وتار
گاڵتەجاڕی لە ترۆپکی دەسەڵاتدا
Friday, 03.05.2021, 05:16 PM
کاتێک کە حکومڕانی لەسەر بنەمای گەندەڵی بنیات دەنرێت و دیموکراسیەت تەنیا دەبێتە دیکۆرێکی مردوو، ئەوکاتە حکومەت دەبێتە ژینگەی گەشەکردنی جۆرەھا فایرۆس و بەکتریا و کەڕوو. ئەگەر ئەمانە بە ئەنتیبایوتیکی تایبەت چارەسەرنەکرێن، تەواوی ژینگەکە توشی نەخۆشی و دەردو بەڵا دەکەن. ھەرکاتێکیش حکومەت بەم ئاستەی لێ ھات ئەوا دەبێتە مۆڵگەی سەرھەڵدانی حکومڕانە گاڵتەجاڕ و ئاست نزم و فاشیلەکان. لەم کاتەدا دامەزراوە دیموکراسیەکانی وەک پەرلەمان و حکومەت و دادگاکان لەجیاتی کارکردن لە پێناو چەسپاندنی دادگەری و شەفافیەت و چاودێری و دەرکردنی یاساکان لەبەرژەوەندی ھاوڵاتیان، دەبنە پێگەی ئازارو نەھامەتی و ستەمکاری و قۆرخکاری و پشتیوانی لەدەسەڵاتە گەندڵ و دزو تاڵانچی ومافیاکان.
ئەوەی ئێستا لەھەرێمی کوردستاندا دەبینرێت ئەو دۆخەیە، دادگا و پەرلەمان و حکوموت ھەمووی خزمەت بەو دەسەڵاتە دەکات کە ئەو سەرکردە گاڵتەجاڕانە دەیبەن بەڕێوە. لەسایەی ئەم جۆرە حکومڕانیەدا کۆمەڵێک کەسی فاشیل و گاڵتەجاڕ ڕابەرایەتی دەکەن، وەک ئالان ئۆرنۆ دەڵێت: لەژێر سایەی ئەم جۆرە حوکمڕانانەدا، بەھیچ جۆرێک گەشەپێدان و پێشکەوتن و دادگەری و شەفافیەت دروست نابێت.
مانەوەی دەسەڵات لەژێر حکومڕانی یەکێتی و پارتیدا بۆماوەی ٣٠ ساڵ، بۆتە ھۆی ئەوەی کە گەندەڵی و ستەمکاری ڕەگێکی بەھێزی ھەبێت. ئەوەش جۆرێک لە متمانەی بۆدروستکردون کە ھیچ ھێزێک نیە بتوانێت لەڕەگ دەریان بھێنێت. بەرپرسە فاشل وگاڵتەجاڕەکان لەژێرسایەی ئەم حکومڕنیەدا ھەموو جۆرە ئیمتیازاتێکیان ھەیە و چونەتە سەرەوەی ھەڕەمەکە، چارە نوسی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خەڵک کەوتۆتە دەستیان. ئەمانە بڕیار لەژیان وگوزەران و چارەنوسی خەڵک دەدەن. دەست دەخەنە وردترین کاروباری ژیانیان. یاری بە بازاڕ و موچە و نرخی ھەموو شتەکان دەکەن. ژیانێکی پڕ لەنەھامەتی و کولەمەرگی و ناشایستە بۆ خەڵک بڕیار دەدەن.
لەکوردوستاندا ھیچ دەسەڵاتێک نیە لێپرسینەوە لە بەرپرسەکانی ئەم دوو حیزبە حکومڕانە بکات. پەرلەمان و دادگاو حکومەت خراونەتە خزمەت پلان و ئەجنداکانیانەوە . کۆمەڵگە و دیموکراسی و دامەزراوە مەدەنیەکان و ڕێکخراوەکان و میدیاکان کراونەتە بوکەڵەیەک بە ئارەزوی خۆیان یاری پێدەکەن. دەیان مامۆستای زانکۆو ئەکادیمی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوس و قەڵەم بەدەستیان وەک کۆیلە کردوە بەخزمەت کاری خۆیان. ئەمانە تەنیا ئامانجیان قازانجە. لای ئەوان شتێک نیە بەناوی مافەکانی ھاوڵاتیان و سەروەری نیشتیمان و پیرۆزیەکانی نەتەوە، بەڵکو تەنیا بەشوێن قازانجدا دەگەڕێن. بۆیە بەردەوامیش کۆنتڕۆڵی بواری ھێزیان کردوە لەڕوی سیاسی و ئابوری و مەعریفیەوە. ئەمانە بۆ پاراستنی ئەوحکومڕانیەی ھەیانە ھەموو ھۆکارێک بەکاردەھێنن، چونکە دەزانن مانەوەی ئەوان بە مانەوەی کورسی و حکومرانیەتیەکەیانەوەیە و ئەگەر ڕۆژێک لەحکومدا نەمێنن ھیچیان لێ نامێنێتەوە . لەبەر ئەوە لەژێر سایەی ئەم جۆرە حکومڕانیەدا ھەموو شتێک لەپەروەردە و تەندروستی و ژینگەو دامەزراوەکانی دەوڵەت وێران دەبن.
توانای وێرانکاری ئەمانە زۆرە و ڕۆژانە شوێناکرەکانیان دەبینرێت. ئەوان گوێ بۆ ھیچ ڕەخنە و پێشنیازێک ناگرن. لەبەرامبەردا ھەرکەس بەرەوڕویان بێتەوە و داوای مافی ھاوڵاتیان و چاکسازی بکات ڕوبەڕوی سزای توند دەبێتەوە و بە بەکرێگیراو و تیرۆرست تاوانباری دەکەن.
حوکمدانی شەش ڕۆژنامەنوس و چالاکوانە مەدەنیەکانی بادینان باشترین بەڵگەی ئەم بۆچونەیە،، لەولاشەوە دەبینین کە سەرتاپای ھەرێم ئاڵۆزی و ناکۆکی و دژایەتی و نائارامی داگیریکردوە. بەردەوام یەکێتی و پارتی یەکتر تاوانبار دەکەن. ھێرش دەکەنە سەر یەکتر، چونکە پێیان وایە گەندەڵی بەشێوەیەکی شەفاف و دادگەری لەنێوانیاندا بە یەکسانی دابەش نەکراوە و بەشی ھەندێکیان لە ھەندێکیان زیاترە. واتە ململانێ قورسەکە لەنێوان گەندەڵکاراندایە. نەک گەندەڵکاران و بەرەی چاکسازان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس