لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

گیرخواردنی موچە لە گەروی درۆی دەسەڵاتدا

Thursday, 12.03.2020, 06:58 PM


حزبی خاوەن دەسەڵاتی ناوچەی سەوز دوو ڕۆژە خۆپیشاندەرانی نوقمی گاز و لێدان و زیندانی کردن کردوە و بەڵام لاهوری هاوسەرۆکی دەڵێ "ئەمە بڕیار و سیاسەتی یەکێتی نەبوە و نابێت"!!!
وە دوای ئەم شکانی دارەی یەکێتی لە سەری خۆپیشاندەراندا بەڵێنی ئەوە دەدا کە " پشك و مافی هاوڵاتیان و موچەخۆران له‌ بودجه‌ی فیدڕاڵی ٢٠٢١دا جێگیر بكرێت".!
ئەم قسانە بەشێک لەو هاتوهاوارە میدیایەی پێشبڕکێی نێوان حزبە ناسیونالسیت و بورژوازیەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراقەوە کە سەبارەت بە گیرخواردنی موچە لە نیوان هەولێر و بەغدادا دەیکەن. لە ڕاستیدا بۆ شاردنەوەی بنبەستی سیستمێکی فیدرالی و گەندەڵیەکانێتی کە هەرێمی سەوز وزەردی یەکێتی وپارتی تیایدا بەشدارن . سیستمێک کە نە لە بەغداد و نە لە هەولێر بۆ دابینکردنی موچە خۆرانی کرێکار و کارمەند و خانەنشین کارناکا، بەڵکو سیستمی شەڕکردنە لە سەر پاوانکردنی داهات و وەرگرتنی ئیمتیازات لەلایەن حزب و گروپی جیاوازی دینی و قەومیەوە. موچە و ژیانی خەڵکی کرێکار و کارمەندو خانەنشین و کەم دەرامەت هەمووی پاشکۆی شەڕی  ئەو هێزە سیاسیە بەشدار بووانەیە  بۆ مسۆگەر کردنی گەورەترین بەش لە سامان و داهاتی عێڕاق بۆ حیزبەکەی یان گروپەکەی خۆی . لێرەوە دەتوانین لەو دابەشبونە درۆزنانەی نێوان حزبە ناسیونالیست و ئیسلامیەکانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراقدا تێبگەین کە گوایە لەسەر چۆنیەتی ڕزگارکردنی موچەیە.
ئێستا چۆن موچەخۆرانی شاری سلێمانی و خەڵکی کوردستان باوەڕ بە لاهور و حزب و حکومەتەکەی دەهێنێ کە لەم شەڕی حزب و پەرلەمانتارە دزانەدا " به‌ڵێنیان لە مستەفا کازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وه‌رگرتووە كه‌ پارە بۆ موچەخۆرانی هەرێی سه‌رف بكات." و " "به‌ یه‌كجاری ئه‌و كێشه درێژخایه‌نه"‌ كۆتایی پێ بێت."؟
لە سایەی ئەم دەوڵەتە ترانسناشنالەی عیراقدا ،کە کوردستان بەشێک لەو پاکێجەیە، جۆرێکی تایبەت لە سیاسەتکردنی لەگەڵ خۆیدا هێناوە ، کە یە سیاسەت بەکارهێنراوە و دەهێنرێت بۆ پرۆسەی  کەڵەکەی سەرمایە هەم بۆ چینی سەرمایەدارانی ناوخۆ و ەهەم بۆ کۆمپانیا جیهانی و ئیمپریالیستیەکان .
جێگا و رێگا و بەرژەوەندی ماددی هەرکام لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم  پەیوەستە بە پارسەنگی هێز و رادەی هێزی میلیشیایی و مادی و سیاسی ئەو حیزب و کۆمپانیا بازرگانیانیانەی کە بەشداری لەو حکومەتانەدا دەکەن . دابەشکردنی ئەم سەرچاوانەی سامان و سەرمایەش بەردەوام بابەتی سەدان کۆبونەوەی پەرلەمان و دعایەی هەڵبژاردنەکان و شەڕ و چەلەحانێی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانە.  
ئەم هاوکیشە سیاسی یە شەڕی حزب و کۆمپانیاکانی لەسەر بەگەڕخستنی سەرمایە ، تاڵان و بڕۆی سەروەتە سروشتیەکان و بەتایبەت نەوت ، هەروەها دابەشکردنی داهات و پارەی قەرز وهتد..لە عێراق و کوردستاندا بەڕێ خستوە و موچە و بودجەی خستۆتە ژێر ڕەحمەتی ڕیکەوتن و شەڕی ئەم میلیشا چەکدارانەوە.
هەربۆیە بەڵێنی ئەوەی " به‌ یه‌كجاری ئه‌و كێشه درێژخایه‌نه"‌ ی موچە و بودجە كۆتایی پێ بێت." هیچ نیە جگە لە بەشێک لەو بەڵێنە زۆروزەبەندەی ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارەی کوردستان لە ٣٠ ساڵی ڕابردودا بۆ خامۆش کردنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان ڕایدەگەیەنن.
لەم پڕوپاگەندانە بێ پەردەتر ئەوەیە کە حزبی خاوەن دەسەڵاتی ناوچەی سەوز دوو ڕۆژە خۆپیشاندەرانی نوقمی گاز و لێدان و زیندانی کردن کردوە و بەڵام هاوسەرۆکەکەی دەڵێ "ئەمە بڕیار و سیاسەتی یەکێتی نەبوە و نابێت"!!!
خەڵک لە بێ موچەیی و هەڕەشەی مەرگ و بێکاری و نەبونی پێداویستیەکانی ژیاندا بە جێ هێڵراوە و هیچ ڕێگایەکی بۆ نەماوەتەوە جگە لە خۆپیشاندان و پەلاماردانی ئەم حکومەتە نەبێ. هەر ئەمە ڕێگاچارەی خەڵکی کوردستانە کە بتوانێ فشار بۆ ئەم دەسەڵاتە بهێنێ تاکو ئەو سەرمایەیەی کەڵەکەی کردوە و کەڵەکەی دەکا خەڵک زەوتی بکا و بەکاریان بێنێ بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی ژیانێکی شایستە و موچە و خزمەتگوزاریەکان، نەک بۆ کەڵەکەکردنی لە بانکەکانی دەرەوە و لە ژێر زەمینەکان و لە پڕۆژە تایبەتەکانی ئەم حزبە سەرمایەدارانەدا.
ئەم حکومەتە لەم کاتی قەیرانی کۆرۆنایەشدا فشاری تایبەتی کردنی خزمەتگوزاریەکان و سەکتەرەکانی بەرهەمهێنانیشی زیاتر کردوە و خەستەخانە گشتیەکانی چۆڵ کردوە و هەموو مانگێکی لە موچە دەبڕێ و بە هەموو شێوەیەک خەریکی تاڵان و بڕۆ و تەکاندنی گیرفانی بەتاڵی خەڵکی کەم دەرامەتە.
ئەمانە هەمووی کێشەی ناوخۆی کوردستان و کێشەی دەسەڵاتی تاڵان و بڕۆی یەکێتی و پارتین و چارەسەرەکانی لە ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی عیراقدا نیە. هەربۆیە بەڵینەکانی لاهوری هاوسەرۆکی یەکێتی هیچ شتێکی بۆ ئەم کێشانە تێدانیە و دەیەوێ لە ڕیگەی هەناردەکردنی سەرنجی ناڕەزایەتیەکان بۆ لای کێشەی نیوان هەرێم و بەغدا لەسەر موچە و بودجە شانی حزبە دەسەڵاتدارە مافیاییەکەی خۆی لەم بەرپرسیارێتیە خاڵی بکاتەوە.
ئەم سیستمە ئابوری و سیاسی و میلیشیایی یە زۆربەی خەڵکی کوردستانی ڕوبەڕوی بڕین و نەمانی موچە و دامەزراندن و بێکاری و سەرکوت کردۆتەوە. خەڵک بەم ڕاستیانە گەیشتوە بۆیە بەرامبەر بەم دەسەڵات و حکومەتە هاتۆتەوە مەیدان و ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکان بەردەوامە و بەهوشیاریەکی زیاترەوە لە جاران خەڵکی بەرەڕووی دەسەڵات بۆتەوە.
هەربۆیە بەپێچەوانەی ئیدیعاکانی ئەم هاوسەرۆکەوە کە "روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران بڕیار و سیاسه‌تی یه‌كێتی نه‌بووه و نابێت."
سەرکوتی سیاسی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری سەرخانێکی گونجاوە بۆ بۆ پاراستنی ئەم ژێرخانە ئابوریە سەرمایەداریەی کە ئابوریەکی رەیعی نەوت و هەرزان ڕاگرتنی هێزی کاری کرێکار و فەرمانبەران و لە خوارەوە ڕاگرتنی ئاستی گوزەرانی زۆربەی خەڵک پێویستیەتی.
پەیوەندی دەسەڵاتی میلیشیایی و بنەماڵەیی لەگەڵ کەڵەکەکردنی سەرمایە لای کەمایەتیەکی حزبی و هەژارکردنی زۆربەی خەڵکدا، ئەو پەیوەندیەیە کە هەموو حزبە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنە بورژوازیەکان وەک یەک ناچار دەکا کە دەبێ مل کەچی بن. ئەم پێداویستیەکانی ئەو سیستمە سەرمایەداریە نیولیبرالە و ترانس ناشناڵەیە کە ئەمڕۆ لە کوردستان و عێراقدا باڵادەستە.  
دوای تەجروبەی ١٧ یش ساڵ لە دەور و نەخشەی چاکسازی دیموکراتی حزبە بورژوازیەکان لە عێراق و کوردستاندا ئاشکرایە کە هەموو ئەو پاکێجی چاکسازیە دیموکراتیانە دەبێ ملکەچی سیستمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بێت لە چوارچیوەی وڵاتێکی ژێردەستەی کۆمپانیا ترانس ناشنالەکانی ئەمریکا و تورکیا و ئێران و چین و ..هتد .هەربۆیە دوای ١٠ ساڵ لەم بەرنامەی چاکسازیەی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە جۆراوجۆرەکان خەڵکی ناڕازی ئێستا ئیتر دروشمی نا بۆ ئۆپۆزسیۆنی ساختەی بەرزکردۆتەوە و لەمەش زیاتر وشیاری خەڵک چوەتە سەر و بەدیلی پەرلەمانی بورژوازیش بە کارتۆنی لەقەڵەن دەدەن.
ڕێگای دەرچوون لە قەیرانی موچەش لە گەڕانەوەی موچە بۆ ژێر دەستی حکومەتی مەرکەزی عێراقدا نیە، وەک بەشێک لە حزبەکان و ئەندام پەرلەمانەکانیان بانگەشەی بۆ دەکەن و گوایە بەدەستی حکومەتی عێراقی ماری گەندەڵی پارتی دەبڕن. ئەم ئیدعایەی حزبەکانی ئەندام پەرلەمانانەی گۆڕان و یەکێتی بۆ زیادکردنی بەشیان لە کوردستان وەک شەریکی پارتی هەوڵدەدەن و وە ئیسلامیەکان و نەوەی نوێش وەک کارتی فشار بەکاری دژ بە یەکیتی و پارتی بەکاری دێنن.
ڕێگای دابینکردنی موچە و ژیانی شایستەی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و مامۆستا و خەڵکی نەداری کوردستان دروستکردنی بەرەیەکی ناڕازی و ڕیکخراوی ئەم جەماوەرەیە کە خۆی بەو بەدیلە بزانێ کە دەتوانێ ڕوبەڕوی دەسەڵاتدارانی هەرێم ببێتەوە وە داواکاریەکانی بسەپێنێ بەسەر حکومەتی هەرێمدا.
لێپرسینەوەی جەماوەری لەم دەسەڵاتە و دامودەزگاکانی دەتوانێ بەرەو چاودێری جەماوەری بچێ تاکو لەم ڕێگایەوە خەڵک بتوانن لەم دامودەزگایانە بپرسنەوە و فشارێکی بەردەوام بن لەسەر ئەم حکومەت و دەسەڵاتە. چاودێری جەماوەری دروشمێکە کە دەتوانێ هێزی ناڕازی ئێستا لە هەموو دامودەزگا و لە ناو مەیدانەکانی ناڕەزایەتیەکاندا کۆبکاتەوە و ئاراستەی بکات بەرەو ئەوەی ناڕەزایەتیەکان ڕیکخراو بکا. دروستکردنی دەستەی چاودێری جەماوەری لە هەموو ئاستێکی لۆکاڵ لە شار و شارۆچکەکان و لە فەرمانگە و کارگە و نەخۆشخانە و خوێندگاکان دەتوانێ حکومەتێکی سێبەر دروست بکا و فشاری بەردەوام بخاتە سەر دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکان.
داواکاریەکان کە ئێستا لە دەوری موچە و دابینکردنی تەندروستی لە ئارادایە دەتوانێ هێزی جەماوەری ناڕازی کۆبکاتەوە و لە ڕیگەی ئەم دەستە چاودێرە جەماوەریانەوە بەرەو گۆڕینی ئەم دۆخە بچێ.
ئەم جەماوەرە ناڕازیەی بەرامبەر بە دامودەزگا فەرمیەکانی حکومەت وەستاوە و ڕێگری لە گەندەڵی دەکا نابێ بەم پڕوپاگەندانەی دەسەڵات بۆ هەوڵی چارەسەری موچە لە ڕیگەی بەغداوە هەڵخەڵەتێ و پێویستە فشاری جەماوەری  بخاتە سەر دەسەڵاتی یەکێتی وپارتی بۆ دابینکردنی دەستبەجێی موچەی گیرخواردوە لە گەروی دەسەڵاتدا، تا کاتێک کە ئەو هێز و باوەڕە جەماوەریە دەتوانێ و ئامادەیە کە ئەم دەسەڵات وسیستمە بە یەکجاری و بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بگۆڕێ.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟