وتار
كۆماری سێدارەو پۆشینی جلی کوردی!
Saturday, 08.07.2021, 10:08 AM
ڕابەری كۆماری ئیسلامی ئێران ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕۆژی سێشەممە ٣ / ٨ / ٢٠٢١ لە مەراسیمێكی تایبەتدا كە ژمارەیەك لەبەرپرسانی باڵای ئێران تێیدا ئامادەبوون، بڕیاری دەستبەكاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری نوێی ئێران دەركردو ، داواشی لە ڕەئیسی و قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی وڵاتەكەی كرد كە بە زووترین كات كابینەی نوێ ڕابگەیەنرێت .
هەربۆیە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ / ٨ / ٢٠٢١ مەراسیمی سوێندخواردنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەك هەشتەمین سەرۆك كۆماری ئێران بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە میوانانی بیانی و ناوخۆیی لەتاران بەرێوە چوو .
دیارە من لێرەدا نامەێت لەوە زیاتر باسی مەراسیم و ئامادەبووانی سوێندخواردنی ڕەئیسی بکەم کە لەلای هەمووان روون و ئاشکرایە بەتایبەت مێوانانی هەرێمی و عیراق ، بەڵام ئەوەی هانی دام بۆ نووسینی ئەم بابەتە بینینی وێنەیەکی دوو پەرلەمانتاری کوردی رۆژهەڵات بەجلی کوردیەوە لەتەک سەرۆکی عیراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی سوێندخواردنی ڕەئیسی بوو .
ئەو وێنەیە وێنەکانی سەرۆک جاشە کوردەکانی وڵاتی خۆمانی بیر خستمەوە ، ئەو سەرۆک جاشانەی ببونە کەواسوری بەر لەشکری سەددام حوسێنی خوێن مژ .
ئەو سەرۆک جاشانەی بەجلی کوردی و کڵاوجامانە لەتەک سەرۆکەکەیان بەشانازییەوە ڕادەواستان و وێنەیان لەگەڵ دەگرت و، لەوکاتەی سەرۆکەکەیان پلانی کۆمەڵکوژی میللەتەکەیانی جێبەجێ دەکرد ، کوردستانی بە ژەهر بۆمباباران دەکرد ، ئەنفالی مناڵ و ژن و داروبەردی کوردستان( شمال العراق ) ی دەکرد .
ئاخر چۆن لەیادم بچێتەوە کە من خۆم قوربانییەکی ئەنفاڵی سەددام وسەرۆک جاشەکانیم ، ئاخر چۆن قسەکانی سەرۆک جاشی فەوجی ٨٥ ی سەددامی (قاسم ئاغا)ی کۆییەم لەبیر بچێتەوە کە لە کۆبوونەوەیەکی لە گەڵ سەرۆکەکەی لەدوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ دا بەجلی کوردی و کڵاوجامانەوە بە سەرۆکەکەی گوت : سەیدی من داوام لە بەرپرسان کرد کە بە کیمیاوی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕانیا بدەن ، بەڵام بەقسەیان نەکردم ) !
بەڵێ ئەو وێنەیەی ئەودوو پەرلەمانتارەی رۆژهەڵات ، وێنەکەی شڤان پەروەرو مەسعود بارزانی بە جلی کوردی و کلاوجامانەوە لە تەک ئەردۆغانی کورد کوژ لە ئامەد خستەوە یادم ، وەک ئەوەی کە کورد لە تورکیا خاوەن ماف و دەسەڵات بێت !
كۆماری سێدارە :
پۆشینی جلی کوردی ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە کە ئێران كۆماری سێدارە یە ، بەپێی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران (Iran Human Rights)، ریکخراوی هەموان لەدژی سێدارە (ECPM) وڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی( Amnesty International )،بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە ، ئێران یەکەم وڵاتی ئیسلامی و دووەم وڵاتی جیهانە دوای وڵاتی چین کەزیاترین لەسێدارەدانی تێدا ئەنجامدەدرێت.
هەر بۆ زانین ، بەپێی یاساکانی ئێران هەر جۆرە دژایەتییەکی حکومەت و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دەکرێت رێک دەخرێتە خانەی (جەنگ لەگەڵ دینی ئیسلامدا)، بۆیە هەر چالاکوانێکی سیاسیی کورد ئەگەر دژایەتی حکومەت و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بکات یان ببێتە ئەندامی پارتە کوردییەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێران، دەکرێت بچێتە ئەو خانەیەوەو سزای سێدارەی بەسەردا بسەپێت کە هەندێکجار دادگاکانی ئەو وڵاتە بەسودوەرگرتن لەیاسای کوشتنی بەئەنقەست، مەرگی چەکدارانی سەر بەحکومەت و پلەدارە سەربازییەکانی ئێران دەخەنە ئەستۆی چالاکوانانی سیاسی و بەمەش سزای سێدارە بەهیچ جۆرێک هەڵناوەشێتەوەو جێبەجێ دەکرێت .
ئامارە فەرمییەکان ، ڕاپۆرتە جیهانییەکان ، ئاماژەن بەوەی کەزیاترین کورد وەک نەتەوە لەکاتی هاتنەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەئێران هەتا ئەمرۆیشی لەگەڵ بێت لەسێدارە دراون.
بۆیە پۆشینی جلی کوردی لەلایەن پەرلەمانتارانی رۆژهەڵات ،ڕاستی دڕندەیی ریژێمی کۆماری سێدارە ناتوانێت بشارێتەوە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس