لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

لەنێوان ئیسرائیل‌و کورددا.. (لەئیخمانەوە بۆ تاریق رەمەزان)

Thursday, 03.18.2021, 06:03 PM



ئیسرائیل لەبەردەم خوێنی قوربانییەکانیدا
ئەدۆڵف ئیخمان، تەنیا ناوێکی ناو بزووتنەوەی نازی ئەڵمانی نەبوو لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی نازیدا، بەڵکو بەرپرس و تاوانبارێکی لەناوبردنی بە کۆمەڵی جولەکەکانی ئەڵمانیا و پۆڵەندا و ئەوروپاش بوو.
   ئیخمان، یەکێک لە بەرپرسەکانی رایخی سێیەم و ئەفسەری هێزێکی تایبەتی ئەڵمانی بوو. لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، ئەو خاوەنی بیرۆکەی پلانی (دوا چارەسەر) بوو. دوا چارەسەر، پلانێک بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جولەکە لە ئەڵمانیا دانرابوو. کورتەی پلانەکە بریتیبوو لە راگواستنی رێکخراو و بە زۆری جولەکەکان بۆ سەربازگەکانی کاری زۆرەملێ، تا بتوانن لە رێی کۆکردنەوەیان لە رووبەرێکی دیاریکراودا بە ئاسانی دەستیان پێیان رابگات و نەخشەی لە ناوبردنیان جێبەجێ بکەن.
   سەرکردایەتی سیاسی نازی بناغەی لە ناوبردنی بە کۆمەڵی جولەکەی لە کۆنگرەی (وانسیی) لە ناوەڕاستی جەنگی دووەمی جیهانییەوە داڕشت. ئەم شاڵاوی لە ناوبردنە لە پرۆسەی هۆلۆکۆستدا گەیشتە لوتکە، کاتێک ژمارەیەکی گەورە لە جولەکەی ئەوروپای لە ناوبرد.
   ئیخمان بە هۆکاری ئابووری دژی بیرۆکەی کۆچ پێکردنی جولەکە بوو بۆ فەلەستین، هەروەها دژی دامەزراندنی دەوڵەتی جولەکەش بوو، چونکە بڕوای وابوو پێچەوانەی فیکری نازییە. لە ساڵی ١٩٣٩دا ئیخمان لە دەزگای ئەمنییەوە گواسترایەوە بۆ دەزگای پۆلیسی نهێنی ئەڵمانی (گوستاپو)، بەشی راگواستن و دواتریش بەشی کاروباری جولەکە. لە ١٩٤١ بەشدار بوو لە گفتوگۆی بەرنامەڕێژی بۆ لە ناوبردنی بە کۆمەڵی جولەکە لە ئەوروپا. ئیخمان بەرپرسی راگواستنی جولەکە بوو لە تەواوی ئەوروپا بەرەو ناوەندەکانی کوشتن و لە ناوبردن. خۆی و گروپەکەی کە بە (پیاوانی ئیخمان) ناسرابوون و هاوکاری بوون، لە ساڵانی نێوان ١٩٤٢ بۆ ١٩٤٤ ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەی ئەوروپایان راگواست.
   دوای تەواوبوونی جەنگ و شکستی ئەڵمانیای نازی، ئیخمان یەکێک لەو تاوانبارانەی جەنگ و پرۆسەی لە ناوبردنی جولەکە بوو، توانی لە رێی نەمسا، ئیتاڵیا و دواتریش ڤیزای ئەرجەنتینی بۆ دابینکرا و بە ناوێکی نوێ و کەسایەتییەکی نوێوە بە نهێنی لە پایتەختی ئەم وڵاتە خەریکی کار و ژیانی تایبەتی خۆی بوو. واتە تا ئەو کاتەی موسادی ئیسرائیلی لە ساڵی ١٩٦٠ دەستگیریان کرد و گواستیانەوە بۆ ئیسرائیل. لە ١١ نیسانی ١٩٦١ دەستکرا بە دادگاییکردنی، لە کانونی یەکەمی هەمانساڵ بڕیاری لەسێدارەدرانی درا و لە ٣١ مایسی ١٩٦٢دا جێبەجێ کرا. دوای لە سێدارەدانیشی لاشەکەیان سووتاند و پاشماوەکەیان فڕێدایە ناو دەریای ناوەڕاستەوە، چونکە رازینەبوون خۆڵەمێشی لاشەکەیشی لە خاکی ئیسرائیلدا بێت. پرۆسەی رفاندنی ئیخمان لە پایتەختی ئەرجەنتینەوە بەرەو ئیسرائیل، بە یەکێک لە بەناوبانگترین پرۆسەکانی رفاندنی دەزگای موساد لە مێژوو دادەنرێت.

دەسەڵاتی کوردی و خوێنی قوربانییەکانی
   ئەم نموونەیەی موسادم بۆیە باسکرد، تا بزانین دەسەڵاتی ئیسرائیل چۆن لە رێی لە بیرنەکردنی تاوانە گەورەکانی دەرهەق بە هاوڵاتیانی جولەکە کراوە، بەشێوازی تایبەتی خۆی، وەفا و رێز پێشاندەدات و، خوێنی قوربانییەکانی، موساد بەرەو دوورترین گۆشەکانی دونیا دەبات. ئێمەش، دەسەڵاتی کوردی لە باشور چۆن رۆحی قوربانییەکانمان ئاسوودە دەکەین و تاوانبارانی ئەنفال و جەللادەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە چۆن مامەڵە دەکەین.
   لای هەمووان ئەوە روونە، کە دوای راپەڕین، بە پاساوی بڕیاری لێخۆشبوونی بەرەی کوردستانی، کۆی ئەو بەرپرسانەی کە ناوی موستەشاریان هەڵگرتبوو، بەشێکیشیان دەستیان بە خوێنی گەنجانی ئەم نیشتیمانە سوور بوو، هەروەها بە بەشداریان لە پرۆسەی ئەنفال، گوناهو تاوانی گەورەیان هاوشانی سوپای بەعس، لە بەرانبەر خەڵکی کوردستان، تایبەت گوندنشینان و وێرانکردنی لادێکان و تاڵانکردنیان، ئەنجام دابوو، ئەوانە نەک هیچ لێپرسینەوەیەکی قانونیان لەگەڵدا نەکرا، بگرە بەشی هەرە گەورەشیان بە ڕێزەوە دیوەخانە کۆنەکانیان بۆ نۆژەن کرایەوە و پێگەی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندییە ماددییەکانیان گەورەتر کرا.
   موستەشاران و جەللادانی بەشدار لە ئەنفالی خەڵکی بێگوناهـ، لە کوشتنی پیر و گەنج و منداڵانی کورد، نەک نەکەوتنە بەردەم لێپرسینەوەی نیشتیمانی و ئەخلاقی، بەڵکو هێزە باڵادەستەکانی کوردستان، دوور لە هەر پرەنسیپێکی نەتەوەیی و قانونی و ئەخلاقی، کەوتنە ململانێ و کێبڕکێی قەرەباڵغکردنی ریزەکانیان بە تاوانبارانی ئەنفال و بکوژانی خەڵکی بێ تاوانی ئەم نیشتیمانە. بەم هۆیەوە دەیان جەللاد و موستەشاری تاوانبار، کە دەبوایە لە دادگایەکی نیشتیمانیدا لە ریزی چاوەڕوانی دادگاییکردنیاندا بوەستایان، بە پێچەوانەوە خەڵک بۆ راییکردنی کارەکانیان لەبەردەم دیوەخان  و بارەگاکانی ئەواندا، ریزی دەبەست. ئەمە ئەو کاتە بوو، کە دەبوایە تێبگەین ئەم دەسەڵاتە سیاسییەی باشور، دەسەڵاتێک نییە لەبەردەم خوێنی قوربانییەکانیدا هێزی لێپرسینەوە لە جەللاد و بکوژەکانی پێشانبدات.
   دەسەڵاتی کوردی لە باشور، ئەو سنورەشی بەزاند، کە نە تەنیا موستەشار و گوناهبارانی ئەنفال خەڵات بکات، بەڵکو بەشێک لەو بەرپرس و جەللادانەی بەعسیشی گرتە باوەش، کە رەنگە خۆشیان چاوەڕوانییەکی وەها هەرزانیان بە بیردا نەهاتبێ. ئاخر تاوانبارێکی ئەنفال، جەللادێکی کیمیاباران، کە بەشداری لە کوشتنی هەزاران کەسی بێ تاواندا کردبێ، رەنگە هەرگیز رۆژێک لە رۆژان ئەوەی بە بیردا نەهاتبێ، کە دەسەڵاتێک دێت و بێباکانە لەبەردەم خوێنی قوربانییەکانیدا دەوەستێ و لە بری دادگاییکردن و لێپرسینەوەیان، بە ئازادی و بە پاداشت خەڵاتیان دەکات. دەسەڵاتێک دێت، ناتوانێت هێڵێک لە نێوان نیشتیمانپەروەری و خیانەتدا بکێشێ، هێزی نەتەوەیی و ئەخلاقی و سیاسی ئەوەی نییە بە رۆژی روناک و لە نێو شەقام و بەردەم ماڵەکانی خۆشیدا، لە تاوان و گوناهە نیشتیمانی و مرۆییەکان بپرسێتەوە.
   تۆ دیقەت بدە، ئیسرائیل دوای پازدە ساڵ لە تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهانی، لە پایتەختی وڵاتێکی دوورەدەستی ئەمریکای باشور لە ئەرجەنتین، لە ١١ مایسی ١٩٦٠دا دوای چەندین مانگ چاودێری لە نزیک ماڵەکەی خۆی، بە پلانی ورد و وەک ئەرکی نیشتیمانی و ئەخلاقی، جەللاد و تاوانبارێکی هۆلۆکۆست (ئەدۆڵف ئیخمان) بێهۆش دەکات و بە نهێنی دەیگوازێتەوە بۆ ئیسرائیل، لەوێش دەیخاتە بەردەم لێپرسینەوەی قانونی و داکۆکی لە خوێنی قوربانییەکانی جولەکە، سەرەنجام بە سزای مەرگ و فڕێدانی پاشماوەی لاشەکەی بۆ ناو دەریا، بە خەتێکی درشت، نامەیەکی روون بۆ هەموو دونیا و کۆی تاوانبارانی هۆلۆکۆست و جەللادەکانی کوشتنی جولەکە دەنێرێت، کە دەسەڵاتی ئیسرائیل نە تەنیا خوێنی قوربانییەکانی فەرامۆش ناکات، بەڵکو تاوانبارانی کوشتنی جولەکەش لە هەر گۆشە و کەنارێکی ئەم جیهانەدا بژین، دەرفەتی ژیانێکی ئارامیان لەبەردەمدا نابێ و رۆژێک دەستی لێپرسینەوەیان پێدەگات. ئیسرائیل بەمجۆرە دەتوانێ بمێنێتەوە، بەهێز بێت، لە ئاستی وڵاتانی گەورەی دونیا و ناوەندە گرنگەکانی بڕیاردان، خاوەن پێگەی تایبەت و گوێ لێگیراو و رێزلێگیراو بێت.
   دەسەڵاتی کوردیش، پێیگوتین، تاوان، کوشتن، کۆمەڵکوژی، شێواندنی سروشت و ژینگەی کوردستان، نە تەنیا کارێکە شایستە بە لێپرسینەوە نییە، بەڵکو بە رێزەوە لە ریزی پێشەوەی حیزبەکانیاندا پێشوازیان لێدەکەن و خەڵات دەکرێن. ئێمە نە تەنیا تاوانبارانی ئەنفال، بەڵکو تاریق رەمەزانی بەشدار لە کیمیابارانی هەڵەبجەشمان، لە زیندانەکانی کوردستانەوە بە رێزەوە بە بەرچاوی دونیاوە بەرەو ئەوروپا بەڕێکرد.
   دەسەڵاتێک رێز لە خوێنی قوربانییەکانی خۆی نەگرێت، لە رێی پاداشتکردنی جەللادەکانییەوە، سوکایەتی بە خۆی و قوربانییەکانیشی بکات، هەر فرمێسکێکی بۆ قوربانی ئەوانیدی بڕێژێت، جگە لە فریودان و خەڵەتاندن هیچی دی نییە، دەسەڵاتێک بکوژی منداڵانی هەڵەبجە، پاداشت بکات و خەڵاتی ئازادی و ئەوروپای بکات، هەر فرمێسکێکی بۆ منداڵانی هەڵەبجەی بڕێژێت، هەر چەپکە گوڵێکی لەسەر مەزاری قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجەی دابنێت، درۆیەکی گەورەیەو هیچی دی.
   ئیسرائیل لە تەمەنی دوازدە ساڵەی دەوڵەتەکەیدا، لە دووری زیاد لە دە هەزار کیلۆمەترەوە سنوری چەندین وڵات و کیشوەر دەبڕێت، تا بکوژی هاوڵاتیانی سزا بدات، دەسەڵاتی کوردیش لە ناو ژووری زیندانەکانییەوە، تاوانباری کیمیابارانی هاوڵاتییەکانی، بە ئاشکرا ئازاد دەکات، ئیدی لێرەوە دەبێ لە چیرۆکی بوونی هێزی ئیسرائیل و جەستەی هەلا هەلای کوردی و پرسی نەتەوە و بیناکردنی دەوڵەت تێبگەین.             
   
   

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟