وتار
نائومێدی، هەرە کارەساتە گەورەکەیە
Saturday, 11.20.2021, 08:24 PM
گەر چاوێک بخشێنینەوە بە مێژو و هەموو ئەو بار و دۆخانەی لە سەردەمانی ڕابردوەوە تا ئێستا کە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی تێدا ژیاوە و ئەزمونیان کردووە لە؛ شەڕ و شۆڕش و گرانی و برسێتی و قاتوقڕی و کۆچ و ڕەو و کوشتنی بە کۆمەڵ و تاڵانی و ماڵ وێران بوون.هیچ سات و سەردەمێک هێندەی ئێستا خەڵکی ڕەشبین و نائومێد و نا ئاسودە و نیگەران نەبوون،لە ژیانکردن و تێپەڕاندنی ناهەمواریەکان و پێشبینی کردنیان بۆ داهاتوو.هۆکارەکانیش زۆر ڕونن و هەموان دەزانین دەستکردی کێن و لە کوێوە سەرچاوەیان گرتوە.خۆ ناکرێت لۆمەو سەرزەنشتی تاک و کۆمەڵگە بکەین بۆ هۆکارێک کە ئەمان خوڵقێنەری نین و خۆشییان لێی نایەت و بگرە لێشی هەڵدێن.بە درێژایی چەند سەدەیەک،تاک و کۆمەڵگای کوردی درێخی نەکردوە و بەردەوام بووە و لە کۆشش و خەبات و قوربانیدان.لە پێناو ژیانێکی شکۆمەندانە و پاراستنی خاک و بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانی.لەم پێناوەدا هەزارەها ڕۆڵەی خۆی کردۆتە قوربانی.کەس خۆی بە خاوەنی گیان و ماڵ و سامان نەزانیوە.کاتێک پێویست بوبێت خرابنەتە خزمەت خەبات و شۆڕشە یەک لەدوایەکەکانی.بەڵام ئەوەی خەڵکی چاوەڕێی دەکرد دوای ئەو هەموو کۆشش و ماندوبون و بەرخودان و قوربانیە.هەرگیز نەیبینی و نەهاتە دی.لەوانەیە لای زۆرینەمان بابەتە نیشتیمانیەکان و هەبونی حکومەت و دامەزراوەکان و سەروەریە نەتەوایەتیەکانمان لەلا گرنگ بێت و بیخەینە لوتکەی ڕیزبەندی دەستکەوتەکان و لە هەرە بابەتە بە بەهاکان بن لامان.بەڵام دەبێت باش تێبگەین،لەلای گەنجێک ئەم بابەتە ڕەنگێکی کاڵتر دەنوێنێت.ئەو بابەتەی لای ئەم بیر و ئەندێشەی کۆنترۆڵ کردووە زۆر جیاوازە.تایبەت لەم کرانەوە جیهانیەدا بەڕوی گشت نەتەوە و شارستانیەت و کەلتورە جیاوازەکاندا.خەون و خولیای هاوڵاتیەکی ئاسایی و گەنجێک زۆر جیاوازترە لە سیاسەتمەدارێک و بەرپرسێک.ئەم ناتوانێت لە وەهمدا بژی و درۆکردن بکاتە ڕۆتین و لەبری ژەمە خۆراک ڕۆژانە دەرخواردی ماڵ و منداڵی بدات.ئەم بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی نەهامەتیەکان و گرژی و بارگرانی ژیانی ڕۆژانەیە.بچوکترین گۆڕانکاری خراپ ژیانی لێدەکاتە دۆزەخ.بۆیە ناکرێت سەرزەنشتی گەنجێک بکەین کە هەموو خەون و هیواکانی لە دەستکەوتنی هەلێکی کاردا،یان چاوەڕێیی دامەزراندندا،یان پڕۆسەی هاوسەرگیریدا دەبینێتەوە.کاتێکیش بۆی دەردەکەوێت ئەمانە ئەستەمن و بۆی فەراهەم نابن،نەچارە کۆچ بکات و هەڵبێت بەرەو ئەو شوێنەی لە هزری ئەمدا ژینگەی ئارامی و بەدیهێنانی خەونەکانیەتی.خۆ ئەم هاوڵاتی و گەنجەی ئێستا سەرکێشی دەکات و توڕەیە و سنوری پڕ مەترسی و دەردەسەری چەندان وڵات تەیدەکات و بەبێ گوێدانە ترسی مردن و سەرما و برسێتی،چەندین ساڵە چاوەڕێی بەڵێنەکانی دەسەڵات و حکومەت دەکەن.بە ئارامی چاوەڕوانیان کرد.ئینجا ناڕەزایی و گازاندەیان کرد.پاشان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و قوربانیان دا.بەڵام دۆخ و بژێویان نالەبارتر بو لە پێشان.هیچ کەس و لایەنێک گوێی بۆ داوا ڕەواکانیان نەگرت.ئاخر دەبێت دەسەڵات بیر لە چارەسەر بکاتەوە،نەک جوینەوەی بەڵێنە کۆنەکان و بەڕێکردنی ڕۆژەکانی دەسەڵاتداریان.
دەبێت بۆ هەموو لایەک ڕون و ئاشکرا بێت، کە چیتر دەسەڵات ناتوانێت هزر و مێشکی گەنج و هاوڵاتی بە بەڵێنی ناڕاست و بۆچونی ناکامڵ بئاخنێت.وە مافێکی ئاسایی هەرکەسە،لەسەر ئەم زەویە،بەشوێن ژێانێکی باشتر و شکۆمەندانەدا بگەڕێت.چونکە گەر مرۆڤ خاوەنی نیشتیمانێک بێت کە هیچ کام لە خەون و هیواکانی تیادا نەیەتە دی.وەک ئەو باڵندەیە وایە کە دەکرێتە قەفەسێکەوە و ئازادە لە خولانەوە و خۆ کوتان بە ئەم بەرو ئەو بەری قەفەسەکەدا.بەڵا بەبێ هەبونی هێلانە و فڕینێکی سەربەستانە و دان و ئاو .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس