هەواڵ
تا ئەگەری تیرۆری بایۆلۆجی گومانمان ھەیە
Saturday, 08.27.2022, 01:09 PM
پەیامێک لەلایەن نوێنەری زیندانیانی بادینان
بۆ/ ڕای گشتی
"بەجۆرێک دژایەتی و ڕێگری لە ئازادبونی زیندانیانی بادینان دەکرێت تا ئەگەری تیرۆری بایۆلۆجی گومانمان ھەیە"
پەیامێک لەلایەن نوێنەری زیندانیانی بادینان
بۆ/ رای گشتی
دۆخی گیرواوەکانمان و گشت مانگرتوانی تر لە زیندانی چاکسازی گەورانی ھەولێر خراپە و بە دەستێوەردانی حزبی بە ئاشکەرا رێگری لە بەرێوەچونی رێکارە یاساییەکان دەکرێت و سەبارەت بە مافی ئازادبونی بەمەرج لەلایەن ئیدارەی چاکسازی و دادگا .
لەلایەکی تریشەوە ئێمە زۆر بە گومانین لە جۆری مامەڵەکردنی بەرپرسانی ئیدارەی زیندانی چاکسازی لەگەڵ گیراوەکانمان تا ڕاددەی گومانی (پیلانی ڕەش و تیرۆری بایلۆجی) بەتایبەت لەم رۆژانی دوایدا و بۆ ئەم مەبەستەش بە ووردی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتیەکانمان لێ ئاگادار کردوتەوە و بەرپرسایەتی ھەر زیانێك بە گیراوەکانمان دەخەینە پاڵ لایەنی ئیداری و ئەمنی زیندانی چاکسازی کە پارت بەسەردا زاڵە و حکومەتی ھەرێم.
ھەر چەندە بەراسپاردەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لیژنەیێکی سێ قۆلی پێکھێنراوە لە (دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بەرێوەبەرایەتی چاکسازیەکان، بەرێوەبەری کارگێری زیندانی چاکسازی) بۆ چاودێری کردنی دوخ و رێکارە یاسایەکان بەڵام تا ئێستا و دوای تیپەربوونی زیاتر لە مانگێك لەمانگرتنیان تەنھا پەنجە مۆری بەشێکیان وەرگیراوە و لەمپەر لەبەردەم رێکارەکان دروست دەکرێت و ھەر جارە و بە بیانویەکی نامەنتقی پروسەکە رادەگیری.
بوویە بە گرنگ دەزانین کومەڵێك خاڵ وەکو رێگا چارە بۆ ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان رابگەیێنین:
١-رێگە بدرێت بە زووترین کات مواجھەی پارێزەرەکان لەگەڵ گیراوەکانمان بکرێتەوە، رێگێری لە سەرەدانی رێکخراوە جیھانیەکان، لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی و گشت لایەنی تایبەتمەند نەکرێت لەلایەن ئیدارەی زیندان بە بیانەی نا مەنقی و چاودێری ئەمنی لەسەریان لابدەن.
٢- ئامادەبوونی بەردەوامی لیژنەی سێ قۆلیەکە لە چاکسازی و زیاد کردنی نوێنەرێکی پارێزەرانی گیراوەکان لەو لیژنەیە بۆ چارەسەر کردن و خێرا کردنی رێکارەکان.
٣-ناردنی لژنەیەکی تەندروستی پسپۆر لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و بە راسپاردەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ ھەڵسەنگاندی دوخی تەندروستی مانگرتوان و پێدانی رێنمای و پشکنینی پێویست .
٤- ھەژمارکردنی ئازادبونی مەرجدار لەسەر بنەمای ٦ ساڵ وەک حوکمی سەرەکی بەپێی ماددەی ٣٣١ لە یاسای بنەما دادگاییەکانی سزا.
٥- ئاگەدارکردنەوەی ئیدارەی زیندان لەدەست تێوەردانی دۆخی مانگرتوان و سارکردنەوەی مانگرتوان و لێک جیاکردنەوە و ھەر پیلانێکی تری ناتەندروست.
بەپێ ھەموو یاسا کارپێکراوەکان پێویستە دەستبەجێ گیراوانمان ئازادبکرێن، ئەمەی دەکرێت رقێکی سیاسی و شکاندی یاسا و شکۆی دادگایە و ئەرکی گشت لایەکە لەسەری ھەلوێست وەربگرێت.
ئەیھان سەعید - نوێنەری زیندانیانی بادینان
٢٧ی ئابی ٢٠٢٢
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس