وتار
نیفاقی سیاسی
Tuesday, 04.27.2021, 11:34 AM
نیفاقی سیاسی یەکێک، لە سیماکانی سیاسەت و حیزبی کوردی باشوری کوردستان ، بەگشتی نیفاقی سیاسییە. بۆنمونە، لە هەولێر، لەگەڵ پارتی هاوبەشی دەسەڵات و دابەشکاری سەرزەوی و ژێر زەوین، کەچی لەسلێمانی دەبنەوە،بە ئۆپۆزسێۆن و پارتی دەکەنە عەلاگە و شکستەکانی پێدا هەڵدەواسن و دەڵێن، سلێمانی غەدری لێ دەکرێت.
تازەترین نمونەی ئەم نیفاقە،هەڵوێستی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە،کە ئیدانەی زیندانیکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانی بادینان دەکات،کە سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە و بەشێکی تریان دەسبەسەرن،لەم کەیسە ڕەخنە،لە کابینەی مەسرور بارزانی و هێزەئەمنییەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دەگرن، یان کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ستایشی پارتی کرێکاران و سەرکردەکانی دەکات، کەچی بۆ ئیدانە و شەرمەزارکردنی داگیرکاری سوپای تورکیا و فاشیزمی ئەردۆگانی، بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لایەنێک، گەنجانێک بیانەوێت.
چالاکییەکی مەدەنی ،لە سەهۆڵەکە بکەن،کەچی هێزەئەمنییەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی ڕەشبگیری بکەن و تائێستاش نزیکەی ٥٠ کەس، لە زینداندابن، چ نەنگییەکە دەسەڵاتی هەرێم و حیزبەکان بێ دەنگ و بێ هەڵوێستبن،کەچی ڕێگری،لە چالاکی مەدەنی بکەیت و لەو لاشەوە، بەخەڵک بڵێیت، من لەگەڵ ئازادیم و لە دهۆک ئازادی نییە و منەت بکەیت،لە سلێمانی ئازادی هەیە،ئەمە نیفاقی سیاسیی نەبێت، چییە؟
بڕوام وایە،لە ئاستی گروپی بچوکی بڕیار،بەدەستی ناو پارتی و یەکێتی بەشدار و ئاگاداری پەیوەندی هەرێم و تورکیا و جوڵەکانی ئەردۆگانن، کە هەرێم، وەک بەشێک، لە ناوچەی هەژمونی خۆی سەیر دەکات و بەردەوام ،بۆ قوڵایی خاکی کوردستان دێت و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و خێزانی هەرێمیش بێ دەنگ و بێ هەڵوێست بینەرن. یان ئەوە خێرە، بارەگای بارزانی، لە سەر زۆر بابەت بایننامە دەردەکات،کەچی لەبەرانبەر داگیرکاری تورکیا بێ دەنگە؟
بۆیە، لە بری زیندانیکردن و ڕەشبگیری باشترە دەسەڵاتی هەرێم و دامەزراوەکانی و حیزبەکان، هەڵوێستیان هەبێت و قسەیەکیش، بە ئەردۆگان بڵێن وبەرگرییەک، لە سەروەری نیشتمان بکەن. پێویستە گیراوەکان ئازادبکرێن و لەبری ئەوە سنورێک،بۆ تەماع و داگیرکاری ئەردۆگان دابنرێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس