لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

سکالاکەی ئەمریکا

دادگای فیدڕاڵی ناوچەی کۆلومبیای واشنتۆن دی سی

Tuesday, 04.23.2024, 02:13 PM


درێژەی سکاڵاکەی بەرزکراو بۆ دادگای فیدڕاڵی ناوچەی کۆلومبیای واشنتۆن دی سی پایتەخت کە بە دادگای  تێهەڵجوونەی بازنەی ناوچەی کۆلومبیا ناسراوە.

بەشی سێیەم

ئەمانەی خوارەوە ناوی بەشێکی دیکەن لەو ٥٢ تۆمەتبارانەی کە ناویان لە دووتووێی سکاڵانامەکەدا هاتووە:

١- داوالێکراو کەریم سنجاری: وەزیری پێشووی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئیراق ، سەرۆکی پێشووی نووسینگەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و راوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەڵگری رەگەزنامەی سوێدییە و لە هەولێر نیشتەجێیە.

٢- داوالێکراو دلشاد بارزانی: برا و دەستی راستی مەسعود بارزانیە، نوێنەری پارتی دیمۆکراتی کوردستان بووە لە ئەڵمانیا و ئەورۆپا. دوای هەڵهاتنی لە ئەڵمانیا ئێستا لە هەولێر نیشتەجێیە و سوودمەنێکی سەرەکیە لە داهاتەکانی دامەزراوەی بارزانی.

٣- داوالێکراو سیداد بارزانی: پێگەیەکی باڵای لە سەرکردایەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستاندا هەیە و نیشتەجێی هەولێرە.

٤- داوالێکراو سیهاد بارزانی: هەڵگری پلەی جەنەڕاڵە لە ناو هێزی سەربازی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە هەولیر نیشتەجێیە.

٥- داوالێکراو بەیان سامی عەبدلرەحمان: هاوڵاتی بریتانیە، راوێژکاری باڵای سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانیە بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا، لە هەوڵێر نیشتەجێیە.

پێشتر لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ تا  مانگی هەشتی ٢٠٢٣ لە واشنتۆن دی سی پایتەخت نیشتەجێ بووە و  وەکو نوێنەری باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و بریکاری یاسایی مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئیراق بووە. لە چوارچێوەی نووسینگە و کارەکەیدا چالاک و چاپووکانە داکۆکی لە بەرژەوەندیەکانی بارزانی کردووە ، لەوانە  پیادەکردنی چەواشەکاری و  فریودان  لە سەر بەرزترین ئاستی حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی  ئەمەریکا و  لە بەردەم دەزگا وکاربەدەستانی هەمان حکومەت  تا ئەو کۆمەکە دارایی و سەربازییانەی ئەمەریکا بەرەو پێشەوە ببات  کە پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئیراقی دەکرا. راپۆرتی بۆ مەسرور بارزانی بەرز کردووتەوە و هانی داوە  لە گەل داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمەریکا گفتوگۆ بکات، چالاکانەش داکۆکی کردووە لە  بەرژەوەندیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن دی سی پایتەخت . شان بە شانی تۆڕێکی  دەستڕۆیشتەکان هەماهەنگی کردووە و پێگە و شتە لە پێشینەکانی بەرپرسە کوردەکانی  لە سەر بەرزترین ئاستی حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکان بردووتە پێشەوە.

هەروەها بەیان سامی عەبدولرەحمان  نوێنەرایەتی  قەوارە بیانیەکانی کردووە  و بەرێوەیان بردوون، بەناوی ئەوانەوە دانوسانی  زارەکی و نووسراوی کردووە و هەڵوێستەکەیان بۆ خەڵکی ئەمەریکا  و بەرپرسە هەڵبژێردراو و دامەزراوەکانی حکومەتی ئەمەریکا راگەیاندووە. وەکو وتەبێژی بارزانیەکان لە ئەمەریکا بەکار بووە و کارەکانیشی لە نووسینگەیەک راپەڕاندووە کە دەکەوێتە سەر شەقامی ١٦مینی باکووری رۆژاوای واشنتۆن دی سی پایتەخت.

پێشتر بەیان سامی  رۆژنامەوان بووە، هەروەها  نوێنەری باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان  لە بریتانیا و ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان  بووە.

لە بەشێكی دیکەی سکاڵانامەکەدا باس لە ئەنجامدانی چەند تاوانێک دەکرێت کە لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و سیخۆڕ و هێزە تایبەتەکانیان ئەنجام دراون کە بەشێکیان لێرەدا بۆ خوێنەران دەگێڕینەوە هەروەکو لە سکاڵانامەکەدا هاتوون:

١/ کوشتنی کارمەندێکی حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەلایەن دامەزراوەی بارزانیەوە:

سەرچاوە مرۆییە نهێنیەکەی  ژمارە ١ کە لە توانای دایە دەستی بە  شێوەیەکی نهێنی  و راستەوخۆ بگات  بە گەورە کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی  ئیراق رایگەیاند: رووداوێكی گرنگ لە مانگی تەشرینی دووەمی ٢٠٢١  کە بە فەرمانی راستەخۆی مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی ( کە ئەو کاتە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم  بووە) و وەیسی بارزانی ئەنجام دراوە. بە وتەی سەرچاوەکە  هەر سێکیان   بەشداری لە پاڵپشتی و نەخشەکێشان و ئامادەکاری و بەجێگەیاندن یان شاردنەوەی ئەو رووداوە داوە کە کردوویانە. هاوکات بۆ بەدەستهینانی بەرژەوەندی سیاسی یان  ئابووریەوە، پیلانیان داڕشتووە بۆ بە بارمتەگرتن و فڕاندن و کوشتنی ئەفسەرێک کە کارمەندێکی  حکومەتی ئەمەریکا بووە و  ئەرکە فەرمیەکەی راپەڕاندووە ( کە  لیرەدا ناوی نەهێنراوە  تا ژیانی خێزانەکەی لە ئەمەریکا  پارێزراو بێت و نەکەوێتە  بەر سزادانی تیرۆریستیانەی دامەزراوەی بارزانی یان تۆڵە لێکردنەوە بە ئازاردانی جەستەیی و دەروونیەوە).

بە ئاراستەکردن و سەرکردایەتی تومەتبار مەسرور بارزانی، سیخۆڕە ناسراو و نەناسراوەکانی، کارمەندێكی هەواڵگری ئەمەریکیان لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکە فەرمیەکەیدا بە بارمتەیان گرتووە و رفاندوویانە. ئەو کارمەندە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا کەسێكی پارێزراوە. ئەنجامدەرانی تاوانەکە  بە سووربوونی پێشوەختە و چاودێریکردنی ورد، بە ئەنقەست،بە بەدخوازی، بە تەگبیر، بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ، بە مەبەستی فرۆشتن یان سەوداپێکردن لە گەڵ سوپای پاسدارانی ئێران یان  سیخۆڕەکانی دەزگای ئیتیلاعاتی ئیران ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە.

کارمەندەکەی هەواڵگری ئەمەریکی لە کاتی بەبارمتەگرتن و رفانداندا بەرەنگاریان بووەتەوە و دەستی کردووتەوە و داکۆکی لە خۆی کردووە، ئیدی تومەتباران هێزێکی رادە بەدەریان بەکار هێناوە، بە شێوەیەکی دڕندانە و بێبەزەییانە بەربوونەتە گیانی کارمەندەکە و بۆ مردن لێیان داوە، بەک تەنیا ئەمە بەڵكو بە دڵڕەقی و بێڕێزیەکی سنوور بەدەر رەفتاریان بەرامبەر بە شکۆی جەستەی مرۆڤێکی بێ گیانی پڕ زام و داڕووشان و خوێن تێزان کردووە و دواتر تەرمەکەیان فڕێداوە قەراغ رووبارەکەی بارزان و یەکسەر شوێنی رووداوەکەیان بەجێهێشتووە. کارمەندە هەواڵگرییەکەی حکومەتی ئەمەریکا  ژن و مناڵی بە دوای خۆیدا لە ئەمەریکا بەجێ هێشتوون.

٢/ نمونەی دووەم  کوشتنی پێشووتری ئەندامێکی هەواڵگری بەرگری ئەمەریکایە  بە فەرمانی مەسعود بارزانی.

بە پێی ئەو بەڵگانەی لە لای سەرچاوە نهێنیە مرۆییەکانی ژمارە ١ و  ٢ هەن کە پشڕاست کراونەتەوە وسەلمێنراون، کەریم سنجاری رێنمایی بە شێخ زانای داوە  کە ئەندامەکەی هەواڵگری ئەمەریکی بکوژێت. کەریم سنجاریش فەرمانی کوشتنەکەی لەلایەن مەسعود بارزانیەوە پێگەیشتووە.

شێخ زانا کە بە نهێنی ئەندامی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بەئاشکراش ئەندامی برایانی موسڵمان بووە، فەرمانەکەی جێبەجێ کردووە. بۆ ئەو مەبەستەش بۆمبێکی گەورەی ئاخێنراو بە تەقەمەنی بەکار هێناوە. مەسعود بارزانی بۆ بێدەنگکردنی شێخ زانا، تاک-لایەنە و بە بێ رێوشوێنێکی دادوەری یان رێگەپێدان، فەرمانی لە سێدارەدانی داوە.

٣/ نمونەیەکی دیکەی بێهاوتای تاوانەکانی کوشتن لەلایەن تومەتبار وەجیە  موستەفا بارزانی  کە بە شێوەیەکی دڕندانە و بێبەزەییانە ئەنجام دراوە  و سەرچاوە نهێنیە مرۆییەکانی ژمارەی٩ و ١٠  بە چاوی خۆیان بینیوە، بەمشێوەیە دەگێڕێنەوە:

هاوڵاتیانی کورد سوار موحەمەد ئەمین سوار، خەلیل میران، رەشید موحەمەد ئەمین سوار( کە برای سوارە)، موستەفا موحەمەد، عەزیر موستەفا موحەمەد( شۆفێرەکە)، چوونەتە پیرمام لە هاوینەهەواری سەلاحەدین تا مەسرور بارزانی ببینن و داوای هاوکاری لێبکەن،  ئەویش ئەوانی ناردووە بۆ لای مامی خۆی وەجیە موستەفا بارزانی کە فەرماندەی لیوای تایبەتە.

چەند رۆژێک دواتر، نزیکەی ٢٥تا ٣٠ کەس لە بارزانیەکانی هێزە تایبەتیەکەی وەجیە بارزانی کە راستەوخۆ مەسعود بارزانی برای سەرپەشتی دەکات، بە ٨ ئۆتۆمبیلەوە روویان لە کۆمەڵگای سێبیرانی سەر بە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر کردووە تا  فەتاح عیسا و عیسا مەجید دەستبەسەر بکەن.  سێ لەو پیاوانەی کە بەشداریان  لەو کارەدا کردووە و   سیخۆڕی پارتی دیمۆکراتی کوردستانن، ناوەکانیان بەمشێوەیەیە: ئەحمەد عوسمان موحەمەد، موحەمەد جەوهەر حوسێن و موشیر فەریق موحەمەد، بەڵام ناوی بەشدارانی دیکە نەزانراوە.

فەتاح و عیسا کە ناویان لە سەرەوە هاتووە، بە بێ ئاراستەکردنی تۆمەتێکی دەستنیشانکراو، نەک تەنیا بۆ زیندانێکی لیوا تایبەتەکەی وجیە موستەفا بارزانی راپێچ کراون کە لە هاوینەهەواری سەلاحەدینە، بەڵکو لە هەمان ئەو ژوورەش توند کراون کە سوار موحەمەد ئەمین و خەلیل میران بەند کراون و لە رووی جەستەییشەوە مەسعود بارزانی و وەجیە موستەفا بارزانی پەلاماریان داون.

ئەو کاتە غازی حاجی ئاغا میوانی ماڵی خۆشکەکەی ئامینە حاجی ئاغا دەبێت لە هاوینەهەواری سەلاحەدین. ئامینە هاوسەری لوقمان موستەفای برای مەسعود بارزانیە. غازیش بە فەرمانی وەجیە موستەفا بارزانی دەستگیر دەکرێت و راپێچی هەمان زیندان و لە هەمان ژوور توند دەکرێت کە  فەتاح و عیساش لەوێ بەند کراون.

لە سەر فەرمانی مەسعود بارزانی و وەجیهی برای ئەو پیاوانە بەبێ تۆمەت و بێدادگاییکردن بۆ ماوەی ٤٠رۆژ لە زیندانەکەی هاوینەهەواری سەلاحەدیندا  رادەگیرێن کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. دواتر رەشید موحەمەد ئەمین ئازاد دەکرێت و ئەوانی دیکە بۆ شوێنێکی نادیار راپێچ دەکرێن و بۆ هەتاهەتا وون دەکرێن. بەمشێوەیە غازی حاجی ئاغای خاڵی شڤانی کوڕی لوقمانی برای مەسعود بارزانی دیار نەما و هەرگیز نەبینرایەوە.

ئامادەکردن  و وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە:

دلێر ئاکرەیی

تیبینی:   بە پێی مادەی ١١ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ هەموو تۆمەتبارێک بێتاوانە تا  تاوانەکەی لە دادگایەکی داپەروەرانەی گەرەنتیکراوی کراوەدا  دەسەلمێندرێت..

سەرچاوە:

Case 1:24-cv-00278 Document 1 Filed 01/30/24 Page 1 of 332

١/ لاپەڕە ١٣٠و ١٣١

٢/ لاپەڕە ١٣٢

٣/ لاپەڕە  ١٣٤و ١٣٥


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟