وتار
مرۆڤ و کۆچ من چیم ئەویست لە نیشتیمان؟!
Thursday, 12.09.2021, 04:55 PM
ڕەنگە مرۆڤ لەبەر گوشاری سیاسی و ئابوری ناچار بێت نیشتیمان بەجی بهێڵێت ، بەڵام ناتوانێت خەون بە گەڕانەوە نەبینێت ، مرۆڤ ناتوانێت دەستبەردای ئەو شوێنە بێت کە یادەوەرییەکانی تێدایە ، شوێنێک کە ئاشنایە بە مرۆڤ و یەکتری دەناسن ، کۆڵان و شەقامەکان ، کتێبخانەو باخچەکان هەتا بازاڕ بەشێکن لە مرۆڤ و بونەتە پارچەیەکی نەمر لە دەرونی مرۆڤ ، مرۆڤ لەپاڵ ڕقلێبونەوە لە کلتوری کۆمەڵایەتی و دۆخی سیاسی و خراپی ئیدارەدان و بەرێوەبردن ناتوانێت رقی لە خاک و لە ئاسمانی نیشتیمانەکەی بێت ،چونکە نیشتیمان کەرەستەیەکی ڕۆحییە و پەیوەستە بە مرۆڤەوە .
هەمیشە زادگەو یادەوەرییەکانی نیشتیمان لە خەیاڵداندایە ، لەدیدی منەوە هەر مرۆڤێک لە تاراوگەدا نیشتیمانی یەکەمی لە خەیاڵدانیدا بسڕێتەوە هەڵەیەکی گەورەی کردووەو ناتوانێت نیشتیمانی دووەمیش بکاتە ماڵی خۆی ، بەڵام مرۆڤ لە تاراوگەدا دەتوانێت نیشتیمانی یەکەمی باشتر ببینێت و مەرجیش نییە هەموو وەرچەرخانێکی تاراوگەنشین هەنگاوێک بێت بۆ دۆزینەوەی نیشتیمانێکی باشتر زۆر جار وەرچەرخانەکان پێچەوانەن و غوربەتی هەستێکی قورسە.
مرۆڤ لە تاراوگەدا لە جێگەی جیهانە کۆنەکەی جیهانێکی نوێ لە دایک دەبێت ، زۆر شت لە دەست دەدەیت زۆر شتی تر بە دەست دەهێنیت ،پەنابەر بە گەیشتن بۆ وڵاتی داڵدەدەر یەکێک لە گرنگترین رەگەزەکانی شوناس کە زمانە لە دەستی دەدات ، ئیدی مرۆڤ لە تاراوگەدا فێر دەبێ چۆن دونیای خۆی هەلبوەشێنێتەوەو دایبڕێژێتەوە ، تاراوگەبوون بە دیوێکدا بارسوکبوونەو دەرفەتی چێکردنی دونیایەکی نوێ و خودی خۆشت پێ دەدات ، کە دواجار مرۆڤ مەحکومە بە گۆرانکاری و گۆڕانکاری ووردو درشت بەسەر ژیانی پەنابەردا دێت هەر لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بیگرە بۆ کلتورو زمان وداب و نەریت و شێوازی ژیان ، هەموو گۆڕانکارییەکیش جەنگی مرۆڤە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا ، مرۆڤ لە تاراوگەدا توشی سەرسامبوون دەبێت ، سەرسامبوون بە پرۆسێسی تێکەڵاوبوون و خۆ گونجاندن ڕاچڵەکینێکی توندی رۆحی و دەرونییە ، بونیادنانەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و تێکەڵاوبوون مرۆڤ توشی شۆک دەکات .
مرۆڤ بەردەوام چاوەڕوانە لە خاک و لە نیشتیمانەکەی خۆیدا بەهاو شکۆو کەرامەتی پارێزراو بێت ، ڕێز لە دونیای جیاوازییەکانی بگیرێت و ئازادی بۆ دابین بکرێت و هەست بەوە بکات نیشتیمان دەیگرێتەخۆی، نەک لە نیشتیمانەکەیدا خۆیدا هەست بە ئاوارەیی و نائارامی بکات ،
هەر وەک ئەوەی کە شیرکۆ بێکەس لە قەسیدەیەکیدا لە کونجی دڵنیایی دەدات و دەڵێ ؛
من چیم ئەویست لە نیشتمان
جگە لەوەی کە نانێک و
کە کونجێکی دڵنیایی و
گیرفانێکی بە حورمەت و
مشتێ هەتاوی ئارام و
بارانێکی خۆشەویستیی و
پەنجەرەیەکی کراوەی سەر ئازادی و
عەشقم باتێ
من چیم دەویست لەوە زیاتر و
نەیدامێ؟!
بۆیە ئیتر نیوەشەوێ
دەروازەکەیم شکاند و
چوومە دەرێ بە ئێجگاری چوومە دەرێ
من چیم ئەویست، لەوە زیاتر و نەیدامێ ...
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
دانا مەنمی: ڕۆمانی قەپێلک و زیندانەکانی پارتی و یەکێتی
دانا مەنمی: ترس و تۆقاندن کۆڵەکەی بەهێزی مانەوەی پارتی و یەکێتی
دانا مەنمی: کۆچ لەپێناو نان و ئازادی و كەرامەتدا
دانا مەنمی: سیاسەت کەرەستەی دونیای خراپبوون یان باشبوون
دانا مەنمی: یەکێتی و کۆنگرە - ژەهرەکەو ململانێی ئامۆزاکان
دانا مەنمی: کاردانەوەی جەلال پەرێشان لەتۆمەتی سیاسییەوە بۆ جنێوو تۆمەتی ئەخلاقی
دانا مەنمی: دیدی فاشیزم لە کوردستان
دانا مەنمی: دادپەروەری تەکیەو تەریقەتی بارزان
دانا مەنمی: بزوتنەوەی گۆڕان دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا
دانا مەنمی: هەڵبژاردن و زیندوو ڕاگرتنی ویژدان