لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

ئەو جلە پرتەقاڵییانە، شایەنی ئەوەیە بکرێتە بەری کێ؟

Wednesday, 01.05.2022, 09:28 AM


بافڵ تاڵەبانیی و یەکێتییە نوێیەکەی، سوود لە قێزەونتریین و دڕندانەتریین کردەوەکانی تیرۆریستانی داعش وەردەگرن، بەوەی کە جلی پرتەقاڵی دەکاتە بەری گەنجان و لە میدیاوە پیشانیان دەدات، هەر وەک چۆن داعش ڤیدیۆی سەربڕین و سووکایەتیکردن بە پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی بڵاو دەکردەوە.
ئەم کردە قێزەونە، سوکایەتییکردنە بەتەواوی گەنجان و خەڵکی ئازادییخوازی کوردستان و دوبارەکردنەوەی کارەکانی تیرۆریستانی داعشە.
ئاسایشی سلێمانی، بەم کردە قێزەونە پێی وتین کە، یەکێتیی نوێ و ئاسایشەکەی، لەژێر هەژموون و تەقلییدی کارەکانی تیرۆریستاندا، بڕیار دەدات بەرامبەر بە خەڵکانی ئازادیخواز و گەنجانی بەشمەینەت و خێر لەخۆ نەدییوی کوردستان.

بافڵ و قوباد و شانازی پوریان، بەم کردە قێزەونە پێیان وتینەوە کە دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستاندا و دادگای سلێمانیی و دادوەرەکانی، بەتەواوەتی هەرەسی هێناوەو هیچ هێزێکی تر لەسەروی دەسەڵاتی ئاسایشەوە نییە، ئاسایشیش بەدەست حیزبەوەیە و، حیزب دەسەڵاتی یەکەمە و بەئارەزووی خۆی، هەرچییەکی بوێت دەیکات و لەجێگای دادگا، سوکایەتیی بە خەڵک دەکات و خەڵک دادگایی دەکات.

لەلایەکی ترەوە، ئەم کردە قێزەونە، سوکایەتییەکی زەقە بەتەواوی خەڵکانی خاوەن شەهیید و خۆپیشاندەری هەرێمی کوردستان و شکاندنی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤە، چونکە ماوەی ٣٠ ساڵە یەکێتیی و پارتیی قاچاخیی و کاری مافییاگەریی دەکەن، خەڵک برسیی دەکەن، بە ناحەق زیندانیی دەکەن، کارەبای لێ دەکوژێننەوە، بێ نەوتی دەکەت، لەسەرمادا ڕەقی دەکەنەوە، تەعدای شەرەفی لێ دەکەن، دزیی لێ دەکەن، موڵک و ماڵی داگییر دەکەن، هەڕەشەی لێ دەکەن، دەیکوژن، لە کوردستان دەری ئەکەن.
ئەو جلە پرتەقاڵیانە، کە بە هەزاران دایکی شەهیدو خەڵکی گریاند، لە شەڕەکانی داعشدا، شایەنی گەنج نییە، چونکە ماوەی ٣٠ ساڵە تۆ وەک حیزب، تاریکستان و دۆزەخێکت، بۆ خولقاندووە، بەڵکو ئەو جلانە شایەنی بکوژانی :

- ئەو هێزەی بن دەسەڵاتی یەکێتییە، کە لە مانگی ١٢ی ٢٠٢٠ دا، هەشت گەنجی لە قەزاو ناحییەکانی سلێمانییدا کوشت و هەتا ئێستا بکوژانی دەسگییر نەکراون .
- ئەو هێزەی بن دەسەڵاتی پارتییە کە لە ١٣ی ٠٨ی ٢٠١٦ دا، ڕۆژنامەنوس ویداد حسێن یان کوشت و هەتا ئێستاش بکوژانی دەسگییر نەکراون .
- ئەو هێزەی بن دەسەڵاتی یەکێتییە کە لە ٢ی ١ی ٢٠١٤ دا، شەهید بڕیار حەسەن ی لە قەزای سەیدصادق کوشت و هەتا ئێستا بکوژانی دەسگییر نەکراون .
- ئەو هێزەی بن دەسەڵاتی یەکێتییە کە لە ٥ی ١٢ی ٢٠١٣ دا، ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانیی کوشت و هەتا ئێستا بکوژانی دەسگییر نەکراون .
- ئەو هێزانەیە کە لە ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دواتری ٢٠١١ دا، لە سلێمانی و دەوروبەری، چەند کەسێکیان کوشت و هەتا ئێستاش بکوژانیان دەسگییر نەکراون .
- ئەو هێزەیە کە لە ٤.ی ٠٥ی ٢٠١٠ دا، لە بن دەسەڵاتی پارتییدا، دوای چەند بابەتێکی ڕەخنەگرانە و نوسین لە گۆڤاری لڤییندا، لە هەولێر، لەبەردەم کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەلاحەددین دا، ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانی ڕفاند و، دواتر کوشتی و هەتا ئێستاش بکوژانی دەسگییر نەکراون .
- ئەو هێزەیە کە لە کەرکوک، لە ٠٥ی ٠٣ی ٢٠٠٨ دا، ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانکۆ، دکتۆر عبدالستار طاهر شريف ی تەمەن ٧٤ ساڵ یان کوشت، لە دوای ١٠ ڕۆژ لە نوسینی بابەتێک لە گۆڤاری لڤییندا؛ سەبارەت بە ڕەخنەگرتن لە سەرکردە کوردییەکان، هەتا ئێستاش بکوژانی دەسگییر نەکراون .
- ئەو جلانە شایەنی ئەو هێزەیە کە لە کەرکوک، لە ٢١ی ٠٧ی ٢٠٠٨ دا، لە کەرکوک ڕۆژنامەنوس سۆرانی مامە حەمەی، لەسەر نوسیین و ڕاپۆرتی ڕەخنەئامێز لە گۆڤار لڤییندا، کوشت و هەتا ئێستاش بکوژانی دەسگییر نەکراون .
- شایەنی ئەو هێزەی بن دەسەڵاتی یەکێتییە کە لە ١ی ٩ی ١٩٩٤ دا، نوسەر و شاعیر بەکر عەلی ی، لە سلێمانی کوشت و، هەتا ئێستاش بکوژانی دەسگییر نەکراون.

وە ڕفاندن و بێسەروشوێنکردن و کوشتنی چەندەها خەڵکی بێتاوانی ترییش، کە چەندیین وتاری دیکەی دەوێت.

ئەم ڕوداوانە دەمانگەیەنێت بەوەی کە چیتر نابێ سادە و ساکار بیر بکەینەوە، بەڵکو دەبێ ئێمە بە پێوەری عەقڵی و زانستیی بییر بکەینەوە کە هەموو ئەم  کوشتنانە لەژێر دەسەڵاتی کێدا ڕویاندا؟! خۆ لایەنێکی دیکەی غەیرە کوردیی ئەم کارانەی نەکردووە! کەواتە کێ لێی بەرپرسیارە؟!
یەکێتیی و پارتیی، سەرانی یەکێتیی و پارتیی، دەزگا هەواڵگریی و ئەمنییەکانییان، گروپە چەکدارە سێبەر و بێناونیشانەکانییان، لە سەردەمە جیاوازەکاندا، لەم کوشتن و قەتڵ و عامە بەرپرسن و جلی پرتەقاڵی شایەنی ئەوەیە بکرێتە بەریان و بەر شۆڕشی عەدالەت و ویژدان بکەون.

بۆیە، لە کاتێکدا کە ئەم دوو حیزبە کوردستانییان کردووە بە دۆزەخ و خەڵک لە کوردستاندا زیندانی دەکەن و دەکوژن، بەشێکی زۆری لە دەستیان هەڵدێت، لە دارستانەکانی سەرسنووری بیلاڕوسیا و پۆڵەندادا ڕەق دەبێتەوە، بەشێکی تریشی لە دەریای ئیجەدا دەخنکێت؛ خنکانی کۆمەڵێکی زۆر لە گەنج و ژن و مناڵی بەتەمەنی کورد لە چەند یەختێکی یەکبەدوای یەکی نۆکەندی ئینگلیزیی و دەریای ئیجەدا بە نمونە، کەچی سەرباری ئەم هەموو کارەساتە، دوێنێ، ٤ی ٠١ی ٢٠٢٢، وەک چالاکییەکی ساڵی نوێیان، یەکێتییە نوێیەکەی بافڵ و قوباد و شاناز، کە لەهەمان کاتدا، هاوبەش و هاوپشک و هاوپشتی دزیی و چەتەگەریی و کاری مافیاگەریین لەگەڵ پارتیی و هەندێک لە وردەحیزبەکانی تردا، بە جلی پرتەقاڵیی تۆقێنەر، لەبەری کۆمەڵێک گەنجی چەوساوەدا، قۆناغێکی تری کاری مافیاگەرییان گەشەپێدا و بارێکی سایکۆلۆژیی ترسناکیان لای خەڵک و گەنجان دروستکرد و حوکمی دیکتاتۆریی و دیسپۆتیستیی خۆیانیان سەلماندەوە.

جلی پرتەقاڵی شایەنی ئەوەیە کە لەسەر دوای دایکی شەهیید و گەنجان و خەڵکی کوردستان، بکرێتە بەر سەرانی یەکێتیی و پارتیی و هاوئاوازەکانییان. بەم کردە وەحشییگەرییە، یەکێتیی نوێ، وەک هێزێکی نائەخلاقیی و داپڵۆسێنەر ڕقی لای خەڵک ئەستوور تر کرد و چارەنوسی یەکێتییەکەیانیان، نزیک کردەوە لە ڕووخان و تەفرو تونابوون.

سەرچاوەی ڕوداوەکانی ئەم وتارە ( Sources ) :
خۆپیشاندانەکانی سلێمانی - ٢٠٢٠
1-https://www.middleeastmonitor.com/20201211-iraq-8-killed-in-sulaymaniyah-protests/
ویداد حسین - ٢٠١٦
2- https://cpj.org/data/people/widad-hussein/
بڕیار حەسەن - ٢٠١٤
3-https://www.rudaw.net/english/kurdistan/030120141
کاوە گەرمیانی - ٢٠١٣
4-https://www.iraqicivilsociety.org/archives/2539
شەهییدانی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١
5-BBC:https://www.bbc.co.uk/news/world-middle-east-12493712
- NewYork Times: https://www.nytimes.com/2011/05/19/world/middleeast/19iraq.html
سەردەشت عوسمان - ٢٠١٠
6-https://www.theguardian.com/commentisfree/2010/may/13/zardasht-osman-death-kurdistan
عبدالستار طاهر شريف - ٢٠٠٨
7-https://ekurd.net/mismas/articles/misc2008/3/kirkukkurdistan339.htm
سۆرانی مامە حەمە - ٢٠٠٨
8-https://editorials.voa.gov/a/a-41-2008-07-25-voa8-84656102/1481340.html
بەکر عەلی - ١٩٩٤
9- http://www.bopeshawa.net/index/?p=7789

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟