وتار
شۆی سەرۆک وەزیران بە مافەکانی مرۆڤەوە
Thursday, 10.06.2022, 01:37 PM
وەکو ئەوەی بە پلانێکی ستراتیژی پاژێکی گەورە بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەهەرێم نرابێت، ئەمڕۆ لە شۆیەکی نا پێویستدا، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران بەبۆنەی تێپەربوونی ساڵێک بەسەر پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەهەولێر دەرکەوت و لەگەلیشدا تەنها ئەوان دەرکەوتن کە لە کابینەکەی دژ بەهەر پێشێلکاریەکی ئەم حکومەتە لە ماسی بێدەنگترن و کەسێک هاتبووە هاوشانی کە بەناوی وەڵامی راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان هەزارو یەک شەڕ بۆ پێشلکاریە ترسناکەکانی دەزگا ئەمنیەکانی مەسرور بارزانی دەکات، بەڵام سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ نەک هەر رۆڵی نادیدە کراوەو کەس ناوی نەهێنان، بەڵکو داوەتی ئەو شۆیەش نەکرابوون کە بۆ جوان نیشاندانی سەرۆک وەزیران و دەسەڵاتداریەکەی کرابوون.
لە وتارەکەی مەسرور بارزانیدا، کە ئینشائیانە خوێندیەوە، پێ نەوتین لە پلانە پێنج ساڵیەکەیان و ساڵێک تێپەرین بەسەریدا چ گۆڕانکاریەک بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە قەڵەمڕەوی حزبەکەی و هاوپەیمانەکەیان لەسلێمانی روویداوە؟!
بەدرێژایی سێ ساڵ کاری ئەم کابینەیە، مەسرور بارزانی تەنها لەو کاتانە دەرکەوتووەو شۆی بە سێکتەرەکان کردووە، کە بەڕاستی تێدا فاشل بووەو بەدەرکەوتنی ئیعلامی ویستویەتی فاشیلیەکانی بشارێتەوە.
پێوەری سەرەکی رێزگرتن لە مرۆڤ و مافەکانی لە شەقام و ناو گرتوخانەکان و ئازادی سیاسی و راگەیاندن دەکرێت نەک قسەو وتاری ئینشائی.
لەسایەی ئەم کابینەیە هەر جۆرە ناڕازیبوونێک لە شەقام هەبووبێت و بەویستی سیاسی حزبەکەی سەرۆک وەزیران نەبووبێت،خۆپیشاندەران نەک دارکاری کراون، زۆریشان رفێندراون و بەمانگ کەوتونەتە زیندان. له زیندانەکانی ئەم کابینەیە هەرچی پێشلکاری هەیە دەکرێت، دژی هەر کەسێک مخالفی سیاسی ئەوان بێت، بەڵام ژن کوژ و پیاو کوژی مەیلداریان لەزینداندا خزمەت دەکرێن و مافیان پارێزراوە.
پشتگوێخستنی د. مونا یاقو سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، کە پلەکەی وەزیرەو دەستەکەی بەشێکە لە حکومەت، لەم چالاکیەی ئەمڕۆ، ژەیوەستە بەو هەڵوێستە بەرزانەی بەهەقیقی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ دەیکات لەو پێشلکاریە ترسناکانەی حزبەکەی سەرۆک وەزیران و دەزگا ئەمنیەکان دەرهەق بەئازادیەکانی مرۆڤ و ئازادی کاری رۆژنامەوانی و گرتووخانەو چاکسازیەکان دەیکات.
بەپێچەوانەی وەزیرەکانی کاک مەسرور کە ئاگایان لە هیچ کارێکی حکومەت نیەو کارنامەکەی نازانن، دکتۆرە مونا دەزانێت پێشلێکاریەکانی مافی مرۆڤ لە کوێن، بۆیە لە ساڵیادی تێپەربوون بەسەر پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ، پشتگوێ خراوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس