وتار
یەکڕیزیی دیماگۆجی
Wednesday, 01.12.2022, 03:38 PM
یەکڕیزیی سیاسیی و نیشتمانی لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەدەبییاتی سیاسیی کوردی پڕکردوە، زۆربەی حزبەکان وشەی یەکڕیزییان کردۆتە کولتووری قسەکانیان. بەڵام یەکڕیزیی لەماوەی سی ساڵی ڕابردوو جگە لەدرۆیەکی گەورەی سیاسییەکان شتێکی تر نەبووە. لەدوای هەموو یەکڕیزییەکی سیاسیی تاریکاییەکی سیاسیی خۆی شاردۆتەوە و بەڵایەکی سیاسیی درووستکردووە. گەورەترین درۆ یەکڕیزیی سیاسییە و ئەو واقیعەی ئەمڕۆمان کە پڕە لە ناشیرینیەکانی دەسەڵات بەرهەمی ئەو یەکڕیزییەیە کە چارەکە سەدەیەکە سیاسییەکان لە بێکاریدا باسیدەکەن.
دیماگۆجی وشەیەکی یۆنانییەو بەمانای سەرپەرشتی و فریودانی خەڵک دێت. لەئەدەبیاتی سیاسییدا مانای خەڵەتاندنی خەڵک و قەناعەت پێکردنی خەڵکە بەو فکرەی کە کەسێک یان حزبێک هەوڵی بۆ دەدات. لەئەدەبیاتی سیاسیی کوردستانی باشووردا دیماگۆجی زۆر بەهێز کاردەکات و دەستی گرتووە بەسەر زۆرینەدا. لەکۆمەڵگەی زیندودا سیاسەتی دیماگۆجی سەرکەوتوو نابێت بەهۆی بەرزی هۆشیاریی سیاسیی تاکەکان، بەڵام کۆمەڵگەیەک تاکەکانی ئاستی هۆشیاریی سیاسییان لاوازبێت زۆر کاریگەرەو بەردەوام دەبێت. ئەو کۆمەڵگەیە خەوتووە کە دوای زیاتر لەجارێک لەڕێگەی سیاسەتی دیماگۆجییەوە ئاڕاستەکراوە و هێشتاش ئامادەیی تێدایە کە بڕوا بەسیاسەتی دیماگۆجییەکان بکات!
یەکڕیزیی چەکێکی بەهێزی دەسەڵاتە لەهەرێمی کوردستان کە یەکێتی و پارتی بەکاریان هێناوە بۆمانەوەی سیاسەتە بڕاگماتیزمیەکانی خۆیان، تا ئێستاش سەرکەوتوبوون و چەندین حزبیان بەناوی یەکڕیزی سیاسیی و نیشتمانی بۆلای خۆیان ڕاکێشاوە، یەکڕیزیی ئەو موگناتیسە ناسیۆنالیست و سیاسییەیە کە جووتحزب شەقام و حزبەکانیان بۆلای خۆیان پێڕاکێشاوە. بەناوی یەکڕیزییەوە سایکۆلۆجییای تاکیان وا پڕکردووە کە دەرچوون لەیەکڕیزییان بە خیانەتی نیشتمانی داناوە! ئەمەش بۆ لاوازی حزبەکانی تری دەرەوەی دەسەڵات دەگەڕێتەوە کە تا ئێستاش دوای ئەم یەکڕیزییە درۆینەیە کەوتوون. تا ئێستاش یەکڕیزیی سیاسیی و نیشتمانی وەک تلیاک بەشێکی کۆمەڵگەو حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی بێهۆشکردووە. هەرز و تەسلیمی ئەم جۆرە ساسەتەی دەسەڵات دەبن و دواتریش گەر بەهۆش هاتنەوە ڕەخنەی دەسەڵات و درۆی یەکڕیزییەکە دەکەن! ئەمەش کوورتبینی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنە کە خۆیان بە دژە دەسەڵات دادەنێن.
دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق جارێکی تر ئاوازە فۆلکلۆرییەکەی یەکڕیزیی سیاسیی لەساحەی سیاسەتدا کەوتەوە کار. دەسەڵات بەردەوام یەکڕیزیی وەک تۆڕێک بەکارهێناوە بۆ گرتنی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و قەناعەتی بەخەڵک کردووە کە ئەمە یەکڕیزیی نیشتمانییە. کاتی ڕیفراندۆم یەکێتی و پارتی داوای یەکڕیزیی سیاسییان کرد بۆ ڕیفراندۆم و تەڵاقدانی عێراق! زۆرینەی حزبەکان سواری شەمەندەفەرەکەی ڕیفراندۆم بوون و کەمێکیان دژی بوون، دواتر خەونی دەوڵەتی کوردیی لەبارچوو و ئێستاش جووتحزب گەڕاونەتەوە عێراق و شەڕی وەرگرتنی پۆست دەکەن! ڕیفراندۆم یەکڕیزییەکی دیماگۆجی بوو بۆ فەڕزکردنی سیاسەتی حزبیی و بنەماڵەیی. ئێستا کۆمیدیایە دەسەڵات باسی یەکڕیزیی بکات، ئەم یەکڕیزییە تەنیا بۆ دەسەڵات و جووتحزبە و هیچی تر، تەنیا بۆ شاردنەوەی شکست و بەلاڕێدابردنی شەقامە. حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دەکەنە پینەچی دۆڕان و سیاسەتە فاشیلەکانیان. ئەمجارەش یەکێتی و پارتی لەبەغدا یەکڕیزییە درۆینەکەی خۆیان دەرخست، لەوێش بوونە دووبەرە، لەکاتێکدا لێرە یەکڕیزییان بە ئەرکێکی نیشتمانی دەزانی!
دەبێ ستایشی جیاوازی بکەین، چونکە سیاسەت واتا جیاوازیی، وەک هانا ئارێنت دەڵێت: لەکوێ جیاوازی هەبوو لەوێش سیاسەت هەیە. علی وەردیش گوتی گەر کۆمەڵگە یەکڕیز بێت ئەوکات جووڵە دەوەستێت و دوادەکەوین. پێشکەوتن لە جووڵەدایە نەک یەکڕیزییەکی درۆینە.
ئێمە ڕەخنەی ئەو یەکڕیزییەی دەسەڵات دەکەین کە چوونەدەر لەم ڕیزە بە خیانەت دەزانێت، بەڵام خۆی خیانەت لە یەکڕیزییەکە دەکات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس