وتار
پارتی بە درۆنەکانی تورکیا ھەڵبژاردن پەکدەخات
Tuesday, 07.02.2024, 12:31 PM
پارتی دیموكراتی كوردستان ھەموو کارتەکانی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن بەرکاھێنا، تا راددەیەکیش سەرکەوتوو بوو لە دواخستنی، بەڵام کۆتاجار لەژێر فشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، ناچاربوو رازی ببێت بە دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ٢٠ی ئۆكتۆبەری ئەم ساڵ، بەڵام ھێشتا ئامادەنییە بۆ ئەنجامدانی و ھەوڵێکی رژد و بەرنامەداڕێژراو ھەیە بۆ پەکخستن و دواخستنی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە بیانوی ھەبوونی جەنگ و باری نائاسایی، ھەروەک لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا لە رێگای وتارێكمانەوە سیناریۆی پیلانی پارتی و تورکیا-مان بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن خستەڕوو، ئێستا دەرئەنجامەکانی خواستی پارتی روونتر بەدیاركەوتوون و، سیناریۆی تۆمەتبارکردنی دوو لایەنی کوردی بۆ شەرعیەتدانە بە: لەشکرکێشی تورکیا لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستان، ھێرشی درۆنەکان بۆ سەر فرۆکەخانەی سلێمانی، لە هاتنەئارای بارودۆخێكی وەهادا كە شەڕ و ئاڵۆزی هەبێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئاڵنگاری زۆری لەبەردەمدا دەبێت.
بە روانین لە سیاسەتەكانیان، بێدەنگی پارتی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر لەشکرکێشی تورکیا بۆ ناو قوڵایی خاكی هەرێم ئاسایی بوو ، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، بیانوھێنانەوە و شەرعیەتدانە بە ھەڕەشەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا لەسەر شاری سلێمانی وەك ئەوەی لە کۆتا وتاری خۆیدا لەمانگی ئاداری ئەم ساڵ خستییەڕوو، ئەمانە بەڵگەی مەترسیدار و روونن بۆ رێخۆشکردن و بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
رۆژانە میدیای سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان زانیاری ھەڵە لەسەر ھەبوون و مەشقپێکردنی گەریلاکانی پارتی كرێكارانی كوردستان بڵاودەكەنەوە بە ئامانجی بیانوھێنانەوە بۆ هێرش و داگیركارییەكانی تورکیا، لە کاتێکدا پێویست بوو سەرۆکی حکومەت خۆی بە خاوەنی فڕۆکەخانەكە و سلێمانی بزانێت و رێگەنەدات ھەڕەشەی لەو جۆرە ئاراستەی هیچ شارێكی هەرێم بکرێت، ھەروەھا پێویستبوو بە شێوازێكی دیكە کێبرکێی سیاسی و ململانێی سیاسی ئەو لایەنە کوردیانە بکات كە لەگەڵیاندا ناتەبایە، نەک ئێستا و داهاتووی شارێكی كوردی بخاتە بەردەم مەترسی هێرش و بۆردوومان و داگیركاری.
- سیناریوی سووتاندنی بازارەکانی ھەرێم، ئامادەکاری بۆ قوناغێکی مەترسیداری شەڕ
لە سەرەتای دەستپێكردن بە سووتاندنی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت بازاڕی لەنگەی ھەولێر، گروپێکی نەتەوەپەرستی تورکی بە ناوی "تەشکیلاتی عەهدی میللی تورکی" لە ماڵپەری فەرمی خۆیانەوە لە راگەیەندراوێکدا سووتاندنی لەنگەی هەولێریان لە ئەستۆگرت و وتیان "پێشووتریش بازاڕی کەرکوکمان سووتاندووە".
بەڵام پارتی بەناوی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بە ھاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق، رێکخستنەكانی پارتی کرێکارانی کوردستانی وەک تاوانباری سوتاندنی بازاڕەکان ناساند، لە کاتێکدا تائێستا جگە لە قسە بەڵگەی پشتڕاستكراو بۆ ئەو راگەیەندراوە نەخراوەتەڕوو و، بەرژەوەندییەكی لۆژیكی ئەو لایەنە لە سووتاندنی بازاڕەكانی كوردستاندا نابیندرێت. ئەم هەنگاوەی پارتی كردنەوەی دەروازەیەكی دیكەی شەڕی ناڕەوا و ململانێییە لە رێگای بەكارهێنانی رای گشتی دژ بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردی لە باكووری كوردستان، کە دەرنجامەكەی مەترسیدارە و ئاشتی سیاسی و كۆمەڵایەتی بە ئامانج دەكات.
لە دۆخی بەردەوامی بێدەنگی حکومەتی عێراق و رازیبوون بە سیناریۆكانی پارتی و توركیا، داگیركارییەكانی توركیا لەماوەیەكی كورت لە ٤٥%ی خاكی پارێزگای دهۆكەوە زیاددەكات بۆ ٧٥%، فرۆکەخانەی سلێمانیش دەکەوێتە ژێر هێرشی درۆنە بایرەقدارەکانی تورکیا.
ئێستا بەهۆی ئەو داگیركارییانەی توركیا ٤٥%ی پارێزگای دهۆك لەژێر دەسەڵاتی سوپای ئەو وڵاتەدایە و، ژێرخانی ئابووری گوندەكانی كوردستان تێكدراوە و رەزوباخ و سامانی ئاژەڵی خەریكە بەتەواوی لەناودەچن، گوندنشینان ئاوارەبوون و منداڵان بێبەشبوون لە خوێندن، ملیۆنێك و هەشت سەد هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی و دارستانەكانی بادینان سووتێندراون، ئاژەڵە كێوییەكان كوژراون یان كۆچیان كردووە، ناوچە گەشتیارییەكانیش چۆڵبوون. لەگەڵ هەر فراوانبوونێكی داگیركاری، قەبارەی شەڕەكان و زیانەكانیان گەورەتر دەبن، مەترسی زیانەكانی ئەو جۆرە شەڕەش لە خاڵێكدا ناوەستێت، بۆیە لەگەڵ دەستبردن بۆ هەر سیناریۆ و ئاسانكارییەك بۆ داگیركەران، پێویستە بیر لە خەڵك و خاك و داهاتووی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە و كوردستان وەك دیارییەك پێشكەش بەهیچ داگیركەرێك نەكرێت.
لایەنێكی دیكەی ئەم شەڕە ئەوەیە، پارتی ئامادەنییە دەرنجامە مەترسیدارەكانی ئەو داگیركارییە ببینێت، بۆیە لە ئێستادا
بەهۆی نەبوونی هێزێكی پێشمەرگەی دامەزراوەیی و نیشتیمانی، بە ئاسانی بۆ جێبەجێكردنی ئەو پیلانانەی ھێزەکانی زێرەڤانی بە رووی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان جوڵاندووە. سوپای تورکیاش بە ھاوکاری ھێزەکانی رۆژی سوریا کە سەر بە ھێزی زێرەڤانین ھەوڵی درێژەدان بە داگیركارییەكانی دەدات.
- گرتنەبەری رێکارەکانی چارەسەر لە رێگای حکومەتی عێراقەوە
لە ئەگەری پیلانی پارتی بۆ پەکخستنی ھەڵبژاردن، بێدەنگی لایەنە سیاسییەكان هەنگاوەكانی پارتی دەكات بە دیفاکتۆ، بەڵام لایەنە سیاسەکانی ھەرێم بە تایبەتی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەتوانن لە رێگای ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەتی عێراقەوە رێگری لە بەرەوپێشچوونی لەشکرکێشی تورکیا و هەر خواستێكی پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بكەن.
بە روانین لە دۆخی لەشكركێشی نوێ و هێنانی ٣٠٠ تانك و هێزێكی سەربازی گەورە بۆ ناوچەی بەرواری باڵا و ئەنجامدانی جموجۆڵی زەمینی و، دانانی بازگەی سەربازی و لێپرسینەوەكردن لە خەڵک، بە دوور نابیندرێت درۆنەکانی تورکیا بۆ گەورەکردنی شەڕ، هێزەكانی پێشمەرگە و، پاسەوانی سەر سنوری عێراقیش بکەنە ئامانج و دواتر گەریلاکانی پارتی كرێكارانی پێ تۆمەتباربكەن هەروەك ئەوەی لە سیناریۆی سووتاندنی بازاڕەكاندا كردیان.
ئەگەر پارتی خواستی هەبوایە، دەیتوانی هەنگاوی كرداری بنێت بۆئەوەی حكومەتی عێراق بخاتە ژێر بەرپرسیارێتی، تا هەڵوێستی هەبێت بۆ پاراستنی خاكی هەرێمی كوردستان، هەروەك ئەوەی لە بۆردوومانەكانی ئێران بۆسەر شاری هەولێر كردی كە ژمارەی شەهیدەكان سێ كەس بوون لەبەرامبەردا شەهیدەكانی دەستی توركیا تائێستا ٧٢٤ كەسی مەدەنین، بەڵام بە پێچەوانەوە لە ئێستادا حكومەتەكانی عێراق و هەرێم هیچ هەنگاوێكیان دژ بەو داگیرکارییە لە ئاستی ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتی نەناوە، لە ئەگەری هەبوونی فشاری سیاسی و مەدەنی ناوخۆییدا، دەكرێت ئەو لایەنانە ناچاربكرێن بە بەرپرسیارێتی و ئەركی خۆیان هەڵبستن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
ئەیهان سەعید: کێ پێویستی بە پیشەییبوون و ئامۆژگاری یە ؟ وەڵامێک بۆ سەرۆکی حکومەت
ئەیهان سەعید: سەنتەری میترۆ بە ھابەشی لەگەڵ CPJ و RSF و هیومان رایتس وۆچ: سزادانی زینداناینی بادینان بەردەوامە
ئەیهان سەعید: دۆسیەی کازم فاروق و زیندانیانی بادینان و بێ پرەنسیپی حزبی کوردی!
ئەیهان سەعید: مانگرتنی زیندانیەکانی بادینان گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار و لە مەرگ نێزیک دەبنەوە و سکاڵا لەسەر حکومەت تۆمار دەکەین
ئەیهان سەعید: پرەنسیپی مافی مرۆڤ لە نێوان بکۆژێک و زیندانیانی بادینان!
ئەیهان سەعید: سەیری پارادۆکسەی پارتی چەند خوێنی کورد لایان بێ نرخە!
ئەیهان سەعید: پیلانێکی قڕێژی دژی زیندانیانی بادینان ھەیە و ھێشتا لەسەر بیرورا سزادەدرێن
ئەیهان سەعید: ئاگاتان لێ نیە بادینان بێدەنگ نیە بەسەربازگەکراوە و دەیان قوتابی رفێنراون
ئەیهان سەعید: چیرۆکە تراژیدیەکەی پیاوە مەزنەکەی بادینان
ئەیهان سەعید: حەقیقەتی دانیشتنەکانمان؛ ئایا جاسوسی ئەڵمانیا و ئەمریکاین؟