وتار
موشەکی وێڵ
Tuesday, 03.15.2022, 03:22 PM
پاشکۆ بونی حزبە میلیشیاکانی کوردایەتی هەر لەسەرەتای جەنگی کەنداوەوە بۆ بەرژەوەندیەکانی سیاسەتی دەوڵەتی ئەمریکا لە عێراق و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دواتر پاشکۆ بونی پارتی بۆ سیاسەت و بەرژەوەندی دەوڵەتی تورکیاو پاشکۆ بونی یەکێتی بۆ سیاسەتی بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها ملکەچی و گەڕانەوەی بەردەوامیان بۆ هێزە میلیشیاکانی دەسەڵاتداری بەغداد و گرێدانی چارەنوسی کوردستان بە حکومەتی ناوەندیەوە، ئەو واقعیەتەیە لە درێژەدان بە نائەمنی و کارەسات و سەرگەردانی و ناجێگیری و گێژاوی سیاسی لە کوردستاندا، تا هیزە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی پارتی و یەکێتی دەسەڵاتدار بن هەڵەیەکی گەورەیە چاوەڕوانبین کۆتایی بەو دۆخە نالەبارە بێت.
موشەکەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر تەنها کارێکی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی ئێران نیە کە پێویستەو دەبێت سەرکۆنەی بکەین، یان موشەکی وێڵ نین و دزەیان بۆ ناو شاری هەولێر کردبێت، لەبری ئیسرائیل بەر هەولێر کەوتبێت، بەڵکو لە ئاکام و کاریگەری ئەو نەخشەو سیاسەتانەوەیە کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی تەواو خستۆتە باوەشی دەوڵەتی تورکیاو لەنێو کێشمەکێشە جیهانیەکاندا گەمەیەکی مەترسیدار بە چارەنوسی خۆیان و کوردستانەوە دەکەن، چونە باوەشی تورکیا و بونی بنکەی ئیسرائیل لە هەولێرو لایەنگری لە سیاسەتی ئەمریکا و ناتۆ لە شەڕی ئۆکرانیادا، جگە لەوەی دەبێت پێشوازی لە موشەکی ئێران بکەیت، لە هەمان کاتدا ئەو مەترسیەیە کە لە هاوکێشەی سیاسی ناوچەکەدا ئەگەری ئەوە هەیە کوردستان بکەنە قوربانی ململانێ و کێشەکان و دەورو دەخالەتی تورکیا و ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا، بەم شیوەیە ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی تر دوای موشەکی ئێران موشەکی وێڵی ئیسرائیل و تورکیا سلێمانیش بگرێتەوە.
پارتی و بارزانی بەدوای ئەوەوەن و دەیانەوێت ئەو ئاڵوگۆڕەی شەڕی ئەوپەری نائینسانی و دڕندانەی ڕوسیاو ئۆکرانیا کە دەورەیەکی تازەی لە ئاستی جیهاندا پێشهێناوە، مەزەندە بکەن بەوەی، پێیان وایە بەدوای هەر ئاڵوگۆڕێکدا تەنها لە جەمسەری ئەمریکاو ناتۆدا دەتوانن خۆیان حەشاردەن و پێگەو نفوزیان بپارێزن، یاخود ئەشێ لە ناچارییەکدا ئەو ئاڕاستەیەی ئەمریکاو ناتۆ هەڵدەبژێرن، چونکە لەو کەین و بەینەی تورکیا و ئیسرائیل و ئەمریکادا بە جۆرێک پێوەی لکاون و گیریان کردووە، تازە ناتوانن بە زیندویی لێی بێنە دەرەوە، بۆیە هەرهێرشێک، لە هەر لایانێکەوە بکرێتە سەریان، تەنها ئەوەیان لەدەست دێت بڵێن "ترسنۆکانیە".
بەڵام ڕەوتی ڕوداوەکان لە نێو ناکۆکیەکانی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو جەمسەرە ئیمپریالیەکانداو، چاوەڕوانی بۆ دوای ئاکامەکانی شەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیاو دوبارە دابەشکردنەوەی جیهان، ئەو ئاڵوگۆڕانەیە کە پێویستی دەورەیەکی تازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستانیشدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، پارتی و بارزانی لەناو زەلکاوی واقعیەتێکەدا بەرەوڕوون کە ئەگەری ئەوە هەیە نەک موشکەکانی ئیران هەراسانیان بکات و کارەسات بۆ دانیشتوانی کوردستان بخولقێنن، بەڵکو دوورنیە لە دوبارە بونەوەی نمونەی کارەساتی شەنگال زیاتر واقعیەتی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانی پێ لە قاڵب بدرێت، هەر بۆیە بەجیا لەسەرکۆنەی موشەکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێویستە دەسەڵاتی سیاسی پارتی بە تایبەتی و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بەگشتی سەرکۆنە بکرێن، کە بەردەوام بەجیا لەوەی هۆکارێکی سەرەکین لەسەر بەڵای ژیانی نائارام و ناسەقامگیرو نەخوازراو بۆ خەڵکی کوردستان، لە هەمان کاتدا هۆکارێکن لە گواستنەوەی هەر بەڵایەکی تر کە لە ئاکامی دەورو دەخالەت و کێشمەکێش و شەڕی وولاتان دێنە ناو کۆردستانەوە، تەنها ڕێگا کۆتایی هاتنی دەسەڵاتیانە بەر لەوەی هەر کارەساتێکی تر ڕوبدات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
عوسمانی حاجی مارف: مامەڵە لەگەڵ داعش و مامەڵە بەداعش
عوسمانی حاجی مارف: شکست هێنان بەم هەڵبژاردنە ئەرکی جەماوەری ناڕازیە
عوسمانی حاجی مارف: قەیرانی دەسەڵات لەعێراقو بنبەستی هەڵبژاردنی پێشوەخت!
عوسمانی حاجی مارف: پێگەی دادگا لای باڤل
عوسمانی حاجی مارف: یەکێتی لەمیانەی گێژاوی نەخشەی سیاسی بافڵ و لاهوردا!
عوسمانی حاجی مارف: دەبێت لاهور دادگایی بکرێت