وتار
دوو نامه‌ی بێ وەڵام بۆ ئازادکردنی زیندانییانی سیاسیی بادینان
Wednesday, 06.08.2022, 10:48 PM
وه‌ک چالاکوان و رۆژنامه‌نوسێکی کورد، که‌وا نزیکی سێ ده‌یه‌یه چ وه‌ک تاک و کاری سه‌ربه‌خۆیانه یان له چوارچێوه‌ی چه‌ند رێکخراوێکی مه‌ده‌نیدا کار بۆ ئازادی بیروڕا، پشتگیری خه‌باتی ڕه‌وای کورد، ناساندنی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال له ده‌ره‌وه ده‌که‌م، پارساڵ و ماوه‌یه‌کی که‌م پێش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق نامه‌یه‌کم ئاڕاسته‌ی له نێچیرڤان به‌رزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له رێگه‌ی سامی ئه‌رگوشی به‌رپرسی ڕایاندنی نوسینگه‌که‌یه‌وه، ئه‌میش له‌ڕێگه‌ی هاورێیه‌که‌وه که ده‌یناسی کرد، نامه‌که سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری بڕیاری ئازادکردنی ئه‌و ده‌یان چالاکوان و رۆژنامه‌نوسه‌ی بادینان بوو، که هه‌ندێکیان زیاتر له دوو ساڵه له زیندانه‌کانی ئاسایشی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستاندا ماونه‌ته‌وه، زۆربه‌شیان هێشتا هه‌ر دادگایی نه‌کراون!
ده‌قی نامه‌که له‌سه‌ر کاغه‌زی فه‌رمی و به ناو و ئیمزای خۆمه‌وه بۆم ناردن، که ئه‌مه‌ی خواره‌وه بوو:
بۆ به‌رێز/ جه‌نابی کاک نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان
سڵاوێکی گه‌رم
به‌رێزتان ئاگاداری ئه‌و ده‌یان گه‌نجانه‌ی بادینان و هه‌ولێر هه‌ن زیاتر له ٨٠ که‌س رۆژنامه‌نوس و چالاکوانن و له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی پارتیدا له‌سه‌ر تۆمه‌تی جۆراوجۆر زیندانی کراون، که ئه‌و تۆمه‌تانه به پێی شاره‌زایانی بواری یاسا و دادوه‌ریی (بۆ نمونه حاکم شێخ له‌تیف شێخ مسته‌فا) هیچیان ناچنه خانه‌ی تاوان و پێشێلکاریی یاسایی، زۆربه‌شیان بێ فه‌رمانی دادوه‌ر و به شێوه‌ی نایاسایی ڕفێنراون و بۆ زیاتر له ساڵێک ده‌بێت، که زۆر به ده‌گمه‌ن نه‌بێت، نه که‌سوکاریان نه پارێزهرهکانیشیان دیداریان له‌گه‌ڵیاندا نه‌بووه. به‌مجۆره بێ ئاماده‌بوونی پارێزه‌ره‌کانیان لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا کراوه.
ئه‌وه بوو له رۆژی ١٦ی شوباتی ئه‌مساڵیشدا له دادگای دووی هه‌ولێر پێنج له‌و دهسگیرکراوانه به شه‌ش ساڵ زیندانی حوکم دران، له سه‌ر بنچینه‌ی هه‌ندێک زانیاریی وه‌ک کۆمێنت و وتار و تۆماری ده‌نگیی نێوان چالاکوانان، که هه‌موو ئه‌مانه به پێی پره‌نسیپ و یاساکانی بواری رۆژنامه‌وانی ده‌چنه خانه‌ی به‌دواداچوونی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ریی، نه‌ک به‌ڵگه‌ی یاسایی، وه بریتین له کاری ئاسایی و رۆژانه‌ی رۆژنامه‌نوس و چالاکوانان، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر هه‌ندێک دانپێدانانی وا، که له ژێرفشاری هه‌ڕه‌شه‌ی ئابڕووبردن و ئه‌شکه‌نجه‌دا لێیان وه‌رگیراوه، که ئه‌مه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی لێکه‌وتۆته‌وه و رای شه‌قام و به‌تایبه‌تی تۆڕه‌کانی سۆسیالمیدیای به توندی جوڵاندوه. تا گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی حزبه‌کان و که‌سایه‌تی و ته‌نانه‌ت رێکخراوه جیهانییه‌کان و کۆنسۆڵی گشتی ئه‌مریکا و وڵاتانی ئه‌وروپاش هاتونه‌ته سه‌ر خه‌ت.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه و بۆ من جێگه‌ی ره‌خنه‌یه، که تا ئێستا به‌ناوی به‌رێزتانه‌وه وه‌ک سه‌کرده‌یه‌کی دیاری کوردی و عێراقی و هه‌رێمی، هیچ هه‌ڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاوانه، به قازانجی ئه‌م دهسگیرکراوانه ڕانه‌گه‌یه‌نراوه. له کاتێکدا ده‌توانن به سودبینین له پێگه حزبی و حکومی کهسایهتییهکهتان بڕیاری لێبوردن لای که‌می بۆ ئه‌و پێنج زیندانییه بده‌ن، که حوکمه‌که‌یان گه‌یشتۆته پله‌ی کۆتایی. بۆ زانیاری به‌ڕێزتان هه‌م چالاکوانان و رۆژنامه‌نوسان هه‌میش که‌سوکار و هاوڕێیانی ده‌سگیرکراوان چاوه‌ڕوانی بڕیارێکی وه‌هایان له به‌ڕێزتان کردوه و ده‌کرد. ده‌رنه‌چواندنی بڕیارێکی وه‌ها، که به ڕای ئێمه له‌گه‌ڵ بیروبۆچوون و بانگه‌شه‌کان و تێڕوانینی رابردووی ئێوه وه‌ک که‌س بۆ دیموکراتییه‌ت و ئازادی، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ پێگهکهشتاندا وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم، که به‌رپرسیارییه‌تێکی مێژوویی و یاسایی ده‌که‌وێته سه‌ر شان به‌رامبه‌ر هه‌ر ناڕه‌وایی و پێشێلکاریییهکی یاسایی و ده‌ستوریی، ناکۆکه. جگه له‌وه‌ش بڕیار و ههنگاوێکی وا ته‌می گومان له سه‌ر ئه‌و ده‌نگۆیه لاده‌با، که به‌ڕێزتان ناتوانن یان ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وه‌تان نییه. به‌ڵکو ده‌یسه‌لمێنن، که له کاته سه‌خت و نه‌خوازراوه‌کاندا پشتیوانی گه‌نجان و رۆژنامه‌نوسان و ڕای ئازادن.
من به‌رێزه‌وه لێتان چاوه‌رێ ده‌که‌م و داواکارم لێتان، که به‌رێزتان به‌و شێوه‌یه‌ی بۆتان ده‌گونجێت له چوارچێوه‌ی ئه‌دائی کار و پیشه‌ی خۆتاندا بڕیارێک له‌مباره‌وه بده‌ن و پشتیوانی له ڕای ئازا و ئازاد و چالاکوانان و رۆژنامه‌نوسان بکه‌ن، که دڵنیاین هه‌ڵوێست و قسه‌ی ئێوه قورسایی و کاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر که‌یسه‌که و ڕه‌وتی دادگایییکرنهکانی داهاتوش ده‌بێت، وه وه‌ک بڕیارێکی مێژووی بۆتان تۆمار ده‌کرێت، به پێچه‌وانه‌وه بێده‌نگیتان له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه مانا و مه‌غزای تری ده‌بێت و لێکدانه‌وه‌ی تری بۆ ده‌کرێت.
ده‌رچواندنی بڕیارێکی ره‌وایانه‌ی وا هه‌م ده‌بێته هۆی ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانی پرۆسه‌ی دادگایی‌کردن و لێکۆڵینه‌وه و حوکمی دادگای پێشوو، هه‌روه‌ها وه‌ک که‌سایه‌تی خۆتان و پارتیش قازانج و سودێکی زۆر ده‌بینن، به‌تایبه‌ت له‌م چه‌ند رۆژانه‌ی پێش ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق که کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر رێژه‌ی ده‌نگه‌کانی پارتی و به‌تایبه‌ت کاندیده‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه ده‌بێت که که‌سوکار و عه‌شیره‌تی ده‌سگیرکراوانی تێدا نیشته‌جێن. له هه‌مووی گرنگتر ناوبانگی کوردستان له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی له‌وه زیاتر نازڕێ و هه‌رێمی کوردستان له ڕاپۆرتهنێودهوڵهتییهکانی بواری مافی مرۆڤدا ئه‌وه‌نده به خراپ باس ناکرێت.
چاوه‌ڕوانی هیممه‌ت و هه‌ڵوێستی دڵسۆزانه و دۆستانهتانین، که دڵی که‌سوکار و هاوڕییانی ده‌سگیرکراوان و خه‌ڵکانی بێلایه‌ن خۆش بکه‌ن.
له‌گه‌ڵ رێزماندا
هیوا ناسیح
چالاکوان و رۆژنامه‌نوس
٢٣/٩/٢٠٢١، سویسرا
هه‌روه‌ها هه‌مان نامه‌م به که‌مێک گونجاندن و ده‌ستکارییه‌وه ئاڕاسته‌ی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم، له ڕێگه‌ی عه‌تا محه‌مه‌د به‌رپرسی نوسینگه‌که‌یه‌وه کرد.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه و وه‌ک پێشبینیکراویش بوو، که هه‌ردوو نامه‌که وا نزیکه‌ی ده‌مانگ ده‌بێت هێشتا و‌ڵامیان نه‌دراوه‌ته‌وه و دیاره چاوه‌ڕێش ناکه‌م. سه‌یر ئه‌وه‌یه منێک که زیاتر له بیست ساڵه له وڵاتی سویسرا سه‌ره‌تا وه‌ک په‌نابه‌ر و دواتر و ئێستا وه‌ک هاوڵاتییه‌کی ئێره ده‌ژیم، چه‌ند جارێک نامه‌م بۆ سه‌رۆکی سویسرا، سه‌رۆکی په‌رله‌مان، سه‌رۆکی حزبه‌کان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئازادی و زیندانیانی سیاسی کورد و هێرشی تورکیا بۆ کوردستان ناردوه، زۆربه‌ی جاره‌کان یان خۆیان یان سه‌رۆکی نوسینگه‌که‌یان و‌ڵامیان داومه‌ته‌وه.
بۆ نمونه ساڵی ٢٠٠٧ بوو کاتێک وه‌ک په‌نابه‌رێک هه‌شت ساڵ بوو له وڵاتی سویسرا ده‌ژیام و هێشتا هاوڵاتیی ئه‌م وڵاته‌ش نه‌بووم، ته‌نها وه‌ک رۆژنامه‌نوس و چالاکوانێکی کورد به ناو و ئیمزای خۆم نامه‌یه‌کم بۆ خاتو کالمی ڕه‌ی (Micheline Calmy-Rey) سه‌رۆکی ئه‌وکاتی حکومه‌تی فیدراڵی سویسرا نارد و بۆ ئازادکردنی ژیانی هه‌ردوو رۆژنامه‌نوس و چالاکوانی کوردی رۆژهه‌ڵاتی عه‌دنان حه‌سه‌نپور و هیوا بوتیمار, که له زیندانێکی ئێران‌دا چاوه‌ڕوانی حوکمی له‌سێداره‌دان بوون. دواتریش جگه له کارکردنم بۆ دۆسییه‌ی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و گه‌یاندنی به په‌رله‌مانی سویسرا ساڵی ٢٠٠٨سهرۆکی په‌رله‌مان خاتوو پاسکال برودهر ڤیس (Pascale Bruderer Wyss) و سه‌رۆکایه‌تی سویسرا له وڵامێکی فه‌رمیدا پشتگیری کردم، رێکه‌وتی ٢٨ی نیسانی ٢٠١٨ سه‌باره‌ت به هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین نامه‌م بۆ ئالان بێریست (Alain Berset) سه‌رۆکی پێشوی سویسرا، هه‌روه‌ها به‌رواری ١٥ی ئۆکتۆبه‌ری ٢٠١٩ له‌سه‌ر هێرشی سوپای تورکیا بۆ سه‌ریکانی و شاره‌کانی رۆژئاوای کوردستان نامه‌م بۆ ئولی ماوهرهر (Ueli Maurer) سه‌رۆکی دواتری سویسرا نارد، هه‌ردوو جاره‌که له رێگه‌ی نوسینگه‌ی فه‌رمی خۆیانه‌وه و‌ڵامیان دامه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م نامه و وڵامانه، کاتی خۆی له رۆژنامه و سایته‌کاندا بڵاوکراونه‌ته‌وه و لای خۆشم پاراستومن.
لێره‌دا قسه له‌وه نییه، وڵامه‌کانی ئه‌وان کاریگه‌ریی چی بووه، که بێگومان که‌موزۆر پشتگیری و هاوکاریی بوو گه‌ر به ته‌نها له ڕووی مۆراڵی و راگه‌یاندنیشه‌وه بێت، به‌ڵکو قسه له رێزگرتنه له نامه و په‌یامی خه‌ڵکانێکی وڵاته‌که‌ت، که هیچ به‌رژه‌وه‌ندی و نیاز و مه‌رامێکی تایبه‌تیان له ناردنیدا نییه، جگه له دڵسۆزی بۆ خه‌ڵکی به‌شخوراو و قوربانییانی مافه‌کانی مرۆڤ.
من هه‌میشه سه‌رکرده کاربه‌ده‌سته‌کانی کوردم لای خۆمه‌وه وا پۆلێنکردوه که دوو به‌شن، هه‌ندێکیان له میانه‌ی ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ری و هه‌واڵگرییه‌کانی وه‌ک پاراستن و زانیارییه‌وه سه‌ریان ده‌رهێناوه، که ده‌ستم لێ شتون، ئه‌وی دیان ئه‌وانه‌ن که به‌رێگه‌ی تر هاتون وه‌ک به‌رهه‌م ساڵح، نێچیرڤان و قوباد تاڵه‌بانی، له‌مان که‌مێک چاوه‌ڕوانیم هه‌یه که جیاوازتر بیربکه‌نه‌وه و هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن له گروپی یه‌که‌م. هه‌رگیز تامه‌زرۆی ده‌ستخه‌ت و ئیمزاکانیشیان نیم، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه ده‌ساڵ ده‌بێت وه‌زیری شه‌هیدانی پێشووی حکومه‌تی هه‌رێم به نامه‌ی تایبه‌تی ده‌ستخۆشی له کار و چالاکییه‌کانم بۆ ناساندنی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال به جینۆساید له سویسرا کردوه، تا ئێستا بڵاوم نه‌کردونه‌ته‌وه، چونکه به شتێکی گرنگ و پێویستم نه‌زانیوه، هه‌ستیشم کردوه خۆیان که‌مته‌رخه‌من له دۆسیه‌که‌دا.
به‌ڵام نازانم سه‌رکرده‌کانی کورد بۆ ئه‌وه‌نده خۆبه‌زلزان و لوتبه‌رزن به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی وڵاته‌که‌یان، منێکی کورد و هاوڵاتی (به‌ناچاریی) عێراقی بۆ ده‌بێت کاتێک په‌نابه‌ر بم له وڵاتێکی تر که هه‌زاران کیلۆمه‌تر له نیشتمان و وڵاتی خۆمه‌وه دووره زیاتر ڕێزم لێبگیرێت له وڵاته‌که‌ی خۆم! یان به دیوێکی تر، بۆ ده‌بێت سه‌رۆکی وڵاتی سویسرا له‌سه‌ر دۆسیه‌یه‌کی دوو چالاکوانی کورد که رۆژێک سویسراشیان نه‌بینیوه و هه‌زاران کیلۆمه‌تر له وڵاته‌که‌یه‌وه دوورن، بێته وڵام، که‌چی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی وڵامی نامه نه‌ده‌نه‌وه! ئایا کورسی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌وه ده‌هێنێت که مرۆڤ ئاوا خۆی و که‌سایه‌تی پێ ناشرین بکات؟ یان ئایا که‌سێک که له ڕۆژئاوا ژیاوه و خوێندوێتی و خۆی به که‌سێکی لێبراڵ و دیموکرات و دادپه‌روه‌ر ده‌زانێت وه‌ک قوباد، بۆ ده‌بێت ئاوا بێهه‌ڵوێست و بێده‌نگ بێت له ئاست تۆمه‌تبارکردنی بێبنه‌مای چالاکوانان و ئازادیخوازانی نه‌ته‌وه و وڵاته‌که‌ی؟ بۆ تا ئێستا سه‌ردانێکی ئه‌وانی له زینداندا نه‌کردوه؟ یان نێچیرڤان که دوای ئه‌م هه‌موو فشاره نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه ئینجا به نیوه‌یی حوکمه‌که‌یانی که‌مکرده‌وه، چ ده‌بوو به پێی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی هه‌یه‌تی بڕیاری لێخۆشبوونی بۆیان ده‌ربکردایه؟
ده‌زانم ده‌شێ که‌سانێک که نامه‌که ده‌خوێننه‌وه ره‌خنه‌م لێ‌بگرن و بڵێن، تۆ چۆن چاوه‌ڕوانییه‌کی وات لێیان هه‌بووه؟ یان بۆ موجامه‌له‌ت کردون، به‌ڵام هه‌ندێک کار هه‌یه مرۆڤ بۆ مێژوو ده‌یکات و دواتر سه‌نگاندنی بۆ ده‌کرێت، جگه له‌مه کاتی وا هه‌یه ده‌ست بۆ چڵه پوشێکیش ده‌به‌یت به ئومێدی ئه‌وه‌ی که سودی هه‌بێت. دواجاریش گه‌ر به موجامه‌له و نامه‌یه‌کی من قازانجێکی هه‌رچه‌ند بچوکیش بێت به دۆسییه‌کی ئاوا بکه‌م، هه‌رگیز دوودڵ نابم و ئاماده‌م له ئێستا و داهاتووشدا ئه‌نجامی بده‌م. به‌ڵام دڵنیا بن هه‌رگیز بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆم کاری وا ناکه‌م.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس