وتار
پێگەی دادگا لای باڤل
Thursday, 09.09.2021, 10:24 AM
ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەی کە بۆ باڤل ڕێکخرابو، وەڵامێکی باڤل لە بارەی پەیڕەو نەکردنی یاسایی و مافەوە جێگای سەرنجی جدی و باسکردنە، پاش ئەوەی باڤل پێداگری و سوربونی خۆی لەسەر ئەوەی ژەهری پێدراوە دەگێرێتەوە، هەرەوها باس لە ڕفاندن و هەڕەشەکردن و خراب بەکارهێنانی دەسەڵات و میدیاش دەکات.. ، واتە کەسانێک هەن کە تاوانبارن و لەسەرویانەوە لاهورە، لە هەمان کاتدا بە دڵنیاییەوە دەڵیت بەڵگەی تەواو و شایەتی هەیە بۆ ئەو تاوانانە، کاتێک دێتە سەر ئەوەی پێی دەڵێن ئایا پەنا دەبەیت بۆ دادگا؟، هەروەها بۆ کام دادگا؟، لە کوردستان یان دادگایەکی تر؟، لە وەڵامدا دەڵێت گەر پێوست بکات دەیدەم بە دادگا، وە بڕیاریشم نەداوە لە دادگای کوردستان بێت یان لە شوێنێکی تر.
هەر کەسێک گەر تاوانێکی بەرامبەر کرابێت و پێگەی یاسا و دادگا بە هەند وەربگرێت، یان باوەڕی بە دادگا هەبێت، بەر لەوەی لای هیچ کەسێک باسی ئەو تاوانە بکات، یان بڵێیت "گەر پێویست بکات دەیدەم بەدادگا" کە ئەوە لە یاری منداڵان دەچێت، پێویستە یەکەم هەنگاو ئەوەبێت کە سکاڵا لای دادگا پێشەکەش بکەیت تاوانەکە لەدادگا بسەلمێنیت. بۆیە نەک باسکردنی ئەو تاوانە لای کەس گونجاو نیە، بەڵکو باسکردنی بەئاشکراو لە ڕاگەیاندن و میدیاکانەوە، دەچێتە خانەی تاوانی تەشهیرەوە. باڤل و هەرکەسێکی تر مافی ئەوەیان نیە ئەو تاوانەی لە بەرامبەریاندا کراوە بەبێ سەلماندنی لە هۆڵی دادگادا، پێش وەخت واتە پێش بڕیاری دادگا، بیخنە بەر باسکردنی شەخسی و گشتیەوە. واتە دادگا ئەو جێگایەیە کە تاوان لێکراو ئەتوانێ تاوانەکە بسەلمێنێت، تاوانباریش بۆی هەیە بێ تاوانی خۆی بسەلمێنێت، بڕیاری دادگا ئەنجامی تاوانەکە دیاری دەکات، بەڵام باڤل وەک سەرۆکی حزبێکی دەسەڵاتدار بە قسەکانی لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا لای خۆیەوە ئەوەی بڕانۆتەوە کە تاوان کراوە، ئەو مافە لە دەوری یاسا و دادگا و لە هاووڵاتی کوردستان وەردەگرێتەوە، با ئەو تاوانە سەد لەسەد قسەکەی باڤڵە و ئەنجام دراوە، بەڵام لە پەیڕەوی پەیوەندی نێوان دانیشتوان و سەروەری یاساو دادگا بە بێ سەلماندنی تاوان لە دادگادا باسکردنی ئەزمونێک لە بێ باوەڕی و ڕەفتاری تاوانی تەشهیرکردن پەخش دەکات و ڕەواج بەکارێکی ناشایستە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا ئەدات.
لەلایەکی ترەوە باڤڵ وەها نیشان ئەدات کە جارێ بڕیاری نەداوە لە دادگای کوردستان یان لە دادگای شوێنێکی تر ئەم داوایە پێشکەش دەکات، تا بڕواتە ناو پرٶسەی پێشەکەش کردنی دادگاییەوە، ئەمەش هەر لەسەرەتاوە باڤل وەک سەرۆکی حزبێکی دەسەڵاتدار جارێکی تر بە بەدەستەوەدانی خاڵێکی لاواز لە ناوەڕۆکی قسەکانیدا ڕادەگەیەنێت، چونکە بەم قسەیە پێگەی دادگا لە کوردستان زۆر زیاتر دادەبەزێنێت و بێ مانا و بێبەهای دەکات. کێشەکەو تاوانەکان لەکوردستان کراون واتە بەدواداچون و بەرپرسیاریەتی ئەم پەروەندانە پێویستە لەدادگایەک بێت کە لە شوێنی ڕوداوەکانەوە نزیکە، نەک بە ئارەزوی خۆت شوین و جێگای دادگا هەڵبژێریت، ئەم کارە تەنها کەسانێک لە هەر کۆمەڵگەیەکدا دەتوانن بیکەن کە لە سەرو یاساو دەزگاکانی دادگاوە بن، واتە ئەو ووڵاتە سەرەوری یاسا و سەربەخۆیی دادگا تیادا سفرە و دادگا بێ دەسەڵاتە.
لە لایەکی ترەو کاتێ لە هەر جێگایەک باسی تاوانی ژەهر خواردن و ڕفاندن و هەڕەشە بە ئاشکرا لە میدیاکانەوە دەکرێت، واتە هەوڵدان بۆ کوشتن لە ئارادبووە، بۆیە گەر ئەو کەسەی ژەهرەکەی پێدراوە یان هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، گەر سکاڵاش لە دادگا نەکات، هێزە پەیوەندیدارەکان بە دادگاوە بۆ بەرگری لە مافی گشتی دەتوانن هەردوو لا بانگێشت بکەن بۆ دادگا و لێپرسینەوە لە ڕاست و دروستی تاوانەکان بکەن، بەڵام باڤل بێ سڵەمینەوەو هیچ ئیعتبارێکی بۆ یاساو داداگا، چیرۆکی تاوان لە میدیاوە دەگێرێتەوەو کەسیش نیە بتوانێ لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات، سەرباری ئەم هەمو سەرپێچیەی باڤل لە بەرامبەر یاساو دادگاو دانیشتواندا دەیکات، پێشمان دەڵێت دۆخەکە گۆڕدراوەو باشتر بووە!؟
هەڵبەتە خەڵکی کوردستان دودڵیان لەوەدا نیە کەهێزە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەموو ڕەفتارێکی ناشایستەو نا ئینسانیان بەرامبەر یەکترکردوەو دەیکەن لە پێناو زیادبونی پێگەو نفوزی سیاسی و پاراستنی دەسەڵاتەکەیاندا، ئەوەی لەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا جێگای سەرنجە، باڤل بە ئاشکراو بە ڕونی جارێکی تر هەمان پەیامی ئەوەمان پێڕادەگەیەنێ، کەدەسەڵاتی خۆی و سەرکردایەتی یەکێتی لەپێش هەموو پێکهاتەو دامودەزگا حکومیەکانەوەیە بۆ ئەو نەخشەو پلانە سیاسیەی ئێستا مەبەستیانە، واتە هەرچۆنێكیان بوێت ئەتوانن پەروەندەی تاوانکاری گرێبدەن بەو کێشە سیاسیانەی لە بەرژەوندی لایەنی سەرکەتووی ململانێ و شەڕەکەدایە. واتە تاوان بەردەوام دەبێت و تاوانبار نادرێت بە دادگا تا ئەو کاتەی لە یەکلایی کردنەوەی کێشە سیاسیەکانیاندا بەکار دەهێننرێت.
لەگەڵ ئەوەی لە مێژوی سی ساڵەی دەسەڵاتی سەرکردەکانی حزبەکانی کوردایەتی هەمویان وەک یەک شەریکن لەو کارەسات و تاوانانەی بەسەر خەڵکی کوردستانیاندا هێناوە، دەبێت ئەو ڕۆژو کاتەی پێگەو ئیعتبار بۆ دادگا دەگەرێتەوە، زۆرینەی ئەو بەرپرسانە بەڕیز بدرێن بەدادگای تاوانەکان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس