وتار
منەتبارکردنی پەرلەمان چۆن وڵام دەدرێتەوە؟!
Sunday, 10.04.2020, 01:09 PM
لە دوای کۆڵێک فێڵ و پێچوپەناو خۆشاردنەوە لە لێپرسینەوەی پەرلەمانی، بریارە سبەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی بچنە پەرلەمان.
ئەم چونە بە پێی مادەی ٦٦ی پەیرەوی ناوخۆیە، کە دەسەڵاتی پرسیارو لێپرسینەوەو متمانە لێسەندنەوە ناداتە پەرلەمانتاران.
ئەمە لە کاتێکدا پێشتر بەشێک لە پەرلەمانتاران لە سەر خراپی ئەم دۆخە داوای لێپرسینەوەیان کردبو.
میدیای دەسەڵات و واعیزەکانیان شەرم ناکەن و خەریکی ئەوەن ئەم چونە شانۆگەری ئامێزەی حکومەت بکەن بە منەت بە سەر خەڵک و پەرلەمانیشیەوە!
لە بەرامبەردا، بیستومە هەندێک لەو پەرلەمانتارە بەڕێزانەی کە پێشتر داوایان کردبو سەرۆکی حکومەت بۆ لێپرسینەوە بچێتە پەرلەمان، بە تەمان بایکۆتی دانیشتنەکە بکەن، لە بەر ئەوەی داواکارییە یاساییەکەیان لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە پشتگوێ خراوەو، مافی لێپرسینەوەیان لە حکومەت پێ نادرێ.
لەم بارەوە دەڵێم: بەڕێزینە تکایە بیر لە بایکۆت مەکەنەوە، بایکۆت لە بەرامبەر دەسەڵاتێک کە هیچ هەست و ئەخلاقێکی سیاسی نیە، وەک چۆڵکردنی ساحەکە وایەو پێیان خۆشە.
تکایە؛ بڕۆن و داکۆکی لە خەڵک و لەو یاداشتە بکەن، کە لە رابردودا پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانتان کرد.
بڕۆن و پێش لێپرسینەوە ل حکومەت، لێپرسینەوە لە سەرۆکی پەرلەمان بکەن و پێی بڵێن: بە چ حەقێک فەزڵی داوای حکومەتێکی فاسدو فاشل بە سەر داوای یاسایی پەرلەمانتاراندا دەدەی؟!
پێی بڵێن: ئێمە نوێنەری خەڵکین و مافی قسەکردن و پرسیارو پرسینەوە جدی لە جەنابت وەر ناگرین، بەڵکو لە دەنگدەران و رەوایەتی داواکانمان وەری دەگرین.
پێی بڵێن: تا ئەو کاتە سەرۆکی پەرلەمان بۆی هەیە پەرلەمانتاران بێ دەنگ بکات، کە پێشێلی پەیرەوی ناوخۆ بکەن، وەلێ کاتێک سەرۆکی پەرلەمان پێشێلی پەیرەوی ناوخۆ دەکات و سوێندی یاسای دەشکێنێ و دەبێتە فەرمانبەری حیزب، ئیدی پەرلەمانتاران بۆیان هەیە سەرۆک لە کورسیەکەی بهێننە خوارەوە.
دڵنیام؛ لە ناو زۆرینەی فراکسیۆنەکاندا پەرلەمانتاری ئازاو بە ویژدان هەیە، تکایە رۆژی هاتنی سەرۆکی حکومەت بە شێوەیەکی یاسایی و ئسوڵی بکەن بە رۆژی دادگایی کردنیان.
بەڕێزینە؛ لەودا خەمتان نەبێ کە ئێوە کەمینەن، دودڵ مەبن لەوەی دەسەڵات زۆرینەیە، ئێوە شەرعیەتی خەڵکتان هەیە.
کێشەکانی خەڵک، رەوایەتی داواو پرسیارەکانتان، شەرعی بونی دەنگەکانتان، بەهێزترین چەکی دیموکراسیەو دەتوانن لە بەرامبەر زوڵم ئەو حکومەتەدا بە کاری بهێنن.
لەم دۆخە نالەبارەدا گەر پەرلەمان شوێنی خستنەروی پرسیارەکانی خەڵک و ئێوە نەبێت، شوێنی لێپرسینەوەی حکومەت نەبێت، بێگومان نابێ شوێنێکیش بێت بۆ خۆهەڵکێشانی حکومەت.
هیودارم بە بێ لە بەرچاوگرتنی ئەوەی سەر بەچ فراکسیۆن و حزبێکن سبەی ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانەی خۆیان بە نوێنەری خەڵک دەزانن، پێکەوە لە ناو هۆڵی پەرلەماندا جاڕی فەشەلی حکومەت بدەن.
ئەوە بزانن؛ رستەیەکی ناو هۆڵی پەرلەمانتار هەزاران جار کاریگەرترو بە نرخترە لە قسەی سەر شاشەکان.
بۆیە بەڕێزینە؛ لە ئاست کۆمەڵێک سیاسی کە هیچ هیوایەکیان لە سەر هەڵناچنرێ و هیچ بەڵێنێکی راستیان نەبوەو نیە، یەک جار هەڵوێستوەرگرتنی ئازایانەتان زۆر شەرفمەندانە ترە لە چوار ساڵ گلەیی و بۆڵە بۆڵ.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس