وتار
ئایا مرۆڤ كائینێكی ئەخلاقی سیاسییە؟!
Tuesday, 03.02.2021, 04:11 PM
سیاسەت و ئەخلاق یەکێکە لەو پرس و بابەتانەی کە لە مێژووی فکر و فەلسەفەی سياسيدا پانتاییەکی فراوانی داگيرکردووە ، بەشێک لە بیرمەندان ئەخلاق و سیاسەتیان پێکەوە گرێداوە بەشێکی تریش لە بیرمەندان ئەخلاق و سیاسەتیان لێکجیاکردووەتەوە ،ئەرستۆ تاليس دەڵێت: مرۆڤ بە سروشت ئاژەڵێکی سياسيە. کەواتە سياسەت دياردەیەکی مرۆییە و مرۆڤ ناتوانێت سياسەت نەکات ،سیاسەت بووەتە پێویستی ژیان بۆ ئینسانەکان و کۆمەڵگا ، لەبەرامبەردا فەيلەسوفی ئەڵمانی ئيمانويل کانت پێی وایە کە مرۆڤ کائينێکی ئەخلاقيە. دیارە مەبەستی کانت لە تێزەکەیدا ئەوەیە کە مرۆڤ کائينێکی ئازادە و دەتوانێت لە نێوان کاری باش و کاری خەراپ، یەکێکيان بە ئيرادەی خۆی هەڵبژێرێت ، کەواتە مرۆڤ کائینێکی ئازادەو یەکێک لە مەرجەکانی ئەخلاق بريتييە لە ئيرادەی ئازاد، ئێستا ئەتوانین بڵێین لە مرۆڤدا سیاسەت و ئەخلاق وجودیان هەیە و لە پەیوەندی دەرەوەی خۆی و ناوەوەی خۆیدایە .
ئەوەی پێویستە بپرسین ئەوەیە ئایا سیاسەت و ئەخلاق ئاوێتەی یەکترن یان دوو کایەی جیاوازن ؟! زانستی سیاسەت هاوشێوەی زانستە مرۆییەکانی تر پێناسەیەکی دیاریکراوی بۆ سیاسەت نییە ، چونکە سیاسەت لەکات و لە شوێن و لە قۆناغێکەوە بۆ کاتێک و شوێنێک و قۆناغێکی تر گۆڕانکاری بەسەردادێت ، بەڵام سیاسەت و زانستی سیاسەت دوو بابەتی جیاوازن و لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا جیاوازی هەیە ، سياسەت پراکتيکە و زانستی سياسەتیش تيۆرە، سیاسەت لە واقیع دا مومارەسە دەکرێت بەڵام زانستی سياسەت هەوڵدانە بۆ تەفسير و تێگەيشتن لەو دياردەیە،یەکێک لە پێناسەکانی زانستی سیاسەت بۆ سیاسەت بریتی یە لە (هونەری بەڕێوەبردن ) لێرەدا سياسەت دەبەسترێتەوە بە بوونی دەزگاکانی دەوڵەت و دەستور و سەروەری یاسا کۆمەڵێک ئۆرگانی دەوڵەتی .
با بێینەوە سەروەڵامدانەوەی پرسیارەکەمان ئایا سیاسەت و ئەخلاق ئاوێتەی یەکترن یان دوو کایەی جیاوازن ؟! ئەفلاتون و ئەرستۆ ئەخلاق بە کۆڵەکەی سیاسەت دادەنین، بەڵام لەڕوانگەی میکیاڤێلییەوە ئەخلاق و سیاست هیچ پەیوەندیەکیان بە یەکەوە نییە،تێزی میکیاڤێلی بۆسیاسەت و ئەخلاق ئەوەیە كە هیچ شتێ سیاسەتمەدار پابەند ناکات بە رەوشتە باشەکان، بەڵکو بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵات و مانەوە پەنا بۆ هەموو تەکنیکێکی فێڵ و تەنانەت درۆش دەبردرێت . ئیمانوێڵ کانت لەبارەی ئەخلاق و سیاسەت دەڵێت: ئەوەی بۆ خۆت بەرەوای دەبینی بۆ خەڵکیش بەرەوای ببینە. کانت پێی وایە مرۆڤی سیاسی دەبێ خاوەنی ئەخلاقێکی باش و شایستە بێت.
چەمکی ئەخلاقیش لە کۆمەڵێک بەها و چاکە یان کۆمەڵێک یاساو ڕێنمایی کە ڕەفتاری مرۆڤ ڕێکدەخەن ،چەمک و فەلسەفەی ئەخلاقیش وەکو سیاسەت لە کۆمەڵگایەک و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت ،ئیمانوێڵ کانت پێی وایە کە بەها ئەخلاقی و یاسا ئەخلاقيەکان کۆمەڵێک یاسای بابەتی و رەها و گشتين، لە هەموو سەردەم و لە هەموو شوێنێک بەها ئەخلاقيەکان ئامادەگی هەیە ولە ناو ناچن ، کەواتە مادام ئەخلاق دەبەسترێتەوە بە بەهاکان و بەهاکانیش لە لقە فەلسەفییەکاندا بەتایبەت ئاکسیۆلۆژیا فەلسەفەی ئەخلاقی تێدا ڕوون کراوەتەوە ، لای ئەرستۆ بەختەوەری بريتييە لە چاکەی باڵا و بەختەوەریش دەبەستێتەوە بە حیکمەت و حیکمەتیش باڵاترین فەزیلەتە ، واتە دۆخێکی عەقلانی و فەلسەفيە ، هەموو ئەم تیۆرانە کە پێشتر باسمان کرد قسە و باسێکی زیاتری دەوێت،بەڵام لێرەدا تەنها کورتەیەکمان لەبارەیانەوە باس کرد تا بەرچاو ڕوونیەکمان هەبێت لە بارەی سیاسەت و ئەخلاق ، ئەگەر نا ئەم بابەتە و ئەو چەمک و تێزانەی دەکەونە ناو ئەم تیۆرانەوە بمانەوێت هەقی خۆیانی بدەينێ پێويستی بە نووسين و کتێبی تايبەت هەیە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس