وتار
عادل باخەوان لە ناڵ دەدات لە بزماریش
Monday, 09.06.2021, 11:03 AM
سەبارەت بە (غەنوشی یان هەیبەتوڵا) کەی عادل باخەوان
عادل باخەوان دانیشتوی فەرەنساو فەرەنسی زان ، هەرچەندە خۆی بە عەلمانی دەخاتە بەرچاو وەلی لە ناوەخندا ئیسلامی ئیخوانی یەو لە هەندێ باریشدا دەبێت بە مەحەلیلی پارتی و وەک کادرێکی پارتی دەکەوێتە وەسفی بارزانیەکان ، بۆ نمونە کاتی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا ئەم بابایە وتی ( نێجیرڤان چۆتە ناو عەقڵی ماکرۆنەوە ) نازانم بە چ عەقڵێک ئەم قسەیەی کرد ،
خوازیار بووم سەبارەت بەم ئەزمە نوێیەی ئەفغانستان و هاتنەوە سەرکاری بزوتنەوەی تالیبان و روخانی حکومەتی ئەفغانستان ، شرۆڤەیەکی عاقڵانەو بیرتیژانەی بکردایە ، وەلی لێرەوە کاتێ کرمی فکرە ئیسلامی ئیخوانیەکەی دەجوڵێ ، لە جوانترین پایتەختەکانی جیهان کە پاریسەو خاوەن مێژوی رێنسانس و شۆرش و ئەدەب و شانۆ و هونەرە ، دەبێت بە هاوڵاتیەکی لەخێڵ بەجێماوی مصری یان لیبی و تونسی بۆ تێکشکانی پلانی جەهەنەمی ( مورسی ، ئەردۆگان ، غەنوشی ) دەگری کە ئەگەر سەری بگرتایە وا وەیلا بە حاڵی کورد و کوردستان و کورد نشینان لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانە بن ، ئاخر ئەردۆگان هەر زوو وتی کورد لە جنوبی ئەفەریقاش بن من دژی دەبم .
دەمەوێ خاڵ بە خاڵ لەسەر شرۆڤەکەی هەڵوێستە بکەم بە کورتی
یەکەم ،
باخەوان دەڵێ پاش بیست ساڵ لە خەرج کردنی دوو ٢ هەزار ملیار دۆلار ئێمە لەبەردەمی دوو فاکتداین ، گەرانەوەی تالیبان بۆسەر حوکم و لە تونسیش دوور خستنەوەی نەهزەی ئیسلامی لە سەر حوکم ،
جاباشە کاک عادل بۆ سەیرت لێ هاتوە و خۆت خستۆتە بەینی دوو فاکت ، هیچ سەیر نی یە چونکە تالیبان ئەوەڵ تا ئاخر لە ناو ئەفغانستان بوە و هیچ هەرەشەیەکی لە جیهان نەکردوە ، لە ١١ ی سەپتەمبەر ئەمەریکا بۆ تالیبان نەچوو بۆ قاعیدەی ئیخوانی و ئوسامە بن لادن چوو کە بە تیرۆری جیهانی هەرەشەی لە جیهان دەکرد ، ئەگەر تالیبان قاعیدەی تەسلیم بکردایە هەر ئەوکات مویەکیان لەسەری مەلا عومەرو جەماعەتەکەی لار نەدەکردەوە . وەلی تونس لەگەڵ ئەفغانستان ئاسمان رێسمانی بەینە ، غەنوشی بە سیاسەتێکی ریویانە دەیویست خەڵک بگەوجێنێ تا پلانی مورسی ئەردۆگان و غەنوشی سەربگرێت و بە لیبیادا ئیمپراتۆری عوسمانی دروست کرێتەوە هەڵبەتە روخاندنی مورسی لە مصر تێکشکاندنی یەکەم هەڵقەی ئەو پلانەیە بوو .
دوەم،
راستە تالیبان سەر بە هەمان مەدرەسەی تیرۆری ئیسلامی یە وەلی بە کردەوە لە ناو سنوری ئەفغانستان تێنەپەریوە و نەبۆتە هەرەشە بۆسەر ئاسیشی جیهان ، بەو پێەی کە قاعیدەو ئیخوان بوە بە ترس و دڵەراوکێ بۆ هەموو جیهان و لە زۆربەی وڵاتە ئیسلامی وە ئەوروپیەکان خەریکی چنینی تەونی تیرۆرو پیشەسازی دروست کردنی ترس و تۆقاندنە ، فەرق دەکات
سێەم ،
لێرەدا هەڵەیەکت کردوە کە حیزبی نەهزەی ئیسلامیت بە بزوتنەوە چواندوە ، نەهزە حیزبە نەک بزوتنەوە لەکاتێکدا حیزب بەرنامەو پەیرەوێکی تایبەتی هەیەو دەبێت پێشرەوی چینێک یان چەند توێژێک بکات و پشتیوانی بکات لە کۆمەڵگەدا ، لەم چوارجێوەیەشدا بوار بدرێت بە چین و توێژەکانی تر کە ئازادانە تەعبیر لە ڕای خۆی بکات و بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات ، لەوە گەرێ کە نەهزە دەکەی بە رەفیقی حیزبە سۆسیال مەسیحی و دیمۆکرات مەسیحیەکانی ئەوروپا کە موقارەنەیەکی نابەجێ یە لەبەر یەک هۆ، ئایا دینی ئیسلام وەک مەسیحی بە قۆناغەکانی سەردەمدا تێپەریوە و ریفۆرم کراوە ؟ ئایا عەقڵی کادرێکی نەهزە هەمان عەقڵی کادرێکی دیمۆکرات مەسیحە لە ئەوروپا ؟ ئایا ستراتیجئی حیزبێکی ئیسلامی ئیخوانی وەک نەهزە بەرامبەر خەڵک و خوا و ئایندە هەمان تێروانین و ستراتیجە ؟ کەواتە موقارەنەیەکی نامەعقولە ، تەنانەت تۆ خۆشت سەربە هەمان عەقڵیەتی ئیخوانیت و بۆت بلوێ ئەو فەرەنساو پاریسە جوانە دەکەی بە مزگەوت و هەرچی ئاسەوارە دەیشکێنی .
چوارەم ،
دەڵێی بۆگەیشتن بەدەسەلات نەهزە کەسێکی نەکوشتوە ، من نازانم ئەو دڵنیایەیەت لە کوێ هێناوە من دڵنیا نیم کە کەسێکی نەکوشتبێت ، چونکە سیاسەت گۆمێکی زۆر لیخن و لێڵەو بنی دیار نی یە ، جا کاتێ دین و شەرع و خواو پێغەمبەر ببێت بە حیزب و لە حیزبیشدا لە وڵاتێکی وەک تونسدا هەوڵی دەسەڵاتی دابێ ئەوە خوا عالمە چی کردوە لە ژێرەوە ، لەسەریشەوە بینرا کە چۆن لەگەڵ ئەردۆگان دەستی تێکەڵ کردبوو ، مەگەر ئەردۆگان بە حسابی ئێوە بە ئاشتی و دیمۆکراسی هاتە سەر حوکم و ئەم ماوە دوورو درێژەش هەر کەسی نەکوشت و خەتاو تاوانی ئەنجام نەدا ؟
پێنجەم ،
لێرەدا من تێناگەم بۆچی ئەفغانستان و تالیبان و هەیبەتوڵا لە قورگت گیر بوە ، هەر گیژاوی دەدەیت لەگەڵ نەهزەو بەجۆرێک نوشوستی ئیخوان و قاعیدەو داعش، ئاخر بەرێز لە ئەفغانستان بەردەوام تالیبان بە درێژایی ئەم ٢٠ ساڵە هەر مابوو وە لە گفتوگۆدا بوون ، ئەوە گەندەڵی و بێ توانایی و خاک فرۆشی ئەم حیزب و دەسەڵاتە بوون کە پاش ئەو هەموو ساڵە نەیانتوانی مۆدیلێک دروست بکەن کە تالیبان نەبێتە بەدیلیان ، هەروەک حکومەتە فاسدەکەی هەولێر ، ئەی لێرەدا بۆچی حوکمی بنەماڵەی بارزانیت لێ بوە بە دەوڵەتی فەرەنساو کە ١٠٠ جار لە ئەفغانستان گەندەڵ ترو خاک فرۆشترن دەڵێی نێچیرڤان چۆتە عەقڵی ماکرۆنەوە ، خەندەدارە ، نێچیرڤانێکی نەخوندەو خێڵەکی و بێ سەواد لە عەقڵی پەروەردە کراو بە فەلسەفە و کلتورو فەرهەنگی فەرەنسی ماکرۆندا دانیشتبێت ، بەڵێ عەجایبە کاک باخەوان .
حەوتەم ،
دەڵێ لە رێگەی ئەم ستراتیجە هەڵەیەوە رۆژئاوا باجی هەڵەیەکی قورس دەدەن ، بە حساب ئیسلامی میانرەو و دەگۆرنەوە بە ئیسلامی جیهادی ، کاک باخەوان ئیسلامی میانرەو وە توندرەوی نی یە ، هەموی بۆ یەک وێستگە ئیش دەکەن ، ئەویش گیربونی دەستیان بە دەسەڵاتێکی موتڵەقی شەرعی ئیسلامی کە لە دووبارە دروست کردنەوەی دەوڵەتی عوسمانیدا خەویان پێوە دەبینی ، میانرەوەکەی بە رێویانە بۆی دەجێ بە فێڵ و تەڵەکەو توندرەوەکەی گورگانە بە شمشێرو خوێنرشتن ، ئەی باشە ئیخوان لە مصر کە بوە بە جیهانی لەم ماوە درێژەدا کە نزیک دەبێتەوە لە ١٠٠ ساڵ گەلۆ هەر کەسی نەکوشت و بەری بوو لەم هەموو کوشت و کوشتارو جیهادە ئەدی سەید قوتبت لێ دیارە .
هەشتەم ،
پێم وا نی یە رۆژئاوا ناراستەوخۆ هانی نەوەی نوێێ ئیسلامی بدات بۆ رادیکاڵ بوون و گرتنە بەری رێگەی زەبروزەنگ ، ئەوە دین و شەرعی ئیسلامە ئەو هانە دەدات ، ١٤٤٣ ساڵە ئەمەریکاو ئەوروپا بەم شکڵە لە گۆرێ نەبوە کاتێ قورئان سورەتی ئەنفالی نوسیوە
نوەم ،
منیش وەک تۆ بەداخەوەم کە کوردستانیش هیچ وانەیەکی جوانی وەر نەگرت دەی بۆ بۆ نشوستی ئیخوان بەداخەوەی وەلی بۆ ٣٠ ساڵ دزینی خاک و موقەدەراتی کوردستان بەداخ نیت هەر کە بارزانیەک دێتە فەرەنسا ئیتر جەنابت وەک کادرێکی پارتی دەکەویتە مکیاجکەرو قەرەرۆزی پارتی ، منیش بەداخەوە بۆ ئێوە کە نەبوە مامۆستایەکی باش لە مەدرەسەی بیرو هۆشیاری بۆ نەوەی نوێی کورد .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
دانا ڕەشید: لەنێوان ئەفغانستان و کوردستاندا ئێران هەیە
دانا ڕەشید: بۆچی سەرۆک کۆماری
دانا ڕەشید: کورسیەک بۆ دوکتۆر فۆن دێر لیان
دانا ڕەشید: کۆڕەو کۆژانی میلەتێک
دانا ڕەشید: لە یادی ڕاپەریندا، حەزم دەکرد کوڕە موستەشار بومایە!
دانا ڕەشید: وەرن با ببین بە پارتی !
دانا ڕەشید: چین چی لە دنیا دەوێت و ئەمەریکا چ گەرێکی لە چین ئاڵانوە ؟
دانا ڕەشید: ئەردۆگان بە دوای چی دا دەگەرێت؟
دانا ڕەشید: مانگی یەکی ١٩٩١ و بەرەو ڕاپەرین
دانا ڕەشید: ترامپ سەر بە کام ئەمەریکایە