لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

زلهێزەکان، کازمی و چارەنووسی هەرێم!

Friday, 07.10.2020, 12:41 PM


دۆخی سیاسی عیراق، گۆڕانی سیستەمی دەسەڵات و کەسەکان لە پۆستی سەڕۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەدا، خۆساغکردنەوەی حکومەت لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بەگشتی کاردانەوەی لەسەر دۆخی سەقامگیربوونی ئاسایشی عیراق و بەتایبەتی لەسەر دۆخی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەیە.

مستەفا کازمی لەیەکەم هەنگاویدا ئاراستەیەکی ڕوونی هەڵبژارد کە کاری لەسەر بکات، لە مەسەلەی ڕاگرتنی تەوافق لەنێوان ئیران و ئەمریکادا خۆی ساغ کردۆتەوە بەبێ گوێدانە ئەوەی کە لە داهاتوودا چارەنووسی ئەمریکا لە عیراقدا بەچی ئاراستەیەکدا هەنگاو دەنێت. ئەگەر مستەفا کازمی توانیبێتی پشتیوانی ئەمریکا بۆ حکومەتەکەی مسۆگەر بکات بێ گومان ئەوە دەستکەوتێکی مەزنە بۆ ئەو، کە بتوانێت کار بۆ ئەو ئەجێندایە بکات، کە پێشوەخت پلانی بۆ داناوە، بۆ ئەوەی عیراق بەرەو چ ئاراستەیەک بڕوات. ئەڵبەتە مەرج نییە ئەو پلان و ستراتیژیەتەی کە کازمی بۆ داهاتوو نەخشەی بۆ دەکێشێت، لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی هەرێم بێت یان لەبەرژەوەندیی پرسی کورد بێت.
لە پاڵ مسۆگەر کردنی پشتیوانی ئەمریکا، سەڕۆک وەزیرانی هەنووکەی عیراق هەوڵی دا بۆ پتەو کردنی پێگەی جەماوەری، هەر لە سەرەتایی دەستبەکار بوونی چەند هەنگاوێکی گرنگی بنێت وەک، پوچەڵ کردنەوەی بڕیارەکانی عادل عەبدولمەهدی سەڕۆک وەزیرانی پێشووی عیراق، کە لەژێر فشاری ئێراندا دەریکردبوو وەک، هێنانەوەی عەبدولوەهاب سەعدی بۆ پۆستەکەی و ئازاد کردنی ئەو زیندانیانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەودوایەی عیراقدا دەستگیر کرابوون.

عەبدولوەهاب ئەلسەعدی ڕێبەرێکی ناسراوە لە جەنگی دژ بە داعش لە موسڵ، لەسەر ئاستی حکومەت و شەقامی عیراقی و سوپا و دیبلوماتی ئەمریکیش بەهەمان شێوە ناسراوە، لەبەرئەوەی لە جەنگی دژ بە داعشدا لەگەڵ ئەمریکییەکان هەمئاهەنگ بووە، لەو ڕێگەیەوە پەیوەندیی لەگەڵ فەرمانڕەوایانی سوپا و دەزگەی هەواڵگری ئەمریکی و هاوپەیمانانی لە عیراقدا بەستووە. بۆ ئێستا و ئایندەی کازمی ڕاکێشانی کەسایەتیەکی لەو جۆرە بۆ پشتیوانی لە حکومەتەکەی هەنگاوێکی گرنگە. ئەم هەنگاوەی کازمی بۆ ڕازی کردنی سێ لایەنە.
یەکەم، بۆ دژایەتی ئیران و ڕازی کردنی ئەمریکایە.
دووەم، بۆ ڕازی کردنی شەقامی عیراقیە، کە دوای لابردنی ئەلسەعدی، ڕژانە سەر شەقام و لە ئەنجامدا عادل عەبدولمەهدیان وەدەرنا، هەروها ئەلسەعدی بەوە ناسراوە کە بڕوای بە یەکپارچەیی عیراق و دانەمەزراندنی حکومەتی عیراق لەسەر بنەمای پشک و تەوافق هەیە. کە ئەمە یەکێک بوو لەو دروشمانەی شەقامی عیراقی لە خۆپێشاندانکاندا جەختیان لەسەر دەکرد. بە دڵنیاییەوە پشتیوانی کردن لەو کەسانەی کە هەڵگری ئەو جۆرە بیرۆکەیەن مانای ئەوەیە کازمیش خۆی بڕوای بەهەمان بیرۆکە هەیە، لەبەرئەوە چاوەڕوان دەکرێت عیراق بەرەو سیستەمی پارێزگان بڕوات و حکومەتی عیراق ڕێگە بە بوونی پەیکەری دەسەڵاتی هەرێم بەوجۆرەی ئەمڕۆ نەدات. ڕەنگە هەبێت بڵێت مەسەلەی حکومەتی فیدراڵی بوونی ئەو پەیکەرەی هەرێم لە دەستوری عیراقیدا ددانپێنراوە، بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە هێز، لەسەروی یاساو دەستورە، هەر دەسەڵاتێک بتوانێت بەهێز خۆی بسەپێنێت، ئەوا بەهەمان شێوە دەستکاری دەستور و یاساش بە شێوەیەک دەکات کە لەگەڵ ستراتیژیەتی داڕێژرا و بیرۆکە و بەرژەوەندییەکانی بگونجێت. سەرەڕای ئەوانە ئەمە داواکاری و بیرۆکەی خۆپیشاندارانی ئەو دوایەی عیراقە.
سێیەم، بۆ کۆکردنەوەی هەموو دەنگە ناڕەزاییەکانی نێو کایەی دەسەڵاتی حوکمڕانی عیراق، پارت، کەسایەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و عەشایری کە دژ بە بەرەی ئیران و پارێزگاری لە یەکپارچەی و سیادەی عیراق هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە.
کازمی سەڕۆکی دەزگەی هەواڵگری عیراقی بوو، واتە مەلەفی گرفت، کێشەکانی عیراقی لەبەردەستدا بوو بۆ نمونە گرنگترینیان:
یەکەم، مەلەفی گەندەڵی و دزی لەسەر یەکە بە یەکەی ئەو کەسانەی کە پۆستی باڵایان هەیە لە حکومەتی عیراقی و هەرێمدا.
دووەم: مەلەفی دەروازە سنووریەکان
دەروازە سنووریەکانی نێوان عیراق و دراوسێکانی بە گەورەترین مەلەفی گەندڵی عیراق هەژمار دەکرێن. بە شێوەیەکی گشتی ئەو دەروازانە لەژێر کۆنتڕۆلی ئەو سەڕۆک حزبانەن کە خاوەن دەسەڵاتن و هێز و میلیشیای چەکداریان هەیە. بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە ٢٢ دەروازەی سنووری وشکایی و ئاوی و ئاسمانی هەیە ١٣ دەروازەیان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە و بەڵام حکومەتی عیراق ڕایگەیاند کە ئەوان تەنیا ئاگاداری ٣ دەروازەی سنووری هەرێمن. لەکۆی ٢٢ دەروازەی تەنیا ٧ دەروازە بە فەرمیی کار دەکات، ئەوانی دیان هێشتا ڕێککەوتنی ناوەخۆی و دەرەکی دەربارەیان نەکراوە.
دەروازە سنووریەکان ساڵانە بە میلیاران دۆلار زیان لە ئابووریی عیراق و هەرێم دەدەن. بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی ئابووریی عیراقی و میدیا عیراقییەکان کە ئاماژەیان پێداوە دەرامەتی ئەو دەروازانە بە ١١ میلیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەڵام وەزارەتی ئابووریی تەنیا ٥٠٠ میلیۆن یان دوو پۆینت پێنج میلیاریان بە دەست دەگات. یەکێک لە هۆیەکانیش بوونی میلیشیا چەکدارەکان لەو دەروازانە کە سەر بە سەڕۆک حزبەکان، سەڕۆک عەشیرەتەکان و وڵاتانی دراوسێن، زۆربەی پارتە سیاسیەکانی ئیعتیمادیان لەسەر دەزگەی بەرهەمێنانی گەندەڵە و حکومەتی عیراق تا ئێستا نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵیان بکات. دەبێت ئەو ڕاستییە نەبوێرین کە ئەو دەروازانە تەنیا بەهێز دەتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێن.
بەگوێرەی گەلێک لە سەرچاوەی بیانی و عیراقی لەو دەروازە سنوورییانەدا نەوتی دزراو هەناردەی دەرەوە دەکرێن. قاچاغچیاتی بە مادەی هۆشبەر دیاردەیکی زەقە لەو دەروازە سنووریانەدا ئەنجام دەدرێن. جگە لەوەش زۆرێک لە کەلوپەل کە لەو دەروازانە ساغ دەکرێنەوە باجەکەیان بەگوێرەی دەسەڵاتی ئەو کەسەیە کە دەسەڵاتی بەسەر بازرگانیەکەدا هەیە، ئاخۆ چەندێک دەتوانێت بە گەندەڵی باجەکە کەم بکاتەوە، واتە بە شێوەیەکی گشتی ئەو دەروازانە لەژێر کۆنتڕۆڵی یاسا و دەستوری عیراقی نین وەکو، لە بەسەرە و میسان گروپی چەکدار کۆنتڕۆڵی دەروازەکانیان کردوە کە سەر بە پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانن و ئەندامیان لە پەرلەمان و لە پۆستە باڵاکانی حکومەتدا هەیە. سەیروسەمرە لەوەدایە گشت سەڕۆک پارتەکان و نوێنەرەکانیان لەنێو پەرلەماندا باسی ئەو دیاردانە دەکەن، بەڵام زۆربەشیان لە گەندەڵی دەروازە سنووریەکان گلاون. ئەمە ساڵانە بە سەدان میلیار دۆلار زیان لە ئابووری عیراق دەدات.
خێروبێری دەروازە سنووریکان لەهەر ناوچەیەکدا دەکەوێتە دەستی ئەو حزبەی کە لەو ناوچەیە دەسەڵاتدارە. ئەم مەلەفە و زانیاریی دەربارەی بۆ یەکێکی وەک کازمی کە سەڕۆک دەزگەی هەواڵگری عیراقی بووە نامۆ نییە، ئەڵبەتە ئەوەی میدیاکان و نووسەرەکان دەیزانن بێ گومان بەگوێرەی زانیاری ئەو تەنیا دڵۆپێکە لە زەریایەک. لەو چەند هەفتەی ڕابردوودا کازمی بەبێ دەنگی هێزی سەر بە سوپای عیراقی بۆ ئەو دەروازانە و چەند دەروازەیەکی هەرێم نارد، کە ئەمە هەوڵدانێکە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەند و بەستنەوەی ئەو دەروازانە بە وەزارەتی بازرگانی عیراقی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێم لە ڕووی ئابووری و هێز. کازمی بۆ ئەو هەنگاوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی و ناوەخۆی عیراقی مسۆگەر کردوە و گوێ بە ڕازی کردنی دڵی سەڕۆک پارتەکان، میلیشیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە وڵاتانی دراوسێ نەداوە، کە بێ گومان ئەوەش بێ پشتیوانی ئەمریکا نەبێت هەرگیز کابرایەکی وەک کازمی کە سەڕۆک وەزیرانی وڵاتێکی داڕماوە ناتوانێت ئەوە بکات.
سێیەم، مەلەفی ئاسایش و بوونی هێز و میلیشیا و گروپی سەر بە ئیران، سەر بە پارتەکانی نێو کایەی سیاسیی عیراقی، سەڕۆک عەشیرەتەکان و سەڕۆکی ئاینی و مەزهەبیەکان، لە دەرەوەی چوارچێوەی سوپای عیراقی، کە بۆ دەسەڵاتی حکومەت و داد و یاسا ملکەچ ناکەن، هۆی سەرەکیین لە ناسەقامگیری باری ئاسایشی عیراق و دەسەڵاتێکی بێ هاوتایان هەیە. ئەوانە بە ئارەزووی خۆیان خەڵک تیڕۆر دەکەن، تەقە لە جەماوەری ناڕەزا و خۆپیشاندەران دەکەن بەبێ ئەوەی حکومەت دەسەڵاتی بەسەریاندا بشکێت وەکو گروپی میلیشیای ‌"ثار ئەڵا" لە بەسرە پەنجەیان بۆ درێژکرا کە ئەوان بوون تەقەیەن لە خۆپیشاندەرانی ئەودوایەی عیراق دەکرد. ڕوویداوە میلیشیاکان بۆ خۆ‌هەڵکێشان و سەپاندن و پیشاندانی هێزیان لەنێو خۆیاندا هاڤرکێیان بووە بۆ ئەوی میللەت چاوترسێن بکەن، هەژموونی خۆیان بەسەر ئابووریی عیراقدا بسەپێنن و خۆیان دەرخەن کە گوایە ئەوان دەسەڵاتیان هەیە لە دیاریکردنی نرخی بازار لەسەر کاڵا ناوەخۆیەکان و دەرەکییەکاندا لە خاڵە سنووری فەرمیی نافەرمییەکاندا، لە ئەنجامدا هەیبەتیان بۆ یاسا و دەستور و حکومەتی عیراقی نەهێشتووە.
حزبوڵا لە عیراق بە میلیشیای شیعە مەزهەبی سەر بە ئیران ناسراون و بەشێکن لە حەشدی شەعبی. هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا هەر تەقیەنەوەیەک دژی هێزەکانی لە عیراق ئەنجام درابێت پەنجەی تاوانی بۆ ئەوان درێژ کردوە. لە ساڵی ٢٠١٧دا جەعفەر حوسەینی وتەبێژی کەتیبەکانی حزبوڵی عیراقی لە میدیاکاندا ڕایگەیاند کە ئەمریکا هێزێکی داگیرکەرە و دەبێت لە عیراق نەمێنێت، هەروها لەو دوایەش ئەوان بە ڕاشکاوانە لە میدیاکاندا ڕایانگەیاند کە دانانی کازمی بە سەڕۆک وەزیرانی عیراق ڕاگەیاندنی جەنگە لەبەرئەوەی دەستی هەبووە لە تیڕۆڕ کردنی قاسم سولێمانی.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە هەر کەسێک لەسەر کورسی دەسەڵاتی عیراق دانیشتبێت، نەیوێراوە دژایەتی ئەو هێزە بکات، بەڵام کازمی یەکێک لە بەرنامەکانی لێدانی ئەو هێزە بوو، بۆیە هەر زوو لە مانگی ڕابردوودا چەند کەسێکی لەو هێزە دەستگیر کرد. ئەو هەنگاوەی کازمی ئیرانی توڕە کرد، لەبەرئەوە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت لە ئایندەدا کاری تیرۆریستی لە عیراق لە هەڵکشان بێت، دژی ئەو کەس و لایەنانەی کە بە نهێنی و بە ئاشکرا دژی هەژموونی ئێران لە عیراق لە جوڵەدان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کازمی گوێ بەوە نەدا، ئەمە ئاماژەیەکە دەریدەخات کە کازمی پاڵپشتی ئەمریکای بۆ بڕیار و هەنگاوەکانی مسۆگەر کردوە.
لە کوردستان هێزی پێشمەرگە بە ١٥٠ هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت، زۆربەی میدیا و نووسەرانی بیانی ئەو هێزە بەوە پێناسە دەکەن، کە لە دوو هێز پێکهاتبێت، یەکیان لەژێر کۆنتڕۆڵی پارتی بێت، ئەویدیان لەژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتی بێت، واتە هەژمار بۆ ئەو هێزە وەک گروپ و چەکداری نافەرمی و میلیشیا دەکەن. ئەو جۆرە پێناسەیە بۆ ئەو هێزە لەلایەن چاودێرانی سیاسیی و نووسەرانی بیانی لە هەیبەتی ئەو هێزە کەم دەکاتەوە، ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی حکومەت ئەو هێزە لەنێو سوپای عیراقی بتاوێنێتەوە، بۆیە هەموو ئەوانەی لێکۆڵینەوە لەو مەسەلەیە دەکەن، پەنجە بۆ ئەوە درێژ دەکەن، کە دەبێت ئەو هێزە ببێت بە بەشێک لە سوپای عیراقی و لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە کۆنتڕٶڵ و ئاراستە بکرێت و بودجەی دابینکراوی لەگەڵ بودجەی سوپای عیراق بێت.
ئەگەر حکومەتی کازمی بە پشتیوانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی، هەژمار بۆ مەترسی ئیران نەکات و دەست لە میلیشیاکانی وەک حزبوڵا و حەشد بوەشێنێت، ئەوا بێ گومان بۆ ئەو کۆنتڕۆڵ کردنی هێزی پێشمەرگە زۆر ئاسانتر دەبێت. چوونی سوپای عیراقی بۆ سەر سنوورەکان لە کوردستانەوە ئەڵبەتە لەبەر مەترسی تورکیا نییە، ئەو هەنگاوە بەبێ ڕێککەوتن و پاڵپشتی ئەمریکا و تورکیا نییە، لەبەرئەوەی سوپای عیراق هەرگیز بەرگەی سوپای تورکی ناگرێت، توانای ئەوەی نییە بە بەکارهێنانی هێز ئەو کێشانە یەکلای بکاتەوە و سوپای تورکیا لەنێو خاکی عیراق وەدەرنێت.
هاتنی سوپای عیراق بۆ ئەو ناوچانە مانای نەگەڕانەوەیان دەگەیەنێت، هەنگاوێکی سەرەتایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سنووریەکان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە دواتر کۆنتڕۆڵکردنی گشت ناوچەکان. هەنگاو و پلان و ستراتیژیەتی تازەی حکومەتی کازمی ئەوە دەگەیەنێت کە قەوارە و پەیکەری هەرێم بەوشێوەیەی کە ئەمڕۆ هەیە بەردەوام نابێت، جا ژیراوژێر چی ئەنجام دەدرێت، سەرانی پارتی و یەکێتی، هەموو ئەو حزبانەی بەشداران لە حکومەتی بنکە فرەواندا چۆن ڕووبەڕووی حکومەتی بەغداد دەبنەوە یان بۆ بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵیاندا ڕێکدەکەون ئەوە مەسەلەیەکی دیە! لەو کەینوبەینەدا کۆمەڵێک کورد کە بە ناوی پرسی کورد پۆستیان لە بەغداد و هەرێم وەرگرتوە، ئاگایان لە ڕووداوەکانە، لە ئێستاوە دەستیان کردوە بۆ ئەوەی کار بۆ مانەوەی خۆیان لە پۆستە باڵاکانی حکومەتی ناوەند بکەن و جێگە پێیان لە گۆڕانکاریە داهاتووەکاندا بکەنەوە. لەسەر ئاستی شەقامدا لە باشووری کوردستان گەلێک لە سەڕۆک عەشیرەتەکان لاریان لەوە نابێت دووبارە وەک جاران هێزی جاش و جاشی سوکەلە دروست بکەن و ببن بە چەکداری حکومەت، ئەم ئەزموونە لە ڕابردوودا هەبووە و چاوەڕوانی ئەوەشی لێدەکرێت دووبارە ببێتەوە.
٣٠ ساڵ واتە چارەکە سەدەیەکە، هەلێکی مێژووی بۆ پرسی ڕەواو و میللەتی کورد هەڵکەوت، کە بە درێژای مێژوو، هەرگیز میللەتی کورد هەلێکی وا ماوە درێژی بۆ هەڵنەکەوتووە لە باشووری کوردستان، کە پاڵپشتی نێونەتەوەیی و زلهێزەکان و میدیای ناوچەیی و جیهانی هەبێت، بەهەموو جۆرێک پشتیوانی لە دامەزراندنی پەیکەری هەرێمێکی کوردی بکەن، ئەرز و ئاسمانی بپارێزن، یارمەتی ئابووریی و سەربازی بدەن، هەوڵدەن بیکەن بە خاوەنی پەیکەرێکی خاوەن دەسەڵات، بەڵام سەرانی کورد لەو دەڤەرەدا بۆ دنیایان سەلماند کە ئەوان لە گەندەڵی و گیرفان پڕکردنی خۆیان بەولاوە هیچی دیان بۆ ناکرێت، ناتوانن ببن بە نواتی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی سەربەخۆ و سەربەخۆی حکومەتێکی تکنۆتکار و لە دواڕۆژدا بەرژەوەندیی ئەوان لە ناوچەکە بپارێزن. ڕەنگە میللەتی کورد بە گشتی لە وردەکاری دزی و گەندەڵی سەرانی ئەو دەڤەرە بێ ئاگا بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەزگەی هەواڵگری زلهێزەکانی دنیا و وڵاتانی ناوچەکە بە دۆکیۆمێنتوە ئەو وردەکاریانەیان لا هەیە، بۆیان دەرکەوتووە کە پشتیوانی کردن لە پەیکەرێکی سیاسی لەو جۆرە لە ئاکامدا بۆ ئەوانیش جێگەی شەرمەزارییە، زەرەرمەند دەبێت و خەڵکی ئەو ناوچانەیان لێ دێتە دەنگ. لەبەرئەوە دەبێت پلان و ستراتیژیەتی دی بۆ ئەو مەسەلەیە دابڕێژن، یەکەم بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دووەم بۆ خۆ ڕزگارکردن لە شەرمەزاریی لەسەر ئاستی دنیا و ناوچەکەدا.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟