وتار
مرۆڤ و جین و مێم لەجینی خۆپەرستدا
Friday, 01.07.2022, 11:38 AM
جینی خۆپەرەست ناونیشانی کتێبێکی( ریچارد داوکینز)ە. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە باس لە جینەکان و کاریگەرییان لە سەر ڕەفتاری مرۆڤ دەکات. هەروەها جەخت لەوەدەکاتەوە کە سروشتی مرۆڤ خۆپەرستانەیە، بەهۆی ئەوەی جینەکان مرۆڤ بەرنامەدار دەکەن. لە ڕوانگەی جینیتیکیەوە ئێمە ماشینێکین جینەکان دروستیان کردوین. لەهەمانکاتدا ماشینێکی کلتوریشین. هەم جین و هەم مێم هەوڵدەدەن خۆیان دوپاتبکەنەوە، جینەکان لەڕێگەی سپێرم و هێلکە، مێمەکانیش لەڕێگەی مێشکەوە دەگوازرێنەوە.
مرۆڤ و هەموو زیندەوەرەکانیتر مەشینێکن بۆ مانەوەی جینەکان،جینەکان نەمرن. مرۆڤ یان مەشێنی جینی، وەک کۆمپیوتەرێکی بەرنامەدارکراوە، لەلایەن جینەکانەوە ،ڕەفتاری مرۆڤیش پەیوەستە بەوەی جینەکان وا مەشینەکە بەرنامەداردەکە ن کە خزمەتی مانەوەی جینەکان بکات. لەبەر ئەم هۆکارە هەر مەشینێکی جینی خۆپەرستانە ڕەفتاردەکات. هەڵبژاردنی سروشتیش ئەو جینانە هەڵدەبژێرێت کە خۆپەرەستن، بەواتایەکی تر هەڵبژاردنی سروشتی هەڵبژاردنی تاکە نەک گروپ. بۆیە لەدیدی داوکینز وەک پسپۆڕی بایۆلۆجی دۆستایەتی جیهانی و لەخۆبوردویی شتانێکی مەحاڵن لەنێوان مرۆڤەکاندا لەسەربنەمای یاسای جینەکان. چونکە ئەوە جینەکانن بڕیاردەدەن کە مرۆڤ یان مەشێنی جینی چۆن ڕەفتاربکات، جینەکان تەنها فەرمانی گشتی بەمەشینەکان دەدەن، هەرچی بۆمانەوەی خۆت باشە ئەوەبکە، ئەوە فەرمانی جینەکانە. هەربۆیە مرۆڤ لەهەر ئاستێکی ڕۆشنبیریدا بێت سۆزو پاریزگاری بۆنزیکەکان زیاترە. لەدیدی جینەوە خۆپەرستی تایبەتمەندیەکی باشە.
دیارە جینەکان پێشبینی تەواوی ڕوداوەکانی داهاتو ناکەن، هەروەک چۆن یاری شەترەنج لەکۆمپیوتەردا پێشبینی هەموو ئەگەرێکی جوڵە ناکات، چونکە لەکاتی دانانی پرۆگرام بۆ کۆمپیوتەرەکە تەنها یاسایەکی گشتی دادەنرێت لەلایەن پڕۆگرامدانەر، بەڵام دواتر جوڵەکان دەکەوێتە سەر بارودۆخ و پرۆگرام دانەر دەستێوەردان ناکات.بەڵام پڕۆکرام دانەری شەترەنج هەموو بارودۆخێکی مومکین لە یاری شەترەنجدا پێشبینی ناکات، چونکە ژمارەی بارودۆخە مومکینەکان لەشەترەنجدا بەڕادەیەکە پێش تەواوبونی لیستەکە گەردون کۆتایی دیت.بەهەمان شێوە جینەکانیش بەم شێوەیە مەشینی جینی جەستەی ئێمە بەرنامەداردەکەن و دواتر دەستێوەردان ناکەن.
مرۆڤیش بەم شێوەیە یە ،جینەکان وا پرۆگرامی دەکەن کە خۆپەرستانە ڕەفتاربکات،بەڵام نەک لەبەر خودی مەشینەکە،بەڵکو لەبەر خودی جینەکان خۆیان. هەربۆیە هەموو جینەکان هەوڵدەدەن نەمربن،ئەم جینانە کە مەشین یان جە ستەیەک دروست دەکەن ،واپرۆگرامی دەکەن کە هەوڵی گواستنەوەی جینەکان بدەن. هەربۆیە دەبینین ڕەفتاری مرۆڤ تەنها بەرامبەر خزمە نزیکەکان لەخۆبوردوانەیە. مەشینێکی جینی تەنها کاتێک ئامادەی مردنە کە بزانێت ئەوانەی بەرگریان لێدەکات جینەکانی لەگەڵ خۆیدا هاوبەشن، وەک بەرگری باوان لە وەچە و برالەبرا.
ئەم ڕەفتارە لەخۆبوردوانە بەهۆی ئەوەیە کە لەنێوان ئەو خزمانە ژمارەیەکی زۆر جینی هاوبەش هەیە. واتا بەنمونە ژمارەی جینەکانی تۆ نیوەی کۆپی جینەکانی باوک و نیوەی هی دایکە، بەپێچەوانەشەوە لەسەر ئەم بنەمایەیە کە لەناو تەواوی بونەوەراندا ڕەفتاری لەخۆبوردوانە پەیوەندی بەخزمایەتی جینییەوە هەیە. بەڕادەی کەم بونەوەی ڕێژەی جینی هاوبەش ئاستی لەخۆبوردوی کەم دەبێتەوە، بۆنمونە لەنێوان تۆ و ئامۆزاکەتدا جینی هاوبەش کەمترە هەربۆیە ئاستی لەخۆبوردویی تۆ بۆ براکەت زیاترە، چونکە بەمانەوەی براکەت نیوەی جینەکانی تۆ پارێزراو دەبن. بەڵام لەوانەیە ژمارەی جینی هاوبەش لەنێوان تۆو ئامۆزاکەت یەک لەسەر هەشت بێت. بابەتێکیتر کە جەختی لێدەکرێتەوە لە جینی خۆپەرستدا پرەنسیپی دڵنیایی جینییە، ئەگەر تۆ پێت وابێت کەسێک جینەکانی لەگەڵ جینەکانی تۆ هاوبەشن ئەواتۆ بەهەمان ڕادەی خۆت گرنگی بە خۆشگوزەرانی ئەو دەدەیت” لەوانەیە هەندێک جار خۆشویستنی برایەک لەویتر پەیوەندی بەم پرەنسیپی دڵنیایی هەبێت” هەربۆیە لەدیدی جینەتیکیەوە دەبێت خاڵ لەمام زیاتر گرنگی بەخوارزاکەی بدات چونکە ئەو دڵنیایە نیوەی جینەکانی هاوبەشە، چونکە لەسەدا سەد نیوەی جینەکانی تۆ لەدایکتەوە گواستراونەتەوە، بەڵام بۆ مام ئەو دڵنیاییە نییە. هەروەها داپیری دایک بۆمناڵی کچەکەی سۆزی زیاترە تاکوڕەکەی! بەهۆی پرەنسیپی دڵنیایی، چونکە دڵنیایە کە نیوەی جینەکانی نەوەکەی لەگەڵ خۆی هاوبەشە. بۆیە داوکینز دەڵێت: لەکۆمەڵگایەک کە خیانەتی زەوجی زۆربێت بەپێی پرەنسیپی جینی دەبێت خاڵ زیاتر گرنگی بە خوارزا بدات، چونکە ئەو دیسان دڵنیایە لە بونی هاوبەشی نیوەی جینەکانی خوارزاکەی.
پوختەی تیۆری جینی خۆپەرەست ئەوەیە کە مرۆڤ مەشێنێکی جینییە، جینەکان بەشێوەیەک پڕۆگرامیانکردوە کەهەوڵی مانەوەی خۆی بدات، بۆئەوەی جینەکانی بگوازێتەوە بۆداهاتو، جینەکان دەیانەوێت نەمربن، ماشینە جینیەکان دەمرن، بەڵام جینەکان دەمێننەوەو نەمرن. بەم شێوەیە جینەکان هەر تایبەتمەندیەک بدەنە ماشینێکی جینی بۆ ئەوەیە بتوانێت پارێزگاری لەمانەوەی جینەکان بکرێت. سەبارەت بە ئامانجداری و پێشبینی داهاتو، جینەکان ئامانجدارن، بەڵام ئامانجیان مانەوەیە نەک شتیتر، نەک ئەوئامانجانەی ئێمە دواتر فێریان دەبین لەڕێی کەلتورەوە. بەڵام سەبارەت بە پێشبینی داهاتوو، جینەکان ناتوانن بەتەواوی پێشبینی بکەن، جینەکان لەسەربنەمای بارودۆخێکی کە تێیدان، واتا لەسەربنەمای ئەزموونی ڕابردوو مەشینێک دروستدەکەن، بۆنمونە جینەکان وا پێشبینی دەکەن کە چێژی سێکسی واتا ڕەحەتبون و شیرینی باشە بۆ مانەوەوەی جینەکان، بەڵام پێشبینی دەسپەڕو شەکری دەستکرد ناکەن،کە ئەم هەموو نەخۆشیە لە شەکری دەستکرد دەکەوێتەوە. کەواتا وەک چۆن ڕەفتاری مرۆڤ لەسەربنەمای زانیاری کۆن هەڵە دەبێت، ئەوا ئەگەر بارودۆخ زۆربگۆڕێت مەشینی جینی هەڵەدەکات و لەوانەیە بفەوتێت. هەربۆیە جینەکان تایبەتمەندی فێربونیش دەدەن بە مەشینەکان. ئەم مەسەلەیە گرنگە بەتایبەت لەمرۆڤدا ئەگەری گۆڕان لەڕێی کەلتورەوە ئەگەرێکی کراوەیە، کاریگەری کلتور لەسەر جینەکان هەیە، واتا دەکرێت ڕەفتاری مرۆڤ بگۆڕێت بۆ لەخۆبوردویی زیاتر بەتایبەت ئەگەر ببێتە هۆی پارێزگاریکردن لەجینەکان!
بەڵام مێم چییە؟ لێرەدا بۆ ئەوەی خوێنەر ماندونەکەم،زۆر درێژە بەبابەتەکە نادەم. بەکورتی مێم یەکەی گواستنەوەی کەلتورە، داوکینز دەڵێت: زۆربەی ئەوشتانەی مرۆڤ لەئاژەڵ جیادەکاتەوە دەکرێ ناوی بنێین کەلتور. واتا کەلتور لەتوانایدایە ڕەفتاری مرۆف کە لەسەربنەمای یاسای جینەکانە و خۆپەرستانەیە بگۆڕێت، دیسان کەلتوریش دەکرێت خۆپەرستانە بێت! بەهەر حاڵ ئەزمونی مرۆڤایەتیش پێمان دەڵێت: ڕۆڵی ئایدیۆلۆژیاکان کەم نییە لەسەر گۆڕینی ڕەفتار ” کاپیتاڵیزم و مارکسیزم” لەبەرچاو بگرن. مێم لەوانەیە ئایدیایەک بێت، وەک سۆسیالیزم داروینیسم.کاتێک یەکێک مێمی داروینی لەمێشکی ئێمەدا دەچێنێت ئەوە ئەم مێمە وەک جینەکان هەوڵی خۆدوپاتکردنەوەدەدات. ئەو ئایدیایەی گەشبینانەیە ئەوەیە ئێمەی مرۆڤ دەتوانین لەدژی دروستکەرەکانمان ” جین و مێم” ڕابپەڕین. دەکرێت لە ڕێگەی پەروەردەوە مرۆڤ والێبکەین لەخۆبوردوانە ڕەفتاربکات. ئەگەرچی مێم وەک جین کوێرانە خۆی دوپات دەکاتەوەو ئامانجی دورمەوداو بە ئاگایانەی نییە، مێمەکان ململانێی مانەوەدەکەن. لەوانەیە مێی باوەڕی دینی یان خودا کوێرانە بگوازرێتەوە نەوە لەدوای نەوە. بەڵام هەرچۆنێک بێت لەڕێگەی پەروەردە دەتوانین کاریگەری لەسەر مێمەکان دابنێین، دەرکەوتنی مرۆڤی مۆدێرن بەڵگەیە لەسەر کاریگەری مێم و پەرەسەندنی کەلتور.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس