لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

وردەکاری تاڵانفرۆشکردنی نەوتی خاوی کوردستان بە ژمارەیەک کۆمپانیاو بازرگانی نزیک لە پارتی و یەکێتی

Monday, 04.15.2024, 04:32 PM




دوای ئەوەی لە ٢٥\٣\٢٠٢٣ تورکیا بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیای داخست و ئیتر نەیتوانی رێگە بەهەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی کوردستان بدات لە رێگەی بەندەری جیهانەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە خێرایی و لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکانی رازیکرد بەوەی لە بەرهەمهێنان نەوەستن، بەڵام ئەمجارە بەرهەمەکەیان لە بازاڕە ناوخۆییەکانی کوردستاندا ساغ بکەنەوە تا ئەو رۆژەی تورکیاو عێراق رێک-دەکەون و هەناردەکردنەوەی نەوتەکە بە بۆڕی دەست پێدەکاتەوە. کۆمپانیا بیانییەکان (ئەوانەی کە نەوتی کوردستان بەرهەمدەهێنن رازی بوون بەم مامەڵەیە بەوهیوای کە لە ماوەیەکی کورتدا بگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان و هەناردەکردن بە بۆڕی دەست پێ بکاتەوە.) بەڵام ئەم خەونەیان هەرگیز نەهاتەدی، لە راستیدا ترسیشیان هەیە لەوەی کە پارتی و کۆمپانیاکانی رێگە بە هەنارداکردنی بۆڕی نەدەنەوە جارێکی تر چونکە قازانجێکی خەیاڵییان دەست دەکەوێت لەو دۆخە تازەی داخستنی بۆڕیەکە دروستی کردوو.
ئەم کۆمپانیانە لە ئێستادا نزیکەی $٤٠ دۆلار قازانج دەکەن لە فرۆشتن و ساغکردنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان، لە کاتێکدا نەوتەکە دەکڕن بە $٣١ تا $٣٣ بۆ هەر بەرمیلێک، نزیکەی سێ-یەکی نرخی بازاڕە.

بە پێی هەندێک تەقدیراتی سەرەتایی، کە لە سەر بنەمای قەبارەی پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان و نرخی ئەمڕۆی نەوت و نرخەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئەنجامدراوە، ئەگەر نرخی ١ بەرمیل نەوتی برێنت وەک ئەمڕۆ لە $٩٠ دۆلاردا بمێنێتەوە؛ ئەوا:

- کۆمپانیاکانی پارتی و یەکێتی(کە لەخوارەوە ناویان هاتووە) ٤٠ تا ٤٣ دۆلار قازانج دەکەن لە کڕین و فرۆشتنی هەر بەرمیلێک لە نەوتەکە.


- کۆمپانیا نەوتیە بیانییەکان، ئەوانەی کە نەوتەکە بەرهەم دەهێنن و گڕێبەستی هاوبەشی بەرهەمیان هەیە، نزیکەی$١٠ دۆلاریان دەست دەکەوێت وەک قازانج، $١٥یش بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و قەرزە کۆنەکانیان (بە گشتی $٢٥).


- حکومەتی هەرێمیش نزیکەی $٥ دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە. 



مانگی ٣\٢٠٢٤، تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو رۆژانە لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بووە لە رۆژێکدا. لەم بڕە نزیکەی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە هەر لە کوردستاندا پاڵێوراوەو دواتر بەرهەمە پاڵێوراوەکانی (بەنزینی سۆپەرو موحەسەن و نۆرمال، گاز، نافتا، نەوتەرەشە (HFO)، قیرو..هتد) هەناردەی بازاڕە جیهانیەکان کراوە بە تانکەر و لە رێگای ئێران و تورکیاوە. ئینجا نزیکەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەش بە خاوی نێردراوە بۆ بەندەری فوجەیرای دوبەی (لەرێگەی بەندەر-ئیمامی ئێرانەوە)، ئەم خاوە بە مەنفێستی ساختەی نافتاو نەوتە رەشەوە لە مەرزی پەروێزخان و باشماخەوە نێردراوە بۆ دوبەی لە ڕێگای کۆمپانیایەکی سەربە قەیوان گروپەوە کە ناوی ئاوت-پوت ە(Output).

بە گشتی وەزارەتی سامانە سروشیەکان، لە سەر حسابی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتی کوردستان (ئەوانەی سەرکارن و گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمیان هەیە) نەوتی کوردستان هەرزانفرۆش دەکات بە ژمارەیەک کۆمپانیاو بازرگانی پارتی و یەکێتی کە هەندێکیان (وەک رۆماکس) لە لیستی سزادراوەکانی ئیدارەی ئەمریکان بەهۆی تاوانە نێودەوڵەتیەکانیانەوە.
ئەم وەزارەتە لە ڕێگای پرۆسەیەکی بە موزایەدەکردن (tendering) ەوە، پاڵاوگە سەرەکیەکانی وەک لانازی مەنسور بارزانی، کەڵەک-ی کار گروپ و بازیان-ی قەیوان گروپ لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای بازرگانی نەوت بانگهێشت دەکات بۆ کڕینی نەوتی خاوی هەر کێڵگەیەک. وەزارەتەکە هەر خۆی نرخ و کڕیار دیاری دەکات لە ناو ئەم کۆمپانیانەدا و رێگە نادات هیچ کەسی تر بێتە ناو ئەم پرۆسەی کڕین و فرۆشتنەکەوە.
ئەم کۆمپانیانە یەک بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان دەکڕن بە نزیکەی $٣١، بە تانکەر دەیگوازنەوە بۆ بەندەر ئیمام لە ئێران و ئینجا بەندەری فوجەیرا لە دوبەی بە $١٦، دەرەنجام بە نرخی بازاڕ لە فوجەیرا دەیفرۆشن، هەفتەی پێشوو یەک بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان بە $٨٣ فرۆشراوە لە فوجەیرا. بەشی هەرە زۆری نەوتەکە لە کوردستان دەپاڵێورێت و دواتر بەرهەمە نەوتییەکان (نەوتە رەشە (HFO)، نافتا، گازۆیل، بەنزین و گازی ئاسایی) هەناردەی دوبەی و تورکیاو وڵاتانی ئاسیا دەکرێت و لەوێ بە نرخی بازاڕ دەیفرۆشن.
بەشی هەرە زۆری نەوتەکە (نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا) دەدرێت بە پاڵاوگەکانی لاناز و کەڵەک (کە هی مەنسور بارزانی و کار-گروپن. ئینجا نزیکەی ٢٥ هەزار بەرمیل نەوت و کۆندێنسەیتی رۆژانەش دەدرێت بە پاڵاوگەکانی بازیان و دوکان (کە هی یەکێتی-ن).
بەتەنیشت ئەم پاڵاوگانەوە، ژمارەیەک کۆمپانیای بازرگانییان دروست کردووە بۆ کڕین و فرۆشتنی ئەم نەوتە هەرزانە، ئەمە لیستی ناوەکانیانە:
1- بزنس-یونیکۆر (Business Umicore)، ئەمە بەشێکە لە ستێرگروپی مەسرور بارزانی، یەکەم کۆمپانیا بوو بۆ ئەم بازرگانیە تایبەتە دروستکرا لە سەرتای مانگی٤\٢٠٢٣ەوە تا ئێستا بەردەوامە. بەشی هەرە زۆری ئەو نەوتە خاوەی کە دەفرۆشرێتە پاڵاوگە بچوکەکان لەلایەن ئەمەوە دابین دەکرێت.
2- رۆماکس (Romax)، ئەم کۆمپانیا ئەگەر چی وەک سویسری خۆی ناساندووە، هی رایمۆند رەحمە و تێدی رەحمە یە، کە دوو برای لبنانی ین لەلایەن خەزانەی ئەمریکاوە سزادراون بەهۆی تێوەگلانیان لە گەندەڵی و ساغکردنەوەی نەوتی خراپ لە لبنان کە بوە هۆی خراپکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەو وڵاتە. کۆمپانیایەکی ئەم دوو برا بە ناوی (ZR Energy DMCC) بە پشتیوانی وەزارەتی کارەبای لبنانی گرێبەستی دابینکردنی سوتەمەنی وێستگەکانی کارەبای لبنانی بەدەست هێنا، بەڵام دوای زۆربەی وێستگەکان توشی داخورانی ناوەکی و کێشەی گەورەی تەکنیکی بوون بەهۆی خراپی سوتەمەنیەکەی برایانی رەحمەوە. هاوکات، ئەمانە وەک شێخ-جەعفەرو سیروان بارزانی لە لبنان بەوە ناسراون کە پیاوکوژ و گروپی چەکداری تایبەت بە خۆیانیان هەیە، هەرگیز دەزگاکانی لبنان نەیانتوانی سزایان بدەن یان سنورێک بۆنفوز دەسەڵاتەکەیان دابنێن، ئەوەبوو لە رێگای لۆبی سعودییەکانەوە توانیان وا لە خەزانەی ئەمریکا بکەن سزایان بدات، ئەمە بڕیاری سزاکەیانە. https://home.treasury.gov/news/press-releases/jy1384
جگە لە بازرگانی نەوت، رایمۆند رەحمە ئەندامی بۆردی کۆرەک-تێلیکۆمە، کە سیروان بارزانی زۆرینەی پشکەکانی هەیە.
ماوەیەک پێش ئێستا، رۆماکس نزیکەی ٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی ئەتروشی لە کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کڕی، بەڵام بێ ئەوەی نەوتەکە ببینێت فرۆشتی بە کارگروپ، کە خاوەنی ئەو بۆڕیەیە لە دهۆکەوە نەوتەکەی پێ گواستەوە بۆ پاڵاوگەی کەڵەک و هەر خۆیشی خاوەنی ئەم پاڵاوگەیە. لێرەدا هیچ پێویست نەبوو نەوتەکە بفرۆشرێتە رۆماکس لە کاتێکدا کار گروپ هەر خۆی دەیتوانی راستەوخۆ لە وەزارەت و کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی بیکڕێت. رۆماکس هێنرایە ناو پرۆسەکەوە بەس بۆ ئەوەی شتێک قازانج و پارەی زیادە بۆ پارتی دابین بکرێت لە رێگای برایانی رەحمە-وە.
3- ئاوتپوت (Output) ئەم کۆمپانیا هی قەیوان گروپە بە بۆ بازرگانیکردنی نەوتی خاو لە دهۆک و هەولێر. ئەمە رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە گواستنەوەی زۆربەی ئەو نەوتەی کە بە خاوی و بە مەنەفێستی ساختەوە لە هەرێمی کوردستانەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری فوجەیرا لە دوبەی. قەیوان گروپ رۆژانە ١٠ هەزار بەرمیل نەوتی سەرقەڵاو زیاتر لە ١٥ هەزار بەرمیل کۆندێنسەیتی کۆرۆمۆریش دەکڕێت، کە ئەمانە بە زۆری دەفرۆشێتە مەسفای دوکان و مەسفاکانی تری لای عەربەت و تانجەرۆ. قەیوان گروپ تەنها کۆمپانیایە کە لەیەک کاتدا کار بۆ پارتی و یەکێتیش دەکات، ئەوانی تر تەنها لە زۆنی زەرد کار دەکەن، یان لە زۆنی سەوز.
4- مەکاو (Macao)، ئەم کۆمپانیا سەربە کار گروپە و بەشێکی ئەو نەوتە خاوەی کە دەفرۆشرێتە پاڵاوگە بچوکەکان لەلایەن ئەمەوە دابین دەکرێت. 
بە گشتی نەوتی کوردستان لە لایەن ئەم پالاوگەو کۆمپانیانەوە کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، بە خاوی یان وەک بەرهەمە نەوتیەکان رەوانەی بازاڕەکانی د ەرەوەی کوردستان دەکرێت. ئێستاش مەترسی هەیە کە لە ژێر کاریگەری و نفوزی ئەم کۆمپانیانە ( کە زۆر بە ئاسانی کار لە بڕیاری مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەکەن) رێگە نەدرێت رێکەوتن لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتیە بیانیەکان سەربگرێت، چونکە ئەو قازانجەی لەم دۆخەی ئێستادا دەستیان دەکەوێت زۆر زیاترە لەوەی کە لە هەر بازاڕو بازرگانییەکی تردا دەستیان بکەوێت.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟