وتار
بەڵێ ڕاستە ، جەلال تاڵەبانی تاریق ڕەمەزانی ئازاد کرد
Friday, 03.19.2021, 05:50 PM
ڕۆژی ١٦/٣ لە دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە کارەساتی هەڵەبجە ،پەرلەمانتار شیرین ئەمین باسی مەرەخەس کردنی تاوانبار [تاریق ڕەمەزان]ی کرد کە بەفەرمانی[جەلال تالەبانی] ئازادکرا.
کۆیلەکانی یەکێتی ئەم ڕەخنەیان پێ هەرس نەکراو پەلاماری شیرین خانیان دا.
ئەم کارە زۆر بە خراپی بەسەر یەکێتیدا شکایەوە، بەرەڵاکردنی تاوانبار بووە مانشێتی زۆربەی ماڵپەڕەکان کە بە بەڵگەو وێنەوە سەڵماندیان ئەو تاوانبارە بەفەرمانی جەلال تاڵەبانی ئازادکراوە.هاوکات لەفەیسبووکیش بووە بابەتی گەرمی ڕۆژ.
ئەودەمەی لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٧ تاوانبار تاریق ڕەمەزان ئازادکرا ئێمە لە ڕێکخراوی {چاک} بەیاننامەیەکمان دژ بەو کارە دەرکرد ،هاوکات لە هەڵەبجەو هەندێک باژێڕی ئەوروپا بەخۆپیشاندان پرۆتێستی ئازادکردنی فڕۆکەوانی تاوانبارمان کرد. هەر دوای ئەو کارانەی [چاک] کەوتینە بەر شاڵاوی هەڕەشەو سوکایەتی یەکێتیەکانی نیشتەجێی ئەوروپا، بەوەی ئێمە بۆمان نیە ڕەخنە لە [فەخامەتی ڕەئیس] بگرین.
هەر لەو دەمەدا تەلەفۆنم بۆ سەیفەدین بەرپرسی ئاسایشی گشتی کرد،ڕاستەوخۆ وەڵامی نەدامەوە بەڵکو پاش چەند خولەکێک تەلەفۆنێم بۆهات ،کەسەکە گووتی من سکرتێری کاک سەیفەدینم فەرموو چیت دەوێت ،[دڵنیابووم کە خودی خۆیەتی] بەڵام وەک سکرتێر قەبوڵم کرد ،گووتم بەکاک سەیفەدین بڵێ ئەم ئیهانەیە قەبوڵ نەکات کە مام پێی کردوە و گەر دەیەوێت کەرامەتی خۆی بپارێزێت با دەست لەکار بکێشێتەوە ،سیناریۆی ڕاکردن زۆر لاوازە و کەس بڕواتان پێناکات ،خۆ سلیمانی جەنگەلەکانی ئەمازۆن نیە کەسێک خۆی تێدا وون بکات و نەدۆزرێتەوە،ئێوە پشیلەیەش لەدەستان قورتار نابێت چ جای مرۆڤێکی تاوانبار،ئەمە سوکایەتیە بەکاک سەیفەدین، بەئاسایش بە یەکێتی کە ئاسایش دەبات بە ڕێوە. گووتم حەقیقەت هەر دەردەکەوێت جا ئەوکاتە بە چ ڕوویەکەوە باسی ئەو دۆسیەدەکەن؟ پاشان گووتی سوپاس قسەکانت بە کاک سەیفەدین دەگەیەنم.
جەلال تاڵەبانی بەو کارەی زامی هەڵەبجەییەکانی کولاندەوە، بێڕێزی بە گیانی شەهیدەکان کرد،خەڵکی تووڕەکرد، یاساشکێنی کرد ،بەوەی ئازادکردنی تاوانبار لە دەسەڵاتی دادگادایە نەک ئەو ،جودی خۆی یاسای خوێندوە بەڵام بێڕێزی بە یاساکرد.
زۆر بەمان دەزانین جەلال تاڵەبانی بۆ خۆشیرینکردن لە کن دوژمن و نەیارانی کورد هەموو کارێکی دژ بە خواستی گەلەکەی کردوە ،کە ئەمانە چەند نمونەیەکن:
پێشنیار بۆ هەموو ئەندامانی خێزانی سەددامی فاشی تا لە سلیمانی بژین.
کۆبوونەوە لەگەڵ زۆربەی فڕۆکەوانەکانی سەردەمی سەددام و پێشنیار بۆیان کە لە کوردستان ژیانیان پارێزراو دەبێت گەر بخوازن لەوێ بژین چونکە ئیتلاعاتی ئێرانی کەوتبووە کوشتنیان.
پێشنیاری نیشتەجێ بوون لە کوردستان بۆ تاوانبار ماهر عبدڕشیدو چەندین سەرکردەی تاوانباری بەعس.
واژۆنەکردن وەک سەرۆک کۆماری عێراق بۆ لەسێدارەدانی سەددام.
داواکردن لە خێزانە هاوردەکراوەکانی نیشتەجێی کەرکوک تا بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان و ترسیان لە هیچ نەبێت، چونکە پاش ئەوەی کەسەدام ڕووخا زۆرێک لەو خێزانانە لەترسی تۆڵەکردنەوە کەرکوکیان جێهێشت.
دڵنیام ئەوانەی بەناو هێنانی تالەبانی بە نەگەتیڤ بێزار دەبن ،زۆر باش دەزانن کە تاریق ڕەمەزان بەفەرمانی ئەو ئازاد کراوە، ئیتر پینەوپەڕۆکردن بێسودە بۆیە چاکتربوو بۆیان بەشەرمەزاریەوە سەری خۆیان کزبکردایەو بێدەنگ بوونایە لە ئاست ئەو کارەی مامەکەیان .
ئەوە ماوە بڵێم ئەز ڕێز لە هیچ سەرکردەیەک ناگرم و هیچ کەس بە ڕەمز و موقەدەس و پارێزراو لە ڕەخنە ناناسم [زیندو یا کۆچکردو] ،بەتایبەت گەر ئەو کەسە ڕێز لە قوربانیانی گەلەکەی نەگرێت و ئاواتی [هەڵەبجەیەکی تر] بخوازێت.
سەرنج/
ئەمەی خوارەوە بڕگەیەکی سەلمێنەرە لە قسەکانی تاوانبار تاریق ڕەمەزان کە بۆ دەزگای[ئیرۆ کورد] بەر لە چەندین ساڵ گووتوویەتی.
[له 28/10/2007 ، پاسهوانێك بردمی بۆلای حاجی جهمال(سكرتێری مامۆستا سهیفهدین)و ئهویش ووتی:”كاك تاریق برۆن بۆلای سهیفهدین.” كاتێك گهشتینه ئۆفیسهكهی سهیفهدین براكهشم لهوێبوو. سهیفهدین ووتی: “كاك تاریق پیرۆزه،مام جهلال فهرمانی پێداوم كهتۆ ئازادكهم، بهڵام من چهند داواكارییهكهم ههیه، دهمهوێت سهرو ریشت كورتكهیتهوهو ههندێك شیربخۆیتهوه بهرلهوهی زیندان بهجێبێڵیت".]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس