وتار
نهێنیەکانی پشت پەردەی گەڕانەوەی تاڵیبان و هەڵسەنگاندنێکی پێچەوانە و جیاواز
Friday, 08.20.2021, 01:06 PM
لەو ماوەیەدا دەیان مێدیام بە زمانە جیاوازەکان پشکنینەوە و تەماشای هەڵسەنگاندنەکانم کردن لەسەر گەڕانەوەی تاڵیبان، بەڵام هەڵسەنگاندنێکی قانیعکەرانەم نەبینی. وە ئەگەر تەماشای مێدیای حزبی و ئێدۆلۆژی کوردی بکەین تابڵۆیەکی سەیرترمان بۆ دەردەکەوێ.
بەگشتی هەڵسەنگاندنەکان گشتینە، بەڵام کەس ناوێرێ خۆی لە قەرەی ئەو پرسیارانە بدات و وەڵامێکی کۆنکرێتیان بداتەوە، کە گرینگترینیان گەمەی چین و تەقلەلێدانە بە پیلانەکانی ئەمریکا و پوچەڵکردنەوەی مینەکانی سی.ئای ئەی یە.
زۆرن ئەوانەی لەسەر ڕووداوەکە دەنوسن و قسەدەکەن، بەڵام کێشەکە جگە لە دونیابینی ئەوان هاوکات مێدیاکانن کە سەریان لێ شێواندوونە.
-لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆڤیت ١٩ دا بینیمان چەند پارلمانتارێکی لایەنگری دادوەری و مافی مرۆڤ،، قیروهاواریان لێ هەڵسابو و بەردەوام ڕوویان لە حکومەت دەکرد و دەیانپرسی: {ئێوە ئەو کادیرانەی تاڵیبان کە لە زیندانەکانی ئەڤغانستان، پاکستان و تەنانەت ئەمریکاشن، بۆ دەهانهێننەوە ووڵات و دوایی ئازادیان دەکەن کە هەریەکەو بەرپرسیارە بەرانبەر بە کوشتنی منداڵان، خوێندکاران و ژنان}. ئەو هەواڵانە لە مێدیاکانی خۆرئاواش ڕەنگیان دەدایەوە بەڵام کەس لێیان تێنەدەگەیشت. ئێستا دیارە ئەمریکا بە کردار لەو کاتەوە ئامادەکاری بۆ کۆکردنەوەی ئەو تاڵیبانە پەرش و بڵاوە دەکات.
-جۆو بایدن لەو ڕۆژانە قسەیەکی ڕاستی کرد کە گوتی: ئێمە بۆ دیموکراسی نەچوینە ئەڤغانستان. ڕاستدەکات چونکە ئەمریکا چوو ئەلقاعیدە لەناو ببات و کوڕە حەرامزادەکەشی {بزووتنەوەی تاڵیبان} کە لە ڕێگا دەرچوبو، تەربیە بکات. تاڵیبانێک کە دوای ڕووداوەکەی ١١ی سێپتەمبەر نەیتوانی ٣ ڕۆژ لە کابوول دژ بە ئەمریکا شەڕبکات، دوای ئەوەش ئەگەر ئەمریکا ویستبای، دەیتوانی لە چیاکانی تۆرابۆرا لەناوی ببات، بەڵام بەردەوام تاڵیبانیان هێشتەوە و لە ڕێگای پاکستان ئۆکسجینیان پێدا.
-ئێستا ئەمریکا هیچ کارێکی لە ئەڤغانستاندا نەماوە و دەبێ دەربچێ، بەڵام کاتێک کە دەردەچێ ڕەنگبێ سی.ئای.ئەی و دەزگای ئیستیخباراتی بریتانیایی کە بە MI6 ناسراوەو ڕۆڵێکی زۆر گەورەی هەیە لە سیاسەتی دەرەوەدا، پیلانی گەڕاندنەوەی تاڵیبانیان واتە کوڕە تەربیەکراوەکە و باڵی هەژاری وەهابی ئاسیاییان دابێ.
-بۆ ئەوەی لەو دێرەی سەرەوە تێبگەین تۆزێک دەتانگەڕێنمەوە مێژوو {ساڵی ١٩٨٠ جێمی کارتەر کە سەرۆکی ئەمریکا بو، ویستی قاچی سۆڤیەت لە ئەڤغانستان ببڕێتەوە کە پشتگیری لە کۆماری ئەڤغانستان دەکرد. هەڵسان لە ڕێگای پاکستان و بە پارەی سعودیە کارگەی پیشەسازی ئیسلامی سیاسی و تێرۆری ئیسلامیان دامەزراند. ئیسلامیە ئەڤغانیەکان بەس نەبوون، هەڵسان لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا موجاهیدیان کۆکردنەوە و ناردیان کە یەکێک لەوانە ئوسامە بن لادن بو. ساڵانی کۆتایی ٨٠ کات، جیهادی ئیسلامی سۆڤیەتی پەرێشان کرد و ناچاری کرد بە زەڕوزیانێکی گەورە بگەڕێتەوە و یەک ساڵ دوای کشانەوەی لە ئەڤغانستان سۆڤیەت هەڵوەشایەوە کە گەورەترین ئیمپراتۆریەتی سۆسیالیستی سەر زەوی بو. ساڵی ١٩٨٩ موجاهیدەکان ئەمجارە دەگەنە ئەمریکا و لەوێ جگە لە بڵاوکردنەوەی ڕق و قینە دژ بە ژنان و ژیانی خۆرئاوا، خەریکی تێرۆریش دەبن. ڕۆژنامەوانێک کارتەر دەدۆزێتەوە و لێی دەپرسێ {بەڕێز ئەو تێرۆریستانە تۆ بەرهەمت هێنان،، ئێستاش هاتونەتە ئەمریکا و تێرۆرمان دەکەن،، پێتوانیە کە دەبێ داوای لێبووردن لەگەلی ئەمریکا بکەیت}؟ کارتەر بە پێکەنینەوە ئەڵێ نەخر،، ئێمە لە ڕێگای ئەوان توانیمان پشتی گەورەترین ئیمپراتۆر لە عەرز بدەین، ئێستا دوو تێرۆریست دێنە واشینگتۆن چالاکی دەکەن کەی بۆ من گرینگە.
-من دەمهەوێ لە ئێستا بەدواوە بێمە سەر ئەسڵی بابەتەکە ئەویش ئەوەیە کە ئەکرێ ئەمریکا و ناتۆ دوای کشانەوە بیریان لە هەمان سیناریۆی ساڵی کۆتایی ٧٠کان کردبێتەوە، بەڵام کۆمەڵێک تابڵۆ سەر لە مرۆڤ دەشێوێنن کە زۆر چاودێری سیاسیش لە جیاتی خۆیان پێوە ماندوبکەن و هەوڵی لێتێگەیشتنی بدەن، خۆیان لێ دەدزنەوە. ئایا ئەکرێ سیناریۆکە دژ بە ڕوسیا، یان چین و یاخوند ئێران بوبێ؟ بەڵێ، بەڵام هۆکار چیە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ کابوول، چین کەیفخۆشە، ڕوسیاش لەلایەک لێدوانی نەرم دەدات و پێشوازی لە دووژمنەکەی دەکات لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ئەڤغانستان مانۆری سەربازی دەکات و پڕچەکیان دەکات؟ هازەریە شیعەکانی ئێرانیش کە هێزێی بە ئەزموون و خاوەن چەکن، هیچ کاردانەوەیەکیان دژ بە تاڵیبانی سوننی و وەهابی نیە؟ ئایا لە خۆتان پرسیوتانە بۆ تەیب ئەردۆغان و بەشێکی سەرکردە ئیخوانیەکان بە حەزەرەوە لێدوان دەدەن و زۆر مەمنون نین؟ لە کاتێکدا ئێمە دەزانین لە کۆبونەوەی ١٤ی مانگی حزێرانی ناتۆ لە بروکسل، بایدن کۆبونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ تەیب سازکرد و دوای ئەوە تورکیا زۆر ئاسودەبو کە دوای کشانەوەی ناتۆ، ئەو پشکی شێری لە ئەڤغانستان بەردەکەوێ، بەڵام ئێستا نیگەرانیان پێوە دیارە؟
-ئیسلامیەکانی کوردستان بەتەنیا ئەمینداری یەکگرتو وەک ئەردۆغان بە حەزەرەوە لێدوان دەدا، ئەوانی دیکە کە پێشتر بەهۆی شەرمیان لە ئیسلامیەت ڕەشی خۆیان دەتراشی ئێستا تەپوتۆز دەکەن؟
-من لە زۆربەی شیکردنەوەکانی پێشومدا باسم لەوە کرد کە نابێ لە چاویلکەی شەڕی سارددا، باس لە دۆست و دوژمن بکەین. ئێستا لایەنێک ئەکرێ هەم دۆستت بێ هەم دوژمن. شتێکی شاراوە نیە کە هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە لایەک دژ بە جیهادیەکانی سەربە تورکیا شەڕیانە، ڕۆژانە خوێنی یەکتر دەڕێژن،، لە لایەکی دیکە نەوتی دێرەزوور ڕۆژانە بە تەنکەر دەچێتە ئەل باب و لەوێ ساغدەکرێتەوە. ئەوە تایبەتمەندی دۆست و دوژمنە لە سەدەی ٢١مدا. ئەگەر لەو ڕوانگەیەوە تەماشای پەیوەندیەکانی ڕوسیا، چین، سعودیە، پاکستان و ئێران بکەین،، لە هاوکێشەکەی ئەڤغانستان تێدەگەین. سەرجەم ئەو هێزانە کە هەندێکیان هاوپەیمانی ئەمریکاشن، بەڵام لە چەند بوارێکەوە لەگەڵ واشینتۆن ناکۆکن.
- سەنتەری هاوکێشەی ئەڤغانستان،، بریتیە لە پاکستانی خاوەن چەکی نوکلێری کە زۆرێک لە هێزەکان حیسابی بۆ دەکەن. بەبێ پاکستان هیچ هێزێک ناتوانێ لە ئەڤغانستان سەرکەوتو بێ. پاکستان لە ڕووی ئیستیخباراتیەوە پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا هەیە، بەڵام لە بواری ئابووریەوە لەلایەن چینەوە حەپسکراوە. سعودیە کە بە دایکی ئێدۆلۆژی تاڵیبان و ئیسلامی سیاسی ئەڤغانی دەناسرێ هاوکات لایەنێکی بەهێزی دارایی ئەوان پێکدێنێ، بەهۆی گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا و بەتایبەتی ئایدیای جۆوبایدن کە لایەنگری ئەوە نیە هاوپەیمانەکانی ڕژێمی تۆتالیتەر بن، نیگەرانە و وەک ئەڵتەرناتیڤ کارتی چین و ڕوسیا دژ بە ئەمریکا بەکاردێنێ.
-هاوکات دەوحەش وەک ناوەندی دیبلۆماسی جیهاد، هەوڵ ئەدا خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیۆپۆلتیک بگونجێنێ. لەلایەک دەستی لە ئیخوان بەرنابێ، بەڵام لە بەرانبەر سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵات، دەرگای چین وەک ئەڵتەرناتیف بەکراوەیی بەجێ دێڵێ.
- ئێران جارێ دیارنیە کە دەچێتە ناو بەرەی ئەڤراسیا یان نا، بەڵام بە هاتنی ئیبراهیم ڕەئیسی دەردەکەوێ کە لە سەرەتادا تا بۆی بکرێ لەگەڵ چین، ڕوسیا و تەنانەت سعودیەش دەچێتە ناو بەرەی دژ بە ئەمریکا، دژی تاڵیبانێک نیە کە تا ڕادەیەک لەلایەن پاکستانەوە لەلایەن چینەوە کۆنترۆڵ کراوە.
-چین، ڕوسیا و سعودیە، لەسەرەتاوە لایەنگری پیلانی ئەردۆغان-بایدن-ناتۆ نەبوون بۆ ئەوەی تورکیا لە هاوکێشەی ئەڤغانستاندا ڕۆڵێکی سەرەکی پێ بدرێ. نیگەرانی سعودیە تایبەتە بە کێشەی وەهابی و ئیخوان، ڕوسیا و چینیش ناتوانن هێلکەکانی خۆیان بخەنە ناو سەبەتەی تەیب ئەردۆغان کە کلکێکی بە ناتۆ بەستراوەتەوە و بۆتە ناوەندی بەرهەمهێنانی بازرگانی مادە بێهۆشکەرەکان و جیهاد.
-دەبێ خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ئیستیخباراتی چین لەلایەک و ئەمریکاو بریتانیا لە لایەکەی دیکە باش دەستنیشان بکەین. بۆ نمونە سی.ئای.ئەی دەزگایەکی پتەوە بە دیراسەکراوی پیلانەکانی دائەرێژێ، بەڵام بە چەندین فلتەر و پرۆسەی بڕیارداندا تێدەپەڕێ، ئەوەش وادەکات بڕیارەکان و کارەکان بە تەمبەڵی بچنە پێشەوە. بەڵام چینیەکان وانین، بەهۆی سیستێمێکی جیاوازی تۆتالیتاری و هیرارکییەوە، دەتوانن بەپەلە پیلان داڕێژن و کاری لەسەر بکەن.
-چینیەکان هەر لە سەرەتاوە هەستیان بەوەکرد، کە ئەمریکا لە ئەڤغانستان دەکشێتەوە و تاڵیبان وەک مینێکی کوشندە لەژێر قاچی ئێران و چینی هاوسنوری بەجێدێڵێ، بۆیە لەڕێگای پاکستان و سعودیەوە ئەوانیش لەگەڵ تاڵیبان ڕێککەوتن.
-لە کۆتاییدا دەمهەوێ بە کورتی وەڵامی ئەو بانگەشەیە بدەمەوە کە مێدیاکانی خۆرئاوا دەیکەن و بەشێک لە ئیسلامیەکانی کوردستانیش کە هێشتان ترسی بۆمباکانی تەوێڵەو بیارەیان لەسەرە و ئەڵێن تاڵیبانی ئێستا ئەوەی جاران نیە یان گۆڕاوە و مەدەنی بوە بدەمەوە.
سەرەتا ئامانجی مێدیای خۆرئاوا بەتەنیا ئەوەیە لە رێگای ئەوەی گوایە تاڵیبان گۆڕاوە،، عەیبەکانی خۆیان و ئەو کارەساتەی ئەوان بەسەر خەڵکی دێنن کە منداڵ و ژنانی ئەڤغانی ناچاردەکەن لەنێوان تایەی تەیارەکان خۆیان مات بکەن، بشارنەوە. دەوڵەتی نەتەوەیی داماڵراوە لە ئەخلاق و بەها، دەبێ ووریا بین لە پەیامەکانیان.
مێدیای چەپەکان و ئیسلامیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش خەریکە دەبنە یەک و ئەڵێن: {ئەمریکا ڤێتنام ئاسا لە ئەڤغانستان شکا}!! ئەوەش وەک لەسەرەتادا باسمکرد زۆر زێدەڕۆیانەیە و تاڵیبانیش ئەو هێزە نیە بخرێتە ڕێزی سوپای شۆڕشگێری ڤێتنام. ئیسلامیەکان دوای شکستی داعش لە ئەوروپا خۆیان دەشاردەوە و ڕەشی خۆیان دەتراشی، ئێستا سەرلەنوێ ڕەش بەردەدەنەوە و پۆز لێدەدەن کە گوایە خوایان لە پشتەو هەرچۆنێک بێ هەر دێنەوە سەر دەستەلات.
-لەیەکچواندنی حکومەت و سیاسیەکانی کورد و ئەڤغانی ڕاستە بەڵام زۆر زەقکردنەوەی گوایە لەبەر ئەوەی سیاسیەکانی حکومەتی کابوول گەندەڵ بوون، تاڵیبان گەڕایەوە،، ئەگەر ڕاستیش بێ،، تێرکەر نیە و ڕێگا لەبەرانبەر هەڵوێستی چەوت دەکاتەوە. ئەوەی لە ئەڤغانستان ڕوویدا، ڕەنگبێ جیاوازتر لە عێراق ڕووبدا.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس