ئەگەر چی ئێمە وەکو بوونەوەر، وەکو مرۆڤ، وەکو میللەت و کۆمەڵگای کوردی، لە واقیعدا هەین و ئەژین، بەڵام هەمیشە خەون وخەیاڵ ئەمانبات بەڕێوە. ئێمە خاوەن سەرۆک و سەرکردەی خەیاڵاوی و خەون بینین. خەون و خەیاڵی سەرۆکەکان پرنسیپ و بەرنامەی بەڕێوەبردنمانن. نەوەکو بنەماکانی زانستی بەڕێوەبرن و ئابوری و سەرکردایەتی کردن.
ڕاستە لە هەندێک چوارچێوەدا، خەون بینین و خەیاڵ کردن، دەبنە مایەی بەهرە و داهێنان. بۆ نموونە شاعیران و ئەدیبان و نیگارکێشان خەو ئەبینن و خەیاڵ ئەکەن، دواجار لە ئەنجامی وەرگێڕانی خەونەکانیان بە وشە و ڕەنگ، شاکاری هونەری و ئەدەبی بەرهەم دێنن. وە هیچ کاتێک ئیلهام وەرگرتنی ئەدیبان لە خەون و خەیاڵەکانیان نەزۆک نەبووە و هەمیشە بەرهەمدار بووە. بەڵام ئاخۆ ئەم خەون و خەیاڵە بۆ سەرکردە و سەرۆک و سەرۆچکەکانیش ڕاستن، کاتێک بیانەوێت بە خەون و خەیاڵ وڵات و هاووڵاتیان بەڕێوە ببەن؟
ئێمەی کورد خاوەن مێژوویەکی پڕاو و پڕین لە سەرۆک و سەرۆچکەی خەیاڵاوی وخەون بین. ئێمە ڕەنگە تاکە میللەتی سەر زەوی بین کە هەمیشە بە حەز و خەیاڵاتی سەرۆکەکانمان ئەچین بەڕێوە و ئەشبین بە پەنگ.
جا با لە ڕێگەی شیعر و تابلۆوە ڕوونی بکەینەوە، کە بۆ گەیشتن بە شاکاری ئەم ئەدەب و هونەرە، هەمیشە پێویستمان بە شاعیر و نیگار کێشی خەیاڵاویی و خەون بینە، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی باڵا و بەڕێوەبردنی دروستی وڵات پێویستمان بە سەرکردە و سەرۆکی دونیا بین و ڕاستی بینە. هەر بۆیە لە دروست کردنی بڕیاری ئیداری و سیاسی دروست و ڕاست، سەرۆکەکان پێویستیان بە گەڕانەوەیە بو نێو ژیان و دوورکەوتنەوەیە لە خەون و خەیاڵ. ئەشێ لێرەدا شاعیر بۆ ئەوەی شیعرێک بنووسێ، بە تەنها بڕیار بدات و پرس بە کەس نەکات و تەنها ئیلهام لە خەیاڵ و خەونی خۆیەوە وەربگرێت. واتا تاک لایەن و تاکڕەو بیر بکاتەوە و بەرهەمەکەی بخوڵقێنێت. بەرهەمی شاعیر خەون و خەیاڵی خۆیەتی و بەس، مۆرکی کەسی دیکەی پێوە نیە بەڵام سیاسی و سەرکردە دەبێت پرس بکەن و خەڵکی کۆبکەنەوە و یاسا و ڕێسا و تواناکان لە سەر مێزەکانی خۆیان بڵاوبکەنەوە و ئەنجا بگەنە تیۆرییەکانیان و شۆڕیان بکەنەوە بۆ ناو خەڵک و دواجار بیانکەنە بڕیار. کەچی نەگبەتی میللەتی کورد لەوەدایە سەرکردەکانمان بە میتۆدی شاعیران بیردەکەنەوە و بە نیازیشن شاکاری سیاسی و ئیداری بەرهەم بێنن. بێ ئاگان لەوەی نە بە خەیاڵی شاعیرانە، شاکاری سیاسی و ئیداری بەرهەم دێت و نە میتۆدی بەڕێوەبردن و سیاسەتکردنیش ئەتوانێ کۆمەک بە شاعیر بکات بۆ بەرهەم هێنانی شاکاری ئەدەبی.
کورد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی یان وەدەستخستنی مافە نەتەوەییەکانی خۆی، دەبێت پێش هەر شتێک، خۆی لەم سەرۆک و سەرۆچکە و سیاسییە خەیاڵاوییانە ڕزگار بکات. چونکە بەم سەرکردە خەیاڵایاوییانە، ناتوانێ شاکاری سیاسی و ئیداری لە گۆڕەپانی سیاسەت بە چاو ببینێت.
هەر بەیانییەک لە خەو هەستایت و کەوتی بە سەر هەواڵێکی کوت و پڕی نێو سایت و ماڵپەڕە هەواڵییەکان، هەر کاتێ شۆک بووی بە هەزاربارە بوونەوەی پۆستێکی دیاری کراوی نێو فیس بووک و سۆشیال میدیا، کە باس لە ڕووداوێک، گۆڕانکارییەک، شتێکی نوێ و نامۆ کە تا دوێنێ نەبووبێت، بکەن، کە لە هەر سوچێکی ئەم هەریمە خەواڵووە ڕووی دابێت، ئەوە بزانە سەرۆکێک یان سەرۆچکە و سەرکردەیەک شەوێ خەوێک یان مێردەزمەیەکی بینیوە. جا ئەگەر گۆڕانکارییەکە لە بڕیار و ڕووداوی ئیداری یان سیاسیدا بوو، ئەوە واتا سەرۆکێک ئەمشەو خەوی بینیوە. خۆ ئەگەر خوێنڕشتن و تیرۆر و کوشتارگەیەکی نوێی بکوژ نادیاربوو، کەواتا سەرۆکێک مێردەزمەیەک ئەمشەو سەر سنگی گرتووە و توڕەی کردووە.
ڕووداوە کتوپڕەکانی هەرێم هیچ پێوەر و پرنسیپ و ڕێبازێکی زانستیان نیە و هیچ پەیوەندییەکیشیان بە واقیعەوە نیە، بەڵکو هەموویان پەیوەندییان بە جۆری ئەو خەیاڵانەیە کە سەرۆک دەیانکات یان ئەو خەونانەیە کە دەیانبینێت یاخود ئەو مێردەزمانەیە کە بیناقاقایان لە خەودا دەگرێت. ئەوە خەون و خەیاڵ و کابوسی ٣١ ساڵی سەرۆکەکانمانە، تووشی ئیفلاسی سیاسی و ئابوری و نەتەوەیی و کولتوری کردووین. کۆمەڵگایەکی داعشی و جاهیل و گێلی بۆ خوڵقاندووین. کردووینی بە پاشکۆیەکی ڕەزاقورسی بەغدا و دەسکەلایەکی ڕیسوای تاران و ئەنقەرا. ئێمە تاکە میللەتی دونیاین کە خاوەنی دەیان سەرۆک و سەرکردەین کە هەر یەکەیان بەشێوەیەک خەونمان پێوە دەبینن. یەکێک مەلهامان بۆ ئەکاتەوە و یەکێک دایدەخات بە ڕووماندا، یەکێک حیجابمان لە بەر ئەکات و یەکێک دایدەماڵێت لە بەرمان، یەکێک دەمانکات بە دەوڵەت و هەر خۆشی دەستی داگیرکەرمان بۆ دەگرێ. ئێمە ئەو میللەتەین کە پەرت و دابەش بووین لە نێوان خەون بینینی چەندین سەرۆک لە یەک شەودا. بۆیە هەتا خاوەنی ئەم سەرۆکە خەوخۆش و خەیاڵاوییانە بین، ئەبێت هەموو شەوێکمان بە سەر کارەساتێکدا ڕۆژ بکەینەو