وتار
لە یادی تاوانی هەڵەبجەدا: داوای لێبوردن كردن ئەركی حیزبە بەشداربووەەكانی وێرانكردنی شارەكەیە
Wednesday, 03.17.2021, 05:48 PM
لە دیمانەیەكدا تاریق عەزیز دەیگێرێتەوە" تاڵەبانی بە سەدامی وت دەتبەمە لاهای, سەدامیش لە وەڵامدا وتی بڕۆ لای خوا حەقتان بستێنن", گەلی كوردیش بە دەست سەركردە سیاسیەكانیەوە تەنها دەرگای خوایان بە دەستەوە ماوە بۆ سكاڵا كردن و قەرەبوكردنەوەی ستەمەكانیان, ئەویش تەنها تەسكییەی دڵە, دەرگای دادگا لە رویان داخراوە, بۆ دەرخستنی حەقیقەتی تاوانەكان و چارەنووسی خۆشەویستەكانیان و رزگار نەبوونی تاوانباران لە سزا, ستەمكاران مێژوو چۆن بە قازانجیانە ئاواشی دەنووسنەوە, سەیری بیرەوەریەكانیان بكەن, خاڵییە لە هەڵەو تاوان و داوای لێبوردن كردن, دەڵێی مەسیحێكی ئەفسوناوین سیاسیەتیان كردووە, هەمیشە لا رومەتی چەپیان بۆ زلە ئامادەكراوە, دەڵێی رۆستەمێكن لە هەموو جەنگەكان بە بازوی ئەوان سەركەوتن تۆماركراوە, دەلێی ماندیلا و هۆشیمنە و گاندی و لینین و ماركس ... هاوكات هەمووی لەواندا كۆبۆتەوە, هەموو دانا, زانا, مرۆڤ دۆست, یاسا دۆست, زاهید, گیرفان خاڵی,پیشكەوتنخواز و پاڵەوان و ژینگە پەرست, ...... هتد.
ئێمە ئەوە چاك دەزانین وەك چیرۆكی فرانكنشتاین لە جیاتی سەركردە بۆ رزگاری و دادپەروەری كۆمەڵایەتی, دێوە زمەمان بۆ مەرگ و برسێتی بەرهەم هێناوە, گۆڕانكارییە جیهانیەكان نەبوایە, ناوچەكە فڕێ نەدرایەتە ناو روداوە گەرمەكانەوە, ئێستا لە دوای سفرەوە دەبوین ئەگەر چاوەڕوانی بەرهەمی ئەوانمان بكردبایا, گەل لەژێر دەستی سەدام و ئەوانیش لە كەرەج و سەقزو نەغەدە خەریكی قاچاخچێتی و پینەدۆزی و سێۆ رنین خۆیان بوون, لە زۆر بۆنەو كاتدا داوا دەكەین وڵاتان لە پێشیانەوە عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە كورد بكات لە بەرامبەر تاوانەكانی كە لە رابردوودا سەدام حوسێن و ئەوانی دی ئەنجامیان داوە بەرامبەری, داوا دەكەین تاوانباران دادگایی بكرێن ....., داوا دەكەین قەرەبومان بكەنەوە, داوا دەكەین و داوا دەكەینەوە......., كەچی لەملاوە كۆمەڵێكی دیكە لەناو خۆماندا, فەرمانڕەواو دەسترۆیشتوو قسەرۆیشتوو و گیرفان رۆیشتوو, چ ئەوانەی ماون یان ئەوانەی ئۆغریان كردووەو ژیانیان جێ هێشتووە, هەمان داواكاری دەیان گرێتەوە, ئەوەی تاوان بكات, تاوانبارە, تاوان و تاوانبار یەكتر تەواو دەكەن, سنوری جیاكاری نییە بۆ ئەوەی كەسێك تاوان بكات تاوانبار نەبێت, تەنانەت تاوانی مەزنیان ئەنجامداوە, مافی ژیانیان لە مرۆڤەكان بە تاك و بە كۆ لە دەرەوەی دادگا سەندۆتەوە, دیلیان بە پێچەوانەی رێكەوتنامەی جنێف لە بری پابەندی بە كۆمەڵ و تاك كوشتووە, قوماریان بە چارەنووسی هاووڵاتیانی سڤیلەوە كردووە, بە هەڵەكانیان گەلیان بەرەو جینۆسایدكردن و مەرگ بردووە, كەچی هەمان داواكاریی بەرەو رویان ناكەینەوە لەوەی داوای لێبورن بكەن لە قوربانییەكانیان, قسەی هەندێك لە تۆمەتباران هەندێك راستی تێدایە كە دەڵێن ئێمەش وەك ئەوان, لە روی یاساییەوە تاوان هەر یەكە كام بەرەی ناكۆك بیكات, سزا هەر سزایە, پێناسیش بۆ بكەر هەر یەكە, نابێت بە ئەندازەی تاڵە مویەك جیاوازی بكرێت, دادپەروەری لاسەنگ دەبێت, ئەوانیش لە لای خۆیانەوە پێشێلكاری زەقی مافی هاووڵاتیانی كوردستانن و پێویست دەكات لە سزا رزگاریان نەبێت, ئەگەر دەمانەوێت قەرەبووی قوربانیان بكەینەوە و ماف بگەڕێتەوە بۆ مەزڵومان, یاداوەرییەكان وەك حەقیقەت تۆمار بكرێن, دادوەری پارچە پارچە ناكرێت, بەڵكە دادپەروەری پاكێجێكی یەك جەستەیە و تاوانیش هەركێیەك ئەنجامی دابێت سزای یەكەو ناسنامەی خاوەنەكەشی تاوانبارە, لە پلەو پۆست و ئینتماو زۆری هەوادار و پیاو چاكی و لێهاتووی و خۆشەویستی ئێستاو دەسەڵاتی تۆمەتبار, شەرم لە چەپڵەكان ناكات, یاسا بۆ هەمووانە بە یەكسانی و دەبێت هەموو ملكەچ بن بۆی, دەبێت لێكۆڵینەوە لە كۆی مەرگەسات و تاوانەكان بكرێت و هەموو بەرامبەر مێژوو بكرێنەوە, ئەدی ئێمە بە چ رویەكەوە ماف بە خۆمان بدەین داوا لە مرۆڤدۆستانی نەتەوەی سەردەست بكەین دان بە هەقیقەتی تاوانەكاندا بنێت, ئەگەر حەقیقەتی تاوانەكانی ئەوانەی خۆمان بشارینەوە, تاوان بە بنەماكان و یاساكان دەپێورێن, نەك بە كەسایەتی بكەر, تەنانەت دەبێت تاوان رێگری بكات لە دەسەڵات و هێزی كەسی بكەر.
لە ساڵی 2003 بۆ 2004 بۆ یەكەم خول كە تاڵەبانی بوو بە سەرۆك كۆماری عێراق, بابەتێكم نووسی لەسەر ئەوەی سەرۆك داوای لێبوردن بكات لە گەلی كورد لە پای تاوانەكانی هەڵەبجە و ئەنفال و تاوانەكانی دی,پێش ئەوەی ببێتە داواكاری رێكخراوەكان و جەماوەر, چۆن پێ هەڵشاخانێك بەرەو روم بونەوە, تەنانەت ویستیان پەلاماری جەستەیشم بدەن لە ئەوروپا, كە داوای لێبوردنكردن بۆتە نەرێتی باوی سیاسی, ئەمە لە كاتێكدا باسی تاوانەكانی خۆیان ئەو كات بڤە بوو, تەقدیس كردنی سەركردە و بە موقەدەس كردنی هەڵەو تاوانەكان بۆ خۆی كارەساتبارترە لە تاوانەكانی دوژمنان, پێویستە بە یاسا سزای بۆ دابنرێت, نكۆڵیكردن دەروازەی ستەمكاری دەكاتە سەر پشت لە وڵات بۆ داهاتوو, تا رزگار نەبین لەو موقەدەسە رەنگاو رەنگانە, ئەوا كۆیلەداری بە زۆر رەنگ و جۆر دوبارە دەبنەوەو تاوان بەرهەم دەهێننەوە .
قەت سیاسیە دەسترۆیشتوەكانی ئەمرۆی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان ئەم داوایە ناكەن لە دەسەڵاتدارانی بەغدا, بۆ جارێكیش لەسەر مێزی گفتوگۆكانیان باسی لێوە نەكراوە, بگرە ئەوەی رقیان لێی ببێتەوە ئەم دەستەواژەو داواكاریانەیە, چونكە دەترسن پێیان بڵێن لە خۆتانەوە دەست پێبكەن, ئەمانە ستافێكی سیاسین زۆربەیان شارەزاییان لە یاساكان و جاڕنامە گەردونیەكانی مافی مرۆڤ هەیە, ئەوان دەزانن داوای لێبوردن كردن یانی چی؟, بۆچی؟, كەی و لە كوێ بەكار دێت؟, دەزانن دادگاییكردن یانی چی؟, چی بە دوادا دێت؟, دەزانن قەرەبوو كردنەوە چییە و بۆچی دەكرێتەوە؟, دەزانن یاداوەری و دەرخستنی راستیەكان و گەڕانە بە دوای مافدا, ئەوان دەزانن خۆیان چیان چاندووە؟, بۆیە ئارەزوویان لە دورینەوەی نییە, بەم حاڵەتەوە گەل لە كارەساتێكەوە بەردەوام بەرەو كارەساتی گەورەتر دەگوازنەوە.
ئەوان رۆژانە دەبینن لە سەر بڵاو كردنەوەی هەواڵێكی هەڵە لە پانتایی جیهان, داوای لێبوردن لە گوێگران و بینەران و خوێنەران و ماف پێشێلكراوان دەكرێت, دەزانن كە رێزلێنانێك بە هەڵە دەخوێنرێتەوە داوای لێبوردن دەكرێت, دەزانن وشەیەكی ناشرین بە یەكێك دەوترێت دادگا بەر دەرگایان لێدەگرێت, كەچی ئەمان لە رابردوودا تاوانی زۆر گەورەیان كردووە كەچی بێدەنگن, وەك ئەوەی مرۆڤایەتی لە دەیان ساڵی داهاتوو لە گۆڕیان دەر نەهێنێتەوەو دادگایان نەكاتەوە لە سەر رابردوو, وەك دادگاییكردنەكەی عەبدوالمەلیك بن مەروان, ئەبو العباسی سەفاح و تەنانەت كۆڵۆمبس و هەموو ئەوانەی پشكدار بوونە لە كۆیلەداری, دەزانن روداوێكی وەك جۆرج فلۆید هەموویان لە مێژوودا رادەماڵێت.... دەزانن ئەو تاوانانەی كردویانە قورس و نێونەتەوەین و تێپەڕبوونی كات و گۆڕینی شوێن هەر بە زیندویی دەیان دەهێڵێتەوە, كەمیش نین ئەو سیاسی و تۆمەتبارانەی دوای مردنیشیان مێژووە دروستكراوەكان و چەپَڵەكان دادیان نادات و بە تاوانبار خراونەتەوە ناو مێژوەوە, دەزانن ئەوان خەڵكیان بێ دادگایی بەرەو مەرگ رەوانە كردووە, رێزیان لە پەیمانامەو پرۆتۆكۆڵە جیهانیەكان تایبەت بە مرۆڤ و دیلەكانی جەنگ نەگرتووە, بە كۆمەڵ دیلیان لەسەر ناسنامەی سیاسی كوشتووە, خەڵكیان وەك قەڵغانی مرۆیی لە جەنگەكاندا بەكار هێناوە, بانكیان تاڵان كردووە, پێش سوپای وڵاتان كەوتوونەو هاووڵاتیانی سڤیلیان فڕێ داوەتە ناو جهەنەمی جەنگەوە, شەڕی درێژ خایەنی ناوخۆییان هەڵگیرساندووەو بە بلۆك سەری دیلیان پان كردۆتەوەو بە تەور لە سەری زیندانیان داوە, سەدانیان بێ سەروشوێنكردووە, زمانی قسەكردن و پەنجەی نووسینیان بڕیوەتەوە, سامانی سەر زەمینی و ژێر زەمینیان تاڵان كردووە, مناڵ و نەوەكانیان كردووە بە دێوەزمەی داهاتوو ...... ئەرێ گەلۆ لە سەردەمی داوای لێبوردنەكان كە ئەمرۆ تیایدا دەژێین هەموو ئەوانە وەك ئەركێكی ئەخلاقی و سیاسی هەقی داوای لێبوردنكردنیان نییە؟؟, ئەرێ ئەوان مەزنترن یان پاپای ڤاتیكان هەر رۆژەی لەسەر كردارو بۆچونێكی موقەدەسی رابردوو داوای لێبوردن دەكات, كە بۆ خودی خۆشی ئەنجامیانی نەداوە, ئەو نەرێتانەی دوێنێ موقەدەس بوون, ئەمڕۆ پیرۆزییان لە دەست داوە, هەموو موقەدەسەكانی ئەمرۆش سبەینێ پیرۆزییەكانیان لە دەست دەدەن و روی تاوانەكان هەڵدەماڵدرێن.
راستە سیاسیەكان بە تایبەت كوردەكان خۆیان بە زیرەكترین و لێهاتوترین و نمونەی باڵا دەزانن, دەروێشەكانیشیان كە لە خەڵوەتدا خەریكی سەربادانن, سەربادان هەمیشە عەقڵ لە مرۆڤەكان وەردەگرێتەوە.
ئەگەر ئەوان رۆژانە داوای لێبوردن لە هاوسەرو مەعشوق و منداڵەكانی خۆیان لە بەرامبەر بچوكترین و بێبایەخترین شتدا دەكەن, ئەوا پێویستە لە بەرامبەر ئازارێكی قورس كە بە بەرامبەرەكان و بنەماڵەكانیانیان گەیاندووە داوای لێبوردن بكەن, ئیتر نهێنی نەبوونی بوونی نەرێتی ئاوا لە كۆمەڵگای ئێمە لەمڕۆدا ئاسایی بێت ئەوا بۆ سبەی كەماسییەكی گەورەیە, خاوەنەكانیان دادگایی دەكات ,
نهێنیەكانیان هەموو كات بە شاراوەیی نامێننەوە, گەلیش مافی خۆیەتی بێبەری نەكرێت لە زانینی راستییەكان و گەیشتن بە دادپەروەری, نەخوازەلا بنەماڵەی قوربانیان.
تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا داوای لێبوردنی لەسەردەمی كۆیلەداری كرد لە ساڵی 2006, هەرچەندە نەك خۆی بەشدار نەبووە تیایدا, بگرە زیاتر لە 185 ساڵە لە وڵاتەكەی هەڵوەشاوەتەوە, غۆردن براون لە 2010 داوای لێبوردنی لە ناردنی دەیان هەزار منداڵی بەریتانی بە زۆر بۆ ئوسترالیاو نیوزلەندە كرد, دیڤید كامیرۆن داوای لێبوردنی لە قوربانیانی یاریەكەی ساڵی 1989ی هیلیسبیرۆ كرد, ئیبرام نیكۆڵن سەرۆكی پێشوی ئەمەریكا داوای لێبوردنی لەسەر جەنگی ناوخۆیی كرد, ریتچارد نیكسۆن داوای لێبوردنی لە واتەر غێت كرد و بەو هۆكارە دەستیشی لەكار كێشایەوە, ریگان لەسەر ئێران گێت داوای لێبوردنی كرد, كیلنتۆن كە گەورە دەوڵەمەندانی ۆڵ ستریتی داوەتی كۆشكی سپی كرد بۆ كۆكرنەوەی بەخشش بۆ پارتی دیموكرات كە زانرا داوای لێبوردنی كرد, كیسنجەر لەسەر هاوكاری ئەمەریكا بە كودەتا چییەكانی شیلی بە سەرۆكایەتی بینۆتشە داوای لێبوردنی كرد, كە تا ئێستا لە دادگای شیلی داواكراوە بە تۆمەتی هاوكاری كودەتا بەسەر حكومەتی چەپگەرای شیلی بە سەرۆكایەتی سیلفادۆر ئەلیندی, وەلێ ئامادەی دادگا نابێت, دیكلیرك و ماندێلا داوای لێبوردنیان كرد, دیكلیرك لەسەر سیاسەتی ئاپارتاید, ماندیلاش لە بەرامبەر ئەو بێتاوانانەی بونە قوربانی لەسەردەمی خەباتی چەكداری, كەچی خۆیان كۆتاییان بە ئاپارتایدو زەبروزەنگ هێنا,حكومەتی كەنەداو ئوسترالیا داوای لێبوردنیان لە كۆمەڵكوژی هاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیاو كەنەدا كرد, بە گشتی سەردەمی ئێستا سەردەمی دادگایی سەركردەكانە لەسەر تاوانەكانی رابردوو و داوای لێبوردنیانە لەبەرامبەر پێشێلیە زەقەكان چ ئەوانەی خۆیان كردویانە یاخود بەهۆی دەسەڵاتەوە بۆیان ماوەتەوە.
سیاسییە دەسترۆیشتوەكانی كوردیش مردووەكان فریا نەكەوتن و هەلەكەیان لەدەست چوو,ئەوانەی ماون پێش ئەوەی نەوەكانی داهاتوو لە گۆڕەكانیان دەریان بهێنن و دادگاییان بكەن, خۆیان دان بە راستیەكاندا بنێن و داوای لێبوردن بكەن و ئیعتیبار بۆ قوربانیەكانیان بگەڕێننەوەو زەرەر مەندان قەرەبوو بكەنەوەو رێز لە یاداوەریان بگرن و مۆنمێنتیان بۆ دروست بكەن و چیرۆكی تاوانەكان بكەنە ناو یاداوەرییانەوەو راستییەكان ئاشكرا بكەن.
دەبێت مێژوو وەك خۆی قەبوڵ بكەین, نەك وەك ئەوەی لە یاداوەری سیاسیەكان نوسراونەتەوە, نابێت راستیەكان بشێوێنرێت, هاشا لە تاوانەكان بكرێت, لادەرانی مێژوو تاسەر ناتوانن خۆڵ بكەنە چاوی راستیەكانەوە, هەر كەسێك هەڵەی كرد پێویستە دان بە هەڵەكەیدا بنێت و داوای لێبوردن بكات پلە و پۆستی هەرچیەك بێت و دەسەڵاتی سیاسی و مەعنەوی چەندە گەورە بێت,پێویستە بەرەو روی مێژوو ببینەوە لە هەموو كاتەكان ,پێویستە راستی بە گەل بوترێت, ئەم پێویستیانە هیچی لە لایەن سیاسیەكانی كوردەوە بە تایبەت دەسەڵاتدارانەوە جێ بەجێ نەكراوە, مێژوو هەر ئەو بەشە نییە ئەوان یاداشتیان كردووە, بەڵكە بەشە گەورەكەی لای قوربانیانە, ئەوەش لە داهاتوودا پشكنینی بۆ دەكرێت, مێژوو وەك هەر زانست بەردەوام لە گۆڕانە لە دوای گەیشتن بە حەقیقەتی نوێ.
پێویستە لە یاداوەری هەڵەبجەوە, لە هێنانی پاسدارو رێگا گرتن لە دەرباز بوونی خەڵك و تاڵانكردنی بانكەكەی تا تاڵان و بڕۆی قوربانیان و ..... دەست پێ بكرێت, لەم یادەدا هەموو بەشداربووان لەو مەرگە ساتە داوای لێبورن لە قوربانیان و شاری هەڵەبجە بكەن و قەرەبووی زیان لێكەوتووان بكەنەوەو نهێنیە شارەوەكانی ئەو رۆژگارە ئاشكرا بكەن .
هەڵەبجە تاوانێكی هەتیووە, بێ باوكە, دەبێت بە باوكەكانی ئاشت بكرێتەوەو راستییە تاڵەكانی ئاشكرا بكرێن, هەموو ئەوانەی بەشێك بوونە لە تاوانەكە جارێكی دیكە بهێنرێنە بەردەم دادگاییكردن, هیچ بەهانەیەك بۆ راكردن لە رابردوو نییە, چونكە داهاتوو قەبوڵی ناكات.
پێویستە بە مێژوودا بچینەوە, هەڵەبجە ئازاد نەكرا, بگرە وێرانكرا, هێزی وێرنكەر پێویستە بەرەو روی دادگا بكرێتەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس