وتار
خۆپیشاندان لەبەرامبەر کام دەسەڵاتدا؟
Tuesday, 08.25.2020, 06:25 PM
شێوازی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستاندا ڕەنگدانەوەی ئەو پاشخان و عەقڵیەت و کەلتورە دەسەڵاتخوازییە، لەسەر هیچ چەشنە ئەساس و بناغەیەکی زانستی دروست نەبووە ، بەڵکو حکومڕانیەکەی بارگاوییە بە فەرەهەنگی دۆگمای خێڵ و موقەدەساتی سیاسی و کەڵکەڵەی خۆسەپێنی و بوغز و ڕق و سەپاندنی سیاسەتی تاکڕەوی و کوشتنی دەنگە ئازادەکان و بێ ڕێزیکردنی بە ئیرادەی و کەرامەتی هاوڵاتیانە.
بەداخەوە لەئێستادا ڕێک دۆخی هاوڵاتیان گەیشتووە بە ئاستی شەڕی بێ ئامانی سایکۆلۆژیای و شکاندنی شکۆی خۆپێشاندەڕانی کوردستان، بەجۆڕێکی دەبینن لەسەرەتاترین ماف و ئیمتیازاتە ڕەواکانیان مەحرووم کراون...
بێگومان گەر سەرەنج له ڕەفتار و ئەدگاری دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بدین، دەکرێت لەڕوانگەی ستەمکارترین و ناشیرینترین حکومڕانی ناو مێژووەوە وێنا و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
ئەگەر دەسەڵاتێک هەڵگری ئەو جۆڕە لەفۆرم و مۆدێلی حکومڕانی بێت چۆن دەڕوانێتە خواست و ئێرادەی خوپێشاندەران؟ یان ڕەوایەتی پیادەکردنی دەسەڵاتی چییە و دەبێت چۆن بێت؟
بەو واتایە دێت دەسەڵاتی سیاسی ڕێکخراو و سیستماتیزکراو، ڕوڵە دیاریکراوەکان ، بەرپرسیارێتیەکانە لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی مافەکان و دابینکردنی ئاسایشی و ئارامی هاوڵاتیان و ڕێزگرتن لە خواست و ئیرادەی زۆرینه.. ئەم شێوە دەسەڵاتە لەهەناوی بژاردەی شەرعی و خەڵکسارییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام دەسەڵات لەکوردستاندا پێچەوانەی ئەمەیە و تەواو دیکتاتۆرە.
لەوباریەوە خەڵکی کوردستان ئەزمونێکی تاڵیان لەگەڵ دەسەڵاتدارییەتی هەرێمدا هەیە، لەشاروشارۆچکەکاندا دەیان حۆپێشاندان و گردبوونە کراوە. لەبری گوێگرتن و ڕێزگرتن لە داوا و خواستی خوپێشاندەران، ئەنجامەکە بەوە کۆتای هاتووە هێزەکان ئاسایش و پۆلیس زۆر دڵڕەقانە کەوتنەتە گیانی خۆپێشاندەران و بەتەقەکردن و لێدان و توند وتیژی وەڵامیانداونەتەوە.
هەڵبەتە لەم سۆنگەیەوە خۆپێشاندان و گردبوونەوەی چین و توێژەکان و گوێگرتن و وەڵامدانەوە و نەدانەوەی داواکارییەکان پەیوەستە بەسروشت و جۆری سیستمی حکومڕانی وڵاتەوە.، وەک وتمان سروشتی و سیستمی دەسەڵاتی هەرێم لەچەشنی هەر نامۆڕاڵ و نابەرپرسیار و گەندەڵ و ستەمگەری و فۆرمە سەدامیەکەیە، کەواتە لێرەدا کردار و سیاسەتی ئەم گرووپی دەسەڵات ئەومان پێدەڵێت کە خۆپێشاندن و ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان لەکوردستاندا بێمانایە و بەچاوی بێبایەخ و ئەوپەڕی بێڕێزییەوە لێدەڕوانێت و بەلولەی تەفەنگ خۆپشاندەران خەڵتانی خوێن دەکەین ، یان چالاکەوانان ڕاپێچی زیندان دەکرێن و بەترسناکترین شێوە ئەشکەنجەی جەستەی و دەروونی دەبنەوە.
لێرەدا گرنگە خەڵک و هەمومان باش ئەو ڕاستیه بزانن دەسەڵاتداریتی هەرێم ئەو ئومێدی لێناکرێت ڕێز لە خۆپشاندانی مەدەنیانەی هاوڵاتیان بگرێت و وەڵام بەداخوازییەکان خۆپێشاندەر بداتەوە، چونکە دەسەڵات فاسادە و ڕەفتاری دیکتاتۆرانەیە و تەنها دەربەستی مانەوەی کورسی و پاراستنی دەسەڵاتەکەیەتی. دواجار هەم باکی بەژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان نییە و هەم لەهەمو بەرپرسیارییتی نیشتیمانی و ئەخلاقی داماڵڕاوە..
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس