وتار
سیاسەت و بەبازاڕی کردنی درۆ
Friday, 05.07.2021, 10:55 AM
درۆکردن مێژویەکی کۆنی ھەیە، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی ھەموو بوارەکانی ژیان لە سیاسەت و ئابوری و تەکنەلۆژیا، ئالیەت و تاکتیکەکانی خۆی دەگۆڕێت و خۆی نوێ دەکاتەوە. جاک درێدا لە کتێبی (مێژوی درۆدا) دەڵێت: مێژویەکی سەربەخۆ نیە بۆ درۆ، بەڵکو ئەو مێژوە ئاوێتەیە لەگەڵ مێژوی سیاسەتدا، چونکە مێژوی سیاسەت سەرلەبەری مێژوی درۆیە، لە ھەمان کاتدا باشترین کایەیە بۆ گەشە کردن و برەو پەیدا کردن، نوسەری ئەمریکی (ڕاڵف کیس ) لە کتێبی (سەردەمی ئەو دیوی ڕاستی و خەڵەتاندن لەژیانی ھاوچەرخدا) بڕوای وایە کە مامەڵە و ھەڵسوکەوتی لار و خراپی تاکەکان لەم سەردەمەدا بۆتە پەتایەک و سنورەکانی نێوان ڕاستی و درۆو خەیاڵ و واقع زۆر کەم بۆتەوە، بەڵکو خەڵەتاندن بۆەتە یارییەک و دواجار بوەتە ڕەوشتێکی چەسپاو، ھانا ئارێنت بڕوای وایە کەئەم سەردەمەی ئێمە سەراپای سەردەمێکی درۆیە.
لەم سەردەمەدا، درۆ گەشتۆتە ترۆپکی پێگەشتویی و سەردەمی سەرکەوتنی درۆ لە سیاسەتدا، دەسەڵاتە تاک ڕەوەکان و دیموکراتەکان بە پلەی یەکەم لەسەر درۆی ڕەھا دەژین، بەم ھۆیەشەوە سەراپایان مێژویان کردۆتە درۆ، لەم ڕیگەشەوە یاری بەھەموو ڕوداوەکان و پێشھاتەکان دەکەن، ئەلێکسەندەر کواری لەوتاری (وردبونەوەیەک لەدرۆ) دەڵێت لەمێژوی مرۆڤایەتیدا ھیچ کاتێک مرۆڤ بەم ئاستەی ئێستا بەم شێوازە بەردەوام و ڕێکخراو و ناشرینە درۆی نەکردوە. کواری مرۆڤی ئەم سەردەمە بە مرۆڤی شمولی ناودەبات، چونکە نقوم بوە لەدرۆداو درۆ تێکەڵی ھەناسەکانی بوە، ئەگەر لەڕوانگەی ئەم بۆچونانەوە ھەڵوێست و لێدوانی دەساڵاتە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان ھەڵبسەنگێنین دەبینین لای ئەم سیاسیانە درۆکردن گەشتۆتە ترۆپک.
لای ئەوان درۆ کردن ئەوپەڕی ڕاستییە، لە ژێر ڕۆشنایی بۆ چوونە کانی ھانا ئارێنتدا سەراپای مێژوی ئەمانە لەشاخەوە تا شار درۆیەکی گەورە بوە، چونکە بەردەوام گوتارێکیان ھەبوەو شتێکیان نوسیوە کەمامەڵەو ھەڵسوکەوتیان ھەرگیز بەو جۆرە نەبوە، ماکیا ڤیلی لە کتێبی(ئەمیر) دا دەڵێت: ئەگەردەسەڵاتداری سیاسی بۆی دەرکەوت کەوتنی ڕاستی زیان لەبەرژەوەکانی ئەدات، نابێت یٔەو ڕاستیە بڵێت،، بەڵکو دەبێت درۆیان لێ بکاتە ڕاستی , لەپاش بینینی یٔەزمونی سی ساڵەی سیاسیەکانی کوردستان ئێستا جەماوەریش ئەو ڕاستیە دەزانێت کەئەمانە بێجگە لەدامەزراوەیەک کەئیدارەی درۆی تێدا دەکەن ھیچی تر نین، چونکە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی کە لەپەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکانیاندا ھەیە و ئەوەی لەسەر شاشەکان لێدوانی بۆ دەدەن و لەکاتی دروست کردنی حکومەتداو ئەو بەڵێنانەی لەھەڵبژاردنەکاندا بانگەشەی بۆ دەکەن بەڵام لەواقیعدا بێجگە لەدرۆیەکی گەورە ھچی تر نیە.
لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەسەڵاتدارو بەرپرسەکانی ھەرێم درۆکردنیان بەدامەزراوەیی کردوە و ھەزاران کەسایەتی لەبواری جۆراو جۆریان کردوە بەفەرمانبەر لەو دامەزراوانەدا، بۆ ئەم مەبەستەش کەناڵەکان و میدیا و سۆشیال میدیا و سەدان ڕێکخراو و مامۆستای زانکۆ و ڕۆشنبیرو ڕژنامەنوس بەکار دەھێنن بۆ بەڕاست نیشان دانی درۆکانیان. لەھەمان کاتدا ئەو درۆیانە بەدامەزراوەی ئەمنی و چەکداری جۆراو جۆر پارێزگاریان لێ دەکەن. بەشێوەیەکی گشتی خەڵک ئەو ڕاستیانە دەزانن، بەڵام زۆرینەی ھاوڵاتیان ئاستی ھۆشیاری ئەوەندە بەرز نیە کە لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو درۆیانە بکات و بگەرێت بەشوێن ڕاستیدا، بەڵکو زۆرینە لەبەردەم تاکتیکەکانی دەسەڵات لەبڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین و گرتن و یٔەشکەنجەدان بێدەنگ دەبن و خۆی ناخاتە بەردەم مەترسی.
لەلایەکی ترەوە ئەوەندە سزادراوە و ترسێندراوە تەنیا بەژیانێکی سادە و دانی موچەیەکی مانگانە بەلێبڕاوی و بوونی ئاسایشێکی ڕوکەش ڕازیە، یان لەڕوویەکی ترەوە بەشداریان پێکردوە لەبەشێک لە گەندەڵی و بڕوایان پێ کردوە، کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێن ئەمڕۆ ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی مەدەنی و جەماوەری ھەیە بۆ ڕوبەڕو بونەوەی درۆی سیاسەکان و خستنە ڕوی ڕاستیەکان و ڕاگرتنی ئەو شەپۆلەی کە ئەگەر بەری پێ نەگیرێت سەرتاپای بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و زانستی وێران دەکا و مرۆڤی داھاتومان دەچنە دەرەوەی بەھا باڵاکان و دواجار ھەرێمەکەمان دەگۆڕێت بۆ دارستانێکی گەورە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس