لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

شه‌ڕی گاره‌ و تێكشكاندنی ئیراده‌ی سوپای توركیا

Sunday, 02.28.2021, 12:13 PM


له‌و رۆژانه‌دا زۆر رووداوی مێژوویی گرنگ رووده‌ده‌ن، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ میدیاكانی كوردی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ئاستی ئه‌و رووداوانه‌ نین، به‌تایبه‌تیش میدیاكانی باشوور، كه‌ زۆرینه‌یان پابه‌ندی حزبه‌كانن و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حیزبه‌كانیان ریگایان پینادات راستیه‌كان بدرێكن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ژموونی ده‌وڵه‌تانی هاوسێ له‌باشوور هێنده‌ زۆربووه‌، كه‌ سانسۆرێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كان، له‌وانه‌ش میدیاكانی هه‌ریم دروست كردووه‌، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری رۆژنامه‌نووسانی كورد به‌داخه‌وه‌ له‌ئاستی پێویست و گه‌وره‌یی رووداوه‌كان نیه‌و زیاتر خه‌ریكی شه‌ڕه‌ دندوكی ناوه‌خۆن.
له‌ به‌ره‌به‌یانی 10 ئه‌و مانگه‌دا، دوای ماوه‌یه‌ك له‌هه‌ڕه‌شه و چاوسووركردنه‌وه‌، هیزه‌كانی توركیا په‌لاماری چیای گاره‌یان دا و هێرشیان كرده‌ سه‌ر بنكه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان، هه‌موو پێشبینه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ بوو، كه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ زۆر ده‌خایه‌نێت و سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ده‌ستدێنێت، چونكه‌ له‌رووی چه‌ك و تفاقی جه‌نگیه‌وه‌ هیچ به‌راوردێك له‌نێوان هێزی توركیاو هێزی گه‌ریلاكان ناكرێت، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ناوه‌خۆو ده‌ره‌وه‌ له‌رووی سیاسیه‌وه‌ پاڵپشتی توركیا ده‌كرێت و گڵۆپی سه‌وزی بۆ له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی PKK ی بۆ داده‌گیرسێنرێت. به‌ڵام دوای ته‌نیا چوار رۆژ، واته‌ له‌ 13 هه‌مان مانگدا توركیا هه‌واڵی وه‌ستاندنی شه‌ڕی راگه‌یاندو به‌ بێده‌نگی هێزه‌كانی خۆی كشانده‌وه‌.
له‌راستیدا توركیا هێزه‌كانی نه‌كێشایه‌وه‌و وه‌ك رایانگه‌یاند ئه‌ركه‌كه‌یان ته‌واو نه‌كردبوو، به‌ڵكو توركیا رووبه‌ڕووی شكستێكی گه‌وره‌ بووه‌و وه‌ك ده‌ڵێن سه‌ری دای له‌به‌ردی چیای گاره‌. ئه‌وه‌ی له‌و شه‌ڕه‌دا كه‌متر هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر كرا، چه‌ند گه‌ریلایه‌ك نه‌ك توانیان سوپای توركیا بووه‌ستێنن به‌ڵكو زۆر به‌خراپی تێكبشكینن و زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕه‌كه‌یان ده‌كرد، زۆر به‌خێرایی له‌ناوبران و كوژران، كه‌ ئه‌مه‌ ئیراده‌ی سوپای توركیای به‌ته‌واوی تیكشكاندو توانای به‌رده‌وامكردنی شه‌ڕه‌كه‌ی لانه‌هێشت، ژماره‌ی كوژراوه‌كانی توركیا زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی هه‌ردوولا باسی ده‌كه‌ن، له‌راستی پارتی كریكارانی كوردستانیش له‌به‌ر نه‌وروروژاندنی رای گشتی توركیا ژماره‌ی زۆری كوژراوه‌كانی سوپای توركیا راناگه‌یه‌نێت، واته‌ جۆره‌ رێكه‌وتنێكی رانه‌گه‌یه‌نراو له‌لاه‌ین PKK و حكومه‌تی توركیا هه‌یه‌، كه‌ راستی ژماره‌ی كوژراوه‌كانی توركیا رانه‌گه‌یه‌نن، یاخود PKK رایناگه‌یه‌نێت و توركیاش خۆی لێبێده‌نگ ده‌كات!.
وه‌ك له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی PKK هاتووه‌ ‌، نزیكه‌ی بیست فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و 41 فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌رو سه‌دان سه‌ربازو هێزی تایبه‌تی توركیا به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه‌یان كرد، به‌شداریكردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌فڕۆكه‌ واتای گه‌وره‌یی شه‌ڕه‌كه‌و ترسناكی ستراتیژی توركیا بووه‌ له‌و شه‌ڕه‌، كه‌ پێموایه‌ هه‌وڵیكی شكستخواردووی توركیا بوو بۆ فراوانكردنی قووڵایی ئه‌و پشتێنه‌ ئاسایشه‌ی له‌رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ تا ده‌گاته‌ دوا خاڵی هه‌ژموونی توركیا له‌ ئێراق، واته‌ زینی وه‌رتێ، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه‌ شكستی هێنا، ئه‌نجامدانی شه‌ڕێك به‌رامبه‌ر هێزیكی له‌و جۆره‌ و شكاندنی هێرشیكی له‌و شێوه‌یه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی دوو خاڵی گرنگه‌: 1- بوونی ئیراده‌یه‌كی پۆڵایین و گیانێكی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له‌بن نه‌هاتوو. 2- ئاستێكی به‌رزی شه‌ڕی پارتیزانی، به‌شێوه‌یه‌ك دووه‌م گه‌وره‌ترین هێزی ناتۆ نه‌توانیت به‌رامبه‌ری بوه‌ستێت!.
توركیا له‌و شه‌ڕه‌دا هه‌موو جۆره‌ چه‌كیكی به‌كارهێناوه‌، وه‌ك له‌راگه‌یه‌نراوه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی PKK داهتووه‌،‌ سوپای توركیا به‌چه‌كی كیمیاوی هێرشی كردۆته‌ سه‌رئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ی، ژماره‌یه‌ك له‌دیله‌كانی توركیای تیابووه‌، كه‌ به‌گوێره‌ی هه‌مان به‌یاننامه‌ ژماره‌یان 13 كه‌س بووه‌، له‌گه‌ڵ گیراوێكی تری باشووری كوردستان و 6 گه‌ریلای تیابووه‌، پاسه‌وانی دیله‌كانیان كردووه‌، هه‌موویان كوشتووه‌ پاشان بۆئه‌‌وه‌ی شوێنه‌واری ئه‌و تاوانه‌ بشارێته‌وه‌، به‌چه‌كی تر، واته‌ به‌گوله‌ له‌ جه‌سته‌ی دیله‌كوژراوه‌كانی داوه‌. ئه‌و شه‌ڕه‌ پێویسته‌ سروشی لێوه‌ربگیرێت و كورد له‌هه‌موو پارچه‌كان وه‌ك ئه‌زموونێكی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ سوودی لیوه‌ربگرێت، ته‌كنیك و ته‌كتیكی ئه‌و جۆره‌ شه‌ڕانه‌ پێویسته‌ له‌ ئه‌كادیمیا سه‌ربازیه‌كان بخوینرێت و گه‌نجانی كورد له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ په‌روه‌رده‌ بكرێن، هاوكات ئه‌مه‌ ئه‌وه‌مان بۆ روونده‌كاته‌وه‌، كه‌ كورد چیتر ناكرێت به‌ بچووكیه‌وه‌ سه‌یری خۆی بكات و خۆی له‌ئاست دوژمناندا نزمتر ببینێت، ئه‌و شێوازه‌ به‌رگریه‌ مۆدیلێكه‌ پێویسته‌ درێژه‌و په‌ره‌ی پێبدرێت، هیوادارم ئه‌و شكسته‌ی توركیا ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی چیتر بیر له‌چاره‌سه‌ری سه‌ربازی بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد نه‌كاته‌وه و توركیا و PKK بچنه‌وه‌ سه‌ر مێزی دانوستان، له‌پێناو چاره‌سه‌ریه‌كی ره‌واو ئاشتیانه‌ی دۆزی كورد له‌باكووری كوردستان، توركیا له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئابووری وڵاته‌كه‌ی له‌كوشتنی رۆڵه‌كانی خۆیدا به‌هه‌ده‌ر بدات، بۆ بونیاتنان و
ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌كاریبهێنێت.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟