وتار
مێژوو شەڕی پارتی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باكورو ڕۆژئاوای كوردستان
Tuesday, 12.01.2020, 12:51 PM
ڕاگەیاندنەكەی پارتی بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە سەرەتای دروستبوونی سیناریۆو پلانێكی نوێیە دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان، هەر ئەم هێزەی كە ئێستا پارتی تۆمەتباری دەكات بە كردەی تیرۆریستی و تەقاندنەوەی بۆرییە نەوتییەكان ، ڕۆژگاریك لە سەروەختی جەنگی داعشدا لەبەرەكانی پێشەوی جەنگ (مەسعود بەرزانی) بە بەرچاوی كامێرەكانەوە سەردانی سەنگەری هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانی دەكرد!
مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان پڕە لە سیناریۆی هاوبەش لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەكان لەناوچەكەدا ،پارتی هەرجارەو بەبەرگێكەوە خۆی گۆڕیووەو پێویستی بە بیانو بووە بۆ پەلاماردانی لایەنە كوردییەكان لە ڕۆژهەڵات و باكورو ڕۆژئاوای كوردستان ،ساڵی ۱۹۷۱پارتی بەهاوبەشی میتی تورک (سەعید ئاڵچی) تیرۆر كرد و ئۆباڵی تاوانەكەیشی خستە ئەستۆی (دكتۆر شڤان) و دواتر بە فەرمانی مەلا مستەفا زیندانی كراو پاش چەند مانگێك دكتۆر شڤانیش گولە باران كرا.
ساڵی ١٩٨١ یش لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە پیلانی هاوبەشی (قیادە مووەقەتە)و خومەینی سیناریۆیەكیان لەشاری (شنۆ) ڕیكخست بۆ پەلاماردانی حزبی (دیموكرات و كۆمەڵە) لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ،سیناریۆكەی (قیادە مووقەتە و خومەینی) هەڵكەندنی گۆری (مەلا مستەفا ) و دەرهێنانەوەی تەرمەكەی بوو كە بەرپرسیارەتی ئەو كارەیان خستە ئەستۆی حیزبی دیموكرات ، مەلا بەختیار لە كتێبی لە (بری بیرەوەری) نوسیویەتی " دوای ڕوخانی شای ئیران پارتی لە ناو خەڵكدا دۆخێكی دژواری هەبوو ،ئەگەر حزبی دیموكرات نەبووایە خەڵك پەلاماری پارتی دەدا،پارتیەكان نەیاندەتوانی سەر دەربهێنن ،زۆری نەبرد پارتی لەگەڵ سوپای پاسداران لەسەر هەلكەندی گۆڕی مەلا مستەفا پەلاماری حزبی دیموكراتی دا .
ئامانجیش لەم سیناریۆیە چەواشەكردنی ڕای گشتی وڕاكێشانی دیدو ڕوانینی میلەت بوو بە لای خۆیاندا، د.عەبدوالرحمان قاسملوو لە کتێبەكەیدا بەناوی (خیانەتەکانی قیادەی موەقەت بە نەتەوەی کورد) زۆر بە ووردی شیكاری بۆ كردووە .
لەباشوری كوردستان دوای نسكۆوئاشبەتاڵی پارتی لە ساڵی ۱۹۷٥پاشان دروستبوونی یەكێتی و زیندوكردنەوەی شۆرشی نوێ ، پارتی ڕیگر بوو لە گەیاندنی چەك و تەقەمەنی لە سوریاو لیبیاوە بۆیەكیتی و زیندوكردنەوەی شۆرش، مەلا بەختیار لە كـتێبەكەیدا ( لەبری بیرەوەری ) لە لاپەڕە (۲٥۰) نوسیویەتی و دەلێت :دوای دامەزراندنی یەكێتی و كۆمیتەی هەرێمەكان و خۆئامادەكردنیان بۆ شۆڕش ،یەكەمین مەفرەزەی سەرەتایی یەكێتی بەڕابەرایەتی (برایم عەزۆ و عیزەت شنگالی و هاورێكانی ) لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە شەهید كران ،یەكەمین فیشەكی شەڕی ناوخۆش پارتی تەقاندی .
ساڵی ۲۰۱٤ لە دوای شۆرشەكانی سوریا و دروستبونی كانتۆنەكان و حوكمێكی خۆسەری بە ئامانجی بونیادنانی حكومەتی خۆبەڕێوەبردن و دیاریكردنی چارەنوسی كورد ،ئەم ئەزمونە نوێیە لە ڕۆژئاوای كرودستان پێویستی بە پشتیوانی و ناساندنی كانتۆنەكانی رۆژئاوابوو بە ڕووی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دا ، كەچی پارتی دیموكراتی كوردستان بە هاوبەشی میتی تورك سیناریۆی هەلکەندنی ( خەندەق ) ی بە دریژایی ( ٤۰ ) چل کلم لە سەر ئاوی ( پیشخاپور ) تادەگاتە سنوری گوندی ( قاهرە ) ی نزیک ناحیەی ڕەبیعە لێدا،پارتی هەر بەمەوە نەوەستاو درێغی نەكرد لە حەساری ئابوری و سیاسی لە كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان .
لە پاش ڕاپەرینیشەوە پارتی بەشێكی گرنگ و كاراكتەری سەرەكی بووە لە خوڵقاندنی شەڕی ناوخۆ و دروستبونی دوو ئیدارەیی و دنەدانی بزوتنەوەی گۆران دژ بە یەكێتی و یەكێتی دژ بە گۆران و ئیسلامییەكان دژ بە یەكترو تۆمەتباركردنی هێزو لایەنەكانی تر كە دەستیان لەناو دەستی ئێراندایە ،لەلایەكی ترەوە گێچەڵەكانی پارتی لە میدیا فەرمی و سێبەرەكانیەوە باس ناكرێن كە چ زیانێكی بە ئاشتی كۆمەڵایەتی و یەكریزی و پێكەوە ژیان لە كوردستان داوە ، دوا هەوڵی پارتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو لە ساڵی ۲۰۱۷ كە دەستكەوتەكانی جەنگی داعش و دەرفەتەكانی لەباربرد ،ئەوەش هەڵەی مەسعود بەرزانی بوو كه بهبێ ووردبوونهوه و شیكردنهوهی دۆخی ئهوكاتی ناوخۆیی و ناوچهیی و نێودهوڵهتیی و حساباته ئیقلیمیی و بهرژهوهندییه نێودهوڵهتییهكان ، پێچهوانهی شهپۆلهكان بریاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دا .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس