وتار
کاتێک هەموومان دەخنکێین..!
Friday, 12.24.2021, 09:55 AM
بەیانیەک لە خەو هەڵدەستین و هەواڵێک دەخوێنینەوە: (خێزانێکی پێنج کەسی بەهۆی تەنەکەیەکی شکاوی ڕۆنەوە کە تەنراوە بە خەڵووز، خنکاون!) ئەم هەواڵە هەموومان نیگەران دەکات و بێتاقەت و پەست دەبین. بۆچی؟ چونکە دەزانین ئەمە مردنێکی ئاسایی ئینسانێک نیە خوولی سروشتییانەی ژیانی خۆی تەواو کردبێت و گەیشتبێتە وێستگەی مەرگ، بەڵکو ئەمە کارەساتێکی گەورەیە، لە سەردەمێکدا کە چیدی کارەسات ئەو بوعدە شۆکهێنەرەی پێشووتری نەماوە و ناتوانێت بمانهەژێنێت.
ئەوەی لەو ماڵەدا ڕوویدا کارەساتە؛ چونکە دەزانین تەنەکەی خەڵووز هۆکاری ئەم خنکاندنە نیە، بەڵکو دەرئەنجامە. دەرئەنجامی نادادیی و ستەم و زۆرداریی؛ دەرئەنجامی بێباکیی و ناموبالاتیی سەرانی ئەم هەرێمە و نەبوونی عەقڵییەتێکی باشی ئیدارەدان و خەڵکژێنیی. کاتێک تۆ سەردار بیت و داهاتێکی باشت لەبەردەستدا بێت و خاوەنی ملیارەها دۆلار و یەدەگێکی نەوتیی زۆر بیت، دەبێت هەست بە شەرمەزاریی بکەیت خێزانێک لەبەر بێ نەوتیی و نەبوونی زۆپای ئاسایی، خەڵووز بکەنە تەنەکەی ڕۆنەوە و خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە و دواجاریش لە شیرینی خەودا، بە دووکەڵەکەی بخنکێن.
ئەم ڕووداوە کارەساتە؛ چونکە لە ماڵێکدا ڕوویداوە، باوکیان پێشمەرگەیە و بۆ پاراستنی خاک و نیشتمانەکەی؛ بۆ پارێزگایکردن لە قەوارەی سیاسی هەرێم؛ شەو لە سەنگەرەکان ماوەتەوە و ماڵ و حاڵی خۆی جێهێشتووە. بێ ئاگا لەوەی ئەو حکومەتەی ئەم پارێزگاری لێ دەکات، ماڵ و منداڵەکەی بەو سەرمایە بێ نەوت و بێ حاڵکردووە و ناچاریکردوون پەنا ببەنە بەر تەنەکەیەک خەڵووز، تاکو گەرمیان ببێتەوە!
وێڕای هەموو ئەمانەش، دەبێت دان بەوەدا بنێین تاوانباری سەرەکیی لەم کارەساتەدا، پێش حکومەتی هەرێم و پێش تەنەکەی خەڵووز، بێدەنگیی و بێ هەڵوێستی ئێمەیە. کاتێک ئێمە لە ئاست نادادیی و ستەمی دەسەڵاتێکی بێباکدا، بێدەنگیی هەڵدەبژێرین و بالۆرەی ( زارت بگرە و سەرت سەلامەت) دەڵێینەوە، ئەوا بێ هیچ گومانێک بەشدارین لەم تاوانەدا. ڕۆژێک دێ کە هەریەک لە ئێمە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ناو ستەم و نادادیی ئەم دەسەڵاتەدا دەخنکێین و باجی ئەم بێدەنگییە دەستەجەمعییە دەدەین، ئەمڕۆ نۆبەی ئەوان بوو، بە دڵنیاییەوە سبەی ئێمەین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس