وتار
لاهور جەنگی باڵۆنێکی فوتێکراو بو و فشکرایەوە....
Saturday, 07.17.2021, 12:20 AM
هەمو ڕوداوێک جگە لەکارلێکە نەرێنیەکانی، کاریگەری ئەرێنیشی هەیە، بۆ نمونە لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەی ئەو ڕوداوەی ئیدی سیناریۆ بێت یان ڕاست لەنێوان ئامۆزا و ڕێگرەکانی بنەماڵەی جەنگی و تاڵەبانی ڕویدا، دەمامکی ڕوی زۆرینەی بە پارە کڕدراوەکانی لاهور جەنگی کەوت و ڕاستەوخۆ لەفەیسبوکەوە یان بە وەرگرتنی زانیاری ئاشکرا بون، بۆ نمونە بەشێک لەوانەی ناویان ناڕازیی و تۆراوەکانی گۆڕانە و بە بیانوی ئەوەی بزوتنەوەکەیان لەخەتی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا لایداوە و دژی ستەمکاریی و بنەماڵەچێتین و جیابونەوە، بێشەرمانە بۆ پۆست و پارەی زیاتر ژێر بە ژێر پەیوەندیان بە لاهورەوە کردوە و لەم ڕوداوەیشدا بە منگە منگەکانیاندا دەرکەوت خەریکی چین؟، من بەرگری لەگۆڕان ناکەم و پشتیوان و ئەندام و لایەنگریان نیم، بەڵام کەسی بە غیرەت و ڕاستگۆ و بە ئەخلاق، کە دژی بنەماڵەچێتی و ستەمکاری حزبەکەی ڕاوەستاییەوە، دەبێت کەرامەتی ئەوەی تێدا بێت درۆ لەگەڵ خۆیدا نەکات و خۆی نەفرۆشێت، ناکرێت خۆت ناونابێت دژە بنەماڵەچێتی و دژە ستەمکاری، کەچی لەپشتەوە بچیتەوە پاڵ باڵێکی قومارچی بنەماڵەیەکی ستەمکار، دەکرێت سەربەخۆ یان لەپاڵ لایەنێکی باشتر و ڕاستگۆتر لەگۆڕان کار بکەیت، نەک کەڵکەڵەی پارە و داهاتی دزراوی میللەت لای بنەماڵەی تاڵەبانی لەخشتەت بەرێت...
چەند پەرلەمانتارێکی کوردستان و گروپی ١٥ و گوایە پشتیوانی میللەت، کە ڕۆژ نیە لەبەغداوە منەت و موزایەدە بەسەر میللەتەوە نەکەن، کە بەرگریان لێدەکەن کەچی بێشەرمانە لەپاڵ باڵی لاهوردان و ئەم ڕوداوەی کۆتایی ئۆقرەی لێ بڕیبون و لەڕێگەی هاوسەر و کەسانیانەوە هەڕەشەیان لەقوباد دەکرد، کە لەئەوروپا و ئەمریکا سکاڵایان لەسەر کردوە و دەبن بە قوربانی...
ژمارەیەک لەوانەی ڕۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەر و ڕاپۆرتنوس و گوایە چالاکی زۆر چالاک و دڕی کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسی و مافی مرۆڤ و هەتا ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی باشیش بون، بە داخەوە لەناوەوە و لەدەرەوەی وڵاتیش بە داهاتی دزراوی سلێمانی لەلایەن لاهور جەنگیەوە کڕدراون و بێدەنگکراون یان تەنیا ئاراستەی کارەکانیان ڕو لەپارتی و بنەماڵەی بارزانیە و ئەو ستەم و داگیرکاری و تاڵانییەی لەم زۆرنە دەکرێت نادیدەیان گرتوە، وەک ئەوەی لەم سنورە هیچ ستەمکاری و تیرۆر و تاوانێک نەبێت، پێشتر زانیاریمان هەبو ژمارەیەکی زۆری بە ناو ڕۆژنامەنوس و چالاکوان لەهەولێر و سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک و هەڵەبجە لەلایەن ئەو باڵەوە بە داهاتی دزراوی ئەم شارە و لەسەر حسابی خەڵکەکەی کڕدراون، بەڵام گرنگیەکە لەوەدایە لەم ڕوداوانەی ئەم چەند ڕۆژەدا بە ناو و دەم و چاو ناسیمانن...
من زۆر جار ناوی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانەم لەهەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش بیستوە، کە کڕدراون و وەک دەغیلە پارەی دزراوی میللەتیان تێدەکرێت بۆیە چالاک و ئاکتیڤن، یان بونەتە خاوەنی ئیمتیازات و شتیتر، بەڵام هەرگیز بڕوام نەدەکرد و وامدەزانی هەمو کەسێک وەک خۆم خاوەن پڕەنسیپە و بە ئاسانی دۆزی نەتەوەکەی بە پارە نافرۆشێت و دەست لەئامانج و پڕەنسیپەکانی بەرنادات و ویژدان و کەرامەتی ڕێگەی نادات و نابێت بە ئامڕازێکی نزم و هەرزان بە دەست باڵ و کەس و گروپی سەر بە هەردو بنەماڵەی تاڵانچی بارزانی و تاڵەبانیەوە و خۆبەخشانە بەرگری لەمیللەت و دۆزەکەی دەکەن، لێ ئەم چەند ڕۆژە ئەو ڕاستیانەی بۆ سەلماندم، کە نەفامیە ئەگەر توشی سەرسوڕمان و حەپەسان ببیت، چونکە سی ساڵە ئەم دو بنەماڵەیە خەریکی کڕینی ئیرادە و کەرامەتی تاکن و تاکێکیان ئافراندوە، کە ئامادەیە هەمو نەتەوەکەی بۆ پارە بفرۆشێت و هەراجی بکات، تەنیا ئەو گیرفانی پڕ بێت، واتە لەهەمو بەهاییەک داماڵراوە و کەس بێ پارە قسەیەکیش لەقازانجی میللەتەکە ناکات، بۆیە بودجە و داهاتی زۆر و زەوەندی ئەم وڵاتە بەشی پڕۆژە و خزمەتگوزاری و موچە و ژیان و گوزەرانی میللەتی نەکردوە و کۆمەڵگە بەمجۆرە داڕماوە و سەرکوت و بێدەنگ کراوە....
پاشان ئەمانە دێن و بە ناوی مەترسی لەسەر سلێمانی داوای پشتیوانی خەڵک بۆ باڵێکی بنەماڵەی تاڵەبانی دەست سور بە خوێنی گەنجانی خۆپیشاندەری پارێزگای سلێمانی و قاچاخچی سەرسنور و دروستکەری زۆرترین پەیج و ئەکاونتی کاری خراپ بۆ نەیارەکانی دەکەن، وەک ئەوەی پارێزگای سلێمانی هیچ گرفت و قەیرانێکی نەبێت، ئەوە نەبێت شەقام پڕ بکەن و بەرگری لەستەمکارێک بکەن، پێیانوایە ئەگەر غەوارەیەکی وەک لاهور جەنگی نەمێنێت، ئیتر سلێمانی هەناسەی ئازادی تێدا نامێنێت و لەدهۆک خراپتر دەبێت و پنەماڵەی بارزانی دێن و داگیری دەکەن، وەک ئەوەی ئێستا لەسایەی حوکمی قەڕەقوشی بنەماڵەی تاڵەبانی و جەنگی لەسلێمانی ئازادی زۆر بەرقەرار بێت و داگیر نەکرابێت و خەڵکەکەی زۆر ئاسودە و بێگرفت بن و ئازادی ڕادەربڕین لەلوتکەدا بێت و زۆر لەدهۆک و هەولێر ئاوەدانتر و ئازادتر بن و خەڵکەکەی هەرگیز سەرکوت و بێدەنگ نەکرابن و هیچ کارێکی تیرۆر و کوشتن و تاڵانی تێدا نەکرابێت و زیندانی پڕ لەئەشکەنجەی نهێنی نەبێت و شەهیدی هەرگیز نەدابێت...
لەکاتێکدا سلێمانی لەلایەن ئەو بنەماڵەیەوە بۆ سی ساڵ دەچێت نەک هەر بە زەبری چەک و پارە داگیرکراوە و کاولکراوە، بەڵکو هەرچی نرخ و بەها و پیرۆزیی و سیما و شارستانیەت و مەدەنیەت و ئازادی ڕادەربڕین و شکۆ و حورمەتیەتی لەلایەن بێسەواد و بەڵتەچیەکانی بنەماڵەی تاڵەبانی و بە تایبەتیش لەم دواییانەدا لەلان لاهور جەنگییەوە ڕمێنرا و وەک قەڵاییەک ڕوخێنرا و وێرانکرا، جگە لەوەی بە هەزارانیان لەعێل و عەشیرەتییان لەهەمو شوێنێکەوە بۆ دروستکردنەوەی جەماوەری حزبی و بنەماڵەیی هێناوەتە ئەو شارەوە و جێگیریان کردون و لەسەر حسابی خەڵکی ئێرە بەخێویان دەکەن و بۆ ڕۆژی ئاوا ئامادەیان کردون و خەڵکەکەی خۆیشی پەراوێز و هیچ کارەیە، بە بەرنامەیش بە عەرەب دەکرێت و دیمۆگرافیا و سیماکەیان بە جارێک گۆڕیوە و بە جۆرێک کاریان لەسەر گۆڕینی ناسنامەکەی کردوە، کە نەناسرێتەوە ئیتر ئەوە بنەماڵەی بارزانی یان تاڵەبانی یان بەعس بیکات، کەی جیاوازی هەیە و چی جیاوازییەکی لەگەڵ حوکمی ستەمکارانەی بنەماڵەی بارزانی هەیە و کەی نەفەسی تێدا ماوە؟، حوکمی ئەو شارە هەر کەسێک بیکات هەرگیز لەوە خراپتر و نابوتتر نابێت، تا بیکەنە پاساو گوایە بارزانی و تورک دێن و داگیری دەکەن، بۆ پێتانوایە دەزگای میت و تورک لەو شارەدا نیە؟، سەرەڕای ئەوەیش ئێران ڕێگە بە تورک و بنەماڵەی بارزانی نادات بە ڕەهایی پارێزگای سلێمانی داگیر بکەن، لەکاتێکدا خۆی تەسلیمکراوی ئێرانە و زۆرترین ناوەندی ئیتلاعاتی و سیخوڕی لەم سنورەدا هەیە و بە جارێک کراوەتە ناوەندێکی کاولکراو و داگیرکراو....
هەندێک لەلایەنگرانی پەکەکەیش لەدەرەوەی وڵات بە تایبەتی شینی ئەوە دەکەن و ئەم قاچاخچیەیان لێ بۆتە سەرکردەی نەتەوەیی و قائد زەرورە، ئەگەر نەمێنێت ئیدی پەکەکە پەکیدەکەوێت و ڕۆژئاوا لەبرسیدا دەمرێت و تورک دێن و سلێمانی داگیر دەکەن و دوجار هاوکاری ئەم باڵەیان بۆ موزادە لێ بۆتە قارەمانێتی و منەت، وەک ئەوەی سلێمانی هێشتا داگیر نەکرابێت و پەکەکە زۆر غەمخۆر و پارێزەری ئەم سنورەو باشوری کوردستان بێت!!!، بەڵام پێمانناڵێن پەکەکە کامەیە سود و قازانجی بۆ باشوری کوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی؟، پەکەکە خۆی لەساڵی نەوەدەکانەوە ددانی بەوەدا ناوە، کە باشوری کوردستانی هەمیشە وەک گۆڕەپانێکی پشتەوە بۆ کاروباری لۆجستیکی و کۆکردنەوەی تەنیا نفوسی حزبی بەکارهێناوە و بەردەوامیشە، هەرگیز بەرنامەی بۆ گۆڕین و باشکردنی ژیانی خەڵک لەباشوری کوردستان نیە و نەبوە و لەپارچەکانیتریش هێندە ڕەوشی باش نیە، کەچی تازە لەم سەردەمەدا هەندێک سادەگۆ پەکەکەیان لێ بۆتە فریادڕەسی سلێمانی و ئەگەر پەکەکە و لاهوری نەمێنێت ئیدی سلێمانی شکست دەهێنێت، وەک ئەوەی ڕەوشی ئێستای لەلوتکەدا بێت و هەرگیز لەشکست نزیک نەبوبێتەوە و یان لاهور جەنگی زۆر پەرۆش و داکۆکیکاری ئەم شارە بێت و وەک جەلال تاڵەبانی مامی پیلانی کاولکردنی زیاتری نەبێت!!!....
بۆیە گرنگە خەڵکی ئازادیخواز و بە شکۆ و دژە ستەمکاری شاری سلێمانی و پارێزگا ڕاستەقینەکە خۆیان بێنە گۆ و ڕێگە نەدەن، هیچ یەکێک لەهاوردە و کڕدراوەکانی لاهور جەنگی، کە باڵێکی ستەمکاری بنەماڵەی تاڵەبانیە، ببنە نوێنەر و ڕیش سپی ئەم شارە و بە ناوی گوایە مەترسی لەسەرە عەتف و سۆزی ساویلکەی خەڵک بۆ بەرگری لەو ستەمکارە کۆبکەنەوە، ئەوانەی دەیانەوێت بە ڕاستی نوێنەرایەتی و حوکمداریی ئەم پارێزگاییە بکەن، دەبێت بە پلەی یەکەم و بێجیاوازی ڕوبەڕوی حوکمی داگیرکاری هەردو بنەماڵەی جەنگی و تاڵەبانی و دەست و پێوەندەکانیان ببنەوە و ڕێگە بە بنەماڵەی بارزانیش نەدەن لەڕێگەی قۆستنەوەی باڵ باڵێنی خێڵەکیی ئەو خێڵە، یاری بە هەستی خەڵکی ئێرە بکەن، کاتی ئەوەیشە خەڵکەکەی خۆی ئەوانەی دژی ستەمکاریین بەو بنەماڵانە بڵێن ئەگەر هێندە مەردن بۆ یەکتری و لەجیاتی خۆخۆری فەرمون، بچن ناوچەکانی خۆتان لەدەستی عەرەب و حشد ڕزگار بکەنەوە و ئەم شارە چۆڵ بکەن و شەڕ و بەڵای لێ دور بخەنەوە، بۆ ئەوەی ئەویش بە دەردی کەرکوکەکەتان نەچێت...
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس