وتار
لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە؛ گوتاری درۆزنانەی ئەستۆپاکی
Sunday, 01.30.2022, 11:07 PM
چ لە ئاستی باڵای حیزبەکان، چ لە ئاستی کادیری ناوەندی و ئەو حەشاماتەی بێ وردکردنەوەی دراوە سیاسییەکان، قسە لەبارەی کاندیدانی پارتی و یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکەن، لێدوان و فەوزایەکی سیاسی و میدیایی، بازاڕێکی گەرمیش بۆ ماڵپەڕو پەیج و ئەکاونتە حیزبی و سێبەرەکانیان دروستبوە.
هەموان قسە لە سیاسەتمەداری مەزن و نەزاهەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەن. پارتییەکان بە متمانەیەکی زۆرو دڵنیاییەوە قسە لە سەرخستنی کاندیدی بارزانی و حیزبەکەیان، هۆشیار زێباری دەکەن. زێباری وەک پیاوێکی سیاسی دەستپاک، دیپلۆماسێکی چالاکی عێراق و کورد دەناسێنن و ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکەنەوە کە لە هیچ دۆسیەیەکی گەندەڵییەوە تێوەگلابێت. جیاوازی گەورەی زێباری لەگەڵ فوئاد حوسێن، کاندیدی ساڵی ٢٠١٨ی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەوەیە کە هۆشیار هەرچەندە پاشگری زێباری پێوەیە، بەڵام بەشێکە لە خێزانی سیاسی بارزانییەکان و ئەندامی کۆشکی شاهانەیە. هەرچی یەکێتی و بەرهەمییەکانن، هەمان ئەم وشەو ڕستانە بە زیادترەوە بۆ بەرهەم ساڵح کاندیدی فەرمی «یەکێتی نوێ» دەڵێنەوە. بەرهەم وەک پیاوی سیاسەت و دیپلۆماسییەت، کەسایەتییەکی دیموکرات و لیبراڵ، پیاوی خۆشگوزەرانی، ئاوەدانی و سەقامگیری سیاسی دەبینن.
لە نێو بەشی هەرە گەورەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتدا، بە کوردستانیشەوە، هەمیشە ئەندام و هەوادارانی حیزب بە خوێندەوار و نەخوێندەوارییەوە، زمانی ستایشیان دەبەنەوە بەردەم عەرشی ستەمکاری حیزب و خانەوادەو فیگەرەکانی دەسەڵات. کاتێک مرۆڤ ئاڵودەی مەستبون بە ئەویدی، سەرمەستی فیگەری فریادڕەس و خودایی دەبێت، لە هەر پلەو ئاستێکی خوێندەواریدا بێت، هێزی بینینی کۆی دیمەنەکەی نابێت، جا دیمەنە گشتییەکە، حیزب، خێزانی سیاسی، یان فیگەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت. ئەو کاتەی مرۆڤ توانای بینینی تەنها بەشێک لە وێنەکەو یەک روی لە دیمەنە دڵخوازەکەی خۆی دەبێت، ئیدی هێزی خوێندنەوەو بینینی، دەرفەتی ئەوەی پێنادات بابەتیانە ڕاستی تەواوی وێنەکە بۆ دەرەوەی خۆی و هاوڵاتیان بگوازێتەوە، یان دیمەنەکە لە تەواوی قەبارەو فۆرمی خۆیدا بەبێ شێواندن و بێ مەرامێکی تایبەت بخاتەڕو.
هۆشیار زێباری خاڵی مەسعود بارزانی، بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی، واتە بە هۆکاری نادەستپاکی، ساڵی ٢٠١٦ لە پۆستی وەزیری دارایی عیراق متمانەی لێوەرگیراوەتەوە، ئەگەر ئەو متمانەسەندنەوەیە وەک بڕیارێکی فەرمی پەرلەمان و دەستەی دەستپاکی عێراق سەلمێنرابێت، ئەوەندە بەسە تا نەتوانێت خۆی بۆ هیچ پۆستێکی لە وێنەی سەرۆک کۆمارو هاوشێوەی کاندید بکات. ئەگەر ئیقالەپێکردنی زێباری بەهۆکاری گەندەڵی، بابەتێکی یاسایی سەلمێنراو بێت، لە بڕوای مندا شەخسی مەسعود بارزانی و پارتی لەم دەستنیشانکردنەیان و لە دیاریکردنی کاندیدەکەیاندا بە هەڵەدا چون، تەنانەت ئەگەر کاندیدبونەکەی پەسەندیش بکرێت و بتوانێت لە کێبرکێکەشدا سەرکەوتو بێت، هێشتا دەرفەت و بواری دیکە لە شەقامی عێراقیدا بە دەست نەیارانی پارتییەوە زۆر دەبن بۆ شەرمەزارکردنیان. چونکە هەر قبوڵکردنی ئەوەی کە رێگە بە کەسێکی گەندەڵ و دورخراوە بە هۆی مەلەفی گەندەڵییەوە بدرێت ببێتە کاندیدو بچێتە کێبرکێی بەدەستهێنانی پۆستێکی باڵاوە، کارێکی نادەستوری و پێچەوانەی ئەو مەرجانەیە کە لە خاڵی سێیەمی مادەی ٦٨ی دەستوری عێراقی بۆ کاندیدی سەرۆک کۆمار دیاریکراون.
سەبارەت بە بەرهەم ساڵح، وەک سیاسەتمەدارێک، هێزی تێپەڕاندنی ئەو دیدە نەتەوەیی، نەژادی، تائیفیانەی هەیە، کە عێراقی گیرۆدە کردوە، بەڵام نە ئەو، نە زێباری، نە هیچ کەسێکی دیکەیش، نە لە ئێستاو نە لە داهاتویەکی دوریشدا، بە پشتبەستن بە توانا سیاسی و شارەزاییە دیپلۆماسییە شەخسییەکانی خۆیان، هێزی ئەوەیان نابێت دۆخی سیاسی عێراق، پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان نەتەوە، حیزب، گروپ و تائیفە سیاسی و دینی و مەزهەبییەکان، هەنگاوێکی گرنگ بە قازانجی دیموکراسی و بەدامەزراوەییکردنی دەوڵەت ببەنە پێشەوە، ڕەنگە بتوانن ئارامکەرەوەی کورتخایەنیان پێبدەن، بەڵام لە ڕیشە هەڵکێشانی ئەو ناکۆکییە مێژوییانەو ئاساییکردنەوەی ململانێ و پەیوەندییە سیاسییەکان لە عێراقدا، لە دەرەوەی توانای هەر سیاسییەک، چەندیش بە ئەزمون و شارەزا بێت، دەمێنێتەوە.
ئەو دو کارەکتەرە سیاسییەی پارتی و یەکێتی، هۆشیار زێباری و بەرهەم ساڵح، هەردوکیان خاوەن بڕوانامەی بەرزو هەڵگری رەگەزنامەی ئەوروپین. هەردوکیان ئەزمونێکی دورودرێژی کاری سیاسی و دیپلۆماسی و ئیدارییان هەیە، دو فیگەری دیارو باڵای ناو حیزبەکانیان و عێراقن، لەلایەن خێزانە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان، کەسی یەکەم و بڕیار بەدەستی حیزبەکانیانەوە کاندید کراون و پشتیوانی دەکرێن. هەردوکیان زمانزانن و مرونەتی عەقڵی و بیرکردنەوەیان بەراورد بە بەشی هەرە گەورەی سیاسییە هاوڕێکانیان لە حیزبەکانی خۆیان، گونجاوترو لە پێشترە، هەردوکیشیان وەک باقی سیاسییەکانی دیکەی دەسەڵات، لە بەشی هەرە گەورەی مێژوی سی ساڵی ڕابردوی ئێمە بەرپرسیارێتی گەورەی ئەخلاقی و مێژوییان لە ئەستۆدایە. ئەو دو کاندیدەی سەرۆک کۆمار، لەو ستەمکاری سیاسییە، لەو تاڵانییە گەورەی سامانی گشتی، لەو کاتەوەی کە مانگانە پارتی و یەکێتی بە قسەی عەدنان موفتی سەرۆکی پەرلەمانی ئەوکات و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، هەر یەکەیان مانگانە بڕی ٣٥ ملیۆن دۆلار، واتە ساڵانە بە هاوبەشی ٨٤٠ ملیۆن دۆلاریان بۆ گیرفانی حیزب و بنەماڵەکانیان دەبرد، تا قاچاغچێتی ئێستاو یاریکردن بە ژیان و گیرفانی موچەخۆرو کاسبکارانی ئەم هەرێمە لە مەرزەکاندا، بەرپرسیارن و، رۆژێکیش نەک جورئەتی گوتنی وشەیەکیان سەبارەت بەم پرسانە نەبوە (جگە لەو چەند مانگەی بەرهەم ساڵح خاوەنی هاوپەیمانی دیموکراسییە تەمەن کورتەکەی بو)، بەڵکو لەپێناوی پۆست و پارێزگاری لە بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبییەکانیان راستەوخۆ لە پشتی ستەمکاری وەستاونەتەوەو بە بێدەنگی پشتیوانی گەندەڵی و لادانە یاساییەکان بون.
بەرهەم ساڵح جگە لەوەی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، چەند ساڵێکیش سەرۆکی حکومەتی یەکێتی/ئیدارەی سلێمانی و سەرۆکی حکومەتی هاوبەشی پارتی و یەکێتیش بوە، رۆژگارێک مرۆڤ دەبێت شەرم بکات بە سەردەمی سەقامگیری و ئارامی ناوی ببات. بەشێک لە کارە باشەکانی بەرهەم ساڵح لە کابینەی شەشەمدا بۆ هەموان ڕونە، کە دەتوانرێ وەک خاڵی جیاکەرەوە لەگەڵ کابینەکانی پێش خۆی ببینرێت، بەڵام نابێ سوتاندنی کەناڵی ئاسمانی نالیا، ئەو نەزیفی خوێنەی لە ١٧ شوبات و رۆژانی دواتر لە جەستەی منداڵ و گەنجان لە سلێمانی، گەرمیان، ڕاپەڕین و دەوروبەریان هات، دەرکردنی خەڵک لە وەزیفەی رەسمی و بە زۆر گواستنەوەیان، نانبڕاوکردنی هەزاران موچەخۆر بەهۆکاری سیاسی نادیدە بگیرێن و وەک بەشێک لە ماوەی دەسەڵات و کابینەکەی نەیبینین. ڕاستە ئەو ماوەیە جۆرێک لە بوژانەوەی ئابوری ڕوی لە هەرێم کرد، بەڵام ئەو دەستکەوتانە تەنها ئەو کاتانە جوانن، کە بە نمونە ناشیرینەکانی پێش خۆی بەراورد دەکرێن، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، ئەو لە ئێستادا کاندیدی حیزبێکە، کە بە قسەی شەخسی بەرهەم ساڵح خۆی، هەم حیزبەکەی خۆی، یەکێتی، هەم پارتی، دو حیزبی ستەمکار، گەندەڵ، پەلاماردەری ئازادی و کەرامەتی ئینسانی ئێمەن، بەجوتە دەستیان بەسەر بازاڕو ئابوریدا گرتوەو خەریکی قۆرغکارین.
بەهای مرۆڤی سیاسی شارەزاو خاوەن ئەزمون دەبێ چی بێت، کاتێک هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی، تواناو شارەزاییەکەی کۆمەکێکی بۆ دورکەوتنەوەو ڕەخنە لە سەنگەری ستەمکاری پێنەکەن، لەوەش ترسناکتر بۆ بەرژەوەندی حیزبی، بنەماڵەیی و شەخسی، لەپێناوی پۆست و ئیمتیازدا، نەک لە تاوان و ستەمکاری بێدەنگ بێت، بەڵکو پشتیوانیشی بیت و لە ڕێگەیەوە هەرچی زیاتر بخزێیتە ناو باوەشی کۆمەک بە ستەم و بێدادییەوە، جا سیاسییە خاوەن ئەزمون و شارەزاکە هۆشیار بێت یان بەرهەم، ستەمکارەکەش پارتی بێت یان یەکێتی جیاوازییەکە تەنها لە ناودا دەبێت و هیچی دی.
پارتی و یەکێتی دو هێزن ناتوانن لە هیچ پۆستێکی باڵادا پشتیوانی کەسانێک بکەن، ئەگەر پێشوەختە کەسایەتیان بە بارمتە نەگرن، ئەگەر ملکەچی و بێدەنگی ئەوانیان، نە تەنها لە ستەمکاری و گەندەڵی، بەڵکو لە خیانەتیش مسۆگەر نەکردبێت. فیگەرە سیاسییە پاڵێوراوەکانی ئەم دو حیزبە لە ئاستی شەخسیدا وەک تاک و وەک مرۆڤ چەندیش زمانشیرین و خاوەن ئەزمون بن، کاتێک لە بەرامبەر ماف و ئازادی هاونیشتیمانیان بێدەنگ، کاتێک لە بەرامبەر تاڵانی حیزب و هاوڕێکانیان سەردادەخەن، کاتێک لاشەی گەنجێکی کوژراو بە فیشەکی حیزبەکانیان تۆزقاڵێک ئازاری ویژدانیان بۆ دروستناکات، ئیدی سەرۆک کۆمار هۆشیار بێ یان بەرهەم، پارتی بێت یان یەکێتی، جیاوازی چییە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
جهعفهر عهلی: پەرلەمانتاری نمایشی!
جهعفهر عهلی: لەبارەی کۆچەوە
جهعفهر عهلی: تا منداڵەکانمان نەبنە قوربانی بیر لەبوونی مەترسییەکان ناکەینەوە!
جهعفهر عهلی: شکستی مەعریفەی گەڕان…ئێمە چین؟ بەرەو کوێ دەڕۆین؟
جهعفهر عهلی: تا درزەکە گەورەتر نەبوە
جهعفهر عهلی: لەنێوان ئیسرائیلو کورددا.. (لەئیخمانەوە بۆ تاریق رەمەزان)
جهعفهر عهلی: قارەمانەکانی شکست!