وتار
ژن دەکەوێتە کوێی عەقڵی خێڵەوە، بۆ مەسرور بارزانی
Friday, 12.10.2021, 08:40 AM
پەلاماردانی ژن وەک تۆڵە کردنەوە لە پیاو ، یەکێک لە خەسڵەتە هەر ناشرین و دزێوەکانی عەقڵیەتی خێڵە بەدوە سەحراویەکانی عەرەبە ، کە ئەم عەقڵیەتە رۆچۆتە ناو خێلە کوردەکانیشەوە ، مەخابن لەم دەوروزەمانەدا کە زانست هێندە پێشکەوتوە ، بازاڕ نایکێشیت ، لەبەرامبەریشدا عەقڵیەت و بیرو فکری مرۆڤایەتیش لە فراوانکردنی بازنەکانی ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین و دیمۆکراسی و ماف ، بەهەمان هێڵی پارالێلی زانستی تەکنەلۆجی لە قیمەدایە ، سەرنج بدە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی فەیزبوک و توێتەرو گۆگل و ڤایبەرو وەتسئەپ و وای کردوە کە هەموو گۆی زەوی خزابێتە ناو شاشەی مۆبایلەکەی دەستەوە ، لەوپەری دنیا لافاوێک ڕوبدات تۆ لەمپەری دنیا سەیری خوڕەی ئاوەکەی بکەی ، لە قوتبی جنوبی تاشە سەهۆلیک تێک بشکێ تۆ لە قوتبی شمالی گوێت لە هازەو هارەی بێت ، لە دارستانەکانی ئوستورالیا ئاژەڵێکی وەک کوالایەک لە مردن و سوتان رزگار بکرێ تۆ لە ئەمەریکا دەست خۆشی لێ بکەی ، واتە جیهان هێندە کۆبۆتەوە گلۆبال کراوە ، دەتوانی مشتی پیدا بکەیت و لە مۆبایلەکەتدا بیخەیتە گیرفانتەوە ، هەتا ئێرە سەیر نی یە ، وەلی سەیرو عەنتیکە لەوەدایە ، تۆ خاوەنی تازەترین ئامێر و مۆدێرنترین باڵەخانەو و جوانترین و پڕ مواسەفات ترین ئۆتۆمبێل و فرۆکەی تایبەت و بە ملیاردەها دۆلاری رژاو ، کەچی هێشتا بۆ پچوکترین کێشە بگەرێتەوە بۆ عەقڵی باپیرە گەورەکانت ، پەلاماری داوێنی ژنێک بدەی بەحسابی لیدان و بەحساب لەکەدار کردنی شەرەفی مێردەکەی ، کە ئەمە لەم رۆژگارە نەک هەر لە قوتوی هیچ عەتارێکدا نی یە بەڵکو ناشکەوێتە قوتوی هیچ عەتارێکەوە .
بۆ وەبیر هێنانەوە ، سەردەشت عوسمانی جوانەمەرگ ، لەسەر یەک نامەی شەش حەوت دێری بەو جۆرە نامەردانەیە بێ هیچ رەچاوکردنی مرۆڤایەتی شەهید نەکرا ، بەڵکو بەهۆی تەنها دوو وشەوە ئاوای لێ کرا ، کە وتبوی ،( دەمەوێ ببمە زاوای بارزانی ) کە ئەمەش بۆ عەقڵی خێڵیک کە خۆیان بردۆتە چینی هەرە سەروی کۆمەڵگە ، چۆن میلەت بە گاو گۆتاڵ سەیر دەکەن ، تەنانەت بۆ خەیاڵ و فەنتازیاش بەو پەری سوکاتی لێکی دەدەنەوە ، کەسێک لەو میلەتە بڵێ، ئارەزو دەکەم ببمە زاوای بارزانی ، لەکاتێکدا کچەمۆدیلێک ئارەزوی کرد ببێتە بوکی بارزانی خەڵاتیان کرد ، ئەمەیە ئەو عەقڵەی کە ساڵەهایە خۆیان کردوە بە خودان و خاوەن و مەرجەعی بەحساب هەموو کوردستان ، ئەمما کەس تا ئێستە نەیدیوە کچیک یان ژنێکی خۆیان هاتبیتە مەیدانی کارو چالاکی و بوارە جیاجیاکانی بەرێوەبردنی کۆمەڵگەی کوردیەوە ، نەوشیروان مستەفا لە گێرانەوەی مێژوی جەلالی و مەلایی دەگێرێتەوە ، (کاتێ باڵی مەکتەبی سیاسی کە بە جەلالی ناوی دەرکردبوو ، تێکەڵ بە پارتی واتە حیزبەکەی مەلا مستەفا دەبنەوە ، کۆمەڵیک لە سەرکردەکانیان ، وەک جەلال تاڵەبانی ، نوری شاوەیس ، علی عبدوڵا ، .... هتد ، لە شوێنێک گڵ دەدەنەوە ، بەرەجەژنان نزیک دەبێتەوە ، بە کەسێکدا کە دۆستی هەردوو تەرەفە ناوی ( حەمە روت ) ە جواب بۆ مەلا مستەفا دەنێرن ، ئیزنیان بدات بۆ جەژن بچەوە ناو ماڵ و منداڵیان ، دەڵێ ئیزنیان نادەم بۆ ئەوەی ژنەکانیان لە دووری مێرد واو وایان لێ بێت) ، لیرەدا پرسیارێک دیتە گۆرێ ، ئاخر ژن بۆ دەبێت بکرێتە سەری رمی حەیاو شەرەفی پیاو ، کە هیچ ئاگای لە هیچ کەین و بەینێکی پیاو نەبێ ؟ گەلۆ مافی ژنان چۆن نایەنە گۆ ، کاتێ بەو جورئەتە دەست درێژی بۆ ژن بکرێت لە سونگەی پیاوەوە ، ئاخر مافی مرۆڤ چۆن نایەتە جواب ، کاتێ ژن وەک مرۆڤ لە بۆتەی شەرەفی پیاودا نامەردانە دەچەوسێنرێتەوە ، ئاخر هەزاران گروپی ماف و ئازادی چۆن بێدەگ دەبن کە بەشێکی زۆریان رەنگە ژنان و کچان بن ،
گرنگ نی یە لە سەرکردایەتی و بنکردایەتی هەر حیزبێکدا چەند ژن هەیە ، گرنگ ئەوەیە چەند مافی مرۆڤ پارێزراوە بە ژنیشەوە وەک تاک وەک هاوڵاتی وەک دایک وەک خوشک وەک هاوسەر وەک هاورێ ،
مەخلەسی کەلام . شورەییە بۆ ژنێک کە لەسەر حسابی حیزبێک ئەندام پەرلەمان بێت ، ئەندامی سەرکردایەتی بێت ، بەرپرس بیت ، بەڵام لەژێر جەتری عەقڵیەتێکی خێڵەکی پیاو دەسەڵات ، کە لە پجوکترین جوڵەیدا گەورەترین سوکایەتی بە ژنێک دەکات بەحسابی روشاندنی شەرەفی مێردەکەی، لەبەرچاوی کۆمەڵگەیەک کە بە رەشە خەڵک و گاوگۆتاڵ ناوی دەبرێت و براوە . ئەم باسە نایەتە کۆتا وەک حاجی قادری کۆیی دەڵێ ،
ئەی بادی سەبا من ببە سودی نی یە نامە
تەشریحی زەعیفی من غەم نایەتە تەحریر
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
دانا ڕەشید: هۆکاری کۆچ چارەنەکرێن زەوی لە مردن نزیک دەخاتەوە
دانا ڕەشید: حیزب دروستکەین یان کۆمەڵگە
دانا ڕەشید: تکایە سوبعەتی وا مەکەن
دانا ڕەشید: ئایا ئەردۆگان تا ساڵی ٢٠٢٣ دەوام دەکات ؟
دانا ڕەشید: نە شام شەکر و نە وڵات شیرین
دانا ڕەشید: عادل باخەوان لە ناڵ دەدات لە بزماریش
دانا ڕەشید: لەنێوان ئەفغانستان و کوردستاندا ئێران هەیە
دانا ڕەشید: بۆچی سەرۆک کۆماری
دانا ڕەشید: کورسیەک بۆ دوکتۆر فۆن دێر لیان
دانا ڕەشید: کۆڕەو کۆژانی میلەتێک