وتار
میلله‌تێک له ڕه‌وشێکی تاڵ و خه‌وێکی شیریندا
Wednesday, 08.25.2021, 11:38 AM
دوای نزیکه‌ی پێنج ساڵێک سه‌فه‌ری باشوری کوردستانم کرد و پێش چه‌ند رۆژێک گه‌ڕامه‌وه، هه‌رچه‌نده زیاتر له ٢٢ ساڵه له کوردستان دوورم، به‌ڵام ئه‌مه یه‌که‌مجاره دوای ماوه‌یه‌کی وا درێژ سه‌ردان بکه‌مه‌وه.
پێنج هه‌فته له کوردستان مامه‌وه، هه‌رچه‌نده گه‌رمایه‌کی تاقه‌تپڕوکێن بوو، که‌متر بواری سه‌ردان و یه‌کتر بینین هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی کرا، هه‌ندێک شاری کوردستان به هه‌ولێریشه‌وه گه‌ڕام و جگه له که‌سوکار و هاوڕێیان ده‌یان که‌سی ڕۆشه‌نبیر، راگه‌یه‌ندکار، به‌رپرسی حزبی و حکومیم بینی. ئاسوده بووم له هه‌ردوو مه‌راسیمی ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی شه‌هیدان سۆرانی مامه حه‌مه و ویداد حوسێن‌دا به‌شداریم کرد، که له دوو رێکه‌وتی جیادا سازکران. لێره‌دا هه‌ندێک سه‌ره‌قه‌ڵه‌م ده‌نوسم، که ڕا و سه‌رنج و تێبینی خۆمه له‌سه‌ر باشور، هیوادارم هه‌ڵه بم و له خاڵه نێگه‌تیڤه‌کاندا نه‌مپێکا بێت:
جگه له خه‌ڵکی کاسبکار و ناموچهخۆر، زۆربه‌ی زۆری موچه‌خۆرانی حزبی و حکومی چه‌ند سه‌عات و رۆژانێکی زۆر که‌م له هه‌فته‌دا کار ده‌که‌ن، زۆریان له کاتی ده‌وام و سه‌ر کاریشیاندا هه‌ر بێکارن و کات به‌ڕێ ده‌که‌ن. زۆربه لایان سه‌یر بوو کاتێک ده‌مگوت، من رۆژانه هه‌شت سه‌عات و نیو و پێنج رۆژ له هه‌فته‌یه‌کدا له ئه‌وروپا کار ده‌که‌م.
ئه‌و گروپه‌ی باسم کردن کاتێکی زۆری به‌تاڵییان هه‌یه و نازانن چۆن پڕی بکه‌نه‌وه، زۆربه‌یان سود له کاته به‌تاڵه‌کانیان نابینن و هه‌ر به خه‌وتن و سه‌یری که‌ناڵه‌کانی تی ڤی و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌ڕێی ده‌که‌ن. زۆرترین پشوو ده‌ده‌ن و که‌مترین جوڵه ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
زۆربه به‌یانییان دره‌نگ هه‌ڵده‌ستن و خه‌وی پاش نیوه‌ڕوانیش بووه‌ته نه‌ریتێکی ئاسایی لای زۆربه‌ی خه‌ڵک! (میلله‌تێک له ڕه‌وشێکی تاڵ و له شیرینی خه‌ودا).
ئێستاش زۆرێک لایان وایه ڤایره‌سی کۆرۆنا درۆیه و هیچ مه‌ترسی نییه، بۆیه خه‌ڵکانێکی زۆر که‌م خۆپارێزی ده‌که‌ن.
هێشتا زۆربه‌ی خه‌ڵکه ئه‌کادیمی و خاوه‌ن بڕوانامه به‌رزه‌کان و رۆشهنبیرهکانیش رێزی کات و مه‌وعید نازانن و ناگرن و زۆر که‌م به به‌ڵێن یان مه‌وعیده‌وه په‌یوه‌ستن، دواتریش هه‌زار بیانوی حازربه‌ده‌ست ده‌هێننه‌وه بۆ پابه‌ند نه‌بوونیان.
باشترین دوو ده‌زگای راگه‌یاندنی ئه‌هلی که ئاوێنه و هاوڵاتین، ئاوێنه له‌به‌ر خراپی باری ئابوری و خۆنهفرۆشتنی به حزبه‌کان هیچ نوسینگه و باره‌گایه‌کیان نه‌ماوه و له ماڵه‌وه چه‌ند خۆبه‌خشێک سایته‌که‌یان به‌ڕێوه ده‌به‌ن، هاوڵاتیش چه‌ندکه‌سێکی که‌م و ماندوو له نوسینگه‌یه‌کی خاکیدا چاپ و بڵاوی ده‌که‌نه‌وه، واته حاڵیان له ئاوێنه باشتره، به‌ڵام زۆریش نا. ده‌توانین بڵێین، که میدیای ئازاد و سه‌ربه‌خۆ نه‌ماوه!
ڕاگه‌یاندن بووته بزنسێکی ناڕه‌وا و چاوچنۆکی و قه‌ڵه‌م و ویژدان و کیبۆرد فرۆشتن، چوومه نوسینگه‌ی هه‌ندێک ماڵپه‌ڕی به ناو ئه‌هلی، ده‌تگوت نوسینگه‌ی سی ئێن ئێن و بی بی سییه، که ده‌پرسی ئه‌م نازو نیعمه‌تتان له کوێوه هێناوه، ده‌ڵێن به پاره‌ی ئیعلانات و پشتیوانیی هه‌ندێک که‌س، ده‌وه‌ره وشه‌ی (هه‌ندێک که‌س) سه‌رنجت ڕانه‌کێشێت!
هه‌ر که‌س سهرهگوریسێکی حزبی یان حکومی به‌ده‌سته‌وه بێت (به‌رپرسیاره‌تییه‌کی هه‌بێت) خۆی پێ گه‌وره‌یه و ده‌جار تێلی بۆ بکه، ئه‌و جارێک بۆت ناکاته‌وه! هه‌ر یه‌کێک له‌مانه دوو سێ مۆبایل و ژماره‌ی جیاجیای هه‌یه. زۆربه‌شیان هیچیان به‌ده‌ست نییه.
خوێندن و بڕوانامه هێنان بووته ئاوخواردنه‌وه، به‌تایبه‌ت بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند و که‌سوکاری به‌رپرسه‌کان، له مامۆستایه‌کی زانکۆم پرسی، که هاورێیه‌کی نزیکمه، ئێستا به نزیکی چه‌ند هه‌زار خاوه‌ن بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دکتۆرا له باشور هه‌یه و چه‌ندیان به ماندوبوون و کۆششی خۆیان پێی گه‌یشتون، وڵامه‌که وابوو: نزیکه‌ی ٢٠ هه‌زار هه‌یه و نیوه‌ی ئه‌م ژماره‌یه بێماندووبوون و شه‌ونوخونی به‌ده‌ستیان هێناوه! سڵاو له زانست!
توێژێک دروست بووه، که مووچه‌ی زۆر و زه‌به‌لاح و پاره‌ی موفتیان هه‌یه، که یان له حکومه‌ت و حزبه باڵاده‌سته‌کانه‌وه، یان به هۆی بێده‌ربه‌ستی حکومه‌ته‌وه له ڕێگه‌ی بازرگانی بێسه‌روبه‌ره‌ی جۆراوجۆر تا ده‌گات به مادده هۆشبه‌ره‌کان، به‌و ده‌سته پاره‌ی موفتیان ده‌ست ده‌که‌وێت و به‌م ده‌سته‌ش ته‌خشان و په‌خشانی ده‌که‌ن.
نه‌وه‌یه‌ک له کچ و کوڕی لێپرسراوه‌کان دروست بووه، که پاره‌یه‌کی زۆریان خراوه‌ته به‌رده‌ست و له ڕووی هه‌ست بهلێپرسراوێتیکردنو مۆراڵی و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کانه‌وه له‌وپه‌ڕی نزمی و داتهپیویدان. خه‌ریکه وه‌ک کچان و کوڕانی شێخه‌کانی دورگه‌ی عه‌ره‌بیان لێ دێت، که ته‌نها پاره‌یان هه‌یه و وا ده‌زانن به پاره ده‌توانن هه‌موو شت بکڕن و ناز به سه‌ر زه‌ویدا ده‌که‌ن!
بازاڕ و سه‌رجاده‌کان پڕیه‌تی له نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمبیلی گرانبه‌ها و که‌شخه، هاوکات پڕیه‌تی له سواڵکه‌ر و ده‌سگێڕی مناڵ و پیره‌ژن و پیره‌مێردی ماندو و بێچاره و ته‌نانه‌ت ئافره‌تی گه‌نج و له‌شفرۆشیش!
له‌سه‌ر ئاستی حکومه‌ت و یاسا، جێبه‌جێکردن یاسا ته‌نها به‌سه‌ر خه‌ڵکه ڕه‌شوروت و هه‌ژار و بێ پشتهکهدایه. لێپرسراوان و نه‌وه‌کانیان له‌سه‌رو یاساوه‌ن و حساب بۆ که‌س ناکه‌ن. ئاماده‌ن له سه‌ر ده‌ستشکانه‌وه‌ی شۆفێرێک به سه‌ریاندا، یان نوسینی سزای سه‌رپێچیی پۆلیسێک بۆیان لایه‌کی شار بکه‌نه به‌ره‌ی شه‌ڕ.
جیاوازیه‌کی ئاشکرا له ڕووی رێگه‌وبان و پارک و باڵهخانهوه له نێوان سه‌وز و زه‌رددا هه‌یه، به‌ڵام له ڕووی دابینکردنی ئاو و کاره‌باوه وه‌ک یه‌کن.
سێکته‌ره‌کانی خزمه‌تگوزاریی، په‌روه‌رده، خوێندنی باڵا، دادوه‌ریی، سه‌ربازیی ...هتد له ڕه‌وشێکی زۆر خراپدان و به‌ره‌و خراپتریش ده‌ڕۆن، به قه‌ولی که‌سانی میکانیک، له کوێوه ده‌ستی بده‌یتێ، بڕغو و واشه‌ر و پارچه‌ی لێ به‌رده‌بێته‌وه. نازانیت باسی کوێ و چی‌یان بکه‌یت!
سیاسه‌ت و حزبایه‌تی زۆر بێ رمێن و ڕه‌واجه، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری حزبه‌کان به ئیمتیازات و ئیغرائات کادر و ئه‌ندامه‌کانیان به خۆیانه‌وه به‌ستۆته‌وه. خه‌ڵک وا فێرکراوه ته‌نها حزبایه‌تی بۆ مافی که‌سی و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی بکات.
که‌سێکی کاسبکار و بێلایه‌ن نا‌بینیت که داکۆکی له حکومه‌تی هه‌رێم بکات، جگه له هه‌ندێک له‌وانه‌ی له‌و ره‌وشه سودمه‌ندن.
دوای ڕووداوه‌کانی تالیبان و ئه‌فگانستان لێپرسراوانی باشوریش جۆره سام و ترسێکیان لێ نیشتوه، که ئه‌و ره‌وشه‌یان لێ تێک ده‌چێت و وا بۆیان ناچێته‌سه‌ر، هه‌رچه‌نده وا خۆشیان نیشان ده‌ده‌ن که پێیانه‌وه دیار نه‌بێت.
چه‌ند دیارده‌یه‌کی پۆزه‌تیف:
ژنان و کچان تا ڕاده‌یه‌ک هاتونه‌ته ناو بازاڕی کار و ریستورانت و کافێ و فرۆشگاکانه‌وه.
هۆشیارییه‌کی ژینگه‌پارێزی به‌دیده‌کرێت، لای که‌می لای نه‌وه نوێکه، هه‌رچه‌نده هێشتا به پێی پێویست نییه و زۆری ماوه.
به گشتی خێزان که‌متر مناڵ ده‌خه‌نه‌وه له چاو ساڵانی رابردوودا، که ئه‌مه بارێکی قورسی له سه‌ر ژنان به‌تایبه‌تی و خێزان به گشتی لابردوه، هه‌رچه‌نده هه‌ندێک که‌س ئه‌م خاڵه بۆ بابه‌تی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به خاڵێکی نێگه‌تیڤ ده‌بینن.
هه‌ستی نه‌ته‌وه‌چێتیی ته‌سکبین و ناوچه‌گه‌ریی به‌رامبه‌ر خه‌ڵکان و گه‌شتیاری عه‌ره‌بی باشور و ناوه‌ڕاست که دێنه کوردستان زۆر که‌م بووه‌ته‌وه.
تێبینی: وه‌ک ڕای خۆم ده‌ڵێم زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه حکومه‌ت و ده‌سته‌ڵات لێی به‌رپرسن نه‌ک خه‌ڵکانی ئاسایی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس