لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

سلێمانی بە بێ سێ وشەکە!

Friday, 10.07.2022, 07:37 AM


شارەکانی کوردستان بەگشتی وسلێمانی بە تایبەتی، تایبەتمەندی دیاریکراو بە خۆیان هەیە. ئەمانە لە ژێر کاریگەری هەڵکەوتەی جوگرافی و سنور و ڕوداو و لادانە مێژووییەکان و مێژووی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و هونەری ئەو شوێنە شکڵ وەردەگرێت. ئێمە لە گەڵ هەموو هاوبەشییە نەتەوەیی و چارەنووسە سیاسیەکانمان، بەڵام جیاوازی زۆریشمان لە ژێر ئەو کاریگەرییانەی سەرەوەدا بۆ دروست بووە. کوردانی هەموو شارەکان، ئەشێ لە زۆربەی مەسەلە نەتەوەیی و چارەنووسسازەکاندا هاودید و هاوڕابن، بەڵام هەمیشە دیدگای تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ ژن و بۆ ژیان و بۆ ئایین و داب و نەریت و زۆر‌ شتی دیکەش. وە ئەشێ زۆرێکیش هەبن هابەشیان زیاتر بن لە جیاوازییەکانیان، بەڵام دیسان ئەمەش نوخبەیەکە و زۆرینە نین. ئەمەوێ لێرە قسە لە سەر دۆخی سلێمانی بە تەنها بکەم. ئەمە وتارێک نیە بۆ شانازی کردن بە سلێمانیەوە یان بەراوردکردن لە گەڵ شوێنەکانی دیکەدا. چونکە هەموو شارەکان خاوەنی خەسڵەتی جوان و بەرزن. ئەگەر چی دۆخی ژن لە کوردستان بە گشتی، ناهەموار و ناڕەوا بووە، وکو هەر کۆمەڵگایەکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام هەمیشە ژن لە سلێمانیدا جێگە و پێگەیەکی باشتری هەبووە تا شوێنەکانی دیکە. لێرە ژنان تا ڕادەیەک ئازادتر و زیاتر لە هەر جێگەیەک خاوەن بڕیار بوون. بەشداری ژن لە هەموو کایەکانی هونەر، ئەدەب، سیاسەت، چالاکی مەدەنی، ڕۆژنامەگەری و …هتد، ئازادتر و فەراهەمتر بوو. ژن لە خێزان و لە کۆڵان و لە شوێنی کار و …هتد، قسەی خۆی هەبووە و بێ کاریگەری ژن لە سەر ڕووداوەکان و بڕیارەکان هیچ شتێک تێنەپەڕێنراوە. ئەگەر کەسێک بیەوێت له ڕابردوو و لە ئێستاشدا بۆ نموونەی ژنانی کاریگەر بگەڕێت لە ناوچەی سلێمانیدا، ئەوا دەست بەتاڵ ناگەڕێتەوە. بۆیە کە دەبینین هەموو حزب و ڕێکخراوەکان لە چەپەوە بۆ ڕاست، تێگەیشتنیان بۆ ئەم دۆخەی سلێمانی هەبووە. هەمیشە جێگەی تایبەییان بۆ ژن لە ناوەندەکانی بڕیار تەرخان کردووە. تەنانەت حزبێکی ئیسلامی وەکو یەکگرتووش لە وەها دۆخێک حاڵییە و ڕۆژانە دەبینن کە ژنان لە نێو خودی حزبە ئیسلامییەکانیش خاوەن ڕۆڵ و پێگەن، بەڵام لە ژێر پۆشاکێکی ئیسلامییەوە. یەکێتی نشتیمانی کوردستانیش هەر لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە تا ساڵانی دوایی ئەم ڕاستییەی لە بەرچاوگرتووە، یەکێک بووە لەو هێزانەی کە هاندەری ژنان بووە و بۆ دانانی کاریگەری لە سەر هەموو سێکتەرەکانی ژیان. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، ئەوەی ئەیبینین تەنها پاشەکشێیە لەم ڕووەوە. جاران ئەگەر تەنانەت لێدوانێکی نەرێنی لە سەر ژنان لێرە و لەوێ بدرایە، یەکەم لایەن کە ئەهاتە سەر هێڵ یەکێتی بوو، بەڵام ئێستا ڕۆژانە لێدوانی نەشیاو، ناڕەوا، نازانستی، نا ئاسایی و نا یاسایی، لە لایەن پیاوانی ئایینی و دەوڵەتی و تەنانەت پارلەمانتارانیش دژ بە ژنان، بە بەرچاوی سەرۆکی یەکێتییە دەدرێ، بەڵام نە سەرۆک و نە حزبەکەی مێش میوانیان نیە. ئەو سوکایەتی و جنێو و تۆمەتانەی ئەخرێنە پاڵ ژنان، گەر جاران بووایە هەرگیز یەکێتی و سەرکردەکانی قبووڵیان نەدەکرد. بگرە یەکێتی یەکەم هێز بوو کە بێ منەت تەنانەت دەستی بۆ یاسای باری کەسێتیش برد لە سەردەمی دوو ئیدارەیی ئاشکرادا. یەکێتی کە ئیدارەی ناوچەی سلێمانی ئەکرد، لە ئەهەمییەتی ئەم گۆڕانکارییەی دەزانی، بۆیە پاڵپشتی دەکرد. بەڵام وا دەرئەکەوێ کە یەکێتی ئیتر لە خەمی ژناندا نیە و بۆیە کەسیش ناتوانێ بێ دەنگی تاسەری ژنانی سلێمانی مسۆگەر بکات. ئەوەی پێشتر باسم کرد باسی کێشە و کاریگتری ژن بوو، کە ژن خۆی لە خۆیایدا بابەتێکە لە نێو بابەتەکانی ئازادیدا. هەمووشیان خۆیان لەوەدا دەبیننەوە کە پایەیەکی ئازادی لە سلێمانیدا لەق بووە، بە هۆی لێدانی پیلان بۆ داڕێژراو لە ژن لە لایەن ئیسلامییەکانەوە و بێ دەنگی یەکێتی لەو لێدانانەدا. جگە لەمەش ئازادی کاری سیاسی، وەکو دەبینین تا ئاستی سنوری پارتی لە سنوری یەکێتیش خەریکە نامێنێت. سنوری یەکێتی جاران جێگەی حەوانە و کاری سیاسی، چالاکوانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بوو، جێگەی ڕۆژنامەنووس و نووسەر و چالاکوانی هەڵاتوو بوو، بڵندگۆیەکی ئازاد بوو بۆ دەنگە جیاوازە قبووڵنەکراوەکانی دەڤەرەکانی دیکە. بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە ئەو دەنگ و ڕەنگە جیاوازانە، ڕۆژانە دبنە قوربانی درۆنە و تیرۆر و مووشەک باران. یەکێتیش یان دەستەوەستانە یاخود بکەر دەگرێ و دەیگوازێتەوە بۆ دەڤەری ئارام و شەقێک لە تەرازووی دادگاش هەڵ دەدت. هەمووان کەیسەکانی تیرۆری ئەم ساڵمان لە بیرە، هەمووان لێدانی ئۆردوگاکانی زڕگوێز و کۆیەمان لە بیرە، هەمووان کوشتن و گرتن و تێهەڵدانی ڕۆژنامەنووسان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانمان لە بیرە. سلێمانی یەکێکە لەو شارانەی کە ئەگەر خەڵکەکەی ساڵی ڕۆژێک دەرفەت وەربگرێ، شار پڕ ئەکات لە ژیان، بەڵام کاتێک تۆ وەکو دەسەڵات بێ باکی لەو هەموو بێ خزمەتی و بێ مووچەیی و بێ بودجەییەی سلێمانی، ئاخۆ چاوەڕوانی هەتا سەر، ئاوها بێ دەنگی شارت لە ئاست بێ ژیانی خۆیدا بۆ بچێتە سەر، تۆبڵێی مەنجەڵە بوخاری بێ دەرفەتی هەناسەدان، ڕۆژێک نەتەقێت؟ یەکێتی نوێ و بەم جۆرەی ئەمڕۆ لە عەمیلی دەستی دوو ئەچێت، لە ڤێرژنێکی بێ کەڵکی پارتی ئەچێت، لە کۆپییەکی لێڵی سەرکوتکەر‌ ئەچێت. ئەبێ یەکێتی باش‌ بزانێت مانەوەی ئەو بە هۆی جەماوەرەکەیەوە بووە، گەر جەماوەرەکەی لێی ڕاپەڕی، هیچ توانایەکی مادی و قۆرخکاری جومگەکانی دەسەڵاتی وەکو پارتی لە دەستدا نیە، تا دەرفەتی مانەوەی خۆی پێ درێژ بکاتەوە. ئەو پارووەی پارتی تا ئێستا بۆی قووت چووە، بە ئاسانی بە گەرووی یەکێتییەوە ناچێتە خوارێ. یەکێتی و جەماوەری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەبێت پشت بەیەکتر ببەستن نەک بە دوژمنان و چاوکردن لە پارتی. دەنا ئەوەی ئێستا لە سنوری یەکێتی ڕوو دەدن، بێ لێکەوتە و پاشهاتی سیاسی گەورە نابێت. چونکە ئەو سلێمانییەی ئێستا، لە سلێمانی هیچ سەردەمێک ناچێت، سلێمانی ئێستا سلێمانییە بە بێ ژن و بە بێ ژیان و بە بێ ئازادی.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟