وتار
ئێمە لەدەرەوەی مێژووداین! بەردەوامی دۆخی ستەمکاری بۆ؟
Sunday, 04.17.2022, 08:13 AM
ستەمکاری و سیستمی دەسەڵاتخوازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبیدا ، رەگ و ریشەی مێژوویی و کلتوری هەیە و مانەوەو بەردەوامی ئەم سیستمە دەسەڵاتخواز و ستەمکارانە، لە بەرامبەر هەمو ئەو رووداو و گۆران و ئاڵوگۆرە بنەرەتیە هەمەلایەنەی کەبەسەر جیهاندا هاتوە و بەتایبەتی لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد و باهۆزی عەولەمە و شۆڕشی زانستی و تەکنۆلۆجی و ژمارەکان و سەرهەڵدانی راپەرین و شۆڕشی جەماوەری لەبەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و گۆڕینی چەندین سیستمی سیاسی تاکڕەو لەناوچەکە کە بە بەهاری عەرەبی ناوەزەند کرا ، لەگەڵ هەموو ئەم روداو و گۆڕان و ئاڵوگۆڕانەشدا بارودۆخێکی سیاسی و سیستمێکی سیاسی دیموکراسی سەرکەوتو و رەوشێکی ئابوری و ژیانێکی بە کەرامەت و شایستەی فەراهەم نەکرد بۆ خەڵک .
ئەم چەند ئاڵوگۆڕ و
گۆرانکاریەش کە لەناوچەکە و دەوروبەردا روویداوە . بە بەراورد بە مێژوویی
بەرهەڵستی و هەوڵ و قوربانیە زۆرەکانی بۆ ئازادی و ژیانێکی شەرەفمەندانە ،
شتگەلێکی گەورە و گۆڕانی گەورە نین !
هێشتا کۆمەڵگە و سیستمی حوکمڕانی لە ژێر کاریگەری گەورەی کلتور و دابونەریت
و بیری دواکەوتوانەی رابردو دایە و نایەوێت لەو دنیا سەپێنراو و پیرۆزکراو
رابردوە دەق گرتوە رزگاری بێت و دەروازە و دەلاقەکانی بەسەر جیهانی دەرەوەو تازەدا
بکاتەوە .
هەندێ بیرمەند و
مێژوونوس و تويژەر بەشێکی زۆری مانەوەو درێژبونەوەی دەسەڵاتی سیستمی ستەمکاری و
تاکڕەو و دواکەوتوی رۆژ هەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە بۆ چەند هۆکارێک دەگێڕنەوە
لەوانە(١) ؛
١-
کاریگەی رابردوو ، بەدامەزراوەیی بوونی کلتووری .
٢-
تێگەیشتنی کۆن ، ئاینی ئیسلام .
٣-
رۆشنبیری عەرەبی و باوکسالاری نوێ .
٤-
هەڵبژاردن وەک ئامرازێکی مانەوەی سیستمی ستەمکاری .
٥-
گەشەی ئابوری و دەوڵەتی موڵکانە .
٦-
سوپا ، لە چ بەرەیەکە .٠
١-
کاریگەری رابردو ، بەدامەزراوەیی بونی کلتووری .
بۆ ئەوەی لە پێکهاتە و
بنەمای دروست بوونی دەوڵەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بگەین ،پێویستە ئاوڕێک لەمێژووی
ناوچەکە بدەینەوە ، کە لەوانەیە بگەینە ئەو رایەی کە بنچینە و بەردەوامی حوکمی
ستەمکاریی بەهۆی ئەو قۆناغ و شاڵاوە داگیرکاریە یەک لەدوای یەکەی استعماری سوڵتانی
عوسمانی و بەریتانیا و وڵاتە ئەوروپیەکانی ترەوە بێت ، کە بەردەوام هەوڵیانداوە
گەلانی ناوچەکە لەناو چوارچێوەی باوەڕ و دابونەریت و بیرکردنەوەی دواکەوتوانەی
خۆیدا بمێنێتەوە و هوشیار و چاوکراوە نەبێت و سەرقاڵی مەراسیم و سروتە ئاینی و
کۆمەڵایەتیە دواکەوتوەکانی خۆی بێت(٢).
٢-
لێکدانەوەی کۆن ، ئاینی ئیسلام ؛
زۆرێک لەلێکۆڵینەوەکان رەگی ستەمکاری لە
رۆژهەڵاتی ناویندا دەگێرنەوە بۆ مێژوویی ئیسلام ، (برنارد لۆیس ) یەکێکە لە
ناودارترین توێژەرەکان لەم بوارەدا و ئەڵێ ؛ ( ئاینی ئیسلام لەگەڵ دیموکراسی
ناگونجێ ، واتە جیا نە کردنەوەی ئاین لە دەوڵەت لە ئیسلامدا ئەوە هۆکاری
سەرەکیە ، چونکە دەوڵەتی ئیسلامی لە رووی پرەنسیپەوە دەوڵەتێکی ئاینییە ، وە
ئیسلامیەکان لەوباوەڕەدان کە شەرعیەتی دەسەڵات لەلایەن خوای تەنهاوە دراوە
بەدەسەڵاتدار ، وە دەسەڵاتدار (الخلیفە) هێزو دەسەڵات لەخواوە وەردەگرێ نەک گەل ،
شەریعەتی ئیسلامیش لە قورئان وەرگیراوە بۆیە لەسەر موسڵمانان پێویستە ملکەچی
دەسەڵات بن بێ هیچ بێنەوبەرەدەیەک …. ئەم رەوایەتی دانە ئایینیە یەکێکە لە
گەورەترین
ئەو هۆکارانەی کە بوە
هۆی بڵاوبونەوە و مانەوەی دەسەڵاتی ستەمکاری لە جیهانی ئیسلامی و عەرەبیدا ، لەم
بارەیەوە بیرمەندی گەورەو ناوداری سعودی عبداللە القصیمی رەخنەی توند ئاراستەی
نەتەوەکەی دەکات و ئەڵێ ؛( هەمو گەلانی دنیا مێژووی خۆیان واڵا کردوە بۆ رەخنە و
پیرۆزییان لە کلتوری خۆیان کردوە ، تەنها عەرەب نەبێ .!
رێگە نەدان بە
لێکۆڵینەوە و رەخنە گرتن لە مێژووی کۆمەڵگە و کلتور و ئاین و زمان شارستانیەت و
دابونەریتی باو بە بیانوی پیرۆزیی ، گەورەترین مەترسی و هۆکاری دواکەوتن و مانەوە
و بەردەوامی سیستمە سیاسیە ستەمکار و تاکڕەوەکانە چونکە هەر ئاڵوگۆری و هۆشیاریەکی
سیاسی پێشکەوتوانە و بیرکردنەوەیەکی هاوچەرخانە کاریگەری راستەوخۆ لەسەر پێگە و
ئاستی رێژەی جەماوەری حزبی دەسەڵاتدار دائەنێت و لەوانەشە کە لوتکەی هەرەمی
حوکمڕانیدا بیهێنێتە خوارەوە (٣). ….
٣-
رۆشنبیری عەرەبی و باوکسالاری نوێ :
بەپێی توێژینەوەی
هەردوو لێکۆڵەر ( الفريدستیبان و روبرتسون ) ؛ هۆکاری بەردەوامی دەسەڵاتی
ستەمکاریی دەگێرنەوە بۆ دواکەوتوویی باری رۆشنبیری و کلتووری کۆمەڵگەی عەرەبی نەک
ئایین لە بەدی نەهێنانی دیموکراسیدا ، لەروویەکی تریشەوە ئەو توێژینەوەیە لۆمەی
رۆشنبیری سیاسی دەکات لەناوچەکەدا و پێی وایە ( حوکمی باوکسالاری نوێ ) خەسڵەتێکی
دیاری کۆمەڵگەی عەرەبیە و باوک سەرکوتکەر و هەیمەنەی تەواوی بەسەر خێزاندا هەیەو
کوڕیش ئەو هەیمەنەی هەیە لە پەیوەندی نێوان ژن و پیاودا ، هەروەها جگە لە
پەیوەندیەکی هەرەمی واتە لەسەرەوە بۆ خوارەوە وەک حاکم و مەحکوم یا باوک و مناڵ
هیچ پەیوەندیەکی تر نیە ، ئەم شێوازە لە پەیوەندی هەر لە نێو خێزان و کۆمەڵگە بە شێوە
فراوانەکەی نیە ، بەڵکو خزاوەتە نێو دامودەزگاکان و پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و
دەوڵەتیشەوە ، بۆیە ئەم میکانیزمە لە پەیوەندی بۆتە هۆکاری دروستکردنی رۆشنبیری
هەیمەنە و پاشکۆیی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا(٤) .
٤-
هەڵبژاردن وەک ئامرازێکی سیستمی ستەمکاری ؛
ئەگەر پرۆسەی هەڵبژارن دەربڕی خواست و نوێنەرایەتی راستەقینەی گەل نەبێت ،
ئەی ئامانج لەم پرۆسەیە چیە و چی بەدی ئەهێنێت هەڵبژاردن لە هەناوی سیستمێکی
ستەمکاردا ؟
ئامانج لەو هەڵبژاردنە بۆ سیستمی سیاسی
ستەمکاری دەسەڵاتدار بریتیە لە بەدەستهێنانی (مۆسگەرکردنی دڵنیایی ) ، چونکە
هەڵبژاردن یارمەتی سیستمە ستەمکارەکان دەدات لە لاواز کردن و کۆنترۆڵکردنی جۆرێک
لە جوڵەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لەلایەک و لەهەمان کاتیشدا بەدەمەوە چونێکی داواکاری
دیموکراسیانەیە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی دەرەوە
.
هەڵبەتە بۆ دەسەڵاتی
ستەمکاری ، دەستکاری کردن و یاری کردن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە زۆر
سودبەخش ترو سەرکەوتوو ترە لە گرتنەبەری شێوازی توندوتیژ و بەکارهێنانی هێزی
سەربازی لە بێدەنگ کردن و کپکردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لەوڵاتدا
.
هەروەها دەشێ هەڵبژاردن لە ژێر سایەی
سیستمە تاکڕەو و ستەمگەرەکاندا لەبەرامبەر ئۆپۆزسیۆنی سیاسیدا بگۆڕێ بۆ شێوەیەک لە
تەڵەی سیاسی لە رێگەی سیاسەتی دابەشکردنی ئۆپۆزسیۆن بۆ دوو بەرە بە
پشتگیری کردن و نەرمی نواند بۆ بۆچون و خواستەکانی کەمایەتیەک و پەراوێز خستن و
فەرامۆشکردنی بەشە زۆرەکەی تر لەدەرەوەی ئەم پشتگیریە ، کەئەمەش دەچێتە خانەی
جێبەجێکردنی سیاسەتی ستراتیجی پەرتکە و زاڵ بە !
کاتێک دەسەڵاتی
ستەمکار سەرکەوتو بو لە کەرتکردنی ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ دوو بەرە ؛ (
بەرەیەکی لایەنگر و بەرەیەکی رادیکاڵی دژ )، ئەو کاتە ئۆپۆزسیۆن توانا و
هێزی کەم ئەبێت و ناتوانێ جەماوەر سازوئامادە بکات بەمەبەستی خۆپیشاندان و
دەربڕینی نارەزایی سیاسی و لەلایەکی تریشەوە پرسی هەڵبژاردن دەبێتە ئامێرێک
بەدەستی دەستی دەسەڵاتەوە .
٥-
گەشەکردنی ئابوری و دەوڵەتی موڵکانە :
داهاتی موڵکانە چۆن بوە بەربەست لە رێگەی دیموکراسی و پێدانی هەیمەنە بە
دەسەڵاتی ستەمکاری لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا !
یەکێ لەهەرە شێوازە بڵاوەکانی پشتی حوکمی ستەمکاری بریتیە لە پەیوەندی
سیستمی سیاسی و دۆخی گەشەی ئابوری !
سیستمی ئابوری موڵکانە سەرچاوەی سەرەکی داهاتەکەی لە رێی موڵکانەی سەرچاوە
سروشتیەکانی وەک ( نەوت و غاز ) دەست دەکەوێت، دەسەڵات لەرێگەی فروشتنی نەوت و غاز
و بەکرێدانی کێڵگەکانی نەوت و غاز بە کۆمپانیا دەرەکیەکانی وڵاتانی سەرمایەداری و
مۆنۆپۆل جگە لە دەستکەوتنی پارەیەکی بێ شومار و مفت لەهەمان کاتیشا پەیوەندیەکی
دووانی هاوبەرژەوەند و هاوقازانجی دێتە ئاراوە لەنێوان وڵاتی کڕیار و دەسەڵاتی
نەوتفرۆش ، کە وڵاتی کڕیار پشتگیری و هاوکاری سیستمی سیاسی دەسەڵاتدار ئەکات
و پارێزگاری مانەوەی لێ ئەکات وەک ئەو شێوازە باوەی ئێستای وڵاتانی
نەوتفرۆشی ناوچەکە کە هەمویان نمونەی سیستمی سیاسی تاکڕەو و داپڵوسێنەر و ستەمکارن
و بەهۆی پشتیوانیە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە زلهێز و خاوەن هێزانە درێژە بە حوکمی
ستەمکاری و دواکەوتوانەی خۆیان ئەدەن (٥)
ئێستا بنەماڵە و کەسە
نزیکەکانی خێزانی دەسەڵاتی سیاسی ئەم پەیوەندیە دوولایەنە هاوبەرژەوەندیە ئابوریە
دەبەستن و کۆمپانیا زەبەلاحەکان قازانجێکی زۆر گەورە لەم پرۆسە نهێنی و گرێبەستە
موڵکانەیە ئەکەن و دەسەڵاتی سیاسی لە پێناو زامنی مانەوەی خۆی بەشێکی فراوانی
سەروەت و سامانی میللی هەراج ئەکات .
٦-
سوپا ، لە چ بەرەیەکە ؛
لەبەر ئەوەی سوپا لە
وڵاتانی رۆژ هەڵاتی ناوەراستدا بکەرێکی سیاسی گرنگ بوە و رۆڵێکی سەرەکی گێراوە لە
مێژووی سیاسی ناوچەکەدا ،
هەمیشە پەیوەندیەکی
بەتین لە نێوان رێژمە سیاسیەکان و دەمودەزگا داپڵۆسێنەر و هێزە سەربازیەکانیاندا
هەبوە ، گەلێ جاریش لەرێگەی کۆدێتای سەربازیەوە دەسەڵاتی سیاسی قۆرخکراوە و
بەردەوامی بە رژێمی ستەمکاری دراوە ، بۆیە سوپا و دەزگا داپڵۆسێنەرەکان وەک
پشتیوانەیەکی گەورەو بەهێز لە پشتی دەسەڵات و سیستمی ستەمکاری دابون لە رۆژهەڵاتی
ناوەراستدا .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس