هەواڵ
پارتی و شەڕی ئاڵا کوردایەتی و بیروباوەڕ
Sunday, 10.18.2020, 09:35 AM
کوردایەتی هەست و سۆزو بیرو باوەڕە ،خەباتی کوردایەتیش دەبێ لە پێناو بەرگریکردن و پاراستنی ناسنامە و شوناسی کوردایەتیدا بێت ، دەبێ ڕەنگدانەوەی ئەو خەباتە لە پێناو چەسپاندنی یاسا و دابینکردنی ئازادی ڕادەربڕین و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و هەل و دەرفەتی لەبار بڕەخسێنێت بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا کە مومارەسەی ژیان و ئازادی و کاری خۆیان بکەن ، ئەوکاتیش هەستکردن بە کوردبون وەک پاڵپشتێکی نەژادی تام و چێژی خۆی دەبێت و مرۆڤ حەز دەکات لە پێناو خاک و میللەتەکەیدا بمرێت نەک لە پێناو خۆیدا بژی !
دابینکردنی ئابوری باش و خۆشگوزەرانی و بەختەوەری بۆ کۆمەڵگا مەرجی سەرەکین بۆ مانەوەی گەل وەکو پێکهاتێکی نەتەوەیی ،کاتێک من هەست بکەم لە وڵاتەکەم ڕێز لە کەرامەت و شکۆو بەهای مرۆڤبون و جیاوازییەکانم دەگیرێت ،ئەو کات سۆزیشم دەبێ بۆ حکومەت و نەتەوەو نیشتمانەکەم ،هیچ مرۆڤێک نییە گەڕەم و شارو بنەماڵەو وڵاتی خۆی خۆش نەوێت ،هەتا ئەم هەستی خۆشەویستییە لەنێو ئاژەڵان و باڵندەکانیشدا هەیە ،هەست و سۆزە بیرو باوەڕی کوردایەتی دەخولقێنێت و پێکەوە بون و مانەوەمان لەگەڵ یەکتر لا خۆشەویست دەکات ،هەست و سۆزە دەبێتە پاڵنەر و بزوێنەری خەبات و قوربانیدان و هاوبەش و شاکۆڵەکەی نەتەوایەتی ، هەتا ئەم هەست و سۆزو بیروباوەڕە بەهێزتر بێت ناسنامەی کوردبونمان پارێزراوتر دەبێت لە تواندنەوەو لە ناوچوون .
کورد هەڵگری جۆرە ڤایرۆسێکە کە توانای بیرکردنەوەی پەکخستووە و بەهۆیەوە توشی نەخۆشی دەرونی بووە لە هەناوی خۆیدا ناتوانێت لە تاقیکردنەوەدا سەربکەوێت خۆئەگەر لە دەیان وێستگەدا سەرکەوتوش بوبێت ناتوانێت سود لە دەستکەوت و دەرفەتەکان وەربگرێت و نەیتوانیووە ڕێگاچارەو ئەڵتەرناتیڤی تر بدۆزێنەوە ، سەرکردایەتی سیاسی کورد ناتوانێت خوێندنەوە بۆ هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بکات هەربە نمونە لە ڕیفراندۆم دا بینیمان کە ئەنجامی هەڵە خوێندنەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ هاوکێشەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی چ کارەساتێک بەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکان هات کە بێگومان ڕیفراندۆم موسەبیبی ئەو دۆخە بوو کە ١٦ی ئۆکتۆبەری خولقاند،هەموو جارێک شۆڕشی کورد لە شاخ دا دوبارە کردنەوەی هەمان هەڵەی شۆڕشێکی تر بووە بە هەمان شێوازو بنەماو تاکتیک و ستراتیژو هەمان چارەنوس !
کورد لە سەدەی دەیەمی زاینییەوە تا کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم خاوەنی ژمارەیەکی زۆری میرنشین بووە وەک میرنشینی(شەدادی ،مەروانی ،بابانی،ئەردەڵانی ،بێدلیسی ، سۆران، هەکاری، بادینان ،لوڕی گەورەو بچوک ،بۆتانی ... هتد ) ئەم میرنشینانە خاوەنی دەسەڵات و نیمچە سەربەخۆییەک بوون یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی نیمچە سەربەخۆی میرنشینە کوردەکان هەڵکردنی ئاڵا و لێدانی سکەی پارەو دروستکردنی تۆپ و چەک بوو ،لەناو تایبەتمەندییەکان پرسی ئاڵا یەکێکە لەو پرسانەی کە بۆ ئێستا و ئایندەش قسەو لێکدانەوە هەڵدەگرێت ، بە درێژایی مێژوو خەونی هیچ کوردێک نەبووە ئاڵاکەمان بنەوێت تەنانەت لە ژێر پەتی سێدارەشدا سرودی (ئەی ڕەقیب و نانەوێ قەت نانەوێ ئاڵاکەمان ) وێردی سەر زوبانی بووە ،چونکە ئاڵا بەشێک بووە لە ناسنامەو شوناس و سیمبولی کوردبوون ،ئاڵا موڵکی گەلێکە نەک حیزبێک و بنەماڵەیەک ،ئاڵا کاڵا نییەو نابێ موزایەدەی پێوە بکرێت ،کە بە داخەوە پارتی دیموکراتی کوردستان ئاڵای کوردستان و ڕەمزە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی خستووەتە نێو ململانێی حیزبایەتی و لە ناو بازنەی پروپاگەندەو دروشمی کوردایەتیدا بازرگانی و یاری بە چارەنوسی ئاڵا و رەمزەکانی تری کوردبونەوە دەکات .
لە دوای ڕاپەڕینەوە پارتی لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا شەڕی ناوخۆی هەڵگیرساندو دواتریش پارتی لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا ٣١ی ئابی خولقاند کە کەرامەتی کوردبوونی خستە ژێر پرسیارەوەو هەزاران مرۆڤی کورد بوونە قوربانی دەبابەکانی بەعس !ئێستاش لە ژێی سێبەری ئاڵای کوردستاندا پارتی هەموو هونەرەکانی پێکەوە ژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە باربردووە ،پارتی لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا چاوساغی سوپای تورکیایە بۆ لەشکرکێشی و خاپورکردنی گوندەکانی سەرسنورو شەهیدکردنی هاوڵاتیانی کورد ! پارتی لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا سنورەکانی داخستووە بە ڕووی کوردانی ڕۆژئاوا و حەساری سیاسی و ئابوری خستونەتە سەر ! پارتی لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا کوردانی ئێزیدی بە خاک و خەڵکەوە ڕادەستی داعش کرد !کابینە لە دوای کابینە پارتی لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا حوکمی هەژموونی بنەماڵەی فراوانتر دەکات و پێشێلکاری یاسا و تاوان زیاتر دەبێت ،ئازادییەکان زیاتر بەتەسک دەکرێنەوەو پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی و ئازادیخوازان زیاد دەبێت و تاکی کورد زیاتر هەست و کەرامەتی بریندار دەکرێت ، دۆخی سیاسی و ئابوری ناجێگیرە ، پارتی لە ژێر سێبەری ئاڵا کوردستاندا شانۆگەری ڕیفراندۆمی ئەنجام دا و پێگەی هەرێمی کوردستانی لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوری داڕماند و دەستکەوتەکانی جەنگی داعش و دەرفەتەکانیشی بە هۆی ڕیفراندۆمەوە لە دەستدا ، دواتریش هەر لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا پارتی لە بەغداد یەکڕیزی کوردی لە پێناو بە دەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقدا لێکترازاند و هەرزوو بۆ بە دەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار شاندێکی حیزبی ناردە لای مالیکی و حەیدەری و عەبادی و بەرپرسانی حەشدی شەعبی قەیس خەزعەلی هادی عامری تا ژێر بە ژێر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بە دەست بهێنێت ، شەڕی پارتی بە ناوی ئاڵاوە بۆ بە دەستهێنانی پلەو پۆستی زیاترە لە بەغداد ، بەڵێ ئاڵای کوردستان بۆ گەندەڵکاران بووەتە کاڵا !
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس