وتار
بۆچی سەرۆک کۆماری
Friday, 06.04.2021, 06:20 AM
بێ گومان سیستەمی پەرلەمانی وەک سیستەمێکی دیمۆکراتی بەرێوەبردن لە دەوڵەتێکی فیدراڵیدا ، بە سەرکەوتوترین سیستەم دادەنرێت ،کە هەموو دەسەڵاتەکان بە یاسا رێکدەخرێت ، بۆ نمونە کاتێک دەوڵەتێک ، فرە قەوم و زمان و فرە دین بێت وەک ( عیراق ) یاخود زمان و میلەت و کلتورێکی یەکگرتو وەک ( ئەڵمانیا ) دەسەڵاتەکان بە بە پێی دەستوری دەوڵەت دەست نیشان دەکرێت ، واتە دەوڵەتی فیدراڵ بریتی یە لە یەکەیەکی بەرێوەبردنی دەوڵەتی دەستوری لە ڕوی دەوڵەتداریەوە وە یاسایی لە ڕوی فەرمانرەواییەوە ، دابەش دەبێت بەسەر چوار دەسەڵات ، دەسەڵاتی یاسادانان کە دەکاتە پەرلەمان ، دەسەڵاتی بریاردان کە دەکاتە حکومەت ، دەسەڵاتی داد کە دەکاتە داوەری ، دەسەڵاتی ڕاگەیاندن کە دەکاتە پەخش و رۆژنامەو هەواڵسازی .
هەر یەک لەم دەسەڵاتانە ، لە گۆرەپانی کاری خۆیدا بە یاسا کاروبارەکانی خۆی رێک دەخات و ململانێ و چالاکی لە بەرژەوەندی خۆی لە بازنەی تێروانینی خۆی بۆ یاساو یاسا بۆ کۆمەڵ ئەسپی خۆی تاو دەدا، بۆ نمونە دەسەڵاتی ڕاگەیاندن کە بە دەسەڵاتی چوارەم ناسراوە ، هەمیشە لەگەڵ دەسەڵاتی بریاردان واتە حکومەت ناکۆکە ، چونکە حکومەت بە جۆرێک لە جۆرەکان هەمیشە کار لەسەر بەرژەوەندی خۆی دەکات دەنگی میلەت کپ دەکات بۆ ئەوەی عەیب و عارەکانی دەرنەکەون ، ئەمما دەسەڵاتی ڕاگەیاندن بە پێچەوانەوە دەنگی میلەت دەردەهێنێ و هەمیشە سوچە تاریکەکانی دەسەڵات رۆشن دەکاتەوە و عەیبەکانی حکومەت پیشانی ڕای گشتی دەدات ، بەمەش فشار لەسەر دەسەڵاتی دادوەری دروست دەکات و بازنەی ئازادیەکان لە گفتوگۆکانی پەرلەمان فراوانتر دەکات .
دەسەڵاتی وڵات ، سیاسەتی خاریجی و داخلی لەدەست سەرۆک وەزیراندا دەبێت ، هەروەک حکومەت لە پەرلەمان دەسەڵات وەردەگرێت و یاساکانی بەردەوام لە پەرلەمانەوە وەردەگرێت و جێبەجێکاری ئەو یاسایانە دەبێت کە لە نەتیجەی گفتوگۆکانی نیوان فراکسیونەکانی ناو پەرلەمان تاوتوێ دەکرێت ، وە حکومەت یان سەرۆک وەزیران راستەخۆ بەرپرسی ئاسایشی کۆمەڵگەیە ، ( امنی داخلی )دەسەڵاتی دادوەری بە پێی ئەو یاسایانەی لە دەستور هەڵدەهێنجرێت بێ هیچ فشارێک دادی کۆمەڵایەتی دەپارێزێت ، هەروەک دەسەڵاتی ڕاگەیاندن چاودێرێکی چاوتیژ و رەقیبێکی ئازایە لەسەر جۆر و کوالیتی دەسەڵاتەکانی بەرێوەبردنی وڵات ، واتە بە کردەوە هەموو ئەم دەسەڵاتانە دەبنە دەسەڵاتی بەرێوەبردنی کۆمەڵگەو وڵات ، لەسەرو هەموو ئەمانەوە دەسەڵاتێکی تر هەیە ، کە (سەرۆک کۆماری دەوڵەتە) راستەوخۆ سەڵاحیاتەکانی لە جەرگی دەستور وەردەگرێت ، راستەخۆ پارێزەری ئاسایشی نیشتمانی دەوڵەتە( ئەمنی قەومی ) سەر تا خوار ، رۆژئاوا تا رۆژهەڵات . لەهەر ئان و ساتێک ، سەرۆک وەزیران هەر جوڵەیەک بکات بە ئاراستەیەکی خراپ کە یەک زەڕە ئاسایشی نیشتمانی بکەوێتە خەتەرەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان ، سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی دەستوری و دەوڵەتی خۆی دەخاتە کار ، سەرۆک وەزیران لادەدات و پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە و خۆی بۆ ماوەیەکی کاتی ، یەک مانگ تا دوو مانگ ،سەرۆکاری حکومەتی کاربەرێکەر دەکات تا هەڵبژاردنێکی نوێ دەکرێت و حکومەت و پەرلەمان و دامودەزگای فەرمانروای نوێ هەڵدەبژێردرێت . بۆ نمونە لە ئەڵمانیا لە ساڵی سێەمی خولی دوەمی سەردەمی فەرمانروایی ( گێردهارد شرۆدەر) کاتێ حکومەت لەدەستی خۆیان بوو واتە سۆسیال دیمۆکرات و سەوزەکان ، ئەمما پەرلەمان بە دانیشتنێکی تایبەت متمانەی لە راوێژکاری ئەڵمانیا گێردهارد شرۆدەر سەندەوە و بە بریارێک پەرلەمان خۆی هەڵوەشاندەوە ، سەرۆک کۆمار سەرۆکایەتی حکومەتی کاربەرێکەری کرد تا هەڵبژاردنێکی نوێ ئەنجام درا ، ئەنجێلا مێرکڵ بە ململانێەکی زۆر سەختی پڕ گفتوگۆ و کێشمەکێش هاتە سەر دەسەڵاتی راوێژکاری .
جالێرەدا وردەکاری هۆکاری لێسەندنەوەی متمانە لە راوێژکار گێردهارد شرۆدەر جێی نابێتەوە و بۆ بابەتگەلێکی تری هەڵدەگرین ئەم نمونەیەمان بۆ پیشاندانی دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار هێنایەوە لە دەوڵەتێکی فیدراڵی دەستوری .
بێ گومان لە عێراق بە پێی دەستوری نوێی عیراق ، کە بە خوێندنەوەی شارەزایانی یاسایی و دەستوری ، دەستورێکی دیمۆکراتی و بێ کێشەیە ، واتە بە پێی ئەو دەستورە ( دوکتۆر بەرهەم ساڵح ) سەرۆک کۆماری عێراق ، واتە پارێزەری ئاسایشی نیشتمانی یە هەر لە فاو تا زاخۆ ، بێگومان ئەگەر بتوانێ خۆی وەک سەرۆک کۆمار بنوێنێت نەک وەک نێردەی حیزبێک کە یەکێتی نیستمانی وەک موحاسەسەی هەڵبژاردن مامەڵەی بە دوکتۆر بەرهەمەوە بکەن ، ئەگەر وەک دەستور سەرۆک کۆمار بێت، دەبێت بە دەسەڵاتی دەستور بجیتەوە بە گژ هەر خەتەرێکدا کە هەرەشە لە ئاسایشی نیشتمانی عیراق بکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە ، ئەمما ئەگەر وەک موحاسەسەی هەڵبژاردن خۆی تەسلیمی یەکێتی بکات کە وەک نێردەی کەسێک بێ وەک سەرۆک کۆمار ، ئەوا لە موچەخۆرێکی قەبە زیاتر هیچ رۆڵێک ناتوانێ بگێریت ، بۆ نمونە کوا دەنگ و سەدای سەرۆک کۆمار ، کاتێ تورکیا هەرێمی کوردستان تایبەت دەڤەری بادینان شەن و کەو دەکات ، لەکاتێکدا جۆری سوکایەتی نەماوە تورک لە رێگەی دەسەڵاتی بارزانیەوە بە کوردی نەکردبێت ، لەسەرێکی ترەوە کوا دەنگو سەدای بەرامبەر ئێران کاتێ بەئارەزوی خۆی هەرێمی ئەمدیو سنوری دێگەڵەی کردوە بە تراتێنی دزو جەردەوە پیاوکوژانی سەر بە دەسەڵاتی ئیتلاعاتی کۆماریی ئیسلامی ، لەکاتكدا ئەم سەرۆک کۆمارە بۆ رەوشی جنوب و بەغداو موسڵ هەندێ جموجۆڵ و کاری باشی ئەنجام دا ، ئەدی بۆ کوردستان بۆ کڕو بێ دەنگ و خەوتوە ؟ لەربەرامبەر کەرکوک بۆچی بێ ئاگاو بێ خەبەرە ؟ لەبەرامبەر کێشەی شەنگال و بیانوی هێزەکانی قەندیل کە تورکیا بەو بیانوە دهۆک و زاخۆی داگیر کردوە و هەرەشە لە کۆی هەرێمی کوردستان دەکات ؟ لەبرامبەر ئەو هەموو بێدادی و گەندەڵی دزی و تیاوانە ؟ دزینی موچە ، قاچاخجیتی سنورەکان ، مەلەفی نەوت ، وشک کردنی روبارەکان لەلایەن ئێران و تورکیاوە کە ئاسایشی قەومی عیراقی خستۆتە مەترسیەوە ، ئەمانە پرسیارگەلێکن دەبێ کورسی سەرۆک کۆماری پێ بخرێتە ژێر پرسیارەوە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
دانا ڕەشید: کورسیەک بۆ دوکتۆر فۆن دێر لیان
دانا ڕەشید: کۆڕەو کۆژانی میلەتێک
دانا ڕەشید: لە یادی ڕاپەریندا، حەزم دەکرد کوڕە موستەشار بومایە!
دانا ڕەشید: وەرن با ببین بە پارتی !
دانا ڕەشید: چین چی لە دنیا دەوێت و ئەمەریکا چ گەرێکی لە چین ئاڵانوە ؟
دانا ڕەشید: ئەردۆگان بە دوای چی دا دەگەرێت؟
دانا ڕەشید: مانگی یەکی ١٩٩١ و بەرەو ڕاپەرین
دانا ڕەشید: ترامپ سەر بە کام ئەمەریکایە
دانا ڕەشید: گاڕان لە خڕەوە دەبەن
دانا ڕەشید: ئایا کورد خاوەنی نیشتمانە ؟