لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

ئایا کورد خاوەنی نیشتمانە ؟

Sunday, 12.20.2020, 01:38 PM


کورد پێ ناچێ نیشتمانی هەبێت ، بەو پێودانگەی خێڵ و بنەماڵە نیشتمانی نی یە ،لە دێر زەمانەوە هەر وا هاتوین ، خێڵ و بنەماڵە لێرەو لەوێ بە عەقڵی زۆر تەسکی بنەماڵەیی ، حوکمی هۆزێک یان رەعیەتێکی شێخ نشین ، یان خێڵێکی کردوە ، کورد شوانکارە و بە کەمیش لە سەردەمێکی تازەدا فێری کشتوکاڵ کردن بوە ، خێڵ و بنەماڵە نیشتمانی نی یە ، کورد گۆمەڵگەیەکی گەورەیە راستە بەڵام نیشتمانی نی یە بە مانای نیشتمانێکی یەکگرتوی سنوردراو ، نە هەستو هۆشی نەتەوەیی هەیە ، نە هیچ کات و سەردەمێکیش ئیشی بە نیشتمان بوە تا کاری جدی بۆ بکات ، جیاوازی کوردو چەرکەس ئەوەیە کە چەرکەس کەمن بە ژمارە کورد زۆر زۆرن ، قەوم و میلەت بە زۆرو بۆری نی یە ، بە فکرو لۆجیک و میللی بوونە ، چەرکەس لەو حەقیقەتە تێگەیشتوە کە نیشتمانی نیە ، وەلی کورد نایەوێ تێبگات ، ئەگەر نا کوا نیشتمان ، کوا هەستو هۆشی نەتەوەیی ، کورد زیاتر مۆرکی شوانکارەیی و گەریدەیی بە شوێن لەورگادای بەسەرەوە دیارە ، هەمیشە خێڵە شوانکارەکان لە سەر پاوانی لەوەرگا شەریان بوە لە ناو یەکدا ، دەسەڵاتەکانی ناوچەکان وەک ئیمپراتۆرەکان ، ئەم ناکۆیەی نێوانیان بەرهەم هێناوە بۆ دەست بەسەردا گرتنی ناوچەکانیان ، بە مەرامی پاوان کردنی گۆڕەپانی جەنگ ، بۆ نمونە ئەو زەویەی پێێ دەوترێ کوردستان هەمیشە گۆڕەپانی جەنگی نێوان ئیمپراتۆری عوسمانی و سەفەوی بوە ، تەنانەت ئیتفاقی ئاشتیشیان هەر لەسەر لاشەی کورد بوە بۆ نمونە دیارترین جەنگ چاڵدیرانەوە دیارترین ئیتفاقیش زەهاوە ، کە ئەو خاکەی کوردی شوانکارەی لەسەر ژیاوە کردوە بەر دوو کەرتەوە بێ هیچ پرس یان خواستی دانیشتوانەکەی ، خێڵ و بنەماڵە نیشتمانی نی یە ، بەو پێودانگەی حوکمی خاکێکی سنوردراو ناکات لەسەر سەر زەمێنێکی جێگیر ، بەڵکو خێڵ و بنەماڵە حوکمی رەعیەتێکی گەوجێنراو دەکات بە پێێ بیرو بروایەکی دینی ، تەریقەتی ، یاخود فیوداڵ و ئاغاوات ، بۆ یەکەم جار خێڵە تورک نەژادەکان لەسەر دەستی عوسمانی کوری ئارتوغرول و براکانی و خزمەکانی و هاو بیرەکانی ساڵی ١٢١٦ ز بوون بەخاوەنی نیشتمان ، ئەوەش بە ئیستفادە کردن بوو لە روخانی ئیمپراتۆری بێزنتی و هاتنی دەسەڵاتی خەلیفەکانی ئیسلام بۆ ناوچەکان ، دروست کردنی فیدراسیۆنی خێڵ ، تورکی کرد بە خاوەنی نیشتمان و پاوانکردنی سنورێک بۆ حکومرانی و ئیستسمار کردنی دینی ئیسلام بۆ خۆ قایم کردن و دەسەڵات خوازی و فراوانخوازی دەوڵەت ، ئەمەش ئیمپراتۆری عوسمانی لێ هاتە بەرهەم ، کوردەکان هەتا جەنگی جیهانی یەکەم بە هیچ شێوەیەک نەیان توانی ئەمە بکەن ، شێخەکان یان سەرۆک هۆزو خێڵەکان ناکۆک بوون ، لەهەمان کاتیشدا زیاتر پابەند بوون بە خۆهەڵواسینیان بە دەسەڵاتە داگئیرکەرەکان ، بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتە خێڵەکیە ناوچەییەکانی خۆیان ،وەک دەسەڵاتی خەلافەتی ئیسلامی و عوسمانی ، لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم ، فرسەتێکی زێڕین بۆ کوردەکانی باشور لەوێشەوە بۆ پارچەکانی تر هاتە پێشەوە ، وەلی شێخ محمود نەیتوانی لە لایەک بلانسی شێخ بوون و دین و دەوڵەتداری ڕابگرێ ، لە لایەکی تر نەیتوانی دەست بەرداری دەسەڵاتی ناوچەیی شێخان ببێ بۆ دەسەڵاتێکی گەورەتری دەوڵەتداری ، کە لە هەردوو کایەکەدا بە هەردوو دەست دین و قیامەتی هەڵبژاردوو دەستی لە دەوڵەت و دنیا بەرداو کوردی نەگبەتیش بەرەڵا بوو ، لەوێوە ئیدی جارێکی تر خۆ هەواسین بە دەوڵەتی مەلیکی عیراق خواستی زیاتری کورد بوو وەک لە ئاماجی سەربەخۆیی ، کاتێکیش ئینگلیز لە شێخ محمود بێ ئەمەل بوو ئیدی مستەفا ئەتاتورکی هێنایە پێشەوە ، ئەو ئیتفاقە یەک لە دوای یەکانەی لێ بەرهەم هات کە ئەوا سەد ساڵە کوردی پێوە دەتلێتەوە ، جارێکی تر کورد لە باشور ساڵی ١٩٩١ واتە دوای ڕاپەرین و کشانەوەی سوپای عیراق لە بەشێکی گەورەی خاکی هەرێمی باشور ، کورد دەرفەتێکی زێرینی تری بەخۆوە بینی ، کە جارێکی تر رۆژهەڵاتی ناوەراست پێی خستە قۆناغێکی نوێوە کە جارێکی تر بەرەو هەڵوەشاندنەوە و دووبارە دروست کردنەوە دەچێت ، وەلی کورد بە هەمان ریتم و هەمان عەقڵی جاران ، بروایان بە نیشتمان نەبوو ، ئەم جارە خێڵەکان خۆیان لە ناو حیزبدا رێخستوە ، واتە حیزبی خێڵەکی و بنەماڵەیی . وەک وتمان و ئیشارەمان پێدا ، خێڵ و بنەماڵە نیستمانی نی یە ، ٢٩ ساڵە هەرێم بە شەر کرا بە دوو لەتەوە ، لە هەر پارچەیەی ئیدارەیەکی خۆجێی گەندەڵ و دارزاو پێکهێنرا ، دوو بنەماڵە خاوەنی هەموو شتێکن لە هەرێم بێجگە لە نیشتمان واتە خاوەن نەوت و سەروەتی سەرزەوی ژیر زەوین ، خاوەن دەسەڵاتی قەرەقۆشین بە ئارەزوی خۆیان بگرن و بکوژن ، دزی و گەندەڵی ڕاوروت بێ رەوشتی لە لوتکەدایە ، بێ ئەهمیەت کردنی هەرچی لە ژیانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەو میلەتان ئەهمیەتی هەیە ، وەک زمان ، کلتور ، هونەر ، ئەدەب ، زانست ، زانکۆ و بەرێوەبردن ، یاساو دادوەری ، دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش ، پەرلەمان ، ....... هتد ، ئایا رۆژی شەهیدی یەکێتی یان پارتی مانای چی ؟ ئەی رۆژی شەهیدانی کوردستان کوانێ؟ کەواتە ئەوەی ناوی لێ نراوە شەهید ، لە راستیدا بۆ کوردستان بە کوشت نەچون ، قوربانیین لە پێناوی ئەم رەوشەی کە ناو نراوە حوکمڕانی کوردی لەناو چون ، ئێستەش دووبارە لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەدایە ، واتە کورد حیزب و بنەماڵە دەیخاتە سەماو ئاشبەتاڵیشی پێ دەکات ، ئەی نیشتمان گەلۆ نیشتمان لە کوێ یە ؟


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟