وتار
ئه‌نفال و ئه‌نفالچیه نوێیه‌كان
Saturday, 04.17.2021, 11:46 AM
سی وسێ ساڵ به‌سه‌ر پڕۆسه‌ی بهناوئهنفالدا تێده‌په‌ڕێ، له ساڵیادی ئه‌م ڕوداوه تراژیدیه ناخ هه‌ژێنه‌دا، ساڵانه به‌رپرسانی ئه‌م هه‌رێمه به‌شێوازو چه‌ند ستایلێكی دوباره ئەم یادە ده‌كه‌نه‌وه‌و وتار ده‌خویننه‌وه. به‌سه‌ری قوربانیانی ئه‌نفال، خۆیان ده‌كه‌نه پاڵه‌وان .له‌یادی ئه‌م ساڵدا كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان له‌گه‌رمیان هاتنه دهنگو به‌به‌رپرسانی حكومه‌ت و حیزبه‌كانیان وت چیتر ئێمه نامانه‌ویت ده‌موچاوی ئێوه ببینین، نامانه‌وێت گوێمان له‌وتارو دروشم و لێدوانی بێ ناوهڕۆك و به‌تاڵ و دیالۆگه هیچهكانتان بێت.
ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ی كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌و راستیه‌یه كه ئه‌مانه نایه‌نه‌وێت به‌ڕاستی بچنه ناو دۆسیه‌كه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن و به‌شوین ڕاستیه‌كاندا بگه‌ڕێن و تاوانباران به‌دادگا بگهیەنن وماف بۆ كه‌سوكاری ئه‌نفال كراوه‌كان بگه‌ڕیننه‌وه. هه‌تا ئێستا چه‌ند توێ ژینهوهیهكی ورد‌و دیكۆمێنتی گه‌وره هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م ڕوداوه ، هه‌ر له دوتوێی ئه‌و نوسراوانەدا توێژه‌ران و نوسه‌ران و سیاسیه به‌ویژدانه‌كان، نه‌خشه ڕێگه‌ی چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه باس كردوه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕوداوه له‌ڕوه مێژویهكهیهوه وه‌ك هۆلۆكۆستی جوه‌كان بكرێته دۆسیه‌یه‌كی جیهانی، لێره‌وه كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی قوربانی ده‌ستی ڕژێمێكی شۆڤێنی له‌قه‌ڵه‌م بدرێت و ئه‌وه‌ش بكرێته سه‌ره‌تای قۆناغی خه‌باتێكی نوێ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی داواكاریه‌كانی كورد له‌ڕوی سیاسی و كلتوریه‌وه.
به‌ڵام سه‌د مه‌خابن ئه‌م دهساڵاته له‌ئاست هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان شتێکی نەکردوە كه‌ببێته جێگه‌ی دڵخۆشی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان و لەم بوارەشدازۆر خه‌م سارد‌و بێ پلان بوە، بێباكی ده‌سەڵاتی كوردی به‌تایبه‌تیش حكومه‌ت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌م حكومڕانیهیهی كه ئێستا له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه به‌تایبه‌تیش یه‌كێتى و پارتی حكومڕانیتیهكهیان له‌سه‌ر بنه‌مای پڕۆژه‌ی ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی نەبوە.
به‌ڵكو زۆرتر ده‌سه‌ڵاتێكی گاڵتهجاڕیە كه‌خاوه‌ن دیدێكی قوڵی سیاسی‌و كلتوری و ئاینده بینی نیه بۆ گه‌له‌كه‌ی ،له‌به‌ر ئەوه نه‌ی توانیوه دابڕنێك دروست بكات له‌نێوان ئه‌وه‌ی كه‌به‌عس به گه‌لی كوردستان كردوەو ئەوەی ئێستا ئەنجامی دەدات، چونكه ئه‌گه‌ر به‌وردی بچینه ناو پڕۆسه‌ی ئهنفالەوە بابه‌تی دادگایی كردن دێته ئاراوه و لە ئەنجامی ئەمەشدا زۆر له سه‌ركرده سیاسیه‌كانی كورد توشی تێوه‌گلان و دادگایی كردن ده‌بنه‌وه.
ئه‌مه‌ش به‌ڕونی لهئەو تۆێژینه‌وه‌و پهرتوكانەدا ده‌بینرێت كه‌له‌سه‌ر ئه‌نفال نوسراون، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وان هه‌تا ئێستاش ئاماده نه‌بوون جاش ومستهشارهكان بدرێنه دادگا، چونكه به‌شێك له‌و كارانه‌ی ئه‌وان كردویانه به‌بێ ئاگاداری به‌شێك له‌سه‌ركرده كورده‌كان نه‌بوه . ڕاسته حكومڕانانی ئێستای كوردستان نایه‌نه‌وێت دۆسیه‌ی ئه‌نفال وه‌ك خۆی باس بكرێت و بكرێته پڕۆژه‌یه‌كی نیشتیمانی بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌و بنیاتنانی نیشتیمانی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌تریسیداره ئه‌و جینۆساید‌و ئه‌نفاله بێ ده‌نگه‌یه كه ئێستا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م نوخبه حوكمڕانە ده‌بینرێت.
له‌ڕابردودا به‌عس ده‌یویست كورد وه‌كو نه‌ته‌وه ڕاسته‌و خۆ زه‌لیل بكات و زۆر جاریش جوگرافیای كوردستان ده‌ستكاری بكات و گه‌له‌كه‌ی بخاته ژێر خاك ،ئه‌مه فه‌لسه‌فه‌ی به‌عس بوو بۆ حوكمڕانی دژ به‌كورد ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری شێوازی حكومڕانی ئێستای ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین هه‌مان سیاسه‌تە به‌ڵام بهئالیهت و شێوازی نوێ و لەژێر دروشمی کوردایەتی و حوکمڕانی کوردی‌دا، واته ڕاسته له‌كوردستان به‌عس ده‌ركراوه، به‌ڵام به‌عسیزم وه‌ك ئایدۆلۆژیا هه‌رماوه ،چونكه فه‌لسه‌فه‌ی به‌عسیزم نه‌هێشتنی كه‌رامه‌ت و ڕێزی مرۆڤی كورد بوه.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له‌ناویش نه‌چێت ئه‌وا ئه‌وه‌ی ده‌مێنێت مرۆڤی بێ خواست و ڕه‌خنه بێت ,واته ده‌سه‌ڵات وه‌ك مێگه‌ل مامه‌ڵه له‌گه‌ڵیاندا بكات,ئه‌وه‌ی ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بینرێت درێژه دانه به‌هه‌مان ئایدیا‌و دیدو ئامانج ,چونكه سیاسه‌تی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته درێژه دانه به‌حوكمی جوت بنه‌ماڵه‌و پاراستنی پێگه‌ی سیاسی خۆیان وەک حوکمڕان هه‌تا له‌ژیاندا مابن.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ش كۆمه‌ڵێك تاكتیك و ئالیه‌تی نوێ لهحكومڕنیدا پهیڕەو ده‌كه‌ن كه‌تایبه‌ته به‌زه‌مه‌نی ئێستا‌و ئه‌ویش به‌سود وه‌رگرتن له‌هه‌موو جومگه‌كانی حكومه‌ت ودامه‌زراوه‌کان و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه هه‌یانه له هه‌رێمی كوردستاندا لە هەمان کاتدا دەستیان خستۆتە ناو هەمو جومگەکانی حکومەت و پەڕلەمان و میدیا و دادگاکان، هەتا زەمانەتی مانەوەی خۆیان بکەن بۆ کاتێکی نا کۆتا.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دیموكراسی و مافهمهدهنیهكان و مافه‌كانی هاوڵاتیانیان كردۆته شتێكی بێ به‌هاو گاڵته جاڕی. له‌لایه‌كی تریشه‌وه ته‌نیا ئامانجی گه‌وره‌یان درێژه دانه بهحكومڕانی و ده‌ست گرتنه به‌سه‌ر سامان و دارایی و دابه‌ش كردنی هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی وه‌به‌ر هێنان له‌نێوان خۆیاندا و بێبه‌ش كردنی زۆربه‌ی هاوڵاتیان له مافه سهرەتاییهكان, بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش درێغی ناكه‌ن له هیچ جۆره بازرگانیه‌ك له‌هێنانی خۆراكی ماوه به‌سه‌ر چوو ده‌رمانی ئێكسپایه‌ر و به‌رهه‌م هێنانی گاز‌و به‌نزینی ژه‌هراوی وبازرگانی تلیاك و ماده‌ی هۆشبه‌رو ئه‌و كه‌ره‌سته بازرگانیانه‌ی كه‌سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی زۆربه‌ی نه‌خۆشیە درێژخایهنەکان و شێرپه‌نجه‌و نه‌خۆشی ترستاكن,سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كار له‌سه‌ر تێكدانی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كه‌ن.
به دوور لە هەمو مۆراڵ ویاسایه‌ك و هیچ دیدو پلانێکیان نیە بۆ پاراستنی شوناس وكولتورو به‌ها نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یه‌كان ,له‌به‌ر ئه‌وه له‌ئێستادا جۆرێكی تر له ئه‌نفال و جینۆساید به‌ڕێوه ده‌چێت كهمهترسیهكانی هیچی كه‌متر نیه له مه‌ترسیه‌كانی ئه‌نفالی ڕابردووی به‌عس ,ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش ڕێگه‌ی پێ نه‌گیرێت، دواجار كوردیش وه‌ك هیندیه سوره‌كان له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌بنه كه‌مینه‌یه‌كی نه‌خۆش وجارێكی ترفاشیەكانی دراوسێ نیشتیمانه‌كه‌مان داگیر ده‌كه‌نه‌وه.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس