ك هه‌ر به شێوه‌ى فه‌رمی هاووڵاتی بوون به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی زمانی خۆیان له‌بیرچوبۆوه و چووبوونه سه‌ر ئایینی كریستیانی یان ئه‌تییست بوون هێشتا هه‌ر وه‌كو توخمێكی نامۆی ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرا، هه‌ر بۆیه له‌سه‌ر پێناسه‌ی جوله‌كه بوون گه‌لێك ڕاوبۆچوونی جیاواز و له‌یه‌كتر دوور هه‌یه. ئیدۆ ئه‌برام كه پڕۆفیسۆرێكی جوله‌كه‌ی نه‌مساییه پێنج په‌یوه‌ست ده‌خاته ڕوو وه‌كو مه‌رجێك كه هه‌ر كه‌سێك به یه‌كێك له‌و خاڵانه‌وه په‌یوه‌ست بێت ئه‌وا ئه‌و كه‌سه ده‌كرێ وه‌كو جوله‌كه تێی بڕواندرێ:
خاڵی یه‌كه‌م/ په‌یوه‌ستی خێزانی؛ كه‌سێك كه په‌یوه‌ندی خێزانی و خزمایه‌تی به خزم و خوێشی جوله‌كه‌وه مابێت و خۆی به به‌شێك له‌وان بزانیت و به‌هۆی ئه‌و خزمایه‌تییه‌وه مێژووی جوله‌كه به مێژووی خۆی بزانێت.
خاڵی دووهه‌م/ په‌یوه‌ستی ئایینی؛ لێره‌دا گرنگ نییه سه‌ر به چ ئاڕاسته‌یه‌كی ناو ئایینی جوله‌كه بێت هه‌ر له لیبڕاڵه‌وه تاكو ئه‌رتۆدۆكس، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان په‌یوه‌ندیه‌كی لایه‌نی كه‌می به تۆرا و هه‌ڵه‌خاوه هه‌بێت.
خاڵی سێهه‌م/ په‌یوه‌ستی ووڵاتی؛ په‌یوه‌ستییه‌كی ده‌روونی و ڕۆحی به ئیسرائیله‌وه هه‌بێت و له سه‌رده‌مانی خۆشی‌دا خۆشحاڵ بێت و له‌سه‌رده‌مانی ناخۆشی و لێقه‌ومانه‌كانی دا بێزار و غه‌مگین بێت. ئه‌م هه‌سته‌ش بۆ ئیسرائیل زیاتر بێت له چاو ووڵاتانی تردا كه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان په‌یوه‌ست بێت پێیانه‌وه و خۆشی بوێن.
خاڵی چوارهه‌م/ په‌یوه‌ستی هۆڵۆكۆستی؛ ئه‌و هه‌ست و مه‌ترسیه‌ی له دڵدا هه‌بێت كه ڕۆژی له ڕۆژان هۆڵۆكۆست و كۆمه‌ڵ كوژێ جوله‌كه‌كان ڕووبداته‌وه و ئه‌ویش ببیته قوربانی هۆڵۆكۆستێكی نوێ.
خاڵی پێنجه‌م/ په‌یوه‌ستی كولتوری؛ ئاره‌زووی مۆسیقا و گۆرانی و سه‌ما و خواردن و كولتوور و جه‌ژنه‌كانی جوله‌كه بكات و كاتێ مۆڵه‌تی بۆ ڕێكه‌وت به‌شداری تیادا بكات.
هه‌ندێك جار كه‌سانێك هه‌بوون كه هیچ یه‌كێك له‌و په‌یوه‌ستانه‌یان نه‌بوو به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له بنه‌چه‌دا جوله‌كه بوون و خۆشیان به جوله‌كه نه‌ده‌زانی سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌و شێوه‌یه و وه‌كو جوله‌كه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرا.
هەربۆیە تێڕوانینی ده‌ره‌كی دووباره ناسنامه‌ی جوله‌كه زیاتر ئاڵۆزتر ده‌كات و وا ده‌كات كه جوله‌كه بوون په‌یوه‌ست بێت به شوێن و سه‌رده‌م و كۆنتێكسته‌وه و به‌پێی ئاڕاسته‌ی ئایینی و ئایدۆلۆژی جیاواز بێت. جان پۆڵ سارته‌ر سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌ڵێت: "ئه‌نتی سامی مرۆڤ ده‌كات به جوله‌كه، مرۆڤ جوله‌كه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی خۆیانه‌وه وه‌كو جوله‌كه سه‌یریان ده‌كرێت". ئه‌م تێڕوانینه جیاوازانه له پێناسه‌ی جوله‌كه و هه‌ستی په‌یوه‌ستی به كۆمه‌ڵگا و خاكی جوله‌كه وه پرسیارێكی نوێ دێنێته پێشه‌وه . ئایا چی جوله‌كه‌كان به درێژایی مێژووی سێ هه‌زار ساڵه‌ی پێش زایین و دوو هه‌زار ساڵه‌ی دوای زایین به‌یه‌كه‌وه گرێده‌دات و له یه‌كتریان جیا ده‌كاته‌وه؟
له مێژووی گه‌لی جوله‌كه‌دا هه‌میشه جه‌مسه‌رگیر بوونی ئه‌سپێكته پێچه‌وانه‌كان و دژ به یه‌كه‌كان مه‌ڵبه‌ندی بوون و له هه‌مان كاتدا به‌یه‌كه‌وه ته‌واوكه‌ری مێژووی جوله‌كه بوون. جه‌مسه‌رگیری به‌رده‌وامیه‌ت و له یه‌كدابڕان له ته‌واوی مێژووی ئه‌و گه‌له‌دا به ئاشكرا و به‌رده‌وام دێته به‌رچاو. به‌رده‌وامی له په‌یوه‌ست به كۆمه‌ڵگای خۆیانه‌وه و به بنه‌ما ئایینی و كتێبه پیرۆزه‌كانیان و زمانی عیبرییه‌وه وه‌ك زمانی ئایین و ئه‌ركه ئایینیه‌كان. له هه‌مان كاتدا زمانی مامه‌ڵه‌ی ڕۆژانه هه‌ر له ووڵات و ناوچه‌یه‌كدا مۆڕكێكی جیاواز و تایبه‌ت به ده‌وروبه‌ره‌كه‌یه‌وه به‌خۆوه ده‌گرت. جوله‌كه‌كانی ده‌وڵه‌تانی سلاڤی و جه‌رمانی كه به ئه‌شكه‌ناز ناسرابوون به (یدیش) ده‌دوان له كاتێكدا له هه‌ر ناوچه‌یه‌كدا كاریگه‌ری زمانه جه‌رمانییه‌كان یان سلاڤیه‌كانی به‌سه‌ره‌وه بوو. جوله‌كه‌كانی ئیسپانیا كه پێیان ده‌وترا سه‌فاردیم و له ئیسپانیاوه بۆ وڵاتانی ئیسلامی كۆچیان كردبوو به زمانێكی تێكه‌ڵه‌ی عیبری و ئیسپانی ده‌دوان كه به (لادینۆ) ناسرابوو. هه‌ندێ له جوله‌كه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی ته‌نها به عه‌ره‌بی ده‌دوان و عیبری ته‌نها زمانی ناو سیناگۆگ و نووسین و خوێندنه‌وه‌یان بوو، له قۆناغه‌كانی دوایی دا ته‌نانه‌ت له‌و بوارانه‌شدا یدیش به‌كار ده‌هێنرا. به شێكی تریان له‌و په‌یوه‌ستە دەرەکیەکان خۆیان دابڕای و له‌سه‌رجه‌م كاریگه‌رییه‌كی ده‌ره‌كی بۆ سه‌ر ناسنامه‌یان له‌سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی مێژووی ئه‌و گه‌لانە خۆیان ڕزگارکرد، به پێچه‌وانه‌وه تێكه‌ڵبوونی به‌شێكی تریان تا ئه‌ندازه‌ی توانه‌وه له‌ناو گه‌لان و ئاینه‌كانی تردا دیارده‌یه‌كی زۆر باو و له‌به‌رچاوی مێژووی ئه‌و گه‌له‌یه. ڕای هه‌ندێك له زانایانی مێژووی جوله‌كه وایه كه ئه‌گه‌ر به‌هۆی توانه‌وه له‌ناو گه‌لانی تردا نه‌بوایه ئه‌مڕۆ جوله‌كه‌كانی ته‌واوی جیهان له‌بری نزیكه‌ی چوارده ملیۆن له نێوانی سه‌د تا سه‌د و بیست ملیۆندا ده‌بوون.
جه‌مسه‌ری زایۆنی و دیاسپۆرا؛
به‌شێك له جوله‌كه سه‌رباری مێژووی پێنج هه‌زار ساڵی مه‌ینه‌تی و داگیركردن و كوشتن و تۆقاندنی داگیركه‌رانی ئاشوری و بابلی و ڕۆمانی و گریكی و فارسی و ئیسلامی و كرستیانی و ئیمپریالیزمی ڕۆژهه‌ڵاتی له خاكی خۆیان دا مانه‌وه و ئاماده‌نه‌بوون خاكه‌كه‌یان به‌جێ بهێڵن. له هه‌مان كاتدا به‌شێكی زۆری تریان هه‌ڵهاتن و وازیان له بیری گه‌ڕانه‌وه هێنا بۆ هه‌میشه، به پێچه‌وانه‌وه به‌شێكی زۆریتر لە كۆچ كردووه‌كان هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌و هیوایه‌دا ده‌ژیان كه ڕۆژێك له ڕۆژان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ خاكی ئیسرائیل. له‌لایه‌كی تره‌وه به‌هۆی له‌یه‌كدابڕانی جوگرافیه‌وه گه‌لێك جیاوازی كولتوری و زمانی و ئایینی له‌به‌رچاو له نێوان جوله‌كه‌كانی ووڵاته جیاكانه‌وه هاتۆته دی، لۆژیك نییه كه پاش سه‌دان و هه‌زاران ساڵ جیاوازییه‌كی بێ شومار له نێوانی جوله‌كه‌كانی مه‌غریب و ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وڕوپا و ڕوسیادا نه‌بێت، جیاوازی ئایدۆلۆژی و دونیا بینی و ئاڕاسته جیاوازه ئایینیه‌كانیش له‌ولاوه بوه‌ستێت. سه‌رباری ته‌واوی ئه‌و جیاوازیانه هه‌ر له جوله‌كه‌كانی باكووری ڕوسیاوه تاكو جوله‌كه‌كانی نه‌تیوپیا هه‌ر هه‌موویان تۆرایان هه‌بووه و زمانی عیبریان به‌كارهێناوه، بۆیە كۆمه‌ڵگای جوله‌كه ده‌كرێت وه‌كو كۆمه‌ڵگایه‌كی زمانی تێی بڕوانین، ته‌نها گه‌لێكه كه به‌و زمانه ده‌دوێن و به‌درێژایی مێژوو سه‌رباری گۆڕان و گه‌شه له زمانه‌كه‌یاندا له‌چاو زمانه‌كانی تردا وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه و نه‌وه‌ی نوێ ئه‌مڕۆ له ئیسرائیل گه‌رچی به ئیڤریت ده‌دوێن به‌ڵام ده‌توانن عیبری و عیبری كۆن بخوێننه‌وه و لێی تێبگه‌ن.
مێژووی گه‌لی جوله‌كه مێژووی به‌رده‌وام بوون و مانه‌وه‌یه له هه‌مان كاتدا ده‌وروبه‌ر و كولتوری ووڵاتانی كۆچ بۆ كرا‌و و گه‌لانی داگیركه‌ر و كۆمه‌ڵگاكانی ده‌وربه‌ریان كاریگه‌ری هه‌مه جۆریان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی ژیانیان كردووه، ئه‌مه ته‌نانه‌ت لایه‌نه فیزیكیه‌كانیشیانی گرتۆته‌وه. هه‌ندێ له نووسه‌رانی جوله‌كه هه‌وڵده‌ده‌ن له‌و ڕاستیه گه‌وره‌یه نكۆڵی لێ بكه‌ن و واپێشان بده‌ن كه ئه‌و گه‌له ته‌نها له خۆیدا و به‌خۆیه‌وه گه‌شه‌ی كردووه و له‌و باوه‌ڕه‌دان كه به‌وه ڕه‌سه‌ن بونی گه‌لی جوله‌كه ده‌سه‌لمێنن. ئاخۆ نەك تەنها جولەکەی هەزاران ساڵ ئاوارەکراو بەڵکو هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌یه به درێژایی مێژوو توانیبێتی خۆی له كاریگه‌ری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی گه‌لان و كۆمه‌ڵگا دوور و نزیكه‌كانی خۆی پاراستبێت؟!
سه‌رچاوه‌كان؛
Encyclopaedia Judaica 1971-1972 Vol.I
Den Hartogh J. De joodse weg: een inleiding in godsdienst van het Jodendom, Zoetrmeer 1993
L. Evers, Jodendom voor beginners, Amsterdam, 1999
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس