وتار
دزی و جەردەیی چەكدارەكانی هێزە كوردستانییەكان لە ڕۆژی کیمیا بارانکردنی هەڵەبجە، لەزاری شێرکۆ کرمانجەوە
Tuesday, 03.16.2021, 04:49 PM
" ئا لەو ڕۆژە ڕەشەدا، لە وەختێ لاشەی هەزاران زارۆكو ژنو مێردو پیری بێتاوان، لە نێو ماڵو كۆڵانو شەقامەكانی هەڵەبجەدا كەوتبوون، چەكدارەكانی هێزە كوردستانییەكان، بەجێگەی ئەوەی تەرمی شەهیدەكان بنێژنو بریندارەكان تیمار بكەنو یارمەتی لێقەوماوان بدەن، كەوتنە تاڵانكردنو دزینی ماڵی شەهیدانو بریندارانو لێقەوماوانی ئەم شارە".
دكتۆر " كرمانج گوندی" لە كتێبی " سی ساڵ خەباتو وڵاتێكی وێران" دا وای نووسیوە.
كتێبی " سی ساڵ خەباتو وڵاتێكی وێران" باس لە كۆمەڵێك ڕووداوی گرنگی بزتنەوەی چەكداری هەردوو شۆڕشی ئەیلوولو شۆڕشی نوێ دەكاتو تێیدا كۆمەڵێك وێستگەو ڕووداوی نێوان ساڵانی 1961 تا 1990 خراوەتە ڕوو.
بەناو نیشانی " داگیركردنی هەڵەبجە" كرمانج گوندی لە میانی دە لاپەڕەی كتێبەكەیدا باس لە كارەساتی كیمیاییبارانكردنو داگیركردنی هەڵەبجە لە لایەن ئێرانو هێزە چەكدارە كوردییەكانەوە دەكات.
دكتۆر "كرمانج گوندی" ئامانجو پیلانی داگیركردنی هەڵەبجە لە لایەن ئێرانەوە بەمجۆرە لێكدەداتەوەو دەڵێت:" داگیركردنی هەڵەبجە، نەخشەیەكی لەپێشینەی ئێران بوو، بەو نیازەی، دەست بەسەرداگرتنی شارێكی ئەوها، بەڕووداوێكی گەورەی جەنگەك دابنێنو هەراو هۆریایەكی مەزنی لێدروست بكەن، ئەوكات دەكرێ ئەم ڕووداوە ببێتە خاڵی وەرچەرخاندنی ڕێڕەوی جەنگو لەو بنبەستەی تێیكەوتووە دەریبهێنێ، تاوەكو زەوینەیەك كە بۆنی شكستی لێنەیەت دروست بكا، بۆ ئەوەی بێ شەرمەزاری پەسنی ئاگربەسو شەڕ ڕاگرتن بكا، دیارە ئەنجامەكەشی هەروا گەڕایەوە، چونكە ئێران، بە داگیركردنی هەڵەبجە، لەو بڕوایەدا نەبوو كە تەرازووی هێزی جەنگ بە لای ویدا بشكێتەوەو بتوانێ ڕژێمی سەددام وەلەرز بێنێ وەكو ئەوەی هێزە كوردستانییەكان دڵیان پێخۆش كردبوو".
نووسەری كتێبی " سی ساڵ خەباتو وڵاتێكی وێران" باسلەوە دەكات كە دوو مانگ بەر لە داگیركردنی هەڵەبجە بەهاوكاری هێزە كوردستانیو عێراقییەكان توانیبووی سەبارەت بە تۆبۆگرافیای ناوچەكەو هێزەكانی عێراق زانیاری كۆ بكاتەوەو هەم پەیوەندیش بە فەرماندەی سووپاو سەرۆك جاشەكانەوە بكاتو بۆ كڕینو دەستەمۆكردنیان.
كرمانج گوندی دەڵێت:" هێزە كوردستانییەكان لەناوچەكە، یەكێتیو پارتیو سۆسیالستو هێزە ئیسلامییە كوردستانیو ئێراقییەكان ڕۆڵێكی گرینگیان لە نەخشەدانانو دیتنەوەی ڕێگەوبانی نوێو وێنەگرتنی ناوچە سەربازییەكانی دەوروبەری هەڵەبجەدا هەبوو، هەر لایەنێكی ڕاویاری بە جودا پاسداری لەگەڵ خۆیدا دەبردە خوارێو هەرجارەش كارێكی باشیان ئەنجام دابا، لە لایەن " قەرارگەی ڕەمەزان"نەوە خەڵاتیان پێدەدرا.
وەكو لە كتێبی " سی ساڵ خەباتو وڵاتێكی وێران"دا خراوەتە ڕوو، لەبەرئەوەی چەندان بنكەیان لەناوچەكەدا هەبووە، دەوری هێزەكانی یەكێتی لە داگیركردنی هەڵەبجەدا لە هەموو هێزەكانیتر زیاتر بووەو ئەو بنكانەی یەكێتی بوو بوونە مۆڵگەی پاسدارانی قەرارگەی ڕەمەزانو شورای ئیسلامی عێراقو تیپی یازدەی هەورامانی یەكێتیش ڕۆڵێكی بەرچاوی لە یارمەتیدانی پاسداراندا هەبووە.
كرمانج گوندی لە كتێبەكەیدا باسلەوە دەكات كە پاسداری ئێرانیو هێزە كوردییەكان لە هەرسێ قۆڵی " شاخی باڵانبۆو چیای شنروێو چیای سورێن"ەوە هێرشیان بۆ داگیركردنی هەڵەبجە دەستپێكردوووەو لە هەرقۆڵێكیشەوە چەندین پێشمەرگەی یەكێتیو پارتیو سۆسیالست لەگەڵ پاسداردا بوونو لە بەرواری 13 – 14 – 3 – 1988دا هێرشیان دەستپێكردووەو هەڵەبجەیان داگیر كردووە.
كرمانج گوندی دەڵێت:" پاش داگیركردنی هەڵەبجە، خەڵكی شار ویستبوویان لە شاردا وەدەركەون، مەترسی ئەوەیان هەبوو، ڕژێم دەستی خۆی لێیان بوەشێنێ، بەڵام زۆربەیان بە ئامۆژگاری هێزەكانی یەكێتی لەشاردا مابوونەوە".
" ئا لەو ڕۆژە ڕەشەدا، لە وەختێ لاشەی هەزاران زارۆكو ژنو مێردو پیری بێتاوان، لە نێو ماڵو كۆڵانو شەقامەكانی هەڵەبجەدا كەوتبوون، چەكدارەكانی هێزە كوردستانییەكان، بەجێگەی ئەوەی تەرمی شەهیدەكان بنێژنو بریندارەكان تیمار بكەنو یارمەتی لێقەوماوان بدەن، كەوتنە تاڵانكردنو دزینی ماڵی شەهیدانو بریندارانو لێقەوماوانی ئەم شارە".
دكتۆر " كرمانج گوندی" لە كتێبی " سی ساڵ خەباتو وڵاتێكی وێران" دا وای نووسیوەو دەشڵێت:" چەكدارە كوردەكان دەستی ئافرەتی كوردیان بڕی، بۆ ئەوەی كاژمێرو بازنی زێڕی لێبكەنەوە، گوێیان هەڵتڵیشاندن بۆ ئەوەی گوارەی ئاڵتونی لێبكەنەوە".
كرمانج گوندی ئەوەشی نووسیووە كە تا سێ مانگیش دوای كارەساتەكە بنكەكانی " تریفە، چاوگ، بامۆك، جەلیلە، عەبابەیلێ، هاوار، سەركەن، گریانە، دزڵیو دەیان ئەشكەوت پڕ بوون لە تەلەفیزیۆنو یەخچاڵو وەرتەو مافورو كورسیو مۆبیلو گاوگۆتاڵ كە لەلایەن چەكدارە كوردەكانەوە كە ئەو بە چەكدارە دزەكان ناوی بردوون براونو لەبەر ئەوەی بۆیان ساخ نەكراوەتەوە ئاگریان تێبەرداوەو سووتاندویانن.
پاش خستنەڕووی ئەو ڕووداوانە، كرمانج گوندی لە باسكردنی كارەساتی كیمیایبارانكردنی هەڵەبجەدا دەنووسێتو دەپرسێت:" هێزێك خۆی بە پێشڕەو و ڕزگاركەری گەلەكەی دانێ، دەچێ لەشكری دەوڵەتێكی دی، كە داگیركەرێكی تری وڵاتەكەی خۆیەتی بۆ داگیركردنی شارێكی خۆی دێنێو لەكارەساتەكەشدا ڕۆڵێكی زۆر ناجوامێرانە دەبینێ، پاش داگیركردنیش لە لایەك لێناگەڕێ خەڵكەكە لەشاردا وەدەركەونو لە لایەكی دی دەست بە غارەتكردنیان دەكا، دوای شەهیدبوونی هەزاران مرۆڤ لە دانیشتووانی شار دەكەوێتە تاڵانو دزی؟".
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس