وتار
دەشێ دادگاییکردنی سەرانی هەرێم لە ئەمەریکا ببێتە دادگای سەدە!
Monday, 04.15.2024, 09:46 AM
بەشی دووەم
لەم بەشدا هەندێک لە تومەتباران دەناسێنین و باس لە بەشێک لەو تومەتانە دەکەین کە خراوەنەتە پاڵیانەوە:
١/ داوالێکراو حکومەتی هەرێمی کوردستان: حکومەتێکی هەرێمیە کە سەر بە کۆماری ئیراقە. لەو داخوازینامە نووسراوەیەدا کە پێشکەشی حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکان کردووە خۆی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان وەکو یەک ناساندووە کە پارتێکی سیاسیە لە شاری هەولێری کوردستانی ئیراق و لە نووسینگەیەک کارەکانی رادەپەڕێنێت کە دەکەوێتە سەر شەقامی ١٦مینی باکوری رۆژاوای واشنتۆن دی سی پایتەخت.
٢/ داوالێکراو مەسعود بارزانی هاوڵاتیەکی ئیراقیە، رۆژی ١٦ی مانگی ئابی ١٩٤٦ لە کۆماری مەهاباد، ئێران لە دایکبووە. سەرۆکی پێشووی هەرێم کوردستان و سەرۆکی ئێستای پارتی دیمۆکراتی کوردستانی دەسەڵاتدارە. لە هەولێر نیشتەجێیە و نووسینگەیەکی هەیە کە دەکەوێتە سەر شەقامی ١٦مینی باکوری رۆژاوای واشنتۆن دی سی پایتەخت.
٣/ داوالێکراو مەسرور بارزانی هاوڵاتیەکی ئیراقیە لە دایکبووی ٢ی مانگی ئازاری ١٩٦٩. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە و سەرکردەیەکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە. کەسێکە مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەییە هەیە لە وڵاتە یەکگرتووەکان ( هەڵگری کارتی سەوزە)، بۆیە وەکو کەسێکی ئەمەریکی دادەنرێت. لە هەولێر نیشتەجێیە و نووسینگەیەکی هەیە کە دەکەوێتە سەر شەقامی ١٦مینی باکوری رۆژاوای واشنتۆن دی سی پایتەخت.
٤/ داوالێکراو وەیسی بارزانی هەڵگری رەگەزنامەی ئیراقیە کە رۆژی ٢٧ی مانگی تەمووزی ٢٠١٦ دەرچووە، هاوڵاتی ئیراقیە ، بەرێوەبەری دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەرێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە. دانیشتووی هەولێرە و نووسینگەیەکی لە واشنتۆن دی سی پایتەخت هەیە کە دەکەوێتە سەر ١٦مینی شەقامی باکوری رۆژاوای شارەکە.
٥/ داوالێکراو مەلا مستەفا ناسراو بە بابۆ، کوڕە بچووکەکەی مەسعود بارزانییە، هەڵگری رەگەزنامەی ئەمەریکیە و نیشتەجێی شاری هەولێرە.
٦/ داوالێکراو ئارین مەسرور بارزانی کوڕی مەسرور بارزانیە، هەڵگری رەگەزنامەی ئەمەریکیە و لە شاری هەولێر نیشتەجێیە.
٧/ داوالێکراو سەروەر پێداوی کەسێکی ئەمەریکیە( هەڵگری کارتی سەوزە)، هەر وەکو لە یاسای ١٨ ، بەشی ٢٣٣١ و یاسای ٨ی وڵاتە یەکگرتووەکان بەشی ١١٠١ دەستنیشان کراوە کە هەرچەندە کەسێک هاوڵاتی ئەمەریکیش نەبێت، پابەندە بە نواندنی دڵسۆزی هەمیشەیی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان، دامەزرێنەر و سەرۆکی ئەنجومەنی بەرێوەبردنی زنجیرە کۆمپانیاکانی نۆرس لایتە کە بارەگاکەی لە ئیراق و ئیماراتە، کار لە بوارەکانی تەکنۆلۆژیای زانیاری و کۆمینیکاسیۆن( گەیاندن)، کەرتی پیشەسازی جیاجیا، خزمەتگوزاری چاودێریکردنی تەندروستی، ناوچە ئازادەکانی بازرگانی، تۆڕەکانی دابەشکردن. دامەزرێنەر و سەرۆکی ئەنجومەنی بەرێوەبردنی گروپی کۆمپانیای ستێرە کە بنکەکەی لە هەرێمی کوردستانی ئیراقە. راوێژکاری ئابووری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتی کاروباری دارایی دامەزراوەی بارزانی دەکات بۆ ساختەکردنی جگەرە و دەرمان و لە شاری هەولێر نیشتەجێیە.
٨/ داوالێکراو لاوین پێداوی: برای سەروەر پێداوییە و هاوڵاتی هۆلەندییە لە دوبەی نیشتەجێیە. هەڵگری دوو رەگەزنامەیە هەیە.
کەمترین رادەی پێشلکارییە یاساییەکانی داوالێکراوان
لە سکالانامەکەدا بەمشێوەیە باس لە تاوانەکانی تومبەتباران دەکات:
بە هۆی ئەو کردارانەی کە لێرەدا سەلمێنراون، دەردەکەوێت کە ئەو پێشلکارییە تاوانکاری و مەدەنیانەی ئەنجام دراون دژن بە یاسای فیدراڵی ئەمەریکا، فەرمانە جێبەجێکراوەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە هێزی یاساییان هەیە، رێساکان، پەیمانەکان، رێکەوتنەکان، پێکهاتنەکان، پەیماننامەکان و یاسا نێو دەوڵەتیەکان کە بە ئاگاییی یان بێباکانە، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەنجام دراون یان بوون بە هۆی ئەنجامدانیان لەلایەن داوالێکراوان مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی و وەیسی بارزانیەوە یان لەلایەن هاوپیلانگێڕان و بریکاران و نوێنەران و خزمەتکارەکانیانەوە یاخود لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی و ئەندامانی بنەماڵە لە رێگای ژن و ژنخوازیەوە کە بە شێوەیەکی بێئەندازە گەورەن لە رووی ژمارە و بوار و قەبارە و رادەی مەترسی و قووڵایی و بەرینیەوە یان بەردەوامی و درێژخایەنی و توندی تاوانکاری و مەترسیەوە لە سەر بەرژەوەندیەکانی ئابووری و ئاسایشی نیشتمانی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوڵاتیانی ئەمەریکا و داواکارە زیان لێکەوتووەکان کە بە مەبەست و بە ئاگادارییەوە پەرەیان بە پیلانی تاوانکاری نێو دەوڵەتی و سنووربەزاندن و پێکانی ئامانجە نایاساییەکانیان داوە ، لەوانەش کردەوەی پشتیوانی تیرۆریزمی نێو دەوڵەتی کە داواکارە ناودار وئەوانەی کە ناویان نەهاتووە، لە زنجیرەیەکی بەردەوامی کردار و پێشلکارییەکانی ئاشکریاندا کوشتوویانن یان برینداریان کردوون، بەمەش سەروەری یاسایان تێکداوە و یاسای دەوڵەتان و پەیمانەکان و رێکەوتنەکان و پەیماننامەکانیان پێشێل کردووە.
هەندێک لەو تومەتانەی کە لە دووتووێی سکالانامەکەدا هاتووە ئەمانەن:
٢٠٦/ سەرچاوەی نهێنیە مرۆییەکان ژمارە ٢، ٣ و٤ کە راستەوخۆ دەستیان دەگاتە بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان، پشتڕاستی دەکەنەوە کە رێڕەوی ئەو زانیارییە نهێنیانەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەگەن بە ئێرانیەکان، سیخۆڕێکی ئێرانیە بە ناوی مەسعودەوەیە و خۆی لە ژێر پەردەی کۆمپانیایەکی بیناسازیدا شاردووتەوە. زانیارییە هەستیار و نهێنیەکانی بەرگری و هەواڵگری نیشتمانی ئەمەریکا گەیەندراوە بە رێبەڕی باڵای ئێران. دامەزراوەی بارزانی لە پای هاوبەشکردن و گەیاندنی هەواڵگری و زانیاریە هەستیار و نهێنیەکانی بەرگری نیشتمانی ئەمەریکا بە ئێران کە لە لایەن حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکانەوە کۆکراونەتەوە و خاوەندارێتی کراوە، لەوانەش زانیاری دەزگاکانی کۆمەڵگەی هەواڵگری و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و هەندێ هەنگاوی دیکەش کە بە شێوەیەکی نهێنی یارمەتی ئیرانیان داوە، لە بەرامبەردا ئێران مۆڵەت و هاوکاریی نهێنی داوە بە دامەزراوەی بارزانی بۆ قاچاخکردن بە مادە هۆشبەرە قەدەغەکراوەکان، پارە، نەوت، چەک، کاڵا و خزمەتگوزاریەکانی دیکە بەناو ئەو خاڵە پشکنینانەدا گوزەر بکەن کە لەلایەن پارتی دیمۆکراتی کوردستانی ئیراقەوە بەرێوە دەبرێن و لە ژێر فەرماندەیی و کۆنترۆڵی داوالێکراوان مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی و وەیسی بارزانی دان.
٢٢٥/ سەرچاوە نهێنیە مرۆییەکان ژمارە ١، ٢، ٣، ٤، و ٥ کە راستەوخۆ دەستیان دەگاتە بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان و سەرکردایەتی دامەزراوەی بارزانی رایدەگەیەنن کە داوالێکراوان مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی، وەیسی بارزانی، بریکار و نوێنەرە ژێردەستەکان و هاوپیلانگێڕەکانیان لە دامەزراوەی بارزانی، کە ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی و ئەندامانی بنەماڵە بە رێگای ژن و ژنخوازیەوە، بە ئاگاداری و خوازیاری و مەبەست و بەدەسەنقەست پیلانیان گێڕاوە یان بەشداریان تێدا کردووە و بە دڵڕەقانە هاوکاری سەدام حوسێن و داعش و هاوکارەکانیان کردووە بۆ ئەنجامدانی کردارە بێبەزەییەکانیان دژ بە گەلی کوردی ئیراق تا دەسەڵاتی سیاسی بارزانی فراوانتر بکرێت و دامەزراوەکەیشی بەردەوام بێت لە زیانگەیاندن بە دادخوازان.
٢٣٣/ سەرچاوە نهێنیە مرۆییەکان ژمارە ١، ٢ و ٣ پشڕاستی دەکەنەوە کە داوالێکراو مەسعود بارزانی و بریکار و نوێنەرە ژێردەستەکانیان نزیکەی ٣٠ ئاژانی حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان یان رادەستی سەدام حوسێن-یان کردووە، یان ئاشکرا و پیشانیان داون کە لەوانە ١٣-یان هەڵهاتوون، ئەوانەی ماونەتەوە لەلایەن سەدام حوسێن و سیخۆڕ و نوێنەرەکانیەوە بە کۆمەکی مەسعود بارزانی و سیخۆڕەکانی ئەشکەنجەیان داوە و کوشتیانن.
ئەم بەشە بەم پەندە کوردیە کۆتایی دێنم و چاوەڕوانی بەشەکانی دیکە بن:
ئەگەر گڵۆڵەی تۆ کەوتە لێژی، بە تەما مەبە کەس چاکت بێژی
ئامادەکردن و وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە:
دلێر ئاکرەیی
تیبینی: بە پێی مادەی ١١ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ هەموو داوالێکراوێک بێتاوانە تا تاوانەکەی لە دادگایەکی داپەروەرانەی گەرەنتیکراوی کراوەدا دەسەلمێندرێت.
سەرچاوە:
https://www.newarab.com/sites/default/files/2024-02/Complaint%20%281%29.pdf
بۆ زانیاری زیاتر سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە:
https://www.courtlistener.com/docket/68208106/kurdistan-victims-fund-v-kurdistan-regional-government/
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس