وتار
گاڕان لە خڕەوە دەبەن
Saturday, 01.02.2021, 04:25 PM
سلێمانی ئەو شارەی کە لە هەموو کوردستاندا شارێکە بەدەستی کورد خۆی دروست کراوە ، شارێکە لەسەر هیچ بنەمایەکی تائیفی ، بنەماڵەیی ، خێڵەکی ، دینی و تەریقەتی بنیات نەنراوە ، بەڵکو شارێک دروست کرا کە مەڵبەندی بیرو هۆشیاری بێت، ببێت بە پایتەخت ، پایتەختی بە قەولی ئەوکات ( ویلایەتی کوردستان ) کە وەک هەر ویلایەتیێکی تر لە قەڵەمرەوی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی ، راستەوخۆ بە قەسری سوڵتانەوە بەسترابێتەوە ، ئیدی لە ژێردەستەیی والی بەغدا رزگاری بێت ، ئەم بیرە لە لایەن سێ لە فەرمانرەواکانی میرایەتی بابان هەوڵی بۆ دراوە ، سلێمان پاشا ، محمود پاشوو ، عبدالرحمان پاشا ، دیارترینیان سەردەمی عبدالرحمان پاشای بابانە ، چونکە لە هەموو میرەکانی تری بابان زیاتر حوکمی ناوچەکانی کردوە ، واتە مەهامی دروست کردنی شارێک کە پایتەختی ئیمارەتی بابان لە قەڵاچوالانەوە بهێنتە دەشتی شارەزور و ببێت بە شاری سلێمانی و خەونی سەربەخۆ بوونی کوردستانی تێدا بەرجەستە بکرێت ، دەبێت شارێک بێت بۆنی شارە رۆشنبیرو بەهۆشەکانی دنیای لێ بێت ، هەروەک بۆ بنیات نانی لە شارەکانی تەبرێزو ورمیەو سنەوە تا ئەمەد و ئیزمیر وەستای لێوەشاوە هاتون مزگەوت و حەمامم و قەڵاکانی دەرباری شاو ، مەدرەسەو رێگاو شەقام و زێراب و ئاوەرۆو چەندین کارێزی ئاو ، چەند پرۆژەی تر دروست کراون ، شار بە هەوای شارستانییەتێک هاتە بوون و هەناسەی دا ، هە هەرزوو بوە جێگەی تێرامان و چاو تێبرینی هەرچی داگیرکەرو ناحەزە تا ئەمرۆ ، شار وەک مەڵبەندی ئیدارەی میرایەتی بابان بوو بە مەڵبەندی کۆکردنەوەی زۆرێک لە عولەماو زانایانی سەردەمی خۆی ، جگە لە فەرمانرەوایی بابان لەژیر هیچ مەرقەدو تەریقەت و مەرجەعێکی دینی نەبوە ، هەربۆیە هەمیشە و تا ئێستە شاری سلێمانی ، نە خێڵ نە دین نە تەریقەت نە مەرجەع باڵادەست نی یە ناشبێت ، شار بە هەواو نەسیمی شارستانیانە هەناسەی ژیان دەدات و دەشنێتەوە ، شێخ مارفی نۆدێ ڕابەری تەریقەتی قادری و مەولانە خالیدی نەقشبەندی ڕابەری تەریقەتی نەقشی لە سلێمانی بوون وەلی حوکمدارو مەرجەعی بریاری سیاسی نەبوون ، ئەوە دەسەڵاتی پاشاکانی بابان حوکمڕانیان کردوە ، خەڵکی سلێمانی بە خوێندەوارو نەخوێندەواریەوە بە فترەت رۆشنبیرن ، ئەم رۆشنبیریەش لە دروست کردنی شارەوە سەرچاوەی گرتوە ، سلێمانی بۆیەکەم جار پیش ئەوەی پەیمانەکانی سایکسپیکۆ و سیڤەرو لۆزان بێتە ئاراوە ، لە لایەن ئینگلیز کراوە بە دەوڵەت و حکومەت ، کاتێ مستەفا ئەتاتورک لەدەستی ئینگلیزو فەرەنسا ئیختیفای کردبوو ، وەلی مەخابن ناحەزانی کورد نەیان هێشت سەربگرێ ، سلێمانی بۆیەکەم جار لە مێژوی عیراق بە دروشم و لافیتەو مونەزەم خۆپیشاندانی کرد دژی بەغدا ، ساڵی ١٩٣٠ کە هەموو عەرەب نەیان دەزانی خۆپیشاندان چیە ، سلێمانی پێشرەوی شانۆ و وەرزش و هونەرو ئەدەب بوە شارو شوێنانی تر لێرەوە دەستیان پێ کردوە ، سلێمانی پێشرەوی رۆژنامە نوسی و دەنگی موعارەزە بوە ، سلێمانی مەڵبەندی دروست بوون و کوانوی هەموو حیزب و رێکخراوەکان بوە ، سلێمانی وەک ئەو خوێندکارە عەرەبانەی لە زانکۆی سلێمانی ساڵانی حەفتاکان خوێندویانە دەیان وت، پارچەیەک لە فەرەنسایەو کەوتۆتە ئەو ناوچەیەوە ، وەلی مەخابن ئەوا ٣٠ ساڵە دوای ڕاپەرین بە پیلان و بەدەستی ئەنقەست ، ئەم شارە لە فکرەوە لە ئەدەب و فەرهەنگەوە ، لە شارستیەتەوە لە هونەرەوە لە هەرچی جوانیەوە هەڵدەتەکێنرێت و لە پایتەختی جوانی شۆرش و رۆشنبیەوە وەردەگێردرێتە سەر مەرجەعێکی گەورەی تەریقەت ، جا ئیدی هەر ئەوە ماوە بە رۆشنببیر بوترێ مورید و بە خەڵکی شاریش بوترێ دەروێش .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس