لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

کورد و تورک .. لە پێکەوەژیانەوە تا ئینکارکردن

Saturday, 03.13.2021, 03:03 PM


د. هەردی مەهدی میکە
توركان  لە سەلجوقیانەوە تا کۆتایی عوسمانی، ئەو کاتانەی دانیان بە کورددا نا، پێکەوە شەڕی دەروازەکانی ئەوروپایان کرد، ڕۆژهەڵاتی موسڵمانشینیان ڕکێف کرد، لەوکاتەشەوە کە ئینکاری کوردیان کرد، لەتەواوی دەرگاکانی جیهانیان دا، لە واشنتۆنەوە تا مۆسکۆ، لە ناتۆوە تا وارشۆ، پەنایان پێبرد، کەچی هێشتا خەوێکی قوڵ ناچێتە چاویان و لە پەلکێشییە جیهانیەکانەوە کشاونەتەوە بۆ شەڕی نێوخۆ، ئێستا شەڕی گۆراینییەکی کایا و ڕۆژباشێکی بایدەمیر و سڵاوێکی کوردیانەی لەیلازانا دەکەن. ئێستاش وا تێستی نەخشەیەکی کوردستانی سەرپولێک دنیای لێتەنگ کردوون.


لەهاوبەشییەوە بۆ هەڵشاخان
یەکەمین دەسەڵاتێک کە وشەی کوردستانی لەسەدەی دوانزەدا، بۆ هەرێمێکی کارگێڕی و سیاسیی و جوگرافی بەکارهێنا، تورکانی سەلجوقی بوون، کە شێوە فیدراڵییەکی ئەو زەمانەیان بە کوردستان دا و ئەوسا توانییان پەلکێشی بکەن و جێگیریی سیاسی وەرگرن.
تیۆرسێن و هاندەری سوڵتانە تورکەکان بۆ پێکەوە کارکردن لەگەڵ کورداندا، دەگەڕێتەوە بۆ زیرەکی و واقیعبینی پیاوێکی مەزنی وەک خواجە نیزامولمولک(١٠١٨-١٠٩٢)، کە یارییەکی براوە-براوەی لەنێوان سەلجوقی و ئەوانی دیکە لە سیاسەتدا فەراهەم کرد و پاشتر بوویە بنەمای شێوە فەرمانڕەواییەک و نەریتێکی کارگێڕی بۆ سەلجوقییان و ئەوانی دیکە تا دەگاتەوە عوسمانییان.  
تورک کاتێک دانی بە کورددا ناوە ئەزمونی هاوبەشی سەرکەتوویان زۆر بووە و تورک بەر لە کورد قازانجی کردووە، ئەوان بە کوردەوە چەندین دەسەڵاتی ناوچەیی و جیهانیان پێکەوەناوە، تورک و کورد لە سەردەماکانی سەلجوقی، زەنکی، سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی و ئاق قۆینلو و عوسمانیدا، سەدان ساڵ پێکەوە کاریان کرد و بەسەر نەیارانیاندا سەرکەوتوون و شەڕ نەهاتووەتە نێوماڵیان. هەرکاتێکیش تورک پشتی لە کورد کردبێت ئەوا نەک لەدەرەوە بەڵکو شەڕ لەنێوماڵەکەیدا یەخەی گرتووە. کاتێک مەحموودی دووەم بەناوی ئیسڵاحاتی عوسمانییەوە(تەنزیمات) دەستی کردە سەرکوتکردنی میرشینەکان، (کە ئەو سیستمی میرنشینیە بەرهەمی کاری هاوبەشێ تورکان-کوردان و ڕێککەوتنی مێژوویی ئیدریسی بەدلیسی و سوڵتان سەلیم بوو)، لەوکاتەوە نەک شەڕی دەروازەکانی نەمسا و دەریای ناوەڕاستی پێکۆنتڕۆڵ نەکراوە، بەڵکو جەنگیان هێناوەتەوە نێوماڵی خۆیان و ویلایەتەکانی بەدلیس، دیاربەکر، هەکاری و دەرسیمیشیان پێ ڕکێف نەکراوە.

ئەم تەنگ¬ئەقڵییەی هاوچەرخی نوخبەی سیاسیی تورک کە پێچەوانەی بیری نیزامولمولکە، دەگەڕێتەوە بۆ زیا گۆکالپ(١٩٧٥-١٩٢٤) کە بە "باوکی نەتەوەپەرستیی تورکی" و تۆرانیزم دادەنرێت، ئەو دیاربەکرییە و دەوترێت بە نەژاد کوردە، بەڵام خۆی ئەوەی ڕەتکردوەتەوە و دەیوت تورکم. زیا باوەڕی وابوو دەبێت سەرجەم دەوڵەتی عوسمانی بە تورکی بکرێت و زمانی تورکی بەسەر تەواوی پێکهاتە و ئیداراتی عوسمانیدا بسەپێنرێت. پاش ئەویش ئیتیحاد و تەرەقی بە کودەتاکەی ساڵی ١٩٠٨ی، خزمەتی ئەم بیرۆکەی تورکاندنی کرد و کەمال ئەتاتورکیش گەیاندییە لوتکە و پاش ئەو مێژووە، ئیدی ڕەتکردنەوە و سڕینەوەی گەلانی ناتورک و ئینکارکردنی بە پێی بۆلوان و دەرفەتەکانیان بووەتە میرات و سیاسەتێکی پەڕگیری پیادەکراو.
لە دنیای تازەدا، گەر مۆچیاری هەر سیاسیی و عەقڵیەتێکی دەمارگیر بکرێت، ئەوا پێی دەوترێت، "واز لە عەقڵی کۆن بهێنە و سەردەم سەردەمی کرانەوە و پێکەوەژیانە"، بەڵام ئەمە بۆ نوخبەی دەسەڵاتداری تورک ڕێک پێچەوانەیە، پێویستە پێیان بوترێت: "واز لە عەقڵی نوێتان بهێنن و بگەڕێنەوە سەر عەقڵە کۆنەکەتان، ئەوێ ڕۆژێ هەم کراوەتر و هەم بەدەسەڵاتتر بوون".

گشتاندن بۆ هیچ نەتەوەیەک دروست و بڕیارێکی لۆژیکی نییە، ناتوانرێت تورک و فارس و عەرەب و تاد بە باش یان خراپ و توندڕەوی هەڵسەنگێنرێن. بەڵکو جۆری بیرکردنەوەی کەمینەی دەسەڵاتە کە ئاراستەی سیاسەتە کولتووری و سیاسی و سەربازییەکانی دەکات، کەمینەی دەسەڵاتداری تورکیای هاوچەرخ (ئۆزال، موندەریسی و داودئۆغلو و پێڕەوانیانی لێدەرچێت) نە دەرکی مێژووی خۆیان کردووە و نە بەدوای چارەی ڕیشەییشدا گەڕاون، سەدساڵ زیاترە تورکیایان خستووەتە ژێر هەژموونی دۆخێکی سەربازی-ئەمنی و تەنها دەیانەوێت بەو عەقڵیەتە چارەی پرسی پێکهاتە ناتورکەکان بکەن و بۆشیان نەکراوە.

سەدساڵە، لە ڕووی سیاسییەوە، نوخبەی دەسەڵاتداری تورک لەبری بیرکردنەوەی ڕیشەیی و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی براوە-براوە لەگەڵ کوردستاندا، تەنها ڕێچارەی ئەمنی و چاوداخستن و پەنابردن بۆ دەرەوەی خۆی گرتووەتەبەر لەپێناو سەرکوتکردنی کورد و سڕینەوەی! بەڵام نەک بە ئامانج نەگەیشتووە، بەڵکو بەهۆی ئەم سیاسەتەوە بەشێکی زۆر لە پێگەی سیاسیی، جیۆپۆلەتیکی و ئاماژە ئەرێنییەکانی کۆمەڵگەی دیموکراسی لەدەستداوە، ڕاپۆرتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، کڕینی چەک، زیندانی سیاسی، بێئۆقرەیی سیاسیی و وا خەریکە تەپیوی ئابووریشی دێتەسەر، بوونەتە سیمای تورکیایەک کە لە مێژوودا نیوەی جیهانی بەڕێوەبرد ئێستا نێوماڵی خۆشی بۆ ئیدارە ناکرێت.

تورک لە سەدساڵی رابردوودا بە سێ مۆدێل پرسی کوردستانی ئیدارە کردووە: ١.ئینکارکردنی کورد (وەک ئەتاتورک و ئینینۆ)، ٢.بەئامرازکردنی پرسی کورد(وەک ئەردۆگان، چ لە پیاهەڵدانەکانی ٢٠١٢ و چ پەلاماردانەکانی پاش٢٠١٧) و ٣.پەنابردن بۆ دەرەوە بۆ لەناوبردن وەک ئەوەی ئەجەوید و هی دیکە کردیان) و لە هەر سێکیان یەک ئەنجامیان هەبووە کە شکست بووە.
جگە لە یاری کورتمەودای سیاسیی و قۆڵبادانی سیاسییەکان و ململانێی نێوخۆیی حزبەتورکییەکان، پێکهاتەکانی تورکیا و خەڵکەکەی چ سودێکیان لە سیاسەتی قەدەغەکردنی ماف، زمان، چالاکی سیاسی و داننەنان بە کورددا بردووە؟ پرسیارێکە هەرکاتێک تورکێک بیری لێکردەوە دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر کرانەوەی عەقڵی. هەر کاتێک تورکەکان لە بری دەستگرتن بە بیری تەنگمەودای "زیا گۆکالپەکان"، بیری تورکێکی کراوەی وەک بێشکچیان کردە راوێژکار و زیرەکی و گەڕانەوە سەر ئەزموونە کراوە و فراوانەکانی نیزامولموک و سوڵتان سەنجەری سەلجوقی ئەوا جارێکی دی دەتوانن تورکیایەکی ئارام دامەزرێنن، بەڵام نوخبەی سیاسیی تورک بەبیرکردنەوەی باوی ئەمڕۆییان نەک لیبیا و ئازەربایجان، بچنەوە دەروازەکانی ڤێننا-ش دیسان هەر ناجێگیر و لەو قۆزاخە تەنگ و دۆخە سەربازییەدان کە سەدساڵە ئارامی لە هەر ماڵێکی کۆمەڵگەی تورکیا بڕیووە.

پوول وەک بیانوو
دوایین کاردانەوەی دەمارگیرانە و نالۆژیکییەکانی دەوڵەتی تورکیا، لەسەر نەخشەی کوردستانی پولێکە کە هێشتا تێستە و پێناچێت دنیای ڕەسمی خۆی ببینێت، بەڵام پوول بیانووە، هەڕەشە و تێهەڵچوونەکانی بەرامبەر کورد بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو میراتە تەنگعەقڵییەی باسکراو و بەشەکەی دیکەشی دەگەڕێتەوە بۆ مەسرەفی نێوخۆیی و مەشغوڵکردنەوەی چەنبارە و فریوودانی شەقامی تورکی و قۆڵبادانی حزبەکانی دیکەی تورکی نەیاری ئەردۆگانی بارگۆڕاو. چونکە لە مێژووی عوسمانیدا و بگرە هەندێ یەک دوو ساڵێکی خودی ئەردۆگانیش نەخشەی دروشمە کوردییەکان نەک کێشەنەبوون بەڵکو بەکارهێنراوون و نەک کێشە نەبوون بگرە دانپێدانراو و سپۆنسەرکراوی دەوڵەت بوون.
بۆ نموونە بەناوبانگترین نەخشەی کوردستان و ناوچەکانی هی تورکەکانە و دەگەڕێتەوە بۆ ١٧٠ ساڵ پێش، تێیدا کوردستانی گەورە بە ناو هێنراوە و دراوسێکانی لە عێراقی عەرەبی، ڕوسیا، فارس و تورک بە ڕەسمی لە نەخشەی کوردستانی گەورەی دەوڵەتی عوسمانیدا ناوی هێنراوە و لە ئەرشیفی عوسمانیدا هەنووکەش پارێزراو و بەردەستە.
لەسەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدیشدا، چەندین خەڵات و شمشێر و ڕێزنامە نەخشێنرابوون کە وشەی کوردستانیان لەسەر نەخشێنراوە و دەدرایە جەنگاوەران و کاربەدەستانی عوسمانی، لەپای خزمەتیان بە دەوڵەتی عوسمانی.
لێرەوە دەردەکەوێت، کێشەی ئەردۆگان لەگەڵ پولەکەدا نییە، یارییەکی کاتیی نێوخۆیی دەکات و لە هەمانکاتدا درێژە بەو موسەکیینە کاتییەی چارەسەرە دەدات کە تەنها دۆخەکە بۆ ماوەیەک دەخەوێنێت و لە جێیەکی دیکەدا سەرهەڵدەداتەوە.

(درەو میدیا)

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟