وتار
زیـــــادەڕۆیی لــــەپێداویستیەکاندا
Saturday, 04.17.2021, 11:39 AM
سەرەڕای ئەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، مانگی خواپەرستی و عیبادەت و ڕەحمەت و بەزەیی و خێرو سەدەقە و چاکەیە، بەڵـــام بەداخەوە، لەلای زۆربەی موسڵمانان، مانگی زێدەخەرجی وزێدەخۆرییە.
وایلێھاتووە مانگی ڕەمەزان، بووە بەمانگی خواردن و خواردەمەنی و خوانی چەور و شیرینی و شەربەت و بابەتەکانی تر.
زێدەخۆری و زێدەخەرجی لەم مانگەدا، تەنھا نەبەستراوەتەوە بە چینێکەوە، بەڵکو ھەموو خێزانەکان، بەھەژار و نەدار و دەوڵەمەند و خواپێداوەکانەوە، دەکرێت.
پێویستی بوون بۆ خۆراک و خواردەمەنی، یەکێکە لەگرنگترین ھۆکارەکانی بەردەوامی بۆ ژیانی مرۆڤ، لە ڕیزبەندی یەکەمی پێویستیەکانی تاکدا، ئەژمار دەکرێت.
بەگشتی ھاونیشتیمانیانی ھەرێم، بەکۆمەڵگایەکی بخۆر و زێدەخەرجی دەناسرێت و زیاد لەپێویستی کەسەکان، پێداویستی بەکاردەھێنرێت.
لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، داواکاری بۆ پێداویستەکان زیاتر دەبێت، بەراورد بەمانگەکانی تر، ئەمەش حاڵەتێکی دەگمەنی کۆمەڵگا ئیسلامیەکانە، بووە بە کلتور و ھەندێجار چاولێکەری تاک و خێزانەکان.
زێدەخەرجی و زێدەڕۆیی، لەخواردن وخواردەمەنی، لەئاینی پیرۆزی ئیسلامدا، ڕێگەپێدراونییە، بەدەقی قورئانی {ۆکُلُوا ۆاشْرَبُوا ۆڵا تُسْڕفُوا ۚ إِنَّەُ ڵا یُحِبُّ الْمُسْڕفِینَ} (الڕعراف: ٣١)
ھەروەھا پێغەمبەری ئیسلامیش(صلی اللە علیە وسلم) قەدەغەی زیادەخەرجی و زیادەخۆری کردووە، ( کُلوا وتێدَّقوا ، والبَسوا فی غیر إسرافٍ).
زیادەڕۆیی لە خۆراک و خواردەمەنیدا، بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو ی کۆمەلگای کوردی و بەدەستییەوە دەناڵێنێت، ھیچ خێزانێک نییە، سفرەی بەربانگی بەبێ فیڕۆدانی بەشێک لەخوانەکەی نەبێت. ھەرچەندە ئامارێکی دروست، لەم بوارەوە نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە، نیوەی زبڵ و خاشاکی خێزانەکان، بریتین، لەپاشماوەی خۆراک و خواردەمەنی و میوە و سەوزە.
یەکێک لەحیکمەت و لەھەمانکاتدا، پەیامی سەرەکی ڕەمەزان، بۆ ئەوەیە مرۆڤ، ھەست بەنیعمەتەکانی خوای گەورە بکات و فێری ئارامگرتن و خۆڕاگری بکات، پەروەردەی دەروون کرۆکی بەڕۆژووبونە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە، خەڵک وەک تۆڵە سەیری بەربانگ و خوانی ئێوارە دەکات، لەکاتێکدا ئەمە ڕێک پێچەوانەی پەیام و فەلسەفەی ڕەمەزانە. ھاوکێشەی عیبادەت، لەنێوان ھۆکار و ئامانجدا، تەواو پێچەوانەیە.
لەلایەکی ترەوە، زیادەخۆری و زیادەخەرجی، کاریگەری لەسەر لایەنی تەندروستی ھەیە، لەسەر ئەندام و جەستەی مرۆڤ، بەپێ ی توێژینەوە تەندروستیەکان ڕێژەیەکی زۆری نەخۆشیەکان، بەھۆی زیادەخۆرییەوە سەرھەڵدەدات، لەنمونەی ئەو نەخۆشیانە، زیادبوونی کێش و قەڵەوی، دەرئەنجامی قەڵەویش نەخۆشیەکانی فشاری خوێن و دڵ و شەکرە و سەوەفان ھتد.
ھەروەھا دەرئەنجامی ئەم دیاردەیە، جارێکی تر قەیرانی گرانبوونی بازاڕ، سەرھەڵدەدات، بارگرانی زیاتر بەسەر گیرفان و داھاتی خێزانەکانەوە دروست دەبێت.
زانستی ئابوری، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە تاک و خێزانەکان، بەپێ ی پێویستی ئەندامانی خێزان و رۆژانە، پێداویستەکان دابین بکەن، زیاد لەپێویستی زەرەر لەگیرفان و داھات دەدات.
لەلایەکی ترەوە، دەرئەنجامی ئەم خواستە زۆرەی بەکاربەران و لاوازی ئابوری ھەرێم، کەتوانای وەڵامدانەوەی خواستی ناوخۆی نیە، ناچار بۆ پڕکردنەوە، پەنا دەبرێتە بەر ھاوردەکردن، بەپێ ی ئامارە ناڕەسمییەکان (٩٠%) پێداویستە خۆراکی و خواردەمەنییەکان، لەدەرەوە ھاوردە دەکرێت، داھات و پارەی نیشتیمانی دەچێتە گیرفانی وڵاتی ھەناردەکارەوە.
لەبەرئەوە، زۆر گرنگە تاک و خێزان، بەووریایی و ھۆشیارییەوە پێداویستییەکانیان بەپێی پێویست، دابین بکەن و زیاد لەپێویستی خۆیان نەکڕن، لەھەمانکاتدا نەبنە ھۆی بەرزکردنەوەی نرخەکان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس