وتار
خەونی پۆتین؛ پڕۆژەی روسیای نوێ
Monday, 03.14.2022, 11:11 AM
یەکێ لە ئاماژە دیارەکانی شۆڕشی زانیاری و ژمارەکان ، پرسەدانانە لەسەر رێوشوێنە کۆنەکانی کاری سیاسی .
چەند سەرە قەڵەمێک دەربارەی : پرۆژەی روسیای نوێ، بنەما ئایدێۆلۆژیەکان دەبنە ئاڵترناتیڤی لاوازی ئابوری روسیا، ئامانجەکانی روسیا لە هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، خواستە ئابوری و سیاسیەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا و قوڵکردنەوە و سەرقاڵکردنی روسیا لەگەڵ کێشە و ململانێ و ناکۆکیەکانی دەوروبەری.
پرۆژەی روسیای نوێ ؛ روسیای ئێستا گیرۆدەی رەگ و ریشەی رابردوی سەردەمی قەیسەر و میراتی یەکێتی سۆڤیەتی جارانە ، دەوڵەتی روسیای نوێ لە ساڵی ٢٠٠٨ وە نەخشە و چوار چێوەیەکی تری دارشتوە لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا ، چوار چێوەیەک کە هەستانەوە و رزگاربوون بێ لەو تێکشانەی سەردەمی سەرۆک بۆریس یڵتسین کە لەساڵی ١٩٩١ دەستی پێکرد و زیاتر لە ٨ ساڵ روسیای رووبەرووی شکست و پاشاگەردانی کرد .
«پۆتین » هاوپەیمانی ناتۆ بەوە تاوانبار ئەکات و ئەڵێ ( ناتۆ هەڕەشەیە لەسەر پاشەڕۆژی مێژوویی ئێمە وەک گەلێک ) ،هەروەها لە کۆنگرەی میونغ بۆ ئاشتی لەساڵی ٢٠٠٧ پۆتین رەخنەی توندی ئاراستەی ئەمەریکا کرد و وتی ؛ بواری مانەوەی سیستمی تاک جەمسەری لە دنیای هاوچەرخدا نابێ و ناکرێ رۆژائاوا و بەتایبەتی ئەمەریکا تان و پۆی خۆیان بسەپێنن بەسەر دەوڵەتانی تردا ، هەروەها لەبەشێکی وتەکەیدا ئاماژەی توندی بەمەترسیەکانی ناتۆدا کرد لە کشانیان روەو سنورەکانی روسیا !
ئەم بیرۆکە و دەستەواژانە پێویستی بە رای گشتی و بەرجەستە بوون هەیە لە ئەقڵی کۆمەڵگەی روسیدا ، وەک ئایدۆلۆژیەکی پێویست بۆ پیادەکردنی پرۆژەی روسیای نوێ .
پرۆژەی روسیای نوێ ، زیاتر مەیلی کەسێتی سەرۆک پۆتینە کە پشت بە بنەمای ( یەکێتی نەتەوەیی ) گەلی روسی دەبەستێ و لای وایە لەقۆناغی ئێستادا یەکیەتی نەتەوەیی روسی بکەرێکی پێویست و کاریگەرە بۆ رووبەڕوبونەوەی سیستمی لیبرالی جیهانی ، هەروەها دەیەوێت متمانە بۆ مەزهەبی ئەرسۆدۆکسی بگێڕێتەوە و پێی وایە گەڕانەوە بۆ ئەصڵی ئاینی کەنیسەی ئەرسۆدۆکسی (کە بەشێکی گرنگی پێکهاتەی تەقلیدی کۆمەڵگەی روسی پێک دەهێنێت ) بنەمایەکی تەواوکەری پتەوکردنی یەکێتی نەتەوەیی کۆمەڵگەی روسیە بۆ گێرانەوەی بواری زیندەگی «ژیان»ی گونجاو کە هاوسەنگ بێ لەگەڵ هێزو تواناکانی روسیا .
ئایا بنەما ئایدیۆلۆژیەکان دەبنە ئاڵترناتیڤی لاوازی ئابوری روسیا؟ ؛ لاوازی ئابوری روسیا ناهاوسەنگی زۆری بۆ پێگەی سیاسی و تەکنۆلۆژی سەر بازی و پێشکەوتنە بۆشاییەکانی روسیا دروست کردوە ، کۆی داهاتی ناخۆیی روسیا نزیکەی١،٦ یەک تریلیۆن و شەش سەد ملیار دۆلارە و یانزەهەمین دەوڵەتە لە ریزبەندی دەوڵەتان بەپێی خشتەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠١٩ . کەئەمە لەچاو کۆی داهاتی ناوخۆی ئەمەریکا (٢١،٤) زیاتر لە بیست ویەک تریلیۆن و چوار سەد ملیار دۆلار و کۆی داهاتی یەکێتی ئەوروپا (١٨،٧) هەژدە تریلیۆن و حەوسەد ملیار دۆلار ،ئابوری و داهاتێکی زۆر کەم و لاوازە ، وە یەکێ لە خاڵە جەوهەریەکانی هەڵوەشانە و شکستهێنانی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران لە پێشبڕکێی خۆپڕچەک کردن و پرسی و ململانێی جەمسەر گیری لەبەرامبەر ئەمەریکا ،کێشەی لاوازی ئابوری و سیستمی ئابوری یەکێتی سۆڤیەت بوو . پرسیاری بابەتی ئەوەیە ئایا روسیا بەم ئابوری و سیستمە گشگیر و دابڕێنراوە و سەرجەم ئەو سزا قورس و بەردەوام لە زیادبونانەی لەسەری ، ئەتوانێ بەردەوامی بە ماشێنی جەنگێکی هەمەلایەنەی وێرانکەر بدات ؟.
ئامانجەکانی روسیا لەم شەڕدا ؛ دیارترین ئامانج و داواکانی روسیا ئەتوانین لەم چەند خاڵەدا کۆبکەینەوە ؛ ـ
دەرخستن و چالاکردنی خاڵە بەهێزەکانی خۆی وەک واقیعێکی ( جیو سیاسی ) سەربازی و تەکنۆلۆژی و وزە .
هەوڵدان و ئامادەگی روسیا لە خۆسەپاندنی لە سەر شانۆی سیاسی نێودەوڵەتی و پێداگری لە سیستمی فرە جەمسەر و هەنگاوی سەرەتایش لەوەدا ئەبینێتەوە کە بتوانێ لە ناوچەی ئۆر- ئاسیا زاڵ بێت و بەمەش ئەتوانێ بریارەکانی لەبواری نێودەوڵەتی بسەپێنێ .
رێگرتن و رێگەنەدان بە دامەزراندنی سەکۆی موشەکە ستراتیجی ناوکیەکان لە هەر یەک لەو دەوڵەتانەدا ( پۆڵندا ، رۆمانیا ، بولغاریا و ئۆکرانیا ) .
گرنگترین خاڵ ئەو پێشنیارەیە کە روسیا داوای کردبوو لە ئەمەریکاو یەکێتی ئەوروپا کە ؛( گرنتی دانی ئەمنی کە ئۆکرانیا نە بێتە ئەندامی ناتۆ و ، هەروەها ناتۆ چیتر فراوانخوازی رووەو سنورەکانی رۆژهەڵات نەکات وەک مەرج بۆئەوەی تەنگژەکان قوڵتر نەبنەوە ) ، بەڵام ئەمانە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکاوە رەتکرانەوە .
ــ خواستە ئابوری و سیاسیەکانی ئەمەریکا ..
ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا باڵادەسترین وڵاتە لە جیهاندا لە ناردنەدەرەوەی وزەدا و نایەوێت هیچ و دەوڵەتێک شانبدا لەشانی لەو بوارەدا ،
یەکێتی ئەوروپا رێژەی ٤٠٪ غاز و لە ٢٧٪ ی نەوت لە روسیاوە هاوردە دەکات ، ئەمەش بۆتە جێگەی ترسی هەندێ دەوڵەتی ئەوروپی و ئەمەریکا لەوەی کە ئەوروپا ببێتە دیلی غازی روسی ، بۆیە ئەمەریکا هەوڵ ئەدات ئەوروپیەکان لەبری غازی روسی ، غازی ئەمەریکی بکڕن و بەمەش پێگەی ێەمەریکا لە سەر نەخشەی وزەی دنیا بەهێزتر ئەکات و بازاڕێکی کڕیاری گەورە لە ئەوروپا دەستەبەر ئەکات ، بۆیە وەک یەکەمین هەنگاو ئابڵوقەی خستە سەر پرۆژەی ( نورد ستریم ٢ ) کە بۆری ژێردەریایی گواستنەوەی غازی روسیە بۆ ئەڵمانیا ،جگە لە کۆی ئابڵوقە و سزا ئابوریەکانی تری سەر روسیا لە ئاکامی هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاو ئەمەریکاو دەوڵەتانی ترەوە ، ئەمەش بە مەبەستی راگرتن و رێگرتن لەگەشەی ئابوری روسیا و بەتایبەتیش لەبواری وزەدا چونکە لە ٥٠٪ کۆی داهاتی روسیا پشت بەداهاتی وزە ئەبەستێ .
هەموو گەشەکردن و پێشکەوتنێکی ئابوری پێگەی سیاسی و هەیبەتی دەوڵەت لەکۆڕ و پەیوەندیە سیاسیە نێودەوڵەتیەکان بەهێز دەکات ، ئەمەریکا ئەمڕۆ وەک بەهێزترین دەوڵەت و رێبەری سیستمی ئابوری لیبراڵی و لێکەوتەو کاریگەریە فکری و کلتوری و فەرهەنگیەکانی ،دەیەوێت ئەو سیستمە سیاسی و ئابوریەی کە باوە کە دنیادا. بەردەوام بێت و هەموو جیهان ملکەچی ئیرادەی یەک کەونی بکات ، کەببێتە مایەی کرانەوەی بێ سنور ، هەیمەنەی بێ سنور ، لەسەر بنەمای جوڵانەوەی ئازادانەی سەرمایەی دارایی و بەرهەم و سپاردنی بە سەروەری بازار .
روسیا لەم سەردەمی کرانەوە و جیهانگیری و دارمانی شورا پتەوەکان و دیوارە ئەستورەکانی سنور ، تازە بەتازە دەوێت لەناو بەرگی ئاین و جوڵاندنی هەستی نەتەوەیی روسی دوارۆژ و بنەماکانی سەرکەوتن و باڵادەستی سیاسی و ئابوری بدۆزێتەوە و خوێنبخاتەوە بەبەر شادە مارە وشک و رەقهەڵاتوەکانی جەستەی مردووی ئیمپراتۆریەت و خەونی لەبار چوی یەکێتی سۆڤیەتی جاران ! .
روسیای پۆتین ، روسیایەکی داخراو و بەرەو سیستمێکی گشتگیری رەها هەنگاو دەنێ ، رۆژ دوای رۆژ سنوری ئازادیە مەدەنیەکان بەرتەسکتر و ئازادی راو خۆپیشاندان و جوڵەی ئۆپۆزسیۆن ناهێڵێ و روسیا بەرەو دەوڵەتی دەسەڵاتی ستەمگەری ئەبات ، بەمەش لەبری یەکریزی و یەکێتی نەتەوەیی روسی ، خەڵکی روسیا توشی دابڕان و دوورکەوتنەوە دەکات لە سیاسەتی پاوانخوازی و ستەمگەری سەرۆک پۆتین ، چونکە هێز هەر تەنها لایەنی سەربازی ناگرێتەوە ، بەڵکو هێز لەمانا گشتی و تەواوەکەیدا واتە ؛ ( توانا و بەهای سیاسی ، ئابوری ، فەرهەنگ و رۆشنبیری ، تەکنۆلۆژی سەردەم و شارەستانیەت و دەوڵەتی یاسا ) ، کە کۆی ئەمانە هێزو توانایەکی گەورەتر شانبەشانی هێزی سەربازی بە دەوڵەت دەبەخشێ ، کە لە نێو روسیای پۆتین یا پرۆژەی روسیای نوێدا بەدی ناکرێ و لێی بێ بەشە کە بێگومان ئەمە کەموکورتی و بێ تواناییە لە دەوڵەتی مۆدێریندا ، کە بەپێجەوانەی روسیا هەم یەکێتی ئەوروپا بەگشتی و دەوڵەتی ئەمەریکا بەتایبەتی لەپاڵ هێزوتوانای رەقدا خاوەنی ئەم هێزە نەرمە پتەوەشن کە پشت ئەستورە بە بیرۆکەی سیاسەتی کێش کردن لەبری رق لێبونەوە و بوغزاندن !.
بۆیە ئەگەری زۆرە پرۆژەی روسیای نوێ ، جگە لە هۆکاری پتەوکردنی دەسەڵاتەکانی پۆتین ، خولیاو خەون و گەڕانەوەیە بۆ رابردو ، هەوڵدانێکە بۆ سەرنجراکێشان و بەرجەستەکردنی خەسڵەتی سەرکردەی کاریزمی و پاڵەوانی نەتەوەیی ،
کە جگە لەقەیران و قوڵکردنەوەی کێشەکان و ستەمگەری و دەسەڵاتخوازی و لەئاکامیشدا شکستێکی کەمەر شکێن چیتر ناچنێتەوە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس