هەواڵ
نائومێدی و ناڕەزایەتی بیست ڕۆژی پڕتوڕەیی نەبیستراو
Saturday, 01.16.2021, 02:31 PM
تەنها لە بیست(٢٠) ڕۆژی رابردوودا، لانیکەم شانزە(١٦) گردبوونەوە، ناەڕەزایی، خۆپیشاندانی توێژی و پیشەوەران و هاووڵاتییان لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجەدا ڕوویداوە،*(لینکی هەندێک لە ناڕەزایەتییەکان لە کۆتایی بابەتەکەدا دانراوە)، ئەوەی تێبینی دەکرێت:
- حەوت(٧)یان لە سلێمانی، چوار(٥)یان لە هەولێر، یەکێک(١)یان لە هەڵەبجە بووە، سیانیان(٣)یان داواکاری سەرجەمی توێژیکی کوردستانی (ژنان و مامۆستایان و هونەرمەندان) بوون.
- هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکان و بیانووی کلیلییان بریتی بووە لە: خزمەتگوزاری(کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ و جادە)، بازاڕ و ئابووریی (کرێی دووکان، ڕێنمایی کۆرۆنا و داخستنی هۆڵ و کافێکان..تاد)، بەڕێوەبردن (مامەڵەی خراپ لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ)، دواکەوتنی مووچە، پەروەردەیی (داواکاریی مامۆستایان ناڕازی، بایکۆتی خوێندکاران دژی خوێندنی ئەلیکترۆنی).
- هەندێکیان لە ناوشارەکان و زۆرترینیان لە قەزا و ناحیەکان و گوندێک بوون.
- هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نە لە پشتیان بوون و نە تەبەنییان کردووەن، بگرە لە ڕوماڵیشدا میدیای نزیکی دەسەڵاتیش ڕووماڵی کردوون.
- گەورەترین کەیسی ناڕەزایی وەک داواکاریی گشتی هاونیشتمانییان، کێشەی کارەبا پاشان مافی مامۆستا و خوێندنی ئەلیکترۆنی بووە، کە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی ناڕەزایی هەبووە، وەک کەیسی ناوچەییش، کەیسی گردبوونەوەی خاوەنزەوییەکانی حەسارۆک بووە لە هەولێر کە ١٦ هەزار پارچە زەوییە و حکومەت چارەی بۆ نەدۆزیوونەتەوە.
- بەشێک لەم ناڕەزایەتییانە ڕاستەوخۆ توڕەییە بەرامبەر ئەدای حکومەت کە دوو جۆرن: یەکەم، بەرامبەر سیاسەتی پەروەردەیی، سیاسەتی ئیدارەدانی کۆرۆنا و ناتەبایی لەگەڵ بەرژەوەندیی چەند توێژێک، سیاسەتی ڕێکخستنی خاوەن موڵک و کرێچی. دووەم جۆرییان: کەمی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەک کارەبا و ئاوەڕۆ و جادە و...تاد.
- توندترین کەیسیان گرتنی شاڕێی نێوان هەولێر و سلێمانی بووە لە کلکەسماق، بۆ چەند سەعاتێک لە ٤/١/٢٠٢١دا و بەهۆی هاتنەناوەوەی لایەنی پەیوەندیدار و هێزەوە ڕێگاکە کراوەتەوە.
- خەمساردترین کەیسیشیان ئەوەبوو کە حکومەت هیچ وەڵامێکی نەبووە، کەیسی گردبوونەوەی گەڕەکی هەواری شاری شاری هەولێرە و ساڵ و نیوێکە کێشەی کارەبایان هەیە و هیچ لایەنێک ئەو ڕۆژە نەچووە بەدەمیانەوە چ بۆ وەڵام و چ بۆ وەرگرتنی خواستەکانیان.
- هیچ یەک لەم خۆپیشاندانانە دروشمی برسێتی یان گرانی یان بژێویان بەرزنەکردووەتەوە.
- لە ڕووی ڕووماڵکردنەوە، میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات، ئەهلی، نزیکی ئۆپۆزسیۆن و سێبەرەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕووماڵیان کردوون.
قەترە قەترە دەریا دەسازێت
لە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و هاوڵاتییاندا، بۆ پایەداری متمانە و بەرقەراری مانەوەی یەکەم و پابەندی دووەمەوە، گرێبەستەکە ئاوایە: تا ئەوکاتەی حکومەت وەک خزمەتگوزار گوێی سووکتر بێت، دەستی سەرکوتکردنی کورت و دەستی خزمەتی دریژ دەبێت، بە پێچەوانەوە لەگەڵ هەر گوێ گرانییەکدا لە نەبیستن و فەرامۆشکردنی وردە داواکاریی و گردبوونەوەی ناوچەیی و توێژەکاندا، دۆخەکە هەڵدەگەڕێتەوە. کۆی ئەم وردە نارەزایەتیانە کە لە کورتمەودا و خێرادا دەکرێت چارە یان ڕازی بکرێن، بەڵام بە پێچەوانەوە هێواش هێواش کۆدەبنەوە و نائومێدییەکی تۆڵەسێن بەرهەم دەهێنن. ئەو کات کۆی ناڕەزایەتییەکە گەر سەرانسەری یان نیمچە سەرانسەریش بێت ڕەنگە یەک نمایشی هەبێت بەڵام مەرج نییە یەک داواکاری هەبێت و ڕازیکردنی جەمسەرەکانی ئەستەم و سەخت دەبێت.
قسەیەک لە دنیای کەلامی و خواناسییدا هەیە و دەڵیت: ئەوانەی کە توند و ڕاشکاو دەڵین خودا نییە، زیاتر لەسەری گلەیی و نیگەرانییەوە ئەو قسەیە دەکەن و ئومێدێکیان بە خودایە و دەیانەوێت خودا دەستوەربداتە ئەو ژیانە ناخۆشەی هەیە. لە کوردەواریشدا وتراوە "گلەیی لە دۆست دەکرێت". ئەڵبەت بە ڕەچاوی جیاوازیی لە نمونەکاندا و تەنها وەک ڕوونکردنەوە بوون، لە ناڕەزایەتییەکان بڕوانرێت، دەردەکەوێت خەڵک کە گردبوونەوەی ئاشتییانە دەکات گلەیی لە جێگەئومێدێک هەیە و دەیەوێت بە دەمییەوە بچێت، نابێت نائومێدی بکات بە ڕادەیەک ناچاری بکات هەڵێبگێڕێتەوە.
بە سەرنجدان لەم وردە ناڕەزایەتیانە و بە ئیزافەکردنی ئەم تێبینیانە:
- ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە شەش ساڵە ژیان و بازاڕی خەڵک و ئەدای حکومەتی هەرێمی کوردستانی لاواز کردووە، لە سەروو هەموویانەوە خراپی دابەشکردنی و کەمی و لێبڕین لە دابەشکردنەکەیدا.
- ئەو خەمساردییەی کە حزبە بەشدارەکانی حکومەت کە هاوکاریی پرۆسەی چاکسازیی بەڵێندراو ناکەن و نائومێدی درووستکەرن.
- ئەو پەیوەندییە ناجۆر و پڕ هەوراز و نشێوەی نێوان یەکێتی و پارتی.
- ئەو لاوازی و بێ پرۆژەییەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و نەبوونی پرۆژەیەکی هاوبەش کە بەشداربن لە چارەسازیی یان ئەوەی کە ناتوانن ببنە بەدیلی باشتر و ئومێدبەخش بن، نائومێدی مەترسیداری کۆمەڵایەتی دەسازێنیت.
- ئەو بێتواناییەی هەرێم بەرامبەر هاونیشتمانی و کوردستانیانی ناوچە دابڕێنراوەکان و کارنەکردن بۆ لانیکەمی ماف و گێڕانەوەی دەسەڵاتەکانی بۆ ئەو ناوچانە، خەمساردی و نائومێدییەکە کاریگەرتر دەکات.
- ئەو بێباکییەی بەغدا و نەناردنی بەشە بودجە و تێهەڵچوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ سنووردارکردنی زیاتری دەسەڵات و مافەکانی هەرێمی کوردستان وەک قەوارە.
سەرجەمی ئەمانە لە هەر جێگەیەک ڕووبدەن، ژیان کۆتایی پێناهێنن بەڵام نائومێدی دەچێنن و لە ڕادەی بەرزی نائومێدیشدا ڕاگرتنی دۆخەکە بە سڕکردن، وەڵامنەدانەوە یان وەڵامدانەوەی لاوەکی خواست یان تۆمەتبارکردنیان بە دەستی سیاسیی و دەرەکی داد نادات.
بۆیە هیچ شۆکی ناوێت کاتێک ١٥٠ ماڵ کۆدەبنەوە و هیچ بەرپرسێک ناچێت بەدەمییانەوە، کاتێکیش توڕە دەبێت و فەرمانگەیەک دەسووتێنێت دەڵین خۆپیشاندنانی توندوتیژ قەدەغە و نایاساییە! ئەی چی بکەن تا دەنگیان ببیسترێت؟ کاتێک حکومەت بازاڕی خاوەن موڵک و کرێچی، نرخ و کوالیتی، پەروەردەی خەڵک بە جۆرێکی خواستراو و پەسەندکراوی زۆرینە بەڕێوەنەبات، ئەی چاوەڕێ دەکەیت هێشتا گوڵ و گۆرانیت بۆ بڵێت!
کێ لە پشتە؟
لە هەموو جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا، چەند ڕەگەزێک بەشداری جوڵاندن، ڕێکخستن و بەئەنجامگەیاندنیدا دەکەن: کێشە و پرسێک، هاوڵاتی، جوڵینەران و ئامادەکارانی چالاکییەکە(لە خۆپیشاندانەوە تا مانگرتن هەر کامیان بێت)، ئەندامان و هەڵسوڕێنەرانی لایەنێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆن یان ڕێکخراوە سێبەرەکانی، دەسەڵات و ڕادەی شلکاری یان تووندینواندن بەرامبەر چالاکییەکە و میدیا. هەر یەک لەم ڕەگەزە بەشدارانە بە پێی جۆری ڕێکخستن و بەهێزی ڕەگەزێک بەسەر ئەوی دیکەدا شوێنیان دەگۆڕێت و کاریگەرییان دەبێت، گەر سیستمێک کێشەی خزمەتگوزاری کەم بێت و بەیناوبەین خۆپیشاندان بکات ئەوا ناوچەی هەژموونی ئۆپۆزسیۆن و ڕەگەزەبەشدارەکانی لە چالاکییەکەدا کەمڕەنگ دەىێت، بەڵام گەر کۆی پرۆسەی خزمەتگوزاری و ئەدای حکومەت تا دەگاتە سیستمی سیاسیی کێشەی هەبێت و و لە چەند جێگەوە شایستەی ڕەخنە بێت، رەگەزی هەڵسوڕێنەران و ئەندامانی سیاسیی خۆپیشاندان کاریگەرتر دەبێت ئەوکات بیانوو و هۆکاری ڕۆژانەی باش دەکەوێتە دەستی ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخەرە سێبەرەکانی، ئەمانە بە تەبایی و هەماهەنگی لەگەڵ جوڵێنەرانی خاوەن پرس و کێشەی راستەقینە تەبادەبن و ڕادەی توڕەیی و ناڕەزایی بەهێزتر دەبێت.
ئەمانە هاوکێشەی باوی هەر ناڕەزایەتییەکی هەر وڵاتێک و کۆمەڵگەیەکن، بەڵام هەمیشە ئەوەی لە پشتی خۆپیشاندەرەوەیە وەک دەستێک، خودی حکومەتە پێش هەر لایەنێکی دیکە، هەرکات لەم جۆرە خۆپیشاندانە ناوچەییانەی بینی (١٦ خۆپیشاندان لە ٢٠ڕۆژدا) و تاک تاک چارەی کردن ئەوا متمانە و ئومێد دەگەڕێتەوە، خۆ گەر وەک ئێستا فەرامۆشی یان سەرکوت یان بەدەمەوەنەچوونی گرتەبەر، ئەوا وێنەیەکی گەورەتری ئەم گردبوونەوە ناوچەیی و توێژیانە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبینین و ئاراستەش دەکرێن.
* لینکی هەواڵی هەندێک لە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوو:
- https://xelk.org/273908/
- https://www.kurdiu.org/ku/b/477565
– http://speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=98326&Jor=1
- https://www.youtube.com/watch?v=IBukjLgqtPM
- https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2712202023
- https://xelk.org/272085/
- https://www.youtube.com/watch?v=Kqv49SzrQJw
- https://www.nasnews.com/kurd/view.php?cat=22182
- http://speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=98488&Jor=1
- http://bit.ly/3nTw8UW
- http://bit.ly/3syYKXk
- https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=184301
- https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0901202113
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس