لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

دزێک لە ماڵەکانماندا!

Saturday, 12.11.2021, 04:06 PM


هاووڵاتیانی ئازیز، حەز ئەکەم بە راشکاوی وەڵامم بدەنەوە!
گریمان لە بەر دەرگا، کەسێک خەریکە تایەی ئۆتۆمبێلەکەت لێ دەکاتەوە، یان لە بازاڕدا کەسێک دەست بکات بە گیرفانتدا، یان بە ناو جانتای خێزانەکەتدا، یان هاتوتنەتە ماڵەکەت بە نیازی دزی، یان خەریکە مۆبایلەکەت لێ دەدزن، ئایا ئەمە قبوڵی ئەکەی؟! بڕوا ناکەم.
سەرنج بدەن:
بە پێی دوا راپۆرتی کۆمپانیای دیلۆت، حکومەتی هەرێم لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بایی ٤،١ چوار ملیارو سەد ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە، لەو بڕە پارەیە تەنها ١،٧٣٧ یەک ملیار و حەوسەد و سی و حەوت ملیۆن دۆلاری بۆ هاووڵاتیانی کوردستان ماوەتەوە، بەڵام کۆمپانیاکانی بواری دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت ٢،٢٦٣ دوو ملیارو دوو سەدو شەست و سێ ملیۆن دۆلاریان بۆ رۆشتووە.
خۆ هەر لە بنەمادا ئەو بڕە پارەیە، کە ناونراوە قازانجی کۆمپانیاکان دزییەکی هەرە قەبەی بە یاسایی کراوی تێدایە، بۆ کۆمپانیا گەلێک کە پشکی سەرانی دەسەڵاتی تێدایە.
لە پاڵ ئەوەشدا دەسەڵاتداران، نرخی ئاوو کارەبایان لە سەر دووکاندارو کاسبکاران لە ٣ تا ٦ قات زیاد کردووە.
نەوت، بەنزین، گاز، غاز لە سەر شوفێرو کارگەو ماڵان زۆر گران کراوە.
بۆ ماڵان، ئاو گران، کارەبای حکومی و مۆلیدە کەم و گران.
عەریزە، مۆڵەتی دوکان، باجی تابلۆی فرۆشگاکان، نرخی رشتنی خۆڵ و خاشاک، مۆڵەتی کەسابەت، هەموو دوو قات تا ١٠ قات گران کراوە.
جۆرەکانی باج و خەراجیان چەندین قات زیاد کردووە.
نرخی تابلۆی ئۆتۆمبێل، مۆڵەتی شۆفێری، غەرامە، گواستنەوەی خاوەنداری، کامێرای چاودێری، باجی ژینگەو رێگاوبان چەندین قات زیاد کراوە.
ئۆتۆمبێلی مەرزەکان، بازرگانان ئەنواعی پارەیان لێ وەردەگیرێ.
مەکتەب خراپ، دەرمان گران، تەندروستی خراپ، رێگاوبان خراپ، بازاڕ گران، کوالێتی هەموو شت خراپ…هتد
ئازیزان، خۆشتان ئەزانن هەر لە مەسەلەی نەوتەکەوە تا دەگات بە سەرجەم بابەتەکانی تر دزیتان لێ دەکرێ، دزییەک هەزاران جار گەورەتر لە دزینی مۆبایلەکەت، لە دزینی پارەی گیرفانت.
ئەوەی مۆبایلەکەت بدزێ گومان بکە گیرفان بەتاڵێکی بەدبەختبێت و پێویستی بە پارەکەی هەبێ، بەڵام ئەوانی تر ئەو دزانەن، کە بەشی سەدان ساڵ سەروەت و سامانیان کۆ کردوتەوەو وەک مێگەل تەماشای خەڵک ئەکەن!
دەی کەواتە تا کەی ئەم دزییە قبوڵ ئەکەن؟ تا کەی دەبێ هاوڵاتیان هەژارو بێکاری دەستی ئەو دزانەبن؟ تا کەی کاسبکاران کەساس لە دوکانەکانیاندا دادەنیشن و چاوەڕێن تا فەرمانبەری کۆمپانیاکان بێن و پارەی خۆڵ و تابلۆیان لێ وەرگرن؟ تا کەی خەم و خەفەت؟ تا کەی ترس؟ تا کەی قبوڵی ستەم؟ تا کەی پەرتەوازەیی؟
تێناگەم سەدان هەزار کاسبکار و شۆفێر و موچەخۆر و خوێندکار و دەرچوی دانەمەزراوی زانکۆو وانەبێژو ژن و پیاو و ئەوانی تریش، گەر مانگێک دەست لە ناو دەست داوای مافی خۆیان بکەن و بە یەک دەنگ بڵێن: نا چی دەبێ؟ دەسەڵات چەند کەس دەگرێ؟ چەند دەکوژێ؟
ئاخر هاوکێشەکە زۆر سەیرە، کاتێک تۆ لە بەردەم ماڵەکەتدا روبەڕوی دزێک ببیتەوە یەک بە یەکە، واتە تۆ، کە یەک کەسی راستەوخۆ روبەڕوی یەک یان دوو دز دەبیتەوەو ناترسی!
بەڵام لە روبەڕوبونەوە لە گەڵ دزەکانی دەسەڵاتداران، ئەکرێ بڵێین یەک بە هەزارە، واتە ئەگەر دەزکان یەکبن ئەو خاوەن ماڵەکان هەزارانن!
ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی هێزی هاووڵاتیان هەزاران جار زیاترە لە هێزی گەندەڵکاران و ستەمکاران.
بۆیە داواکارم، چین و توێژەکان، لە سەر مافی خۆیان بێنە دەنگ و بە مانگرتنی گشتی و داخستنی بازاڕو جادەو دائیرەو زانکۆ و قوتابخانەکان… هتد، روبەروی ئەو دزانە ببنەوە، کە هاتونەتە ناو ماڵ و ژیانمان!


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟